ئەشرەف حەکیمی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەشرەف حەکیمی (بە عەرەبی: أشرف حكيمي‎؛ لەدایکبووی ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨) یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێی مەغریبییە، لە باڵی ڕاستی بەرگریی یانەی پاریس سان جێرمان و ھەڵبژاردەی تۆپی پێی مەغریب یاری دەکات.

حەکیمی لە ٢٠١٦ لەڕێگەی یانەی کاستیای ڕیال مەدریدەوە دەست بە کاروانەکەی دەکات، لە ٢٠١٧ بەرزکراوەتەوە بۆ تیمی یەکەمی ڕیال مەدرید، لەو وەرزەدا نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپایان بەدەستھێنا. دواتر بە خواستنێکی دوو ساڵە ڕوویکردە بۆروسیا دۆرتموند، لە ٢٠١٩ نازناوی جامی سووپەری ئەڵمانیایان بەدەستھێنا.

ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە ٢٠٢٠، حەکیمی بە ٤٠ ملیۆن یۆرۆ گواستەوە، ھاوکار بووە لە بەدەستھێنانی سێریێ ئای ٢٠٢٠-٢٠٢١. پاریس سان جێرمان لە ٢٠٢١ بە ٦٠ ملیۆن یۆرۆ گواستیەوە.

حەکیمی لە باوانێکی مەغریبی لە ئیسپانیا لەدایکبووە، لە ھەڵبژاردەی خوار ٢٠ ساڵانی مەغریب بانگھێشتکراوە، پێش ئەوەی یەکەم یاریی نێونەتەوەیی ئەنجامبدات لە ٢٠١٦، بانگھێشتکراوە بۆ جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و ٢٠٢٢، جامی نەتەوەکانی ئەفریقای ٢٠١٩ و ٢٠٢١.

کاروانی وەرزشیی یانە[دەستکاری]

ڕیال مەدرید[دەستکاری]

یەکەم دەرکەوتنی حەکیمی لەگەڵ ڕیال مەدرید لە جامی نێونەتەوەییی پاڵەوانەکانی ٢٠١٦ بەرامبەر بە پاریس سان جێرمان بوو، کە ١-٠ دۆڕان. دواتر گەڕایەوە بۆ تیمی دووەمی پانەکە. یەکەم دەرکەوتنی لە خولی تۆپی پێی پلە دووی ئیسپانیای دووەم لە ٦ی ئابی ٢٠١٦ بوو، کە بەشێوەی سەرەکی بەرامبەر ڕیال سۆسیداد بەشداریی کرد، ٣-٢ براوە بوون. یەکەم گۆڵی لە خولەکە لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٦ بەرامبەر بە یانەی فوێنلابرادا تۆمارکرد.

لە ١٩ی ئابی ٢٠١٧ بەرزکرایەوە بۆ تیمی یەکەمی یانەکە، وەکو یاریزانی یەدەگ بۆ دانی کارڤاخال و ناچۆ، و ژمارە ١٩ی پۆشی. یەکەم دەرکەوتنی بە سەرەکی لە لا لیگا لە ١ی تشرینی یەکەم بوو، بەرامبەر بە ئێسپانیۆل بوو، کە ٢-٠ براوە بوون. لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ یەکەم گۆڵی لە خولەکە لە سێڤیلیا تۆمارکرد، کە ٥-٠ براوە بوون.

لە وەرزی ٢٠١٧-٢٠١٨ی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا، حەکیمی دوو جار بەشداریکردووە، کە دواتر نازناوەکەیان بەدەستھێنا، کە سێیەمین نازناوی یەک لەدوای یەک و نازناوی ١٣ی یانەکە بوو. حەکیمی بوو بە یەکەم یاریزانی مەغریب کە نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەدەستبھێنێت، پێشتریش مونیر حەدادی لە وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بەدەستیھێنا، بەڵام ئەوکات لە پێکھاتەی ئیسپانیا بوو.

بۆروسیا دۆرتمۆند[دەستکاری]

لە ١١ی تەممووزی ٢٠١٨، حەکیمی گرێبەستێکی خواستنی دوو ساڵەی لەگەڵ بۆروسیا دۆرتموند واژوو کرد. لە ٢٧ی ئەیلوول یەکەم گۆڵی بۆ دۆرتمۆند تۆمارکرد، لە بەرامبەر بە یانەی نورنبێرگ بوو، ٧-٠ براوەبوون. لە یەکەم یاری لە خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لە بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید ٣ گۆڵی دروستکرد. لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، یەکەم گۆڵی لە خولەکە لە بەرامبەر بە سلاڤیا پراگ تۆمارکرد. لە ٥ی تشرینی دووەم، حەکیمی بە تۆمارکردنی ٢ گۆڵ لە ئینتەر میلان، شکستی دۆرتمۆندی گۆڕی بۆ سەرکەوتن بە ئەنجامی ٣-٢.

لە شووباتی ٢٠٢٠، حەکیمی تۆماری خێراترین یاریزان لە بۆندسلیگا وەردەگرێت، لە بەرامبەر یونیۆن بەرلین خێراییەکەی دەگاتە ٣٦٫٤٨ کم/کاتژمێر، تۆماری پێشووی خۆی شکاندەوە، کە ٣٦٫٢ کم/کاتژمێر بوو لە بەرامبەر لایپزیگ. لە ٣١ی ئایار، لە ساتی تۆمارکردنی گۆڵ بەرامبەر بە پادەربۆرن، پۆشاکەکەی لابرد بۆ پەیامی "دادپەروەری بۆ جۆرج فلۆیدجەیدن سانچۆی ھاوپیشەی ھەمان کاری کرد.

ئینتەر میلان[دەستکاری]

لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢٠، حەکیمی گرێبەستێکی ٥ ساڵەی لەگەڵ ئینتەر میلان بە بەھای ٤٠ ملیۆن یۆرۆ واژوو کرد. یەکەم دەرکەوتنی لە ٢٦ی ئەیلوول بوو لە بەرامبەر بە فیۆرێنتینا، گۆڵێکی دروستکرد، ٤-٣ براوەبوون. یەکەم گۆڵی لە یانەی بێنێڤێنتۆ تۆمارکرد. نازناوی خولی ئیتاڵییان بەدەستھێنا.

پاریس سان جێرمان[دەستکاری]

لە ٦ی تەممووزی ٢٠٢١، حەکیمی گرێبەستێکی ٥ ساڵەی لەگەڵ پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی بە بەھای ٦٠ ملیۆن یۆرۆ واژوو کرد، بە پێی گاردیان ١١ ملیۆن یۆرۆ زیادکراوی ھەبووە. یەکەم دەرکەوتنی لە خولی تۆپی پێی فەڕەنسا لە ٧ی ئاب بوو، کە بەشدارییەکەی ٩٠ خولەک بوو لە بەرامبەر یانەی تروا، ھاوکات یەکەم گۆڵی تۆمارکرد. لە ٢٤ی ئاب و بەرامبەر بە مارسیلیا یەکەم کارتی سووری وەرگرت. یەکەم وەرزی بە نازناوی خولی فەڕەنسی کۆتاییھات.

لە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بە تۆمارکردنی گۆڵێک لە بەرامبەر بە یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند، جێگەی خۆی لە پێکھاتەی ھەفتانەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا کردەوە.

کاروانی وەرزشیی نێونەتەوەیی[دەستکاری]

پاش دەرکەوتنی لە ھەڵبژاردەی خوار ١٧ و ٢٠ ساڵانی مەغریب، لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٦ پانگھێشتی ھەڵبژاردەی خوار ٢٣ ساڵانی مەغریب کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆستانە لەگەڵ کامیرۆن، ١-٠ براوەبوون.

یەکەم دەرکەوتنی نێونەتەوەیی لەگەڵ ھەڵبژاردەی مەغریب، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بوو، وەکو یاریزانی یەدەگ بەرامبەر بە کەنەدا بەشداربوو، کە ٤-٠ براوەبوون. یەکەم گۆڵی نێونەتەوەیی لە ١ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بەرامبەر بە مالى تۆمارکرد.

حەکیمی بانگھێشتی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و جامی نەتەوەکانی ئەفریقیای ٢٠٢١ کرا.

لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، حەکیمی بانگھێشتی ھەڵبژاردەی مەغریب کرا بۆ جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ کرا، لێدانی یەکلاکەرەوەی سەرکەوتنی لە بەرامبەر ئیسپانیا بە شێوازی پانێنکا تۆمارکرد، ھەڵبژاردەکەی گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی.

ئامارەکان[دەستکاری]

گۆڵە نێونەتەوەییەکان[دەستکاری]

ھەتا ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
(ستوونی گۆڵ ئاماژەیە بۆ ئەو گۆڵەی کە تۆماری کردووە، ستوونی ئەنجام ئاماژەیە بۆ ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکە)
ز. ڕێکەوت یاریگا بەرامبەر گۆڵ ئەنجام پاڵەوانیەتی
١ ١ی ئەیلوولی ٢٠١٧ مەغریب  مالی ٤–٠ ٦–٠ پاڵاوتنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨
٢ ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بوروندی  بوروندی ٣–٠ ٣–٠ پاڵاوتنی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیای ٢٠٢١
٣ ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ مەغریب  کۆماری ئەفریقای ناوەندی ١–٠ ٤–١ پاڵاوتنی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیای ٢٠٢١
٤ ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١ مەغریب  بورکینافاسۆ ١–٠ ١–٠ دۆستانە
٥ ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ مەغریب  گینێ بیساو ١–٠ ٥–٠ پاڵاوتنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢
٦ ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ کامیروون  گابۆن ٢–٢ ٢–٢ جامی نەتەوەکانی ئەفریقیای ٢٠٢١
٧ ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ کامیروون  مالاوی ٢–١ ٢–١ جامی نەتەوەکانی ئەفریقیای ٢٠٢١
٨ ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٢ مەغریب  Congo DR ٤–٠ ٤–١ پاڵاوتنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢

سەرچاوەکان[دەستکاری]