پێنج تێکڕایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پێنج تێکڕایی بەو پێنج شێوەیە دەوترێ کە لە قەزیەیەکی لۆژیکیدا ھەڵگیراو لە حاند دانراوەکەیدا دەتوانێ بیبێ. بە زمانێکی تر، بۆ ئەوەی ھەڵگیراوێک لە لایەن دانراوێکەوە شیاوی ھەڵگرتن بێ، دەبێ بە یەکێک لەم پێنج شێوەیە بچێتە سەر دانراوەکە:[١]

  1. ھەڵگیراو نیشاندەری زات و چییەتیی دانراو بێ بەتەواوەتی. وەک ئەوەی لە وەڵامی «حەسەن چییە؟»دا بوترێ  «حەسەن مرۆڤە»، یان لە وەڵامی «ئەو ئاژەڵە چییە؟»دا بوترێ «ئەوە ئەسپە». لێرە، مرۆڤ بەتەواوی زات و چییەتیی حەسەن نیشان دەدا و، ئەسپیش ھەروا، بەتەواوی زات و چییەتی ئاژەڵەکە دەر دەخا. کەوابوو، مرۆڤ بە حەسەن ھەڵدەگیردرێ و ئەسپیش بە ئاژەڵەکە ھەڵدەگیردرێ. بەمە دەڵێن نەوع. واتە مرۆڤ نەوعی حەسەنە و، ئەسپیش نەوعی ئاژەڵەکەیە.
  2. ھەڵگیراو تێکڕایییەک بێ کە بتوانێ وەک بەشێک لە پێناسەی دانراو بە کار بھێندرێت و، شیاوی ئەوەش بێ کە جیا لە دانراو، پاڵ بە شتانی تریشەوە بدات. بەمە دەڵێن جنس. بۆ وێنە، ئەگەر بڵێین مرۆڤ گیانلەبەرە، مرۆڤ دانراوە و گیانلەبەر کە پاڵی پێوە داوە ھەڵگیراوە. لێرە، گیانلەبەر دەتوانێ پاڵ بە شتانی تریشەوە بدات، واتە بە زۆر شتی تریش ھەڵدەگیردرێت. دەتوانین بڵێین ئەسپ گیانلەبەرە یا مێروولە گیانلەبەرە. کەوابوو گیانلەبەر جنسی مرۆڤە.
  3. ھەڵگیراو ئەو بەشە لە پێناسەی دانراو بێ (چۆنایەتیییەکی زاتیی دانراو بێ) کە نەشێت پاڵ بە ھیچ دانراوێکی دیکەوە بدات. ئەمە پێی دەڵێن فەسڵ یا جیاکەر، چونکە جیاکەرەوەی نەوعێکە لە نەوعەکانی تر لە ناو ھەمان جنسدا. بۆ وێنە، کە دەڵێن «مرۆڤ گیانلەبەری بەئاوەزە (یا قسەکەرە)» بەئاوەز یا قسەکەر فەسڵی مرۆڤە، واتە چۆنایەتیییەکە کە مرۆڤ (نەوع) لە دیکەی گیانلەبەران (جنس) جیا دەکاتەوە.
  4. ھەڵگیراو چۆنایەتییەکی زاتیی دانراو نەبێ بەڵام، وێڕای شتانی تر، بە دانراویش بخوات. بەمە دەڵێن عەرەزی گشتی. وەک جووڵەکەر لە حاند مرۆڤدا. جووڵەکردن بۆ مرۆڤ زاتی نییە، مرۆڤێک کە نەتوانێ بجووڵێ ھێشتا ھەر مرۆڤە، ھەروەھا جووڵەکەر جگە لە مرۆڤ بۆ وێنە بە ئەسپ و ئاسکیش دەخوات. بۆیە جووڵەکەر چۆنایەتیی عەرەزیی مرۆڤە.
  5. ھەڵگیراو چۆنایەتییەکی زاتیی دانراو نەبێ، بەڵام لە ھەمان حاڵدا تەنیا بۆ دانراو بە کار بێ و بە ھیچ شتێکی تر نەخوات. بەمە دەڵین عەرەزی تایبەت. وەک «دەم بە کەنین» بۆ مرۆڤ.

بنچینەی ئەم پێرستە، کە لە فەیلەسووفانی سکۆلاستیکەوە گەیشتۆتە دەست لۆژیکزانانی ئەمڕۆ، لە بان ئەو چوار پۆلەوە دانراوە کە سەرەتا ئەرەستوو ئاماژەی پێ کردبوون: پێناسە، جنس، تایبەتمەندی و، عەرەز. حەکیمی نەوئەفلاتوونی، پۆرفیریۆس، شەش سەدە پاش ئەرەستوو، «پێناسە»ی شکاند بە «نەوع» و «فەسڵ» و، بەم چەشنە  چوار پۆلەکەی کرد بە پێنج و، دواتر سکۆلاستیکەکانیش لەمیان وەرگرتەوە. پۆلەکان چوار بن یان پێنج ھەر تێکڕایین، واتە تێگەیشتەگەلێکن کە لە زۆر شتی تاک و تایبەتدا بەدی دەکرێن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "1911 Encyclopædia Britannica/Predicables - Wikisource, the free online library". en.wikisource.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-11-25.