بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ھونەری گۆتیکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پەیکەرەکانی کەنیسەی چارتر، ئەم پەیکەرانە کۆنترین نموونەی پەیکەرتاشیی گۆتیکییە
وێنەکێشان لەسەر شووشە شتێکی باو بووە لە دەمی ھونەری گۆتیکیدا

ھونەری کۆتیکی (بە ئینگلیزی: Gothic art) شێوازێکی ھونەری سەدەکانی ناوینە کە لە ھونەری ڕۆمانسکییەوە دروست بووە لە باکووری فەڕەنسا لە سەدەی ١٢دا، کە بە پەرەسەندنی تەلارسازیی گۆتیکی نوێنەرایەتی دەکرا. ئەم ھونەرە بە گشت ناوچەکانی ئەورووپای ڕۆژاوادا بڵاوبووەوە، ھەروەھا لە چەندین ناوچەی ئەورووپای ناوەندی و باشووریش سەری ھەڵدا، ھەرچەندە زۆر بەناوبانگ بوو، ھێشتا بەسەر ھونەرە کلاسیکییەکەی ئیتالیادا سەرنەکەوت. لە سەدەی ١٤دا، شێوازێکی ئاڵۆزتری ھونەری گۆتیکی سەری ھەڵدا بە ناوی گۆتیکی نێودەوڵەتی، کە تاکوو سەدەی ١٥ پەرەی سەند. لە زۆرێک لە ناوچەکان، بە تایبەتی ئەڵمانیا، ھونەری گۆتیکیی کۆن ھەتاکوو سەدەی شازدەش پەرەی سەند و مایەوە، ھەتاکوو دواتر لەگەڵ ھونەری ڕێنێسانسدا تێکەڵ بوو. کارە ھونەرییە دیارەکانی دەمی گۆتیکی پێکھاتبوون لە پەیکەرتاشی، وێنەکێشانی سەر دار، وێنەکێشانی سەر شووشەکان، فرێسکۆ و مانیوسکریپتی ڕەنگدار. گۆڕانە زەقەکانی تەلارسازی لە ڕۆمانسکەوە بۆ گۆتیکی و دواتریش لە گۆتیکییەوە بۆ ڕێنێسانس زۆرجار وەک نموونەیەک بۆ ناساندنی دەمەکانی ھونەر بەکاردێن، ھەرچەندە ھونەرەکان بۆ ماوەی جیاجیا برەویان سەندووە.

کۆنترین ھونەری گۆتێکی پێکھاتبوو لە پەیکەری یادکردنەوە، کە لەسەر دیواری کەنیسە و کڵێساکان دەبیندرا. ھونەری مەسیحی زۆرجار تایپۆلۆجیکی بوون و چیرۆکی وەشانی کۆن و نوێی کتێبی پیرۆزیان پیشان دەدا لە تەنیشت یەکەوە. ئەم پەیکەرانە زۆرجار ژیانی قەشە و شێخەکانیان دەنواند، لە زۆر شوێنی تریشدا ڕەنگیان لەسەر ژیانی مریەم دەدایەوە کاتێک لەگەڵ مەسیح بووە و خزمەتی کردووە. لەم جۆرە ھونەرانەدا مریەم بەردەوام وەک دایکێکی بەسۆز نیشاندراوە.

ھەر لەم دەمەدا، ھونەری سێکیولار[ئ] ھاتە ئاراوە لەگەڵ فراوانبوونی شارەکان، دۆزینەوەی زانکۆکان، زۆربوونی بازرگانی و دامەزراندنی سیستمی ئابووری دراوی و ھەروەھا دروستبوونی کۆمەڵەی بۆرجوازەکان کە بەھۆی دەوڵەمەندییانەوە دەیانتوانی پشتگیریی ھونەر و کارە ھونەرییەکان بکەن کە بووە ھۆی ئاسانکاری لە بەردەم پەرەسەندن و برەوسەندنی ھونەر. لەگەڵ بەناوبانگبوونی سێکیولاریزم و بەناوبانگبوونی وێژە، ھونەری سێکیولاریش بەرەو ناوبانگ بەرز بووەوە. ھەر لەم دەمەدا، بەھۆی پەرەسەندنی کۆمەڵگەوە لە ڕووە گشتییەکانەوە، ھەروەھا زۆربوونی ھونەرمەندانیش، سیاسەتێک دروستبوو کە وای پێویست دەکرد وێنەکێشەکان ببنە ئەندام لە دەستە و کۆمەڵەی جیاجیادا، کە وای کرد ئامار و تۆماری وێنەکێشەران باشتر پاشەکەوت بکرێن و ناوی زۆرێک لە وێنەکێشان بمێنێتەوە، کە زۆرترین ناوەکانن مابێتنەوە لەو دەمەدا.

بنچینە و مێژوو

[دەستکاری]
پەیکەرێکی ماری ماگدەلین کە لە سەدەی ١٤دا تاشراوە

ھونەری گۆتیکی لە کڵێسای سان دونی دروستکراو لەلایەن ئابی شوگەر لە ئیل-دو-فرانسی فەڕانساوە سەری ھەڵدا،[١] لە سەرەتاشدا ھونەری گۆتیکی بە «کاری فەڕەنسی» ناودەبرا و دان بە گرنگی فەڕەنسا دەنرا لە سەرھەڵدانی ئەم ھونەرەدا.[٢] ئەم ھونەرە بە خێرایی بە چەندین چەشنی جیاجیا بڵاوبووەوە، لە تەلارسازییەوە بۆ پەیکەرتاشی (جا بچووک یان گەورە) و وێنەکێشان بە شێوەی وێنەی سەر دار، وێنەی سەر شووشە، فرێسکۆ و مانیوسکریپتی ڕەنگدار.[٣] گرووپە ئایینییە جیاجیاکان، بە تایبەتی سیستەرسییەکان، مۆنکەکان، و کارتوسیانەکان، ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە پەرەپێدان بە ھونەرەکە و بڵاوکردنەوەی بە ئەورووپادا. تەنانەت دوای سەرھەڵدانی شێوازێکی جیھانی ئەم ھونەرە بە ناوی گۆتیکیی نێودەوڵەتی کە تاکوو کۆتاییەکانی سەدەی ١٥ بەردەوام بوو لە پەرەسەندن، تەلارسازیی ئایینی ھێشتا بە گرنگی مایەوە و پەرەی پێ دەدرا، بە شێوەیەکی لێھاتبوو کە ھونەری گۆتیکیی ئایینی بەناوبانگترین ھونەر بووە لەم دەمەدا.

ھەرچەندە ھونەری گۆتیکی سێکیولار زۆر بووە لە کۆندا، بە گشتی، ڕێژەی مانەوەی ھونەرە ئایینییەکان زیاتر بووە لەچاو سێکیولارەکاندا. زۆرێک لەو کارە ھونەرەییانەی لەم دەمەدا بەرھەم دەھێنران ئایینی بوون، جا خەڵکی دروستیان کردبێت یان کڵێسا و کەنیسەکان. ھونەری گۆتیکی، ھەر وەک ھونەری مەسیحی، بە ھەمان شێوە لە سروشتدا تایپۆلۆجیکی بووە، وایان لێکداوەتەوە کە وەشانە کۆنەکەی کتێبی پیرۆز لە وەشانە نوێکە زیاتر بووە، ئەمەش لێکچوونە سەرەکییەکەیان بووە. دیمەنەکانی ھەردوو وەشانەکەی کتێبی پیرۆز شان-بە-شانی یەکتری پیشان دراون لە کارە ھونەرییە ئایینییەکانی ئەو دەمە، بەتایبەتی لە دیکۆر و پەیکەرەکانی پەرستگاکان. ھونەری گۆتیکی ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە نواندنی مەسیح و مریەم. لەم ماوەیەدا، مەسیح و مریەم بە شێوازێکی واقیعیانەتر لە جاران کێشراون و دروست کراون، ھەروەھا ھونەرە سۆماییەکانی ئەم دەمە بە ھەمان شێوە یارمەتی دەربڕینی «خۆتەرخانکردنی مریەمی» یان داوە.[٤] وشەی «گۆتیک» وەک ھاوواتایەکی تری وشەی «بەڕبەڕی» بەکارھاتووە و ھەندێک لە ھونەرمەندانی دەمی کلاسیک و ڕێنێسانس ڕقیان لێی بووە و بە «نەخۆشی» ناویان ھێناوە.[٥][٦] ھونەری گۆتێکی بە توندی ڕەخنەی لێگیرا لەلایەن نووسەرانی فەڕەنسی وەک نیکۆلا بوێلۆ و ژان دو لا بووریێر و ژان ژاک ڕوسۆ پێش ئەوەی وەک جۆرێک لە ھونەر دانی پێدا بنرێت.[٧]

تابلۆ و وێنەکان

[دەستکاری]
وێنەیەکی گۆتیکی کە لەلایەن ھونەرمەندێکی نەناسراوەوە کێشراوە لە نەمسا

وێنەکێشی بە شێوازێک کە بە گۆتیکی ناسرابێت ھەتاکوو ساڵی ١٢٠٠ دەرنەکەوت، کە نزیکەی ٥٠ ساڵ دوای دەرکەوتنی ھونەری گۆتێکی دەکات. گۆڕانی ھونەری لە ڕۆمانسکەوە بۆ گۆتیکی زۆر ناڕێکە و بە زەحمەت تێبینی کراوە چونکە ھیچ گۆڕانکارییەکی مەزن لە بەینی ھەردووک شێوازەکەدا تێبینی ناکرێت. لە ھونەری گۆتیکیدا، پەیکەرەکان زیاتر سۆزبەخشن و کاردانەوەی دەموچاوەکان بەھێزتر و دیارتر دروستکراون بەراورد بەوانەی ڕۆمانسک، ھەروەھا پەیکەرەکان بە گشتی بۆشاییەکی زیاتر داگیر دەکەن بەراورد بەوانەی ڕۆمانسک. گۆڕانەکە بە زەقی لە ئینگلتەرا و فەڕەنسا دەرکەوت لە ١٢٠٠ەکاندا، دواتریش لە ئەڵمانیا لە ١٢٢٠ەکان و لە ئیتالیاش لە ١٣٠٠. ھەرچەندە وێنەکانی دەمی ڕۆمانسک پێش گۆتیکی لەسەر دیواری کڵێساکان ھەڵدەواسران، ئەورووپا ھێشتا لەو دەمەدا ئامادە نەبوو کە تابلۆکان وەک دیکۆرێک بەکاربێت بەھۆی ئایینەوە.[٨] ھەرچۆنێک بێت، وێنە گۆتیکییەکان، بە ھەمان شێوەی پەیکەرە گۆتیکییەکان، شێواز و ستایلی تابلۆکانیان بەرەو شێوەیەکی زیندووتر برد و شێوازی تابلۆکان سروشتی تر بوون. لەبەر ئەوەی ھونەری گۆتیکی بە سەرەکی وەک شێوازێکی ھونەری ئایینی بەکاربراوە، زۆرێک لە تابلۆ و وێنە گۆتیکییەکان کەسایەتی ئایینی لەخۆ دەگرن، بە تایبەتی مەسیح و مریەم.[٩] بە تێپەڕبوونی کات، شێوازی وێنەکانیش ئاڵۆزتر دەبوون و وێنەکێشەکان دەستیان دەکرد بە گەڕان بە دوای واتای قووڵتر لە وێنەکانیاندا. ھونەری گۆتیکی بە چوار میدیای سەرەکی پەرەی سەند: پەیکەرتاشی، وێنەکێشانی سەر دار، وێنەکێشانی سەر شووشەکان، فرێسکۆ و مانیوسکریپتی ڕەنگدار.

فرێسکۆکان ھێشتا وەک داھێنانێکی ھونەری سەرەکی مایەوە لەسەر دیواری کڵێسا و کەنیسەکان. سوید و دانیمارک زۆرێک لە فرێسکۆیان بۆ ماوەتەوە. لە باکووری ئەورووپا، وێنەی سەر شووشە بووبە شێوازێکی گرنگی وێنەکێشان تاکوو سەدەی پانزەیەم، پێش ئەوەی وێنەکێشانی سەر دار جێی بگرێتەوە.[١٠] مانیوسکریپتە ڕەنگدارەکانیش بەڵگەن لەسەر بوونی ھونەری گۆتیکی لەو ناوچانەی ھیچ وێنەیەک یان پەیکەرێکی گۆتیکی نەماوەتەوە.

تێبینییەکان

[دەستکاری]


پەراوێزەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ستۆکستاد (٢٠٠٥)، ٥١٦.
  2. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری books.google.com نەدراوە
  3. ^ ستۆکستاد (٢٠٠٥)، ٥٤٤.
  4. ^ بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Gothic art»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٢ی شوباتی ٢٠١٨.
  5. ^ «Gothic art». Encyclopedia Britannica (بە ئینگلیزی). لە 2017-06-22 ھێنراوە.
  6. ^ The art of the sublime: principles of Christian art and architecture by Roger Homan p. 70 [١]
  7. ^ History of Architecture Fiske Kimball, George Harold Edgell p.275
  8. ^ «Gothic Art: Characteristics, History». www.visual-arts-cork.com. لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی شوباتی ٢٠١٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی شوباتی ٢٠١٨ ھێنراوە. {{cite web}}: پارامەتری نەناسراوی |dead-url= چاوپۆشیی لێ کرا (|url-status= پێشنیار کراوە) (یارمەتی)
  9. ^ «Gothic art». Encyclopedia Britannica (بە ئینگلیزی). لە ٧ی شوباتی ٢٠١٨ ھێنراوە.
  10. ^ Coe, 8-11

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  • Calkins, Robert G. ; Monuments of Medieval Art, Dutton, 1979, ISBN 0525475613
  • Cherry, John. The Holy Thorn Reliquary, 2010, British Museum Press (British Museum objects in focus), ISBN 0-7141-2820-1
  • Cherry, John, in Marks, Richard and Williamson, Paul, eds. Gothic: Art for England 1400-1547, 2003, V&A Publications, London, ISBN 1-85177-401-7
  • Henderson, George. Gothic, 1967, Penguin, ISBN 0-14-020806-2
  • Hugh Honour and John Fleming, A World History of Art, 1st edn. 1982 (many later editions), Macmillan, London, page refs to 1984 Macmillan 1st edn. paperback. ISBN 0333371852
  • Olson, Roberta J.M. , Italian Renaissance Sculpture, 1992, Thames & Hudson (World of Art), ISBN 978-0-500-20253-1
  • Robinson, James, Masterpieces of Medieval Art, 2008, British Museum Press, ISBN 978-0-7141-2815-3
  • Rudolph, Conrad, ed. , A Companion to Medieval Art: Romanesque and Gothic in Northern Europe, 2006, ISBN 978-1405198783
  • Rudolph,Conrad, "Inventing the Gothic Portal: Suger, Hugh of Saint Victor, and the Construction of a New Public Art at Saint-Denis," Art History 33 (2010) 568-595
  • Rudolph, Conrad, "Inventing the Exegetical Stained-Glass Window: Suger, Hugh, and a New Elite Art," Art Bulletin 93 (2011) 399-422
  • Snyder, James. Northern Renaissance Art, 1985, Harry N. Abrams, ISBN 0136235964

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]


ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگەکانی <ref> بۆ گرووپێک بەناوی «kurdish-alpha» ھەن، بەڵام ھیچ تاگێکی ھاوتای <references group="kurdish-alpha"/> نەدۆزرایەوە