کۆماری ڕۆمانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کونسوڵی ڕۆمانی بە یاوەری دوو لیکتۆر
بەرفراوانی کۆماری ڕۆمانی لە سەردەمی قەیسەر جولیۆس لەساڵی ٤٤ پێش زایین

کۆماری ڕۆمانی (بە لاتینی: Res publica Romana) سەردەمێکە لە مێژووی ڕۆمی کۆندا کە بە ڕووخانی شانشینی ڕۆم دەستی پێکردووە (کە پێدەچێت لە ساڵی ٥٠٩ پێش زایین ڕوویدابێت) و تا دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بەردەوام بووە لە ساڵی ٢٧پ.ز.  یەکێک لەو گۆڕانکارییە دیارانەی کە لە سەردەمی کۆماردا ڕوویدا، فراوانبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ڕۆمانی بوو لە شاری ڕۆماوە بۆ زلھێزێکی گەورە کە فەرمانڕەوایی تەواوی حەوزی دەریای ناوەڕاستی دەکرد.  لە ماوەی ٢٠٠ ساڵی یەکەمی مێژووی خۆیدا، کۆماری ڕۆمانی توانی کاریگەری خۆی - لە ڕێگەی ھاوپەیمانی و شەڕەکانەوە لە ھەمان کاتدا - لە ناوەڕاستی ئیتاڵیاوە فراوان بکات، تا ئەو کاتەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر تەواوی نیمچە دوورگەی ئیتاڵیادا درێژکردەوە.  دوای سەدەیەک ڕۆما بە شەڕی دووبارەبووەوە دەستی بەسەر باکووری ئەفریقا و ھیسپانیا و ئەو شوێنەی ئێستادا گرت کە ئێستا لە باشووری فەڕەنسایە، تا کۆتایی سەدەی یەکەمی پێش زایین کۆماری ڕۆما باقی فەڕەنسای مۆدێرن و یۆنان و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستی لەخۆ گرتبوو.  بەڵام لەھەمانکاتدا زنجیرەیەکی درێژخایەنی گرژیی ناوخۆیی لە دەوڵەتدا ھەبوو کە نوقمی شەڕی ناوخۆیی گەورەی کرد، کە بە تیرۆرکردنی قەیسەر جولیۆس گەیشتە لوتکە و بە ڕووخانی کۆمار و دامەزراندنی ئیمپراتۆریەت.  ناتوانرێت وادەی گواستنەوە لە کۆمارەوە بۆ ئیمپراتۆریەت بە وردی دیاری بکرێت، مێژوونووسان چەندین بەرواریان پێشنیار کردووە، لەوانە بەزاندنی ڕووباری ڕوبیکۆن لەلایەن سوپای قەیسەرەوە لە ساڵی ٤٩پ.ز، دانانی قەیسەر وەک دیکتاتۆرێک تا ھەتایە لە ساڵی ٤٤پ.ز، و شکستی مارکۆس ئەنتۆنیۆس و کلیۆپاترای حەوتەمی ھاوسەری لە شەڕی ئەکتیۆم لە ساڵی ٣١پ.ز، بەڵام زۆربەی مێژوونووسان پەنا بۆ ئەو بەروارە دەبەن کە ڕۆمانە کۆنەکان خۆیان وەک بەرواری کۆتایی کۆماریان دانا، ئەمەش ئەو کاتەیە کە ئەنجومەنی پیرانی ڕۆمانی دەسەڵاتی بێسنووری بە یەکەم ئیمپراتۆر ئۆکتاڤیان بەخشی و لە ساڵی ٢٧ی پ.ز نازناوی ئۆگستۆسی پێبەخشی.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "الجمهورية الرومانية", ويكيبيديا (بە عەرەبی), 2023-01-30, retrieved 2023-02-09