ئەپیکور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەپیکور
لەدایکبوونشوباتی ساڵی 341ی پێش زایین
ساموس، یۆنان
مردنساڵی 270ی پێش زایین (لە تەمەنی 72 ساڵیدا)
ئەتینا، یۆنان
نەتەوەیۆنانی
سەردەمفەلسەفەی هێلێنیستی
قوتابخانەئەپیکوریانیزم یان چێژگەرایی
بایەخی داوە بەفەلسەفەی ئەخلاق، فیزیا، ناسیاریناسی، خوداناسی (تیۆلۆجی)

ئەپیکور یان ئەپیکوروس زانا و فەیلەسووفی یۆنانی کۆن و دامەزرێنەری قوتابخانەی ئەپیکوریانیزمە کە وەک یەک لە کاریگەرترین قوتابخانەکانی فەلسەفە دەستنیشان کراوە. ناوبراو لە دوڕگەی ساموس لە یۆنان لەدایکبووە و دایک و باوکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەتینا بوون. دیمۆکریتوس، ئاریستیپوس و پیرهۆ کاریگەرییان لەسەر ئەپیکور داناوە[١] و ئەگەری ئەوەش هەیە سینیکەکانیش (کەلبیگەراکان وەک دیۆژن) کاریگەرییان لەسەر هەبووبێ، نەیاری ئەفلاتوونیزمی ئەو سەردەمە بووە و قوتابخانەی خۆی بە نێوی "باخ" لە ئەتینا دامەزراندووە. ئەپیکور و لایەنگرانی لەبەر خواردنی ژەمی سادە و ساکار و وتووێژ لەسەر بازنەیەکی گەورەی بابەتە فەلسەفییەکان بەناوبانگ بوون. ئەپیکور ئاشکرا ئیزن و ڕێگای بە ژنان و کۆیلەکان داوە تا وەک بابەتێکی سیاسەت بچنە قوتابخانەکەی.[٢] وەک دەڵێن ئەپیکور زیاتر لە 300 بەرهەمی لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکان نووسیوە کە ئەڵبەت زۆرینەیان لەناوچوونە و نەماون. تەنیا سێ نامەی ئەپیکور بۆ مینۆسیۆس، پایتۆکلێس و هیرۆدۆت و دوو کۆمەڵە لە پەندەکانی -ئامۆژگارییە ڕەسەنەکان و وتارەکانی ڤاتیکان- بە تەواوی ماونەتەوە، و هەروەها کۆمەڵەیەکی سەقەت لە بەشێک لە نووسراوەکانی دیکەی. بەهۆی لەناوچوونی بەرهەمەکانی ئەپیکور، زۆربەی پەند و ئامۆژیارییەکانی ئەپیکور لە ڕێگای نووسەرانی پاش خۆیەوە ڕاگوێز کراون؛ بۆ نموونە دیۆژن لایرتیۆس کە ژیاننامەنووس بووە، شاعیرێکی ڕۆمی بە ناوی لوکرەتیۆس و فەیلەسووفێکی ئەپیکوری بە ناوی فیلۆدیمۆس، هەروەها بەشێکیشی لە لایەن ڕەخنەگرانی وەک فەیلەسووفی پیرهۆنیست واتە ئەمپیریکوس، و سیاسەتوان و گومانکاری ئەکادمیا واتە سیسرۆ کە وتار و قسەکانی ئەپیکوریان بە وردبینییەوە داوەتە بەر باس و ڕەخنە.

ژیان[دەستکاری]

پەروەردە و کاریگەرییەکان[دەستکاری]

ئەپیکور ساڵی 341ی پێش زایین لە دوڕگەیەک بە نێوی ساموس کە دەکەوێتە نێو دەریای ئیژه و ئەو کاتە سەر بە ئەتینا بووە، لەدایکبووە. باوک و دایکی واتە نیکۆلاس و کائیرێسترات، هەردووکیان لەدایکبووی ئەتینا بوون و باوکی وەک شارومەندی ئەتینا هەژمار دەکرا. ئەپیکور لە دوایین ساڵەکانی سەردەمی کلاسیکی یۆناندا گەورە بوو. ئەفلاتوون حەوت ساڵ پێش لەدایکبوونی ئەپیکور کۆچی دوایی کردبوو و ئەو کاتەی کە ئەسکەندەر توانی تەنگاوی داردانێل تێپەڕێنێ و بچێتە خاکی پێرشیا، ئەپیکور لە تەمەنی حەوت ساڵاندا بوو. وەک منداڵێک ئەپیکور پەروەردە و ڕاهێنانی ئاسایی یۆنانی کەونارای تێپەڕاندووە. بۆیە نۆرمەن وێنتوۆرس دەڵێت: "نابێ و ناگونجێ ئەپیکور خولەکانی ئەندازەزانی، دیالێکتیک و ڕەوانبێژیی (هونەری ئاخاوتن) ئەفلاتوونی تێنەپەڕاندبێ". باس لەوە دەکرێ کە ڕەنگە ئەپیکور بۆ ماوەی چوار ساڵ قوتابی فەیلەسووفێکی ئەفلاتوونی بە ناووی پامفیلوس بووبێت. نامەی ئەپیکور بۆ مینۆکیۆس و بەشە بەجێماوەکانی نووسراوەکانی ڕاهێنران و پەروەردەیەکی بەرچاوی ڕەوانبێژییان پێوە دیارە. پاش مردنی ئەسکەندەری مەزن، پەردیکاس ئەتیناییەکانی نیشتەجێی ساموسی دەرکرد و هەموویانی گواستەوە بۆ دوڕگەی کۆلۆفۆن کە ئەوڕۆ بەشێکە لە کەنارەکانی وڵاتی تورکیا. پاش تەواوکردنی خولی سەربازی، ئەپیکور لە کۆلۆفۆن گەیشتەوە بنەماڵەکەی. وەک قوتابی ناوسیفانیس خوێندوویەتی کە بۆ خۆی پێڕەوی قوتابخانەی دیمۆکریتوس و پاشان پیرهۆن بووە و ئەپیکۆر ستایشی ستایل و شێوازی ژیانی ناوسیفانیسی کردووە. [٣]

وانەوتنەوە[دەستکاری]

لە درێژەی ژیانی ئەپیکوردا، ئەفلاتوونیزم وەک فەلسەفەی باڵادەست و زاڵ بووە بۆ خوێندنی باڵا. دژایەتی ئەپیکور لەگەڵ ئەفلاتوونیزم بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی پێک دێنێت. زیاتر لە نیوێکی 40 پەند و ئامۆژگارییە ڕەسەن و بنەماییەکەی ئەپیکۆر ڕاستەوخۆ دژایەتی ئەفلاتوونیزم دەکەن. دەوروبەری ساڵی 311ی پێش زایین و ئەو کاتەی ئەپیکور لە تەمەنی سی ساڵاندا بوو لە میتیلنە دەستی بە وانەوتنەوە کردووە. هەر لەو سەردەمەدا زینۆ، دامەزرێنەری فەلسەفەی ستۆیسیزم کە ئەوکات تەمەنی 21 ساڵان بووە گەیشتۆتە ئەتینا، بەڵام زینۆ تا 20 ساڵ پاش ئەو سەردەمە دەستی بە باسکردن و وانەوتنەوەی ستۆیسیزم نەکردۆتەوە. ئەگەرچی نووسراوەکانی دواتر وەک نووسراوەکانی سیسرۆ لە سەدەی یەکەمی پێش زایین ئەپیکوریانیزم و ستۆیسیزم وەک ڕکابەری یەک ئاماژە پێدەدەن بەڵام پێدەچێت ئەو ڕکابەرییە پاش کۆچی دوایی ئەپیکور هاتبێتە ئاراوە.

کۆچی دوایی[دەستکاری]

دیۆژنس لایرتیۆس دەڵێت بەپێی قسەی جێگری ئەپیکور واتە هێرمارکوس، ئەپیکور مەرگێکی ئارام و ئەڵبەت بەژانی هەبووە لە تەمەنی 72 ساڵیدا و لە ساڵی 270ی پێش زاییندا و هۆکاری مەرگیشی بەردی میزڵدان بووە. ئەگەرچی ژان و ئازارێکی زۆری هەبووە بەڵام ئەپیکور پێی نەشکاوەتەوە و لەسەر وانەوتنەوە بەردەوام ماوەتەوە. ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە نامیلکەی کورت و پوختی ئیدومێنیۆس چیرۆکی کۆچی دوایی ئەپیکور بێت کە دیۆژنس لایرتیۆس لە پێنجەمین کتێبەکەیدا واتە ژیان و بۆچوونی فەیلەسەفووفە مەزنەکان هێناویەتییەوە. باوەڕپێکراوبوونی ئەم نامیلکەیە جێی گومانە و ئەگەری ئەوە هەیە کە یەک لە لایەنگرانی ئەپیکور بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕەخنەگەلەی کە هاتبوونە سەر ئەپیکور، ئەو نووسراوەیەی نووسیبێ.

ئەوڕۆ کە ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ من و هەروەها دوایین ڕۆژی ژیانمە ئەم نامیلکەیەتان بۆ دەنووسم. من تووشی نەخۆشینی زگەڕۆی خوێنین و کێشەی میزکردن هاتووم و ئەوەندە ژان و ئازارەکانم قورسن کە هیچی دیکە ناتوانێ ڕێژەی ئێش و ژانەکەم بەرزتر بکاتەوە. بەڵام ئەوەیکە شادم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە بیرکردنەوە و تێفکرینە فەلسەفییەکانم کە ئەو هەموو ئێش و ژانەی تا ڕادەیەک بۆم هاوسەنگ کردۆتەوە و ئەتوانم لەگەڵیان هەڵکەم. تکاتان لێ دەکەم چاوتان بە منداڵەکانی مێترۆدۆرۆسەوە بێت، ئەم پیاوە لەسەر ڕێباز و بە شێوازێکی جیی ستایش و دەستخۆشی بە منی سەلماندووە کە خەریکی فەلسەفەیە.

ئەگەر ئەم بابەتە بە ڕاست هی ئەپیکور بێت پیشاندەری ئەوەیە کە ئەپیکور تا دواهەناسەی ئەگەرچی ئێش و ژانی هەبووە بەڵام شاد ماوەتەوە. هەروەها ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە لەسەر باشبوونی هەلومەرجی منداڵان هەستیار بووە.

فەلسەفە[دەستکاری]

ناسیاریناسی یان مەعریفەتناسی[دەستکاری]

ئەپیکور و ڕێڕەوانی ناسیاریناسییەکی بەربڵاو و پەرەپێدراویان هەبوو کە هۆی ئەمەش دەگەڕایەوە سەر ڕکابەرییان لەگەڵ قوتابخانە فەلسەفییەکانی دیکەدا. ئەپیکور نامیلکەیەکی بە نێوی یاسا (Κανών) نووسیوە کە تیایدا شێوازەکانی لێکۆڵینەوە و تیۆری زانستی خۆی شی کردۆتەوە. ئەگەرچی ئەو نامیلکەیە نەماوەتەوە و تەنانەت هیچ دەقێکی دیکەش بە تەواوی و ڕوون ناسیاریناسیی ئەپیکوریان باس نەکردووە بەڵام بەپێی نووسراوە و ئاماژەپێدانەکانی نووسەرانی دیکە ڕێگا هەیە بۆ دووبارە ساغکردنەوە و باسکردنی. ئەپیکور ئەزموونگەرایەکی پێداگر بوو و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەستەکان تەنیا سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی مرۆڤن بۆ تێگەیشتن و بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر جیهان. ئەپیکور بیرۆکەی ئەفلاتوون واتە "بورهان"ی ڕەت دەکردەوە کە باسی لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی زانست لەسەر جیهان دەکرد بە دەر لە هەستەکانی مرۆڤ. هەروەها ئەپیکور بە توندی دژایەتی پیرهۆنیستەکان و گومانکارەکانی دەکرد چونکە ئەو دوو تاقمە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە نەک هەستەکان بۆ دابینکردنی زانستی دروست لەسەر جیهان و گەردوون سەقەت و ناتەواون بەڵکوو تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە کە ناسینی هەموو شتێک لە جیهان قەت قەت ڕیپێدراو نەبێت.

فەلسەفەی ئەخلاق[دەستکاری]

ئەپیکور هیدۆنیست بوو، واتە لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەر شتێک یان کردەوەیەک کە ببێتە هۆی شادی لەباری ئەخلاقییەوە خێرە و بەپێچەوانەشەوە هەر شتێک کە ئازار و ژانی لێبکەوێتەوە شەڕە. ئەپیکور سادە و ساکار "چێژ"ی وەک نەبوونی ئێش و ڕەنج ئاماژە پێدەدا و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەموو مرۆڤێک پێویستە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئاتارێکسیا بدات، واتە دۆخێکی "بێخەوش و بێگەرد و تەواو"، دۆخێک کە تاک تیایدا بە تەواوی لە ئێش و ڕەنج و ئازار بەدوورە. ئەپیکور باسی لەوە دەکرد کە زۆرێک لەو ئێش و ئازارەی مرۆڤ تووشی دەبێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ترسە بێعەقڵانە و نالۆژیکەی کە لە مردن هەیەتی، ڕق و قینی خودا و سزادرانی پاش مردن. لە نامەکەیدا بۆ مینۆسیۆس، ئەپیکور شرۆڤە دەکات کە خەڵک لەبەر ئەم ترسانە دەکەونە دووی سەروەت و دەسەڵات و پێیان وایە پووڵ و پارە، پرێستیژ و دەسەڵاتی سیاسی لە مەرگ ڕزگاریان دەکات. ناوبراو پێی وابوو کە مردن کۆتایی هەبوونی مرۆڤە و ئەو چیرۆکە ترسناکانەی سزادران و پاش مەرگ هەموویان خەرافە و بێ بنەما و قۆڕن، و هەر بەم بۆنەوە پێویست ناکا ترسێکمان لە مردن هەبێت. لە نامەکەیدا بۆ مینۆسیۆس نووسیویەتی: "خوو بەو باوەڕەوە بگرن کە مردن بۆ ئێمە هیچ نییە، خێر و شەڕ واتە نەفس و مردن واتە کۆتایی نەفسەکان، بۆیە مەرگ -ئەو خراپترین شەڕە- بۆ ئێمە هیچ نییە، تا کاتێک هەبین مەرگ نەهاتووە، کاتێک مەرگ دێت چیدی ئێمە نین". ئەم پەندەی ئەپیکورە بنەمای ڕستەیەکە کە دەڵێت: "من نەبووم، من بووم، من نیم؛ لام گرینگ نییە" (Non fui, fui, non-sum, non-curo). ئەم ڕستەیە لەسەر کێلی گۆڕی پێڕەوانی ئەپیکور دەنووسرا و لەسەر زۆرێک لە کێلەکانی ئەمپراتۆریەتی ڕۆم دەبینرێ. ئەم وتەیە ئەوڕۆ لە ڕێوڕەسمەکانی نێژرانی مرۆڤگەراکاندا دووپات دەبێتەوە.

تێترافارماکوس کورتەیەکی پەندە ئەخلاقییەکانی ئەپیکوری بەم جۆرە ئاماژە پێداوە:

  • لە خودا مەترسن
  • نیگەرانی مەرگ مەبن
  • ئەوەی خێرە بەدەستهێنانی ئاسانە
  • ئەوەی شەڕە هەڵکردن لەگەڵی ئاسانە

خوداناسی[دەستکاری]

لە نامەکەیدا بۆ مینۆسیۆس و وەک پوختەیەکی پەندە ئەخلاقی و ئایینییەکانی خۆی، ئەپیکور وەک ئامۆژیاری بۆ قوتابییەکانی خۆی دەنووسێت: "سەرەتا بڕواتان بەوە هەبێت کە خودا بوونەوەرێکی نەمر و پیرۆزە و بۆیە بەگشتی هیچ شتێکی نەشیاو نەخەنە پاڵ نەمربوونی خودا یان هیچ شتێکی قیزەون و ناشیرین نەخەنە پاڵ پیرۆزبوونی." ئەپیکور دەیگوت کە خۆی و پێڕەوانی دەزانن کە خوداکان بوونیان هەیە چونکە "زانستی ئێمە لەسەر خوداکان گێڕانەوە و تێڕوانینێکی ڕوون و ئاشکرایە"، واتە خەڵکە دەتوانن بۆ خۆیان هەبوونی خوداکان هەست پێ بکەن. مەبەستی ئەپیکور ئەوە نەبوو کە خەڵک دەتوانن وەک جەستە هەست بە خوداکان بکەن، بەڵکوو خەڵک دەتوانن بیریان لێ بکەنەوە و لە خەیاڵی خۆیاندا خوداکان لە شوێنێکی دووری نێوان ئەستێرەکان بهێننە پێش چاوی خۆیان. وەک جۆرج کەی. سترۆداچ دەڵێت، ئەپیکور ئەیتوانی وەک ئاوخواردنەوە و بەبێ ئەوەی گۆڕانکارییەک لە دنیابینییە ماددیگەرایانەکەیدا بکات، خوداکان بەتەواوی بسڕێتەوە بەڵام خوداکان هێشتا کەڵکێکی گرنگیان بۆ خوداناسیی ئەپیکور هەبوو، خوداکان پێوەری چاکە ئەخلاقییەکان بوون بۆ ئەوەی لاساییان بکرێتەوە و ستایش بکرێن.

ئەپیکور ئەو باوەڕە باوەی یۆنانییەکانی ڕەت دەکردەوە کە پێیان وابوو خوداکان وەک خەڵکی ئاسایی بەسەر زەویدا دەخولێنەوە، لەگەڵ بوونەوەرە میراکان جووت دەبن و زۆڵ دەخەنەوە و دەکەونە دووی ڕق و قینە تاکەکەسییەکانیان.

پارادۆکسی ئەپیکور[دەستکاری]

پارادۆکسی ئەپیکور یان مەتەڵی ئەپیکور و یان سێگۆشەی ئەپیکور فۆڕمێکە لە مەسەلەی شەڕ. لاکتانتیۆس لە کتێبی دا ئیرا دەی، 13، لاپەڕەکانی 20 و 21دا ئەم مەسەلە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەپیکور:


ناوبراو دەڵێت: یان خودا دەیهەوێت شەڕەکان لەناو بەرێت و ناتوانێ؛ یان ئەتوانێ و پێی خۆش نییە بیکات؛ یان نە ئەتوانێ و نە پێی خۆشە، هەم پێی خۆشە و هەمیش ئەتوانێ. ئەگەر پێی خۆشە و ناتوانێ، واتە لاوازە و ئەمە لەگەڵ کەسایەتی خودا یەک ناگرێتەوە؛ ئەگەر ئەتوانێ و پێی خۆش نییە بیکات ئەوا شەڕخوازە و ئەمەش لەگەڵ ئەو خودایەی ئێمە ئەیناسین یەک ناگرێتەوە؛ ئەگەر نە پێی خۆشە و نە ئەیشتوانێ، ئەوا هەم شەڕخوازە و هەمیش لاواز، کەوابێ خودا نییە؛ ئەگەر هەم پێی خۆشە و هەمیش ئەتوانێ کە ئەمەیان بۆ خودا گونجاوە، سەرچاوەی شەڕەکان کوێیە؟ یان بۆ خودا لەناویان نابات؟

دەیڤید هیۆم ساڵی 1779 و لە کتێبی لێدوانەکانی سەر ئایینی سروشتی هەر ئەم بابەتەی ئاماژە پێداوە و نووسیویەتی:

هێشتا وەڵامی پرسیارە کۆنەکەی ئەپیکور نەدراوەتەوە. ئەگەر پێی خۆشە بەرگری لە شەڕ بکات، بەڵام ناتوانێ؟ کەواتە لاوازە. ئەگەر ئەتوانێ بەڵام پێی خۆش نییە؟ کەواتە شەڕخوازە. ئەگەر هەم ئەتوانێ و هەمیش پێی خۆشە (شەڕ لەناو بەرێت)؟ ئەی سەرچاوەی شەڕ کوێیە؟

هیچ یەک لە نووسراوەکانی ئەپیکور ئەم باسەیان تێدا نییە. بەڵام بەشێکی هەرەزۆری نووسراوەکانی ئەپیکور نەماون و ڕەنگە بەشێک لە باس و بابەتەکانی کە ئەم پارادۆکسەش دەگرنەوە لە دوایین کتێبی لەسەر خوداکاندا هاتبێت کە دیۆژنس لایرتیۆس وەک یەک لە گەورەترین بەرهەمەکانی ئەپیکور ئاماژەی پێداوە.

بەرهەمەکان[دەستکاری]

بەپێی نووسراوەکانی دیۆژنس لایرتیۆس (10.27-9)، بەرهەمە گرنگەکانی ئەپیکور بریتین لە:

  1. سەبارەت بە سروشت لە 37 کتێبدا
  2. سەبارەت بە ئەتۆمەکان و پووچبوون
  3. سەبارەت بە خۆشەویستی
  4. پوختەکاری لەسەر ئەو بورهانانەی دژ بە فەیلەسووفە سروشتییەکان هێنراوەتەوە.
  5. دژی مەگارایی
  6. مەسەلەکان
  7. بابەتە بنەماییەکان
  8. سەبارەت بە هەڵبژاردن و دووریکردن
  9. سەبارەت بە سەرۆکی چاک
  10. سەبارەت بە پێوەر
  11. چایریدموس
  12. سەبارەت بە خوداکان
  13. سەبارەت بە پاکی و پارێزکاری
  14. هێگسیاناکس
  15. چوار وتار بۆ ژیان
  16. وتارێک لەسەر مامەڵەکردن
  17. نیۆکلیس
  18. وتارێک لەسەر ناونیشانی سەمیستا
  19. جێژن (میوانداری)
  20. یوریلۆچۆس
  21. نووسین لەسەر ناونیشانی میترۆدۆرس
  22. وتارێک لەسەر بینین
  23. وتارێک لەسەر گۆشە لە ئەتۆمێکدا
  24. وتارێک لەسەر بەرکەوتن (touch)
  25. وتارێک لەسەر چارەنووس
  26. بۆچوونەکان لەسەر دەمارگرژی
  27. وتاری ڕوونکردنەوەی تیمۆکراتیس
  28. پێشبینییەکان
  29. پەند و ئامۆژگارییەکان
  30. سەبارەت بە وێنەکان
  31. لەسەر تێگەیشتن
  32. ئاریستۆبولوس
  33. وتارێک لەسەر مۆسیقا (واتە مۆسیقا، شیعر و سەما)
  34. لەسەر دادپەروەری و چاکەکانی دیکە
  35. لەسەر خەڵات و دیاری و دەستخۆشیکردن
  36. پۆلیمیدیس
  37. تیمۆکراتیس (سێ کتێب)
  38. مەترۆدۆرۆس (پێنج کتێب)
  39. ئانتیدۆرۆس (دوو کتێب)
  40. بیروباوەڕەکان لەسەر نەخۆشین و مردن، بە ناونیشانکردنی میتراس
  41. کالیستۆلاس
  42. وتارێک لەسەر دەسەڵاتی پاشایەتی
  43. ئاناکزیمێنس
  44. نامەکاننامەکان.
  1. ^ Laertius, Diogenes. Book IX. pp. Chapter 11, Section 64.
  2. ^ "Diogenes Laertius, Lives and Opinions of the Eminent Philosophers Book X Section 3".
  3. ^ Hicks, Robert Drew. Diogenes Laërtius "Lives of the Eminent Philosophers" Book IX, Chapter 11, Section 61.