تێکڕایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە میتافیزیکدا، تێکڕایی (بە ئینگلیزی: Universal) یان ھەمەکی یان کوللی (بە عەرەبی: كلي‎) بەو تایبەتمەندییە دەوترێ کە شتە تاکەکان تێکڕا ھەیانە. بە زمانێکی تر، ئەوەی کە لە گەلێ شتی تاک و تایبەتدا دووپات دەبێتەوە و سەر ھەڵدەداتەوە.[١] ئەو شتە تاک و تایبەتانە میسداقەکانی تێگەیشتە یا تەسەوورە تێکڕایییەکەن.[٢]

بۆ نموونە، ئەگەر سێ دانە کورسی لە دیوێکدا بن و ھەرسێکیشیان سەوز بن، ئەم سێ کورسییە لە چۆنییەتیی کورسیبوون و سەوزبووندا ھاوبەشن، واتە تێکڕا کورسین و سەوزیشن. لێرە دەڵێن تێگەیشتەی کورسی یا سەوزی تێگەیشتەیەکی تێکڕایییە و ھەر یەک لەو سێ کورسییە میسداقێکی ئەم دوو تێگەیشتەیە بە ئەژمار دێن.

تێکڕایییەکان زۆرتر دەرھەستن، بۆ وێنە ئینسان، بەڵام تاکەکان زۆرتر بەرھەستن، بۆ وێنە سوقرات. ھەرچەن حەتمەن وا نییە، بۆ وێنە لەوانەیە یەکێ بڵێ ژمارە بە لای منەوە شتێکی تاکە و دەرھەستیشە. ھەر ئاواش، بڕێ لە فەیلەسووفان، وەک دەیڤید ئارمسترانگ، تێکڕایییەکان بە بەرھەست دەزانن.[٣]

پرسی تێکڕایییەکان (مەسەلەی کوللیات)[دەستکاری]

پرسی تێکڕایییەکان یان مەسەلەی کوللیات یەکێ لە پرسیارە دێرینەکانی میتافیزیکە کە دەڵێ ئاخۆ سیفەتگەلێک کە چەن شت تێکڕا ھەیانە (واتە تێکڕایییەکان، وەک ڕەنگ و شێوە)، لە دەرەوەی ئەو شتانەوە بوونیان ھەیە یان نا و، ئەگەر سیفەتێک بەجیا و لەوپەڕی شتکەوە بوونی ھەیە، ئەو ھەبوونە چ ماھیەت و تەبیعەتێکی ھەیە؟[٤]

ئەفلاتوون ئایدیاکانی بە بوونەوەری ڕاستەقینە دەزانی و دەیگوت تاکەکان سێبەری ئەوانن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەرەستوو پێی وابوو کە تاکەکان ڕاستەقینەن و نەوع و جنس بەدەر لە تاک بوونی نییە. ئەم پرسە لە درێژەی سەدەکانی ناوین و لە نێوان فەیلەسووفانی سکۆلاستیکیشدا درێژەی پێ درا.[٥]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Price (1953); Loux (1998), p 20.
  2. ^ خوانساری, محمد. منطق صوری. ۹۴.
  3. ^ Rodriguez-Pereyra (2008), §1.
  4. ^ Moreland, J.P. (2001). Universals. McGill-Queen's University Press. ISBN 0-7735-2269-7.
  5. ^ فروغی, محمدعلی (1398). سیر حکمت در اروپا. انتشارات زوار. ۱۰۳.