یاساکانی حامۆرابی
| یاساکانی حامۆرابی | |
|---|---|
| ناونراوە لەدوای | حامۆڕابی |
| وڵات | شارستانیەتی بابل |
| چاپەکان | The Laws of Hammurabi, King of Babylonia، Hammurabin lait، The Code of Hammurabi, King of Babylon, about 2250 B.C.، Q19184310 |
| ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە | ١٧٥٢ پێش زایین |
| شوێنی بڵاوکردنەوە | بابل |
| زمان | زمانی ئەکەدی |
| دۆخی چاپکردن | پاوانی گشتی، پاوانی گشتی |
یاساکانی حامۆرابی[ئ] کۆمەڵە یاسایەکە لە لایەن حامۆڕابی شەشەمین پاشای زنجیرەی بابلی، لە سەر کێلە بەردێک، بە شێوەیەکی لوولەیی داتاشراوە، گێپەڕەکەی ٦٠ سانتیمە، بەرزاییەکەی ٢٢٥ سانتیم و نووسینەکەی لە ٤٤ خانەدا جێگەی کراوەتەوە. سەرجەم ماددەکانی یاساکە بە ٣٠٠ ماددە خەمڵێنراوە، ھەرچەندە ھەندێکی ڕووشێندراوە یا کڕێنراوە، بەڵام ھێشتا ٢٨٢ ماددەی ماوە. لە بەشی سەرەوەی کێلەکەدا پەیکەری شاماش، خودای ڕۆژ، بە دانیشتوویی لە سەر تەخت ھەڵکەنراوە و بە دەستی ڕاستی یاساکانی بە حامۆرابی دەسپێرێت و حامۆرابیش لە بەردەمیدا بە گوێڕایەڵی ڕاوەستاوە یاساکانی لێ وەردەگرێت. ئەم کۆمەڵە یاسایە، بە زمانی بابلی، بە ھێڵی بزماری، بە ھەڵکۆڵین لەسەر کێلی بەردی ڕەشی بازلت نووسراوە و لە ناوجەرگەی شاری بابلدا چەقێنراوە، بۆ ئەوەی ھەموو کەس بتوانێت بیبینێت و بیخوینێتەوە و ماف و ئەرکەکانی خۆی بزانێت.
بەسەرھات و دۆزینەوە
[دەستکاری]ئیلامییەکان لە سەردەمی شا «شتروک ناخونتی»دا ھێرشیان کردووەتە سەر بابل(١١٧١ پ.ز)؛ یەکێک لەو شتانەی لەم ھێرشەدا بە تاڵان بردوویانەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، ئەم کێلە بووە. ھەندێک ماددەیان لێ کوژاندووەتەوە، بەڵام دەسکاری ئەوی دیکەیان نەکردووە، ڕەنگە لە ترسی ئەو نەفرین و تووکە بێت کە لە کۆتایی یاساکەدا نووسراوە. کێلەکە ساڵانی(١٩٠١–١٩٠٢) لە لایەن تیمێکی فەڕەنسییەوە لە شووش لە وڵاتی ئێران دۆزراوەتەوە و ھەر ئەوسا براوە بۆ فەڕەنسا. ئێستا کێلەکە لە مۆزەخانەی لووڤرە لە پاریس دانراوە، کۆپییەکی بە گەچ دروستکراوی لە مۆزەخانەی بەغداە.
ھەندێک لە ماددەکانی یاسای حامۆرابی
[دەستکاری]ماددەی ١: ئەگەر پیاوێک تۆمەتی کوشتن بداتە پاڵ پیاوێکی تر، بەڵام نەیتوانی بیسەلمێنێت، تۆمەت بە پاڵدەر دەکوژرێت. ماددەی٢: ئەگەر پیاوێک تۆمەتی جادوگەریی دایە پاڵ پیاوێکی تر، بەڵام نەیتوانی بیسەلمێنێت، پیویستە ئەوەی تۆمەتی جادوگەریی دراوەتە پاڵ بچێتە سەر ڕووبار، خۆی بھاوێژێتە ناو ڕووبارەکەوە، ئەگەر ڕووبارەکە نوقمی کرد، ئەوەی تۆمەتی داوەتە پاڵی دەبێت دەست بە سەر داراییەکەیدا بگرێت. ئەگەر ڕووبارەکە سەلماندی کە ئەم پیاوە پاکە و بە ساغی لێی ھاتە دەرەوە، ئەوەی تاوانی جادوگەریی بەپاڵ داوە دەکوژرێ. ئەوەی لە ڕووبارەکە بە ساغی ھاتووەتە دەرەوە، دەبێت دەست بەسەر دارایی ئەوەی تۆمەتی بەپاڵ داوە، بگرێ.
ماددەی ٣: ئەگەر پیاوێک سکاڵایەکی کرد و شایەتیەکی درۆی دا. ڕاستی قسەکەی بۆ نەسەلمێنرا، ئەگەر سکاڵاکەی سکاڵای ژیان بێت، ئەو پیاوە دەکوژرێت.
ماددەی ٤: ئەگەر بۆ شایەتی (لە سکاڵایەکی درۆی تایبەت بە) دانەوێلە یان زیو، دەبێت ئۆباڵی سزای ئەو سکاڵایە ھەڵبگرێت.
ماددەی ٢٨٢: ئەگەر کۆیلەیەک بە خاوەنەکەی گوت تۆ گەورەی من نیت و سەلمێنرا کۆیلەی ئەوە، گەورەکەی دەتوانێت گوێی ببڕێت.
تێبینییەکان
[دەستکاری]- ↑ ژیاری میزۆپۆتامیا چەند کۆمەڵە یاسای بەرھەم ھێناوە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا جێگەی تایبەتیان ھەیە، لەوانە یاساکانی ئور نمو، ئیشتار، ئەشنونا، حامۆڕابی. ھەندێک بەشی ئەو کۆمەڵە یاسانە بە ناتەواوی و پچڕ پچڕی دۆزراونەتەوە. ئەو کۆمەڵە یاسانە تا ڕادەیەکی باش بە ڕێکوپێکی و بە ھەندێک ناتەواوییەوە دۆزراوەتەوە "کۆمەڵە یاساکانی حامۆرابی"یە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- مستەفا، نەوشیروان (٢٠١٢)، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین؛ کتێبی یەکەم، چاپی یەکەم، دارالعربیە للعلوم الناشرون. ISBN 978-614-01-0519-5