برادۆست

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  ئەم وتارە سەبارەت بە برادۆست نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە برادۆست (ڕوونکردنەوە).

برادۆست ناوی ھۆزو دوو دەڤەرە، یەکیان لە باشووری کوردستان و سەر بە پارێزگای ھەولێرە و مەڵبەندەکەی سیدەکانە. دەڤەرەکەی تر لە ورمێ (پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا)یە و بە سۆما برادۆست دەناسرێت. ھۆزی برادۆست کە لە مێژووی کوردا خاوەن سەروەری قەڵای دمدمن بە گوێرەی شەرەفنامە: میرانی برادۆست بە بنەچەک گۆرانن و لە نەوەی خانەدانی میر بەدری حسنوی بەرزیکانین[١] کە حوکمڕانی کرماشان و سنە و دینەوەریان دەکرد لە ڕۆژگاری زلھێزبوونی پادشایانی بوەێھی دەیلەم. لە ڕۆژگاری دوایی مەغۆلەکان نازناوی خان بە گەورەکاننیان دراوە کە میرنشینێکی درێژخایەنیان لە ورمێ و سیدەکان دامەزراندووە. شاعەباسی گەورە لە ساڵی ١٦٠٩ ھێرشی کردوونەتە سەر و لە قەڵای دمدم میری ناسراو بە (خانی لەپزێڕین) بەرگری کردووەو بە پلان کوژراوە. بە سەر ھاتی خانی لەپزێرێن لە کەلەپووری زارەکی کوردیدا شوێنی دیاری ھەیە.

دەسەڵاتی برادۆستەکان لە ورمێ بەرەو کزبوون چوو، پاش ڕاگواستن و ئاکنجی کردنی ھۆزی تورکمانی ئەفشار لە لایەن شاعەباسەوە، زۆر لە میرەکانیان پەنایان بردە بەر دەوڵەتی عوسمانی لە پێناو گەراندنەوەی دەسەڵاتی پێشوویان.[٢] دوامین میری برادۆستەکانی ورمێ عەبدوڵابەگ بێناری بوو کە پێگەی میرایەتی لە قەڵای بێناری سەر سنوور بوو. لە شەڕی بەرەنگار بوونەوەی لەشکری ڕووس ١٩١٦ ڕۆڵی گرینگی ھەبوو. پاش کوشتاری ئاشوورییەکان و شەڕی بەردەوامی کوردو عەجەم ناچار پاش ساڵی ١٩٢٠لە گەڵ سمکۆ و دەیان سەرناسی کوردی ئێران پەنای بۆ دیوی سیدەکان برد کە ئەوسا لە ژێر ھەژموونی ئینگلیز دابوو. کاتێک سمکۆ شکاک گەڕایەوە و لە شنۆ بە پلان تیرۆرکرا، عەوڵابەگی بێنارێ ھەموو ئومێدێکی بڕا تا بگەڕیتەوە سەر زێدی خۆی و لە دەوری ١٩٤٠ لە سیدەکان کۆچی دوایی کرد.[٣] ھۆزی برادۆست لە دیوی سیدەکان بریتییە لە چوار بەش: بەگزادە و پیرەسنی و ڕەوەندۆک و خواکوڕکی. لە ڕۆژگاری دوای جەنگی جیھانی یەکەم گەلێک لە کوردی ئاوارەی شکاک و شەمدینان ھاوڕێ لەگەڵ سمکۆی شکاک و سەیدتەھای شەمدینان ھاتنە دەڤەری سیدەکان و ئێستا بە مھاجر دەناسرێن. بەگزادەکانی بەرازگر لە سەرتای سەدەی بیستەمدا مەزنایەتی ھۆزی برادۆستیان دەکرد. کە سیدەکان کرا بە ناحیە سەنگایی ھێز لە ناو ھۆزی برادۆست گۆڕرا گوندی لۆلان خانەقای شێخ ڕەشید بوو بە بەشێکی گرینگی پێکھێنەری مێژووی ھاوچەرخی برادۆست. میر مەحموودی خەلیفەش کە لە گوندی مجێسەری نزیک برادۆست دادەنیشت کرا بە میری برادۆستەکانی سیدەکان و دواتر لە شەستەکانی سەدەی بیستەم کەریمخانی کوڕی جێی گرتەوە. کاتێک شێخ ڕەشید لۆلانی شێخی لۆلانیش کۆچی دووایی کرد خانەقا گوازراوە بۆ شاری ھەولێر بەھۆی باری شەڕو ڕاگوێزانی دوای شۆرشی ئەیلوول.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ شەرەفخانی بەدلیسی، شەرەفنامە، وەرگێردراوی کوردی، ١٩٧٢، کۆری زانیاری کورد، ھەژار،
  2. ^ مذکرات (مأمون بگ بن بیگە بگ) وەرگێردراوی عەرەبی، شکور مصطفی، مطبعە المجتمع العلمی العراقی، ١٩٨٠
  3. ^ فرھنگ دھخدا، فقرە برادوست"وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 26ی Novemberی 2010. Retrieved 22ی Novemberی 2011. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help)