کەریم سەعید زانستی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کەریم سەعید زانستی

کەریم سەعید زانستی :(١٩٠٧-١٩٩٦) نووسەر ، شاعیر ، چالاكی سیاسی ، بێژەر ، وەڕگێر ، سکرتێری جەمعییەتی زانستی کوردان بوو ، لە نەتەوەی كورد بووە.

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

کەریم بەگ کوڕی سەعید بەگ کوڕی سڵێمان بەگی غەوواس (قەوواس) و لە بنەماڵەی ناسراوی خەندانە، ١٩٠٧ لە گەڕەکی (کانێسکان)ی شاری سلێمانی چاوی بە ژیاندا ھەڵھێناوە. منداڵ بووە کە دایک و باوکی مردوون، بۆ باپیری لە دایکەوە بەخێوی کردووە. یەکەم جار لە حوجرەی مەلا شەلە دەستی بە خوێندن کردووە. ١٩١٤ خراوەتە قوتابخانەی (تەشویقییە) و قۆناغی سەرەتاییی بڕیوە. ١٩٢٢ لەتەک مستەفا و ئەنوەر سائیب و عەبدولواحید نووری و فوئاد ڕەشید بەکر، چووەتە کەرکووک و ناوەندیی (عیلمییە)ی بە دوو ساڵ خوێندووە. پاشان لە قوتابخانەی ئەندازە لە بەغدا وەرگیراوە، لەبەر چالاکیی سیاسیی بۆی تەواونەکراوە.[١][٢]

جەمعییەتی زانستی کوردان[دەستکاری]

لەو سەردەمەدا ئەندامی (کۆمەڵی لاوانی کورد) بووە لە بەغدا. لەوەبەدوا وەک مامۆستا و ئەندامی دیار خۆی بۆ (جەمعییەتی زانستی کوردان) تەرخان کردووە، بۆیە ناسناوی (زانستی)ی بەسەردا بڕاوە. پێ بەپێ قیرائەتخانەیەکی بە فێرکردنی خوێندنەوە و نووسین کردووەتەوە. مایس یا حوزەیرانی ١٩٢٨ بووە بە سکرتێری جەمعییەتەکە. ٢٣/٥/١٩٣٠ بە ئەندامی ھەیئەتی ئیدارەی جەمعییەتی زانستی ھەڵبژێرداوە و کراوە بە سکرتێر.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

کەریم بەگ، ١٩٣٠ خاتوو "بەھێی محەمەد شاتری"ی ھێناوە، سێ کچی (گێلاس، سزا و سروە) ناوانی لێ بووە.[١][٢]

زیندانی كردنی[دەستکاری]

یەکێکی گیراوەکانی دوای شەڕی بەردەرکی سەرای سلێمانی بووە و براوەتە کەرکووک. پاش چەند مانگێک بە ھەوڵی ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگی موتەسەڕیف بەردراوە.[١][٢]

وەزیفەكانی[دەستکاری]

٢٧/٣/١٩٣٢ کراوە بە ئەندازیاری شارەوانی. ١٧/٩/١٩٣٥ دەستی لێ کێشاوەتەوە. ٢٨/٥/١٩٤٢ موعاوینی مولاحزی ئەشغال بووە. ١٣/١/١٩٥٣ کراوە بە بێژەر و وەرگێڕ لە بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا. ئەو ماوەیە دەرسی کوردیی لە (خانەی مامۆستایان)یش وتووەتەوە. ١٩٦٣ خانەنشین بووە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ٤/١/١٩٩٦ لە سلێمانی کۆچی دواییی کردووە و لە (گردی سەیوان) نێژراوە.[١][٢]

چالاكی سیاسی[دەستکاری]

کەریم بەگ، ئەندامێکی بەرز و چالاکی (جەمعییەتی ھیوا)یش بووە کە دەوروبەری ١٩٢٨ بە نھێنی لە سلێمانی دامەزراوە. پێشتر ئەندامی (جەمعییەتی زەردەشتی) بووە. ئەندامی (حیزبی برایەتی)ش بووە.[١][٢]

١٩٥٦ سەرپەرشتیی بەشی کوردیی گۆڤاری (ھنا بغداد)ی کردووە. لە ھەڵبژاردنی ڕۆژی ٣/١/١٩٥٨ی (یانەی سەرکەوتنی کوردان)دا بە سکرتێری یانە ھەڵبژێردراوە. ڕۆژی ٣٠/٩/١٩٦٠یش دیسان بە سکرتێری دەستەی بەڕێوەبردنی یانە ھەڵبژێردراوەتەوە.[١][٢]

شیعر و ئەدەب[دەستکاری]

شیعری نووسیوە و لێی بڵاوکردووەتەوە و ھەندێکی لەچاپ نەدراویشی ھەیە. ماوەیەکیش (گۆشەی شیعر)ی لە ڕادیۆی کوردی ھەبووە.[١][٢]

نووسینەكانی[دەستکاری]

نووسینی لە "ژیانەوە" و "گەلاوێژ"دا بڵاوبووەتەوە.[١][٢]

دوو نامیلکەی لەچاپدراویشی ھەیە:[١][٢]

  1. ڕەوشت و خوو، چاپخانەی نجاح- بەغدا، ١٩٢٧
  2. گۆرانیی کوردی، سلێمانی، ١٩٢٨

ئەلبوومی وێنەكانی[دەستکاری]

سەرچاوەكان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8163-8164
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر سدیق ساڵح، کەریم بەگی سەعید بەگ "زانستی" و دوو وێنەی مێژوویی، گۆڤاری "سلێمانی"، ژمارە ٣٣، نیسانی ٢٠٠٢، ل١٩-٢٠.