میر (کتێب)
ئەم وتارە پێویستی بە بەستەرە بۆ وتارەکانی تر بۆ یارمەتیدانی ڕێکخستنی ئینسایکڵۆپیدیا. (شوبات ٢٠٢٠) (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
میر یان شالیار (بە ئیتالی: Il principe) کتێبی نیکۆلۆ مەکیاڤێلی بیرمەند و مێژوونووسی ئیتاڵییە. ئەو کتێبە لە ساڵی ١٥١٣ نووسراوە، بەڵام ١٥٣٢ ئەوجا بڵاو کرایەوە. لە «میر»دا نووسەر بە وردی خەتوخالی فەرمانڕەوایی دادەڕێژێت، شاڕێی ھەم سەرکەوتن و ھەم شکەستی فەرمانڕەوایەتی پیشان دەدات. لەم بوارەدا «میر» بە شرۆڤەکارییەوە دەربارەی ھێز و ھۆکاری ملکەچبوونی خەڵک بۆ دەسەڵات دەدوێ و بۆ دەسەڵاتیشی ڕوون دەکاتەوە چۆن ئەو ملکەچییەی گەل دابین بکەن.
مەکیاڤێللی لەم بەرھەمەدا پەنا دەباتە بەر نموونەی مێژووکرد، ھەم کۆن و ھەم ھاوچەرخ، بۆ نەخشاندنی تابلۆی میری نموونەیی: میر دەبێ دڕندە بێت بەڵام تەنھا ئەو کاتەی ھیچ چارەیەکی دیکەی نییە، بەڵام ھەرگیز نابێت میھرەبانی و بەخشەندەیی خۆی لەدەست بدات.[١]
نموونەی مێژوویی
[دەستکاری]میر لە چاپتەری چوارەمدا، بەدەم ڕوون کردنەوەی ھونەری فەرمانڕەوایی، ئاماژە بە سێ نموونە دەکات دووانیان پەیوەندی بە دونیای کوردستانەوە ھەیە. سەردێڕی چاپتەری چوارەمی «میر» دەڵێ:[٢]
«ھۆکار چییە وەڵاتی داریۆش، کە ئەسکەندەر داگیری کردبوو، پاش مردنی ئەسکەندەر، بەڕووی جێنشینەکانیدا ڕانەپەڕی؟».[٣]
دوو جۆر فەرمانڕەوایی
[دەستکاری]لێرەدا مەکیاڤێللی بۆ شرۆڤەی ئەم دیاردەی نەبزاوتنی میللەتی داگیرکراو، دیدی خۆی بەم جۆرە ڕوون دەکاتەوە: بەگشتی دوو جۆر فەرمانڕەوایی ھەیە، جۆری یەکەم بریتییە لەوەی میر تاکڕەوانە فەرمانڕەوایی میللەتێکی ژێردەستە دەکات و بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەش میر خۆی چەند وەزیر و فەرمانبەرێک دیاری دەکات.
داگیرکردنی وڵاتێک خاوەن فەرمانڕەوایی جۆری یەکەم، کارێکی سەختە چونکە گشت پێگەداری ئەو وەڵاتە کەسانی فەرمانبەرن و گوێڕایەڵی میرن؛ بەڵام پاش لەنێو بردنی ئەو میرە و داگیرکردنی وڵات، خۆسەپاندن و بەردەوامبوونی دەسەڵاتی نوێ ئاسانە، دیسان چونکە وڵات کەسی دیکەی تێدا نییە شکۆمەند و سەردار. جۆری دووەم، میر لە ڕێی چەند سەردارێکی شکۆمەندەوە فەرمانڕەوایی دەکات کە سەرچاوەی پێگەیان ناگەڕێتەوە بۆ خێری میر، بەڵکوو بۆ خودی خۆیان. ئەم سەردارانە خاوەن بنگە و پەیڕەوانی وەھان خۆڕسکانە سەردارەتیان لێ دەسەلمێنن.
جۆری دووەم داگیرکردنی ئاسانە چونکە سەردارانی جودا، خاوەنی بەرژەوەندی و خواستی جودان و دەکرێ دۆست و لایەنگیریان لە نێودا پەیدا بکەیت؛ بەڵام پاش داگیر کردن، خۆسەپاندن و بەردەوامبوون کارێکی سەختە، چونکە سەرداری خاوەن شکۆ، ھەڵوێست، ویست و خواستی خۆی ھەیە، چە ھاوکار بووبێت لە نەمانی دەسەڵاتی کۆندا، چە نەیار. بنەبڕ کردنی دەسەڵاتداری کۆنیش سوودی نییە، چونکە ھەر سەردارێک بۆ خۆی سەروەرە.
دارای ھەخامەنشی
[دەستکاری]بۆ باشتر ڕوون کردنەوەی ئەم بۆچوونە، مەکیاڤێللی دێت فەرمانڕەوایی «دارای ھەخامەنشی» دەکاتە سەرەباس. بە کوشتنی دارا، سەرلەبەری وڵات بۆ ئەسکەندەر و پاشان بۆ جێنشینانی ئەسکەندەر تەخت دەبێت. دارای ھەخامەنشی لە فەرمانڕەوایی خۆیدا کارێکی نەکردبوو میللەت لە داگیرکەری نوێ ڕاپەڕن، پێگەداری سەروەری تێدا نەھێشتبوو.
مەکیاڤێللی بەدەم شرۆڤەکارییەوە دەوڵەتی تورک - مەبەست دەوڵەتی عوسمانییە بەڵام مەکیاڤێللی ھەر بە تورک ناوی دەبات- دەکاتە نموونەیەک لە جۆری یەکەمی فەرمانڕەوایی، واتە خونکاری تاکڕەو و فەرمانبەری نۆکەر. بۆ جۆری دووەم - واتە فەرمانڕەوایی میر و دەستەی سەرداران - پەنا دەباتە بەر وڵاتی فەڕەنسای ئەو دەمە.
سوڵتانی عوسمانی
[دەستکاری]سوڵتانی عوسمانی وڵاتەکەی کردووەتە چەندین «سەنجەق» و ھەریەکەیانی داوەتە دەست فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵ و خزمەتچیی خۆی. زاڵبوون بەسەر ئەمانەدا سەختە، چونکە گشتیان بە یەک فەرمان و یەک ئاڕاستە دەبزوێن؛ بەڵام پاش بنەبڕ کردنی بنەماڵەی سوڵتان، فەرمانبەری کۆیلە ویست و توانای ڕاپەڕینی نییە. گەر دەسەڵاتی کۆن ڕما، بە ئاسانی جڵەوی دەکێشرێت.
فەرمانڕەوایی فرانسە
[دەستکاری]وڵاتانی وەک فرانسە سازمانیان جودایە. بە ئاسانی دەگیرێن، چونکە سەرداری دەسەڵاتداری زۆرن، بەڵام پاش داگیرکردن دەسەڵات جێگیر نابێت چونکە ھەر یەک لەم سەردارانە داکۆکی لە ویست و بەرژەوەندیی خۆی دەکات. ڕاپەڕینی بەردەوامی فرانسە، ئیسپانیا و یۆنان بەرامبەر ڕۆمانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ھەموو ئەو میرنشینانەی لەو وڵاتانەدا ھەبوون.
وەرگێڕان بە کوردی
[دەستکاری]کتێبی میری مەکیاڤێللی دوو جار بە کوردیی سۆرانی وەرگێڕاوەتە و بە ناونیشانی خوارەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە:
- میر، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە حسێن عارف، لەگەڵ لێکۆڵێنەوەیەک لە کەمال مەزھەر ئەحمەد، بەغدا: چاپخانەی سەمیرامیس، ١٩٨٢.
- شالیار، وەرگێڕان لە ئیتاڵییەوە جەمال زەندی، سنە: مادیار، ٢٠٢١.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ Nationalencyklopedin[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
- ^ «سازمانگەری» ٢٠٠–٢٠٢
- ^ Machiavelli, Niccolò. Fursten. Natur & Kultur. 2009: 59
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- Nationalencyklopedin
- «سازمانگەری»
- Machiavelli, Niccolò. Fursten. Natur & Kultur. 2009
بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]ئەم کتێب وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە میر (کتێب) تێدایە. |
- وتارەکان بە بەستەرە دەرەکییە مردووەکان لە شوباتی ٢٠٢١
- وتارەکان بە بەستەرە دەرەکییە مردووەکان لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧
- وتارەکان بە بەستەرە دەرەکییە مردووەکان لە ئەیلوولی ٢٠١٧
- ئەو وتارانەی بەستەریان زۆر کەمە لە شوبات ٢٠٢٠
- Pages using Lang-xx templates
- کتێبەکانی ١٥٣٢
- مەکیاڤێلیسم
- کتێبە سیاسییەکان
- کتێبە مێژوویییەکان