ڕەخنەی ئەدەبی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

ڕەخنەی ئەدەبی (بە ئینگلیزی: Literary criticism، بە عەرەبی: نقد أدبي)، لقێکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و بایەخ بە لێکۆڵینەوەی بەرهەمی ئەدەبی دەدات.

ڕەگ و ڕیشەی وشەی ڕەخنە[دەستکاری]

لەزمانی کوردیدا، وشەی رەخنە بەرامبەر وشەی (نقد) ی عەرەبی و وشەی Critiqueی ئینگلیزی بەکاردەهێنرێت، هەرسێ وشەکەش لەبواری ئەدەبیدا بۆ یەک واتا و مەبەست بەکاردەهێنرێن و هەڵگری چەمکێکی دیاریی کراون.

پێشەکی[دەستکاری]

ڕەخنەی ئەدەبی لەپاڵ مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەب دا دەبنە سێ لقی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، واتە رەخنەی ئەدەبی لقێکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و بایەخ بە لێکۆڵینەوەی بەرهەمی ئەدەبی دەدات.

ئەرکی رەخنە شیکردنەوە و راڤەکردن و هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییە، یان دیاریکردنی بەهای دەقی ئەدەبییە واتە رەخنەی ئەدەبی لەو بنەما هوونەریی و بیریانە دەکۆڵیتەوە کە دەقی ئەدەبییان لێ بنیات دەنرێت و بەشێوەیەکی زانستییانە بەهای ئەو بنەمایانە دیاریی دەکات، بەمەش رادە و ئاستی گرنگیی و بایەخی دەق بۆ خوێنەر و داهێنەریش دەستنیشان دەکات. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەدیبان بەرجەستەکەری جوانی و ڕەنگ پێدەرەوەو رەنگرێژکەری ژیان و دەروونی مرۆڤ بن ئەوا رەخنەگران بۆخۆیان بزوێنەری چالاکیی ئەدەبی و داهێنانی ئەدەبین.

بەو پێیە دەڵێین دەبێ رەخنەگر لێکۆڵەرەوەیەکی ئەدەبیی و شارەزا بێت و زانیاریی تەواوی دەربارەی مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەبی میللەتەکەی و میللەتانی تر هەبێت و سەرباری ئەوەش کە چێژلێوەرگرێکی ئەدەبیشە دەبێ زانیاریی لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیرییدا هەبێت و شارەزاییەکی گشتیشی لە زانستە مرۆییەکاندا هەبێت.

مێژووی رەخنە[دەستکاری]

مێژووی رەخنەی جیهانی[دەستکاری]

لەمێژووی رەخنەی جیهانیدا دوو رێڕەوی رەخنەیی بەدی دەکرێت کە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبووە و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە کە بریتیین لە: رەخنەی رۆژئاوایی و رەخنەی رۆژهەڵاتی.

رەخنەی رۆژئاوایی[دەستکاری]

سەرەتا ئەم رێرەوە رەخنەییە دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین و لە ئەدەبی یۆنانییەوە دەستی پێکردووە.

یەکەم هەنگاو لەو رێرەوەدا کاتێ بەدی هاتووە کە لەکاتی ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی جەژنەکانییانەوە شانۆگەرییان پێشکەش کردووە و لیژنەیەکیان بۆ هەڵبژاردنی باشترین دەقی تراژیدی یان کۆمیدی بەشیعر بووە، دەستنیشان کردووە. جا هەڵبژاردنی باشترین دەق لەلایەن ئەو لیژنەیەوە بۆ خۆی چالاکیی رەخنەیی بووە، چوونکە بەپێی چەند پێوانەیەکی هوونەریی و بیریی دەقەکانیان هەڵبژاردووە. هەر لەو ماوە مێژووییەدا، واتە سەدەی پێنجی پێش زایین، شاعیرێکی یۆنانی کە ناوی ئەریستۆفانیس بووە، لە بەرهەمێکی کۆمیدیی خۆیدا بەناونیشان بۆقەکان راوبۆچوون و تێڕوانینی رەخنەیی دەربارەی دوو شاعیری گەورەی یۆنانی خستۆتەڕوو، ئەو دوو شاعیرەش یوربیدز و ئەسخیلۆس بوون. لەگەڵ بوونی ئەو چالاکییە رەخنەییانەشدا دیارترین رێچکەی رەخنەی ئەدەبیی لەلای یۆنانییەکان لەلایەن فەیلەسووفەکانەوە کرایەوە، دیاترین فەیلەسووفیش بیروراکانیان تا ئێستاش جێگای بایەخەپێدان بن، ئەفڵاتوون و ئەرستۆن.

ئەفڵاتوون، رای وا بووە کە شاعیران ناتوانن راستییەکان بگەیەنن بە خەڵکی و لەبری ئەوەیە چاکەیان فێر بکەن هەڵیان دەخەڵەتێنن و دەروونیان تێک دەدەن و وایان لێ دەکەن کە جڵ بدەنە دەست هەست و سۆز یان نەک ئەقڵیان.

هەرچی ئەرستۆش بوو، ئەوا ئەمیان بە پێچەوانەی ئەفڵاتوونەوە بەرهەمی شیعریی بەسوودمەند داناوە، بەتایبەتی تراژیدیا کە بەلایەوە دەتوانێت دەروونی بینەر لە هەردوو هەست و سۆزی ترس و بەزەیی پاک بکاتەوە.
هەر ئەرستۆ لەو بەرهەمەیدا کە بەناونیشانی هوونەری شیعرە کۆمەڵێک دەستوور و یاسای هوونەریی بۆ تراژیدیا داڕشتووە کە بوونەتە بناغەی تیۆری رەخنەیی ئەوروپی بەگشتی و بوونەتە بنەمای رەخنەی کلاسیکی نوێ کاتێ وەک رێبازێکی ئەدەبی لەسەدەی حەڤدەدا لە فەڕەنسا سەری هەڵدا و گەشەی کرد.
لەو سەردەمەدا رەخنەگرێکی بەناوبانگی فەڕەنسی کە ناوی بوالو بوو، راوبۆچوونەکانی ئەرستۆی جێگیر کرد و کردنییە پێوانەی رەخنەی کلاسیکی نوێ لە ئەوروپادا، هۆی ئەمەش ئەوە بوو کە رێبازی کلاسیکی بۆخۆی لە ئاکامی بوژاندنەوە و لاساییکردنەوەی بەرهەمی یۆنانییەکان و رۆمانییەکانسەری هەڵدا.
گرنگترین بنەما و پێوانەی رەخنەی کلاسیکی نوێ بریتیی بوون لە:

لەدوای رێبازی کلاسیکیش کە رێبازی رۆمانتیک لە ئەوروپا سەری هەڵدا، پێوانە رەخنەییەکانی رێبازی کلاسیکی راستەوخۆ رەت کرانەوە، بەرادەیەک کە دەتوانرێت بوترێت ئەگەر پێوانەکانی رەخنەی کلاسیکی هەڵگێڕینەوە، ئەوا پێوانەکانی رەخنەی رۆمانتیکمان دێتە بەردەست.

بەو پێیە دیاترین پێوانە رەخنەییەکانی رێبازی رۆمانتیک بریتیین لە:
  • بایەخدان بە هەست و سۆزی کەسیی و دەورکەوتنەوە لە ئەقڵ.
  • گرنگیدان بەو بەهایانەی کە کەسین و بەلای تاکەکەسەوە گرنگن.

لەم ڕووەوە نووسەرێکی رۆمانتیکی فەڕەنسی کە ئەلفرێد دی موسێیە، دەڵێ: "ئەوەی گرنگ بێت بەلای منەوە ئەوەیە کە گوێ نەدەمە ئەقڵ"، ئەمە لە کاتێکدا کە بوالوی رەخنەگری کلاسیکیی بوو وتوویەتی: "هەمیشە بەدەنگ ئەقڵەوە بچۆ و لەوەوە یەکێتی بەرهەمەکانت بەدەست بهێنە".

دیارترین رەخنەگری رێبازی رۆمانتیکی مەدام دی ستال و سانت بیڤ بوون، بەلای یەکەمیانەوە دەبێ دەقی ئەدەبی رەنگ پێدەرەوەی ژیانە کۆمەڵایەتی و خووڕەوشت و نەریتی کۆمەڵ بێت، بەلای دووەمیشیانەوە دەقی ئەدەبی رەنگ پێدەرەوەی هەست و سۆزی نووسەرە، هەر بۆیە دەبێت رەخنەش تیشک بخاتە سەر دەروونی نووسەر و ناخی نووسەرمان بۆ رۆشن بکاتەوە.

دیارە کە ئەو پیوانە رەخنەییانەی کە لە رێبازی رۆمانتیکدا بۆ شیعری لیریکی-ویژدانی دەستیان دەدا کە دیارترین بەرهەمی رۆمانتیکەکان بووە و بابەتەکانیان بابەتی و کەسیی بوون بە پێچەوانەی بەرهەمی کلاسیکەکان کە تراژیدیا و کۆمیدیا بوون بە بابەتەکانییان مەوزوعیی بوون نەک خودیی و کەسیی، لە دوای رێبازی رۆمانتیکی کۆمەڵێک رێبازی تری ئەدەبیی سرەیان هەڵدا وەک رێبازی ریالیزم، پڕناسی، هێماگەری، فۆرمالیزم و هتد... لەپاڵ ئەم رێبازە ئەدەبیانەشدا چەند رێبازێکی رەخنەیی هاتنە کایەوە کە گرنگترینیان رێبازی شیکاری دەروونی و رێبازی مارکسی و رێبازی شێوەگەرایی یان بنیاتگەری بوون.
بەگشتی رەخنەی نوێ لە ئەدەبی ئەوروپی سەدەی رابووردوودا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دەبێ پێوانە رەخنەیییەکان بابەتی بن و لە بازنەی تێڕوانینی کەسیی رەخنەگردا نەهێڵرێتەوە و راستەوخۆ لە سروشتی دەقی ئەدەبی خۆیەوە بەدەست بهێنرێن.

رەخنەی رۆژهەڵاتیی (عەرەبی ئیسلامی)[دەستکاری]

مەبەست لەو رێرەوە رەخنەییەیە کە سەرەتا لە ئەدەبی عەرەبیدا کراوەتەوە و پاشتر لەلایەن ئەدەبی میللەتە موسوڵمانەکانی ترەوە فراوانتر و بەربڵاوتر کراوە و بووەتە تیۆرێکی رەخنەیی تایبەت بەو گەلانە، سەرەتای ئەم رێرەوە لە ئەدەبی عەرەبی سەردەمی جاهیلییەتەوە دەست پێدەکات، ئەوەش کاتێ کە هۆزە عەرەبکان ساڵانە لە بازاڕی عوکاز لەنزیک مەککەوە کۆ دەبوونەوە و شاعیرانی هەر هۆزێک بەرهەمی خۆی بۆ شاعیرێکی گەورەی ئەو کاتە کە ناو نابغە ئەل زوبیانی بووە، خوێندۆتەوە، ئەویش وەک دادوەرێکی ئەدەبی و رەخنەگرێک راو بۆچوونی خۆی دەربارەی دەقەی شیعرییەکان خستۆتە روو، پێوانە رەخنەییەکانیش زیاتر هوونەری بوون و لەدەوری وشە و واتای جوان و گوونجاو و شیاو و شایستە سووڕاونەتەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، پێوانە رەخنەییەکان لە رێنماییەکانی ئایینی ئیسلامەوە بەدەست دەهێنران و لە روانگەی باوەڕی ئایینی شاعیرەوە لەدەقی رۆنراوە و داوا دەکرا کە شاعیران دەبێ "پەیامدار" بن و بەرهەمەکانیان لە خزمەتی کۆمەڵگا ئیسلامییەکەدا بێت.
قۆناغێکی گرنگی ئەم رێرەوە رەخنەییە سەردەمی عەباسییەکان بووە کە بەهۆی تێکەڵاوبوونی رۆشنبیری گەلە موسوڵمانەکانەوە و بەهۆی ئاگادار بوون لە ئەدەب و رەخنەی یۆنانی بەتایبەتی "هوونەری شیعر" ەکەی ئەرستۆ، پێوانە رەخنەییەکان فراوانتر بوون و بەرەو بایەخدان بە لایەنی هوونەری براون و زۆرتر ئەو تێڕوانینە رەخنەییە پەیڕەوی کراوە کە بەلایەوە دەقی شیعری چنراوێکی زمانییە و دەبێ شاعیر بایەخ بەلایەنی جوانکاری دەقەکە بدات و لەو بوارەدا توانا و دەسەڵاتی هونەری خۆی پیشان بدات، لەسەدەی نۆزدە بەدواوە ئەو رێرەوە رەخنەییە بە سوود وەرگرتن لە رێبازە رەخنەییە ئەوروپییەکان گەشەش کردووە و ئاوێتەی رێبازە رەخنەییە جیهانییەکان بووە.

مێژووی رەخنەی ئەدەبی کوردی[دەستکاری]

وەک ئاشکرایە ئەدەبی کوردی مێژوویەکی دێرینی هەیە و کۆنترین جۆری ئەو ئەدەبەش، شیعر بووە، گوومانیشی تێدا نییە کە لەگەڵ لەدایکبوون و بەرەو پێشچوونی شیعری کوردیشدا رەخنەی ئەدەبیش سەری هەڵداوە و گەشەی کردووە و بەو پێیەی هەر لەگەڵ پەیوەندیکردنی دەقی ئەدەبی بە گوێگرەوە یان بە خوێنەرەوە، تێڕوانینی رەخنەییش بۆ پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنی دەق سەرهەڵدەدات ئەگەر بەشێوەیەکی سادە و ساکاریش بێت و پێوانە رەخنەییەکانیش زانستی نەبن.

لەگەڵ ئەوەشدا چالاکی و بەرهەمی رەخنەییمان لەچاو بەرهەمی شیعریدا کز و لاواز دەبینرێت چوونکە تائێستاش وتار و لێکۆڵنەوەی رەخنەیی پێش سەدەی بیستەممان نەهاتووەتە بەردەست و ئەو بەرهەمە رەخنەییانەی کە هەن مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو بە دواوە کە رۆژنامەگەری کوردی تیایدا بەرەو گەشەسەندن چووە و چاپەمەنی کوردیش بەرەو پێش هاتووە.
لەگەڵ ئەو دیاردەی کزی و لاوازییەی رەخنەی کوردیشدا، دەکرێت ئەو راستییە بخرێتە بەرچاو کە لە قۆناغە جیاجیاکانی شیعری کوردی پێش سەدەی بیستەمدا چالاکی رەخنەیی لە ئارادا بووە و شاعیرانی کورد خۆیان لە بەرهەمە شیعرییەکانیاندا تێروانین و بۆچوونی رەخنەییان خستۆتە بەردەست و دەستنیشانی کۆمەڵێ پێوانەی رەخنەییان کردووە.
شاعیرێک لەو شاعیرانەش کە لە بەیتە شیعرییەکاندا کۆمەڵێ باسی رەخنەیی وروژاندووە، مەلای جزیرییە کە لەیەکێ لە دەقە شیعرییەکانیدا دەڵێ:

ئەحسەن ژ ڤی نەزمی لەتیف چەندی سڤک هاتی خەفیف
مەحبوب بدەستێ خوی شەریف نەقدی مە مووهرو سککەدا
ئەحسەن ژ ڤی وەسفێ رەفیع ئەشکال و ئەوزاعێن بەدیع
تێتن ژ نورێ وەک رەقیع بێ عەیب و نەقی و رەخنەدا

لەو چەند بەیتەدا، مەلای جزیری وشەی رەخنەی بەو واتایە بەکارهێناوە کە ئێستا بەکاری دەهێنن، لەپاڵ ئەو وشەیەشدا کۆمەڵێک زاراوەی رەخنەیی بەکارهێناوە کە هەریەکەیان تایبەتن بە چەند پێوانەیەکی رەخنەی شیعرییەوە، وەک (نەزمی لەتیف) و (سڤک) و (ئەشکال و ئەوزاعێن بەدیع)، بەو پێوانانەش ئەو بنەما رەخنەییە دەستیشان دەکات کە بەلایەوە: باشترین شیعر ئەو شیعرەیە کە وشەکانی جوان و چێژبەخش و رەوان بن و واتاکانیشی سوود بەخش بن.

شاعیرێکی تر کورد، کە بەوردی ئاوڕی لەچەند کێشەیەکی رەخنەیی داوەتەوە، ئەحمەدی خانییە، کە لە مەم و زینەکەیدا کۆمەڵێک پێوانەی رەخنەیی سەردەمەکەیمان بۆ دیاری دەکات، کاتێ دەڵێ:

لی هێڤی دکەم ژ موستەعیدان حەرفان نەگرن ل موستەفیدان
ئەڤ نامە ئەگەر خراپە گەر قنج کێشایە مە دگەل وی دوو سەد رەنج
نەوبارەیی تیفلی نەورەسیدە هەرچەند نەهن قەوی گوزیدە
لێ من ژ ڕەزان نەکر تەمەتوع مانەندی دزان بکەن تەتەبوع

لێرەدا خانی ئەو راستییە دەخاتە بەردەست کە دەقی شیعری دوای لەدایکبوونی، لەلایەن رەخنەگرانەوە رەخنەی لێ دەگیرێت بۆی ئەمیش داوا لە رەخنەگران دەکات کە لەکاتی رەخنەگرتندا رەنج و ماندووبوونی شاعیریان لەبەرچاو بێت و ئەگەر کەم و کوڕییەکیش لە شیعرەکەدا هەبوو ئەوا نەیکەنە بەهانە و بەیەکجاری دەقەکە بەبێ سود و بێ کەڵک دابنێن چوونکە هەموو دەقێک کە رەسەن بێت و دزراو نەبێت وەک رۆڵەی شاعیر وایە و لای شاعیر خۆشەویستە و کەسیش پێی خۆش نییە کە بەخراپی لە منداڵەکانی بڕوانرێت. بەو تێروانینە خانی ئاوڕی لە باسێکی رەخنەیی گرنگ داوەتەوە کە کێشەی داهێنانە، هەر لای خانی و لەم دوو بەیتەدا کە دەڵێ:

ئەی خامە تەژی گەلەک درێژ کر ئەڤ نامە بەسە تە پڕ قڕێژ کر
هەرچەندە کەلام شوبهی دوڕبەت بێ قەدر دبت دەماکو پڕ بیت

واتە: ئەی "ئەی قەڵەمەکەم تۆ درێژەت بە باسەکە داوە، ئیتر بەسە و لەکورتی بیبڕەوە چونکە وتەکان ئەگەر وەک گەوهەریش بن کە زۆربوون بێ نرخ دەبن." وەک دیارە لێرەدا خانی باسێکی گرنگی رەخنەیی دەوروژێنێت کە ئەویش باسی کورتبڕییە لەدەقی شیعریدا و بۆخۆی تا ئەمڕۆش پێوانەیەکی رەخنەی شیعرییە و هەمیشەش داوا لە شاعیران کراوە کە هەوڵ بدەن بە کەمترین وشە، زۆرترین واتا بدەن بەدەستەوە.

لەبەرهەمی شیعری شاعیرانی کرمانجی خوارووشدا دەتوانرێت ئەو راستییە بەدەست بهێنرێت کە چالاکی رەخنەیی هاوتەریبی چالاکی شیعر بووە و بەپێی کۆمەڵێک پێوانەی رەخنەیی چ شاعیران خۆیان بووبن یان گوێگرەکانیان بووبن راوبۆچوونی رەخنەییان دەربارەی دەقی شیعری دەربڕیوە.

لەچەند بەیتێکی نالی دا کۆمەڵێک پێوانەی رەخنەیی خراونەتە روو کە لەبنەما گرنگەکانی رەخنەی ئەدەبی سەردەمەکە بوون. لەو بەیتەدا کە دەڵێ:

کەس بە ئەلفاظم نەڵێ خۆ کوردییە خۆ کردییە
هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مانا دەکا

دیارە لێرەدا، نالی روو لەو کەسانە دەکات کە رەخنەیان لێ گرتووە و توانجی ئەوەین لێ داوە کە شیعر بەزمانی کوردی دەڵێت و شیعرنووسینیش بە کوردی بەهرە و هوونەرمەندیی تیایدا نییە، پێیان دەڵێ کە هوونەرمەندیی لەوەدایە کە چۆن توانیویەتی بەزمانی کوردی ئەو واتا جوان و ناسکانە دەرببڕێت، بەم پێیەش نالی لێرەدا بەو پێوانە رەخنەییە (وشە و واتا) شیعری هەڵسەنگاندووە کە بەلایەوە بەهای دەق واتای جوان و نوێیە نەک هەر بەتەنها وشە و واژەی جوان و زاراوە.

لەبەیتێکی تردا، نالی دەڵێ:

(نالی) عەجەب بەقووەتی حیکمەت ئینشا دەکا
مەعنایی زۆر و گەورە بەلەفزی کەم و بچووک

کەواتە لێرەدا نالیش وەک ئەحمەدی خانی دەسنیشانی ئەو بنەرەتە رەخنەییە دەکات کە بەلایەوە شیعری جوان و بەهادار ئەو شیعرەیە کە بەکەمترین وشە زرترین واتای دەربڕیوە.

لەچەند بەیتێکی سالمیشدا باس لەو پێوانە رەخنەییانە کراوە کە لەسەردەمەکەیدا رەخنەگران بایەخیان پێداوە وەک لەم پارچە شیعرەیدا دەڵێ:

لەڕۆژی ئیمتیحانا دیم بەرابەر تالیب و مەعشووق
کەمەر بەستەی هونەر هاتن لەتیپی عیشق بازانا
لەیەک لا نالی و مەشوی لە لایی سالم و کوردی
لەهەنگامەی هونەرگەرمی تکا جو بوون لە مەولانا
لەمەیدانی بەلاغەتدا بەسواری مەرکەبی مەزموون
بەکوردی هەریەکە تازی سواری بوون لە بابانا

ئەو چەشنە شانازیکردنەی سالم بە توانای شیعری خۆی و شاعیرانی هاوڕێیەوە، پەردە لەسەر ئەو راستییە هەڵدەداتەوە کە بنەڕەتێکی گرنگی رەخنەیی لەو قۆناغە ئەدەبییەدا توانای بەکارهێنانی هوونەرکانی رەوانبێژی بووە، بۆیە دەڵێت "شاعیرانی کورد توانیویانە رەوانبێژی عەرەبی بخەنە ژێر رکێفی خۆیان و بەزمانی کوردی لەمەیدانی ئەو زانستەدا ببنە سوارچاکی سەردەمەکەیان"[١]

سەرچاوە[دەستکاری]

  1. کتێبی ڕێزمان و ئەدەبی کوردی بۆ پۆلی دوانزدەهەم - وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان