بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئالان کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  ئەم وتارە سەبارەت بە ئالان کوردی نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە کوردی (ڕوونکردنەوە).
تەرمی ئالانی تەمەن سێ ساڵ لە کەناری دەریا.

ئالان کوردی (لە سەرەتادا بە ئایلان کوردی ناوی لە ڕاپۆرتەکاندا ھێنرا)[١][٢] (٤ی ئایاری ٢٠١٢ – ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٥) کوڕێکی تەمەن سێ ساڵی کوردی ڕۆژاوای کوردستان بوو،[٣] کە ببوو بە مانشێتی زۆرینەی میدیاکانی جیھان دوای خنکانی لە دەریای ناوین، وەک بەشێک لە قەیرانی کۆچبەرە سوورییەکان. وێنەی لاشەی منداڵەکە لەلایەن ڕۆژنامەنووس نیلووفەر دەمیر گیرا و بەخێرایی لە جیھاندا بڵاوبوویەوە، کاردانەوەی نێونەتەوەیی لێکەوتەوە.[٤] لەبەر ئەوەی خێزانی ئالان کوردی ھەوڵیان دابوو بگەن بە کەنەدا، مردنەکەی لەگەڵ قەیرانی کۆچبەران بووە یەکێک لە بابەتەکانی ھەڵبژاردنی گشتیی ٢٠١٥ی کەنەدا.

ژیاننامە

[دەستکاری]

ئالان لە ساڵی ٢٠١٣ لەکاتی شەڕی نێوخۆیی سووریادا لەدایکبووە. ئەو و بنەماڵەکەی خەڵکی کۆبانی بوون. ئالانی تەمەن سێ ساڵان لەگەڵ برا پێنج ساڵانەکەی و دایک و باوکی لە سووریا بۆ دوورگەی کۆس لە یۆنان کۆچیانی کردووە. لەم گەشتەدا ئالان لەگەڵ برا ٥ ساڵانەکەی (گالیپ) و دایکی خنکا؛ و تەنیا باوکی خێزانەکە ڕزگاری بوو. باوکی ئالان داوای مافی پەنابەری لە کەنەدا کرد بۆ خێزانەکەی. خوشکەکەشی بیست ساڵ لە ڤانکۆڤەر ژیاوە. بەڵام داواکارییەکەی بنەماڵەی ئالان لە مانگی حوزەیران ڕەتکرایەوە. کێشە کارگێڕییەکانی تورکیا وایکردبوو کە بەڵگەنامەکانیان کەم و کوڕی ھەبێت و ئەمەش ھۆکاری ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیان بوو. لە کۆتاییدا باوکی ئەو خێزانە ڕەتیکردەوە گەشت بکات بۆ کەنەدا. بیری لەوە کردەوە کە بچێتە ئەورووپا: سەرەتا یۆنان و پاشان ڕەنگە بۆ وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژھەڵات وەک سڕبیا و مەقدۆنیا و ھەنگاریا و دواتر بۆ وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاوا وەک ئەڵمانیا و نەمسا و سوێد کە مامەڵەیەکی باشتریان لەگەڵ پەناخوازان ھەیە، یان ئاسانکاری باشتر بۆ وەرگرتنیان.

باوکی ئالان یارمەتی لە ھاوڕێ و خزمەکانی وەرگرت و پارەی گەشتەکەی دابین کرد، و خێزانەکەی خستە ناو بەلەمێکی بچووکەوە. بەلەمەکەیان تێکچوو و نەخشەکەی لە ھەنگاوی یەکەمدا شکستی ھێنا: ھەر سێ ئەندامی خێزانەکەی گیانیان لەدەستدا، ئەو خێزانەی کە ئارەزووی دەکرد بیانباتە شوێنێکی باشتر بۆ ژیان.

بەلەمی ئالان و خێزانەکەی بیست و سێ کەسی تێدابوو. نۆ کەس ڕزگاریان بوو و نۆ کەسی دیکە لەگەڵ ئالان و دایکی و براکەی خنکان و دوو کەسیش بێسەروشوێن بوون. سێ منداڵی دیکەش لەنێو خنکاوەکاندا بوون.

کاردانەوەکان

[دەستکاری]
یادی ئالان کوردی و پەنابەرانی دیکە لە ٤ی ئەیلوولی ٢٠١٥ لە لایەن ڕێکخراوێکی ناحکومییەوە

دەیڤد کامیرۆن لە میانەی سەردانێکیدا بۆ کارگەیەکی شەمەندەفەر لە باکووری ئینگلتەرا وتی: «ھەرکەسێک ئەم وێنانەی بینیبێت، ناتوانێت نەھەژێت، وەک باوکێک بە قووڵی تووشی شۆک بووم کە تەرمی بێ گیانی ئەم کوڕەم لە کەنار دەریایەک لە تورکیا بینی. بەم زووانە بەرپرسیارێتی ڕەوشتی خۆمان لە ئەستۆ دەگرین».

ھەروەھا ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت نووسیوویەتی: «ئەگەر وێنەی ئەم منداڵە ھەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا بەرامبەر بە پەنابەران نەگۆڕێت، ئەوا چی دەیگۆڕێت».

مانوێل ڤاڵس، سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا لە توویتێکدا دڵتەنگی خۆی بۆ ئەم ڕووداوە دەربڕی و نووسیوویەتی: «ناوی: ئایلان کوردی بوو. پێویستە بە زووترین کات شتێک بکرێت. دەبێت ئەورووپا بلەرزێت».

ڕۆژنامەی لو مۆند ئەم وێنەیەی بە ھەژەند و بەئاگا ھێنانەوەی ویژدانی ئەورووپای زانی.

فیلیپ کویلارد ئەندامی لایەنە ڕامیارییەکانی کەنەدا: «جێی داخە پێویستمان بە وێنە خنکاوەکەی منداڵە پەنابەرە سوورییەکە ھەبێت بۆ ئەوەی ویژدانمان بەئاگا بھێنینەوە».

بەگوێرەی ڕۆژنامەی لوپۆین، ئەم وێنەیە بەخێرایی لە ھەموو ڕۆژنامەکانی ئەورووپادا بڵاوکرایەوە و وەک ھێمای کارەساتی مرۆیی کۆچبەران لە ئەورووپا باسی لێوەکرا.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «Tima Kurdi is comforted by friend». news.yahoo.com. لە 5 September 2015 ھێنراوە. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= (یارمەتی)
  2. ^ «Canada denies Alan Kurdi's family applied for asylum». BBC. 3 September 2015. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |date= (یارمەتی)
  3. ^ «Aylan and Galip Kurdi: Everything we know about drowned Syrian refugee boys». The Telegraph. 3 September 2015. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |date= (یارمەتی)
  4. ^ «Syrian toddler's dad: 'Everything I was dreaming of is gone'». CNN. 3 September 2015. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |date= (یارمەتی)

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «مرگ آلان کردی»، ویکیپیدیای فارسی. سەردان لە ٢٢ی ٨ی ٢٠٢٣.