دەف
دەف(بە ئینگلیزی: Daff) سازێکە لە سازە زەربیەکان لە مۆسیقای کوردی و ئێرانیدا. دەف لەبازنەیەکی دارین دروست بووە کە پێستێکی پیا دراوەو لە دیوی ناوەوەی کۆمەڵێک زنجیر یان بازنەی لێ ھەڵواسراوە. پێستەکە بە زۆری پێستی ئاژەڵانە کە لەم ئاژەڵانە دەتوانین ئاسک و مەڕ و بزن و ماسی ناو ببەین، بەڵام ئەمڕۆ پێستی دەستکردیش بە کار دێت.
پێشینە
[دەستکاری]لە سەردەمی پێش ھاتنی ئیسلام دەف لە مۆسیقای کوردی و ئێرانی ھەروەکوو سازەکانی تر بوونی ھەبووە؛ بەڵام بەھاتنی ئیسلام کە مۆسیقا حەرام کراوە بۆ پاراستنی لە تیاچوون لە خانەقاکان و تەکیەکانی کوردستان ماوەتەوە. بەجۆرێک کە بووە بە بەشێک لە خانەقا و زکر و سەمای دەروێشانی کوردستان. زکر و سەمای دەروێشانی تەریقەتی قادری و کەسنەزانی و لە کوردستان بە ئامێری دەف دەکرێ و ھەر بەم بۆنەیەوە ٧ بۆ ١٠ مەقامیان بۆ داناوە کە لە باری مۆسیقاییەوە ھەرکامیان لەسەر ڕیتمێکن. دەف لە کوردستان ئێستاکەیش سازێکی پیرۆزە بەجۆرێک کە زۆربەی ژەنیارانی کورد بە بێ دەستنوێژ نایژەنن. بەوتەی بیژەن کامکار ئەم گۆشەنشێنیەی دەف لە خانەقاکان ھەتا ساڵی ١٣٥٣ی ھەتاوی بەردەوام بووە ھەتا بە پێشنیاری مامۆستا موحەمەدڕەزا لوتفی و زەحمەتەکانی مامۆستا بیژەن کامکارەوە دیسان دێتەوە ناو مۆسیقای ئێرانی و کوردی و دەبێتەوە بەشێکی دانەبڕ لەم جۆرە مۆسیقانە. تەنانەت جێگری دەف لە مۆسیقادا لەوەیش تێدەپەڕێ. بەشێوەیەک کە ئەوڕۆکە لە زۆربەی جۆرەکانی مۆسیقاییدا ئەم سازە بەکار دێنن. دەف ئێستا خۆشەویستترین ساز لە ئێران دایە و ساڵانە سەدان کەس فێری دەبن و شارەزای دەبن. ئێستاکە جگە لە کوردستان و ئێران ئەم سازە لە وڵاتانی عەرەبی و ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی ناوین و قەفقازیە و زۆربەی وڵاتانی بیانی بگرە لە ئەورووپاشدا فێر دەکرێ و جەماوەری ھەیە و لە مۆسیقاکانی ئەم وڵاتەنەدا جێگر بووە. شاری سنە و کوردستان وەکوو پایتەختی دەف دەناسرێ.
مەقامەکانی دەف
[دەستکاری]١- حی اللە ٢- حی ھو حی اللە یان زکری دووھەم ٣- حی حی حی اللە ٤- دایم ٥- حەدادی ٦- حی اللە اللە ٧- غەوسی ٨- حی یاھو ٩- حی یا قیوم ئەمانە مەقامەکانی دەفن کە لە خانەقا و تەکیەکانی کوردستان بەم نۆرەیە کە وترا زکریان پێ دەکرێ. جگە لەمانە چەن ڕیتمێکی تر ھەن کە لە تایبەت بە خانەقا نین و بە جێی سەما و زکر ھەڵپەڕکێی تایبەت بە خۆیانیان؛ کەواتە بەکارھێنانی وشەی مەقام بۆ ئەم ڕیتمانە ھەڵەیە، ئەگەرچی ھێشتا ئەم ھەڵە دەکرێ بەڵام وشەی مەقام بۆ ئەو زکرانە کە لە خانەقا دەکرێ بەکار دێ. ئەم ڕیتمانە بریتین لە: ١- سەقزی ٢- گەڕیان ٣- ھەڵگرتن
مامۆستایانی دەف
[دەستکاری]مامۆستایانی کۆچ کردوو کە بۆ ناساندنی ئەم ئامێرە بەشێوەی ڕەسەن زۆر زەحمەتیان کێشاوە و مامۆستایانی ئەم سەردەمە خوێندکاری مەکتەبی ئەوان بوون و شاگردی ئەوانیان کردووە بریتین لە: خوا لێ خۆشبوو مامۆستا میرزا ئاغەی غەوسی، خوا لێ خۆشبوو خەڵیفە کەریم سفوەتی، خوا لێ خۆشبوو خەڵیفە سەید مەجیدی سەقزی و سەید موحەممەدی سەفایی و … مامۆستایانی حاڵی حازری دەف کە پێشکسوەتی ئەم بوارەن و زۆربەی مامۆستایانی لاوی ئێستا لە ئێران و کوردستان شاگردی ئەوانن بریتین لە: ١- بیژەن کامکار ٢- فەرزاد عەندەلیبی ٣- سەید عەتا سەلامیە ٤- خەڵیفە مەنسوور مورادی ٥- سەی عەلا یاسینی
دەف لە کوردستاندا
[دەستکاری]دەف لە سەردەمانی کۆنەوە لە کوردستاندا ژەنراوە. شوێنکەوتوانی ئایینی یارسان و ھەروەھا شوێنکەوتوانی ڕێبازی قادری لە سەردەمانی کۆنەوە دەفیان بۆ کۆڕی زیکر بە کار ھێناوە. ھەروەھا چون لە ئایینی ئیسلامدا بە سازێکی حەڵاڵ دادەنرێ[١] لە مەولوونامەکان و کۆڕی زیکردا بە کاری دێنن. ھەروەھا لە زەماوەندی پیرشالیاریشدا دەف لێدان بەشێک لە مەراسمیکەیە.[٢] لەبەر ئەمانە دەف جێگەیەکی تایبەتی لە کوردەواریدا ھەیە و لەگەڵ سازی تەمبووردا بە سازێکی کوردی دادەنرێ و زۆرێک لە خەڵکی کوردستان ئاشناییان لەگەڵ ئەم سازەدا ھەیە.[٣] تەنانەت لە ناو کوردەواریدا بە تایبەت لە نێوان شوێنکەوتوانی ڕێبازی قادریدا باوە کە کاتێک کە دەفێک دەشکێ، لە جیاتیی وشەی شکاندن، وشەی شەھید بوونی بۆ بە کار دەبەن.[٣] لە ساڵی ٢٠١٤دا فێستیڤاڵێکی گەورەی دەفژەنی لە شاری سنەی پارێزگای کوردستاندا بە ڕێوە چوو.[٤] بۆیە لە ئێراندا دەف بە ناوی کوردستانەوە ناسراوە و دەوترێ کە پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان ناوەندی ئەسڵیی دەفن و کورد و دەف پێکەوە دەناسرێن.[٥]
پەراوێزەکان
[دەستکاری]- ^ مصنف چوری، ملا ابوبکر، "سراج الطریق"، بە تصحیح میرزای ھورامی، انتشارات کردستان، سنندج، 1387.
- ^ «باس نووز؛ مەراسیمی پیرشالیار بە ڕێوەچوو».[بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
- ^ ئ ا «سێ نیشانە؛ فێستیڤاڵی دەف لە کوردستاندا». لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی شوباتی ٢٠١٥ ئەرشیڤ کراوە. ٢٠ی شوباتی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ «ئیرنا؛ چوارەمین فێستیڤاڵی سەرانسەریی دەف لە سنەدا».
- ^ «مەشقی عیشق؛ فێرگەی ئانلاینی دەف (بە فارسی)». لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی شوباتی ٢٠١٥ ئەرشیڤ کراوە. ٢٠ی شوباتی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- کتێبی دف نووسینی بیژەن کامکار
- کتێبی تاریخچە ی دف
- فیلمی دەف لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی
- دۆکیۆمێنتاری مامۆستا لە خانەقا لە دەرھێنانی شەھرام مەنسووری
- ئەزموونی تاکی (خوێندنەوە و بەدوادا چوون و ئەزموونی ژەنیاری دەف)
- وت و وێژ لەگەڵ مامۆستاکانی گەورەی دەف وەکوو مامۆستا بیژەن کامکار و مامۆستا فەرزاد عەندەلیبی و سەید شەمسەدین ڕەشیدی
- حبیبی، مسعود، «شیوە نوین دف نوازی،» چنگ، تھران، ١٣٧٩.
بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە دەف تێدایە. |
- دەروازەی ئێران
- دەروازەی تورکیا
- دەروازەی کوردستان
- دەروازەی مۆسیقا
- دەروازەی مۆسیقای کوردی
- دەروازەی ئازەربایجان
- دەروازەی عەرەبستانی سعوودی
- دەروازەی تاجیکستان
ئەم مۆسیقا وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |