ئەندازەی ئیقلیدسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەندازەی ئیقلیدسی سیستەمێکی بیرکارانەیە کە دەدرێتە پاڵ بیرکاری یۆنانی ئیقلیدسی ئەسکەندەرانییەوە. ئیقلیدس نووسەری نامیلکەیەکە سەبارەت بە بیرکاری و ئەندازە بە ناوی توخمەکان کە کۆنترین نووسراوەیەکە بەشێوەی ڕێکخراو باسی ئەندازەی کردبێ. ئەو میتۆدەی ئیقلیدس بەکاری ھێناوە بریتییە لە قەبووڵکردنی کۆمەڵەیەکی بچووک لە بەڵگەنەویستەکان و پاشان ھەڵھێنجان و دەرکێشانی گەلەک ڕاستیی دیکە (پیان دەوترێ سەلمێنراو) لەوانە. ئەگەرچی زۆرێک لە دەستکەوتەکانی ئیقلیدس لەلایەن بیرکارانی پێشووتریشەوە وترابوون، بەڵام ئیقلیدس یەکەم کەس بوو کە خستیانیە ناو سیستەمێکی گشتگری ئەنجامگرانە و ژیرانەوە.

بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ھەزار ساڵ، ئاوەڵناوی "ئیقلیدسی" پێویست نەبوو، چونکە بیر لە ھیچ چەشنە ئەندازەیەکی تر نەکرابووەوە. ئەو ئەندازەیەی ئیقلیدس بنەڕەتی نەبوو تەنھا ئەندازەی ناسراو بوو. بەڵام ٢١٠٠ ساڵ پاش ئیقلیدس، لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ھەمدا، چەند جۆری تر لە زانستی ئەندازە بەدی ھاتن، کە ئێستا پیان دەوترێ ئەندازەگەلی نائیقلیدسی. لە ماوەی ئەو ٢١٠٠ ساڵەدا، زۆر بیرکار ھەوڵی ئەوەیان دابوو کە بەڵگەنەویستی ژمارە ٥، کە بە بەڵگەنەویستی ھاوشانی بەناوبانگە، لە ڕووی بەڵگەنەویستەکانی تر بسەلمێنن (واتە لە حاڵەتی بەڵگەنەویست دەری بێنن و بیکەن بە سەلمێنراو). سەرجەم ئەو ھەوڵانە بوون بە ھۆی سەرھەڵدانی ئەندازەگەلی نوێ یان ئەندازەگەلی نائیقلیدسی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]