ئەشکەوتی شانەدەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

پۆتانەکان: پۆتانەکان: Unable to parse latitude as a number:٣٦٫٨٠٠٦

ئەشکەوتی شانەدەر

ئەشکەوتی شانەدەر (Şaneder)

ئە‌م ئە‌شکە‌وتە کە لە باکووری ڕۆژئاوای کێوە‌کانی زاگرۆس، لە کوردستانی عێراق ھە‌ڵکە‌وتوە، خاوە‌ن کۆمەڵێک ئاسە‌واری کۆنی نە‌ناسی زۆر پاراو لە چاخی کۆن بە‌ردی ناوە‌ندی ھە‌تا دوایییە‌کانی نوێ بە‌ردییە. ئە‌م ئە‌شکە‌وتە دەکەوێتە قەزای مێرگەسۆر و سەر بە پارێزگای ھەولێرە. ٢٢٠٠ پێ بەرزە لە ئاستی ڕووی زەریاوە، دەکەوێتە سەر بەرزایی لوتکەی چیای برادۆست و مێژووی ئەم ئەشکەوتە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی کۆن بۆ ٨٠٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین و بە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوت دادەنرێت لە عێراقدا. لە بەرزایی (١٨ م) و درێژایی (٤٠ م) و پانایی (٢٧ م) کە فراوان دەبێت بۆ ناوەوە تا دەگاتە نزیکایی (٦٠ م). لە ساڵی ١٩٥١ تا ١٩٦١ ھەڵکۆڵینی سەرەتایی تێدا کراوە لەلایەن زانا (ڕالف سولیکی) بە پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار لەو کاتەدا، ئەم ھەڵکۆڵینەش تەواو نەکراوە و لە ئەنجامی ئەم ھەڵکۆڵینەش چوار چین دۆزراوەتەوە.

دیتنە‌وی کۆمە‌ڵێک ئێسکی مرۆڤە‌کانی نیاندەرتاڵ ئە‌م ئە‌شکە‌وتە، وەک خاڵێکی گرینگ ڕە‌چاودە‌کرێ لە لێکۆڵینە‌وەکانی چاخی کۆن بە‌ردی زاگرۆس و ڕۆژھە‌ڵاتی ناوە‌راست. ئە‌م دۆزرانە‌وەیە ڕە‌نگ دانە‌وەیە‌کی زۆری ھەبوو بوو: تا ئە‌و ڕادە‌یە کە نیوی شانە‌دە‌ر بۆ کۆنینە‌ناسە‌کان و تە‌نانە‌ت بۆ خە‌ڵکی ئاسایی و بیر ھێنە‌رە‌وی نیاندەرتاڵە‌کان بووە و ھە‌یە. بە‌ڵام دە‌سکە‌وتە‌کانی شانە‌دە‌ر تە‌نیا تایبە‌ت نییە بە ئاسە‌وارە‌کانی چاخی کۆن بە‌ردی. بڵاوبونە‌وی کتێبی «گۆڕستانی سە‌رە‌تای نوێی بە‌ردی شانە‌دە‌ر» لە لایە‌ن سولکی و ھاوکارانی نیشان دە‌ری ئە‌و ڕاستییە‌یە کە ئاسە‌وارە کۆنینە‌ناسییە‌کانی دوای چاخی کۆن بە‌ردیش، زۆر شتی ھەبوو گوتن پییە. ئە‌م کتێبە بریتییە لە دە‌سکە‌وتی لێکۆلینە‌وی ئاسە‌وارە‌کانی گۆڕستانی توی (ب١)ی سە‌ردە‌می سە‌رە‌تای نوێ بە‌ردی کە لە دوایین ڕوژە‌کانی کۆتایی وەرزی دەرکەوتنی زانستی (١٩٦٠) لە ئە‌شکە‌وتی شانە‌دە‌ر دۆزرایە‌وە.

گۆڕستانی ناو براو لە قوڵایی یە‌ک مەتری لە بنی ئە‌شکە‌وتە‌کە بە درێژایی و پانایی ٦×٦ مەتر لە لای سە‌رە‌وەی ئە‌شکە‌وتە‌کە دیتراوە‌تە‌وە کە لە ئە‌نجامی ئە‌م ھە‌ڵکە‌ندنە‌دا ٢٦ گۆڕ بریتییە لە جە‌ستە‌ی ٣٥ مرۆڤ و دوای پشکنینێکی زۆر بۆ مردووە‌کان دۆزراوە‌تەوە.

مردووە‌کان زیاتر بە شێوە‌ی گرمۆڵە و وەک مناڵ لە نێو سکی دایک دا نێژرابوون و زۆربە‌ی ھە‌رە زۆریان مناڵی ساوا و مناڵی گە‌ورە‌تر بوون. تە‌واوی گۆرستانە‌کە بە توێژێک لە گڵە سوورە و زیخی زە‌رد داپۆشرابوون. نزیک لە نیوە‌ی گۆڕە‌کان کەرەستەی مردوانیان لەگەڵ بوو کە بریتین لە: شتی ڕازێنە‌رە‌وە، ھێلکە شە‌یتان، کە‌رە‌ستە‌ی سازکراو لە ئێسکان، دە‌ستاری بە‌ردی و یە‌ک ملوانکە‌ی مسی. بوونی ئە‌م شتە مسییە، ڕە‌نگە نیشاندە‌ری بوونی جۆرێک پێوە‌ندی بازرگانی لەگەڵ ئاناتۆلی بێت. ئە‌م کۆمە‌ڵە ئیسکلیتی مرۆڤە بۆ یە‌کە‌م جار لە ساڵی ١٩٦٢ بە شێوە‌یە‌کی سە‌رە‌تایی لە لایە‌ن «خوان مؤنیزاگا» لە مززە‌خانە‌ی بە‌غدا لێکۆڵینە‌وەیان لەسەر کرا. «دنیس فرە‌مباخ»، مرۆڤ ناسی لە‌ش، لە ساڵی ١٩٦٩ بۆ دووە‌م جار بە سە‌ر ئە‌م کۆمە‌ڵە لاشە‌یە‌دا چووە کە ڕاپۆرتی ئە‌م لێکۆڵینە‌وەیە‌ی لە گۆڤاری «سومیر» بڵاوکرایە‌وە (١٩٧٠). «ئاناگنوستیس ئاگلاراکیس» ئە‌م لاشە مرۆڤانە‌ی وەک بە‌شێک لە تیزی پلە‌ی دکتۆرای خۆی ھە‌ڵبژارد و ساڵی ١٩٨١ بە سە‌ریان دا چووە و لێکۆڵینە‌وی لە سە‌ریان کرد. ئاگلاراکیس لە لێکۆڵینە‌وەکە‌ی خۆی دا سە‌رنجی زیاتری دا بە خە‌سارناسی لاشە‌کان و بەرنامە‌ی خۆراکی مرۆڤە‌کانی شانە‌دە‌ری لەگە‌ڵ کۆمە‌ڵگە‌ی سە‌رە‌تای نوێ بە‌ردی «چیای خە‌زینە» ھە‌ڵسە‌نگاند کە لە ڕۆژھە‌ڵاتی کرماشان دەسکەوت بوون. بە گوێرە‌ی لێکۆڵینە‌وەکانی ئاگلاراکیس، دانیشتووانی سە‌رە‌تای نوی بە‌ردی ئە‌شکە‌وتی شانە‌دە‌ر لە سە‌ردە‌مانێک دا توشی گرفتی بژێووی ھاتوون و ئاسە‌واری ئە‌م کە‌م بژێوییە لەسە‌ر لاشە‌ی مناڵەکان دە‌بینرێ. ئاسە‌واری ناسی زۆری ددانە‌کانی پێشی مرۆڤە‌کان، تە‌نانە‌ت لە لاشە‌ی لاوە‌کان دا نیشانگە‌ری بوونی خواردە‌مە‌نی وشک و میوە‌ی توێکل دارە لە بە‌رنامە‌ی بژێوی ئە‌و خە‌ڵکە‌دا.

ئازمایشی «ئیزوتوپ»ی ئە‌نجام دراو لەسە‌ر «کلاژن»ی دە‌رھێنراو لە شە‌ش لاشە، زانیارییە‌کی ڕوونترمان لە بە‌رنامە‌ی بژێوی دانیشتووانی سە‌رە‌تای نوێ بە‌ردی شانە‌دە‌ر لە یازدە ھە‌زار ساڵ پێش دا، دە‌خاتە بە‌ردە‌م. بە گوێرە‌ی ئە‌م دە‌سکە‌وتانە گیا، گیای ڕووە‌ک و میوە بە‌شی ھە‌رە زۆری خواردنی ئە‌وانە. بوونی ژمارە‌یە‌کی زۆر دە‌ستاری بە‌ردی، بوونی ئە‌م جۆرە بژێوییە کە بریتییە لە گیا و نیوکی ویشکی گیاکان بیت، ڕادە‌گە‌یینیت.

سە‌رە‌ڕای ئە‌وەی کە نزیکەی نیو سە‌دە لە نێوان دەرکەوتنی زانستی ئە‌م گۆڕستانە و بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە زانستییە‌کە‌ی جیاوازی ھە‌یە، بە‌ڵام ئە‌م لێکۆڵینە‌وانە زانستێکی شیاوی سە‌رنج ونوێ لەسە‌ر بارودۆخی لە‌ش، نە‌خۆشییە‌کان، جۆری ژیان، چۆنێتی ئاسە‌وارە مادییە‌کان و تە‌نانە‌ت بیر و ڕای کۆمە‌ڵگای سە‌رە‌تای نوێ بە‌ردی ئە‌م بە‌شە لە زاگرۆس دە‌خاتە بە‌ر دە‌م.

بڵاوکرانە‌وەی ئە‌م کتێبە لەسەر دە‌سکە‌وتە‌کانی ئە‌شکە‌وتی شانە‌دە‌ر پێداگری گرتن دوبارە‌یە لەسە‌ر گرینگی ئە‌م شوێنە لە ڕوانگە‌ی لێکۆڵینە‌وکانی شوێنەوار ناسی بە‌ر لە مێژووی کوردستان. بێ شک دە‌سپێکردنی دوبارە‌ی لێکۆڵینە‌وەکانی شوێنەوار ناسی ئە‌م ئە‌شکە‌وتە بە کە‌ڵک وەرگرتن لە تە‌کنیک و شێوازی مۆدێرن، بنچ و بنە‌وانە تاریکە‌کانی دیکە‌ی ڕابردووی کوردستان ڕوون دە‌کاتە‌وە.

پاشماوەکانی نیاندەرتاڵ[دەستکاری]

شانەدەری ١[دەستکاری]

پاشماوەی شانەدەری ١ پیاوێکی نێردەتاڵ بوو کە بە «ناندی» ناسراوبوو لەلایەن دۆزەرە ھەڵکۆڵەرەکانییەوە و تەمەنی لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٥ ساڵان دەبوو کە بە تەمەنێکی زۆر دادەنرێت بۆ مرۆڤی نێردەتاڵ. پیاوی (شانەدەری ١) قەبارەی کەلەسەریی ١٦٠٠ سم٣ بوو، بەرزی باڵای ١٧٠ سم بووە و ھەروەھا جەستەی شوێنەواری شێواندنێکی سەختی پێوە دیاربووە. یەکێک بووە لەو چوار ئێسکەپەیکەرەی بەشێوەیەکی تەواو دۆزراونەتەوە لە ئەشکەوتەکەدا کە نارێکی تاسانی دەروونییان پێوە دیاربووە و لە باری پیاوی شانەدەری ١ دا بە ڕادەیەک ناڕێکییە دەروونییەکە سەخت بووە کە بووەتە ھۆی ئازار پێ گەیاندنی بەشێوەیەکی ڕۆژانە.[١]

نوێترین شیکاری شانەدەری ١ لەلایەن ئێریک ترینکاوس پرۆفیسۆری زانکۆی واشنتۆن و سباستیان ڤیلۆت دکتۆر لە (ناوەندی نەتەوەیی فەڕەنسی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی) پشتڕاستی دەکەنەوە کە گەشەکردنی پێکھاتەی شێوەی ئێسکی لە ڕێڕەوی گوێچکەی دا بووەتە ئەنجامی لەدەستدانی توانای بیستن بەشێوەیەکی سەخت. گەشەکردنی ئەم پێکھاتە ئێسکییە پیشاندەری دیاردەی (گەشەکردنی بە ئێسکبوونی نەزانراو - Of Diffuse Idiopathic Skeletal Hyperostosis - DISH) کە بە نەخۆشی فرۆستییەر ناسراوە. ئەم دەستنیشانکردنە وا لە شانەدەری ١ دەکات ببێتە کۆنترین نموونەی (ھۆمینین – Hominin) بەڕوونی پیشاندەری ئەم بارەیە و لێکۆڵەران پێکھاتە گەشەکردووە ئێسکییەکانیان لە چەندین شوێنی ئێسکەپەیکەرەکەدا دۆزیوەتەوە.[٢]

لە ئەنجامی چاکبوونەوەی برینەکانی، شانەدەری ١ توانیوییەتی مەودایەکی کاتی باش بژی پێش مردنی و ئەگەر مرۆڤە نێردەتاڵەکان توانای ئەنجامدانی نەشتەرگەریان ھەبووبێت لەسەر شانەدەری ١ ئەوا دەیسەلمێنێت کە ڕێگاکانیان سەرکەوتوو بووە لە ھێشتنەوە و پاراستنی ژیان دا. ئەگەر وا دابنرێت لەو مەودا کاتییەدا ھەموو برینەکانی چاکبوونەتەوە ئەوا دەکرێت بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم تاکە (شانەدەری ١) بە زیندووی ھێڵدراوەتەوە لەبەر ھۆکارێکی دیاریکراو. زانا لە زانستی مرۆڤزانی دێرین دا (ئێریک ترینکاوس) پێی وایە کە شانەدەری ١ لەلایەن تاکەکانی دیکەوە یارمەتی دراوە بۆ چاکبوونەوە لە برینەکانی. بەھۆی برین و کاریگەرییە لاوەکییەکانی تاسانە دەروونییەکەیەوە ئەگەرێکی زۆر کەم ھەبووە پیاوی شانەدەری ١ توانای پەیداکردنی سەرچاوەی ھەبووبێت بۆ خێزانەکەی یان توانای بەخشینی ھەبووبێت بە کۆمەڵگەکەی بە شێوەیەکی واتادار و ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە ئەم تاکە بە زیندووی ھێڵدراوەتەوە بەھۆی بەرزی پێگەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵەگەدا یان ھەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە زانیاری کلتووری لەلای.

شانەدەری ٢[دەستکاری]

پاشماوەی شانەدەری ٢ پیاوێکی نێردەتاڵ بوو لە تەمەنی ٣٠ ساڵی دا و بەڕێژەیەکی کەم ھەوکردنی جومگەکانی ھەبووە. باوەڕ وایە بەرزی باڵای ١٥٧ سم بووە کە کەمترە لە تێکڕای بەرزی باڵای نێرە نێردەتاڵەکان. ھۆکاری مردنەکەی کەوتنەخوارەوەی بەردەکان بووە لە بنمیچی ئەشکەوتەکەەوە کە بووەتە ھۆی تێکشکانی کەلەسەر و ئێسکەکانی بەشێوەیەکی سەخت. ئێسکی کەلەسەری پەستێوراوەتەوە بە نزیکەی ٥–٦ سم و لە کاتی دۆزینەوەی دا زۆربەری ئێسکەکانی نادیاربوون و لەسەر لاقی چەپی جێگەی ددان بوونی ھەبووە. ھەروەھا بەڵگە ھەیە کە شانەدەری ٢ مەراسیمێکی ماڵاوایی بۆ ئەنجامدراوە و کەڵەکە بەردێکی بچووک دۆراوەتەوە لەسەر گۆرەکەی و ئاگرێکی گەورە کراوەتەوە لە شوێنی ناشتنەکەی دا.[٣]

شانەدەری ٣[دەستکاری]

پاشماوەی شانەدەری ٣ پیاوێکی ٤٠–٥٠ ساڵان بووە لە ئەشکەوتی شانەدەری ١ و ٢ دا دۆزراوەتەوە. برینێک لە چەپی نۆھەم پەراسوویەوە بوونی ھەبووە و ئەم برینە پێشنیاردەکات کە ھۆکاری مردنەکە بەھۆی برینێکی کونکردن (تێژەنین)ەوە بووە بە تەنێکی تیژ. گەشەکردنی ئێسک لە چواردەوری برینەکە دەریدەخات لە دوای برینەکە شانەدەری ٣ بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی چەند ھەفتەیەک ژیاوە لەگەڵ بوونی تەنەکە لەناو برینەکەدا. گۆشەی برینەکە پیشانی دەدات کە ھۆکارەکە خودیی نەبووە بەڵام ھاوڕێکە لەگەڵ کردەی تێژەنینی بەڕێکەوت یان مەبەستدار لەلایەن تاکێکی دیکەوە. لێکۆڵینەوە نوێیەکان پێشنیاردەکەن کە ھۆکاری برینەکە بگەرێتەوە بۆ ھاویژراوی مەودا درێژەوە.[٤]

ئەمە بە سەرەتاترین نموونەی توندوتیژی کەسیی یان دیاریکراو دادەنرێت لە تۆماری بە بەردبووی مرۆڤ دا و تاکە نموونەیە لەنێوان مرۆڤی نێردەتاڵ دا. ھەروەھا بوونی مرۆڤە نوێیە سەرەتایییەکان لە ھەمان سەردەم دا کە خاوەنی چەکی ھاوێژراو بوون لە ڕۆژئاوای ئاسیادا، دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ئەگەری ھەبوونی ناکۆکی لەنێوان جۆرە جیاوازەکان دا. مرۆڤی شانەدەری ٣ ناڵاندوویەتی بەدەست (ناڕێکی گەشەکردنی جومگەکان - Degenerative Joint Disorder)ەوە لە قاچی دا و بووەتە ھۆی شکاوی یان لەجێ دەرچوون کە لە ئەنجام دا جوڵەیەکەی بە ئازار و سنوورداری ھەبوو. ئێسکەپەیکەرەکە نمایشکراوە لە (ھۆڵی سەرچاوەی مرۆڤ) لە (مۆزەخانەی نەتەوەیی بۆ مێژووی سروشتی) لە شاری واشنتۆنی پایتەخت.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Ralph S. Solecki؛ Rose L. Solecki و Anagnostis P. Agelarakis (2004). The Proto-Neolithic Cemetery in Shanidar Cave. Texas A&M University Press. پەڕەکان 3–5. ISBN 978-1-58544-272-0. 
  2. ^ “Shanidar Cave. ” Shanidar Cave | Unbelievable Kurdistan - Official Tourism Site of Kurdistan, http://bot.gov.krd/erbil-province-mirgasor/history-and-heritage/shanidar-cave.
  3. ^ Cowgill، Libby W.؛ Trinkaus، Erik؛ Zeder، Melinda A (2007). "Shanidar 10: A Middle Paleolithic immature distal lower limb from Shanidar Cave, Iraqi Kurdistan" (PDF). Journal of Human Evolution. 53 (2): 213–223. CiteSeerX 10.1.1.531.4107Freely accessible. PMID 17574652. doi:10.1016/j.jhevol.2007.04.003. لە ڕێکەوتی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  4. ^ Lietava، Ján (1988). "A Differential Diagnostics of the Right Shoulder Girdle Deformity in the Shanidar I Neanderthal" (PDF). Anthropologie. 26 (3): 183–196. JSTOR 44602496. 
  5. ^ Lietava، Ján (1988). "A Differential Diagnostics of the Right Shoulder Girdle Deformity in the Shanidar I Neanderthal" (PDF). Anthropologie. 26 (3): 183–196. JSTOR 44602496. 

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]