کانادا (فەیلەسووف)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

   

کانادا (ناسراو بە ئولووکا، کاشیپا، کانبهاکشا، کانابهووج) فەیلەسووف و زانایەکی سروشتی سەردەمی کۆنە لە وڵاتی هیندستان، ناوبراو بنیاتدانەری قوتابخانەی ڤایشێشکای فەلسەفەی هیندی بووە و هەروەها هێما و نوێنەری سەرەتا و دەسپێکی فیزیایە لە هیند.

وەک مەزندە دەکرێ کانادا لە مەودای نێوان قەڕنی شەشەم تا دووهەمی پێش زایین ژیاوە و لەسەر ژیانی زانیاری و سەرچاوەی کەم بەردەستن. [١] ناوە سونەتییەکەی کانادا واتای دەبێتە "ئەتۆمخۆر" و بەهۆی پەرەپێدانی بنەماکانی زانستی ئەتۆم لە فیزیا و فەلسەفەدا لە دەقی سانسکریتیدا بە Vaiśeṣika Sūtraئاماژەی پێدراوە. هەروەها نووسراوەکانی ناوبراو بە سوتراکانی کانادا یان ئافۆڕیزمەکانی کانادا ناوبانگیان هەیە.

ئەو مەکتەبەی کە کانادا دایمەزراندووە، خولقێندران و هەبوونی گەردوون لە ڕێگای دەکارهێنانی تیۆرییەکی ئەتۆمی و لۆژیک و ڕیالیزمەوە شرۆڤە دەکات و یەکێکە لە پێشەنگەکانی ئەنتۆلۆژیای ڕیالیستی سیستەماتیک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. کانادا لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەموو شتێک توانای دابەشبوونی هەیە بەڵام ئەم دابەشبوونە هەمیشەیی نییە و لە شوێنێکدا دەگاتە خاڵی کۆتایی و پێویستە چکۆلەترین بوونەوەرەکان (پارامانۆ) هەبن کە دابەش ناکرێن و هەرمانن و بۆ ئەوەی ماددە و جەستە و پێکهاتە ئاڵۆزەکان ساز بکەن لە پرۆسەیەکدا پێکەوە تێکەڵ دەبن و ئەمەش بنەمای هەموو جۆرە هەبوونێکی ماددییە. کانادا ئەم بۆچوونانەی لەگەڵ چەمکی ئاتمان بە واتای ڕۆح و خود دەکارهێنا تا ئامرازێکی غەیری خودایی بۆ مۆکشا ساز بکات.

ئەگەر لە ڕوانگەی فیزیاوە سەیری بکەین، بیرۆکە و بۆچوونەکانی کانادا هەڵگری دەورێکی کاریگەر و دیارن بۆ چاودێرێکی سەربەخۆ و جودا لەو سیستەمەی کۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ. بڕوا و بۆچوونەکانی کانادا کاریگەرییان لەسەر مەکتەبەکانی دیکەی هیندووەکان هەبووە و لە مێژوودا پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ فەلسەفەی هیندووی نیایا هەبووە.


سیستەمی کانادا ئاماژە بۆ شەش تایبەتمەندی دەکات کە ناویان هەیە و ناسراون. کانادا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەم شەش تایبەتمەندییە بۆ وەسفکردنی کۆی ئەو شتەی لە گەردووندا هەیە تەواون و ئەم شتانە تەنانەت چاودێرانیش دەگرێتەوە. ئەو شەش تایبەتمەندییە بریتین لە دراڤیا (ماددە)، گونا (چۆنێتی و کوالێتی)، کارمانا (بزووتن و جووڵە)، سامایا (زەمەن و کات)، ڤیسێسا (تایبەت) و ساماڤایا (میرات). ماددەکان بۆ خۆیان دەبنە شەش دەستە کە هەندێکیان ئەتۆمن، هەندێکیان نائەتۆمن و ئەوی دەمێنێتەوە تێکەڵەیەکە لەو دوو جۆرەکەیتر و هەموویان دەگرێتەوە.


بۆچوونەکانی کانادا بازنەیەکی بەربڵاو دەگرنەوە و نەک تەنیا لەسەر فەلسەفە، بگرە لەسەر لقەکانی دیکەی زانستیش کاریگەرییان هەبووبێت. بۆ نموونە چاراکا کە دەقی پزیشکیی نووسیوە وەک چاراکا سامهیتا ماوەتەوە کاریگەریی کانادای لەسەر بووە.

سەردەمی ژیان[دەستکاری]

ئەو قەڕنەی کانادای تێدا ژیاوە بە ڕوونی دیار نییە و ئەمەش مشتومڕێکی درێژخایەنی لێکەوتۆتەوە. لە پێداچوونەوەیەک بەسەر خۆیدا، ڕیپێ ساڵی 1961 دەڵێت کە کانادا پێش ساڵی 300ی پێش زایین ژیاوە، بەڵام بەڵگەی بەهێز کە سەلمێنەری تەواو و یەکلاکەرەوە بێت لەسەر ئەم بابەتە هێشتا دەست نەکەوتووە.


سوتراکانی ڤایشێشیکا باس لە کێبەرکێی نێوان مەکتەبی کانادا و مەکتەبە فەلسەفییە هیندییەکانی دیکە وەک سامخیا و میماسا دەکەن بەڵام هیچ ئاماژەیەکیان لەسەر ئایینی بوودا تێدا نییە و هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەیکە لە بابەتە نوێکاندا باس لە سەدەی شەشەمی پێش زایین بکرێت وەک سەردەمی ژیانی کانادا. دەستنووسەکانی سوتراکانی ڤایشێشیکا تا سەردەمی نوێ ماونەتەوە و دۆزینەوەی دەستنووسی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هیندستان لە لایەن تاکوور لە ساڵی 1957 و جامبوڤیجایاجی لە ساڵی 1961و دواتر لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە لەسەریان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە تێکست و وانەکانی کانادا لە مەودایەکی زەمەنی لە نێوان ساڵی 200ی پێش زایین تا سەردەمی نوێتر سیستەماتیک و تەواوتر کراون و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئامۆژگارییەکانی زۆر کۆنتر بن. لەنێو چەندین دەقی هیندووییدا کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ قەڕنەکانی یەکەم و دووهەمی زایینی، باسی بیر و باوەڕەکانی کانادا کراوە و بۆ نموونە ئەکرێ ئاماژە بکەینە مەهاڤیباسا و جناناپراستانا کە دەگەڕێنەوە سەر ئیمپەراتۆریەتی کوشان. بۆچوون و باوەڕەکان هەروەها لە دەقە بووداییەکانیشدا کەوتوونەتە بەر باس و ئەمانەش دەگەڕێنەوە بۆ ئاشڤاگۆشا کە ئەمەش هەر هی هەمان سەردەمی ئاماژەپێکراوە.


لە ئەدەبییاتی جەینیزمدا وەک Sad-uluka ئاماژە بە کانادا کراوە کە واتە ئەو "ئولوکایەی کە باسی شەش تایبەتمەندی کردووە." فەلسەفەی ڤایشێشیکای کانادا بە هەمان شێوە دەچێتە سەر ناوی دیکەی وەک Aulukya philosophy" کە لە ناوی دیکەی کانادا واتە ئولوکا وەرگیراوە و واتای دەبێتە کوندەپوو لە شەودا.


کانادا کاریگەریی لەسەر فەلسەفەکانی دیکەی هیندستان هەبووە و لە دەقە جۆراوجۆرەکاندا بە ناوی جیاواز و جۆراوجۆری وەک کاشیاپا، ئولوکا، کاناندا، کانابهووک و هتد ئاماژەی پێکراوە.

بیرۆکە و بۆچوونەکان[دەستکاری]

بڕوای کانادا لەسەر فیزیا ئاوایە کە هەموو ئەو شتانەی دەناسرێنەوە بنەمایان دەچێتەوە سەر جووڵانەوە و بزووتن. ئەوەیکە دەڵێ بۆ تێگەیشتن و ناسینی گەردوون فیزیا تەوەری سەرەکییە یەک لە بناغە نەگۆڕەکانیەتی و جەختی لەسەر دەکاتەوە. بۆ نموونە دەڵێت پێویستە ئەتۆم خڕ و گۆیی بێت چونکە لە هەموو لاوە پێویستە یەکجۆر بێت. کانادا دەڵێت هەموو ماددەیەک لە چوار جۆرە ئەتۆم ساز بووە کە دوو لەو ئەتۆمانە بارستاییان هەیە و دووی دیکەیان بێ باراستایین.

کانادا پاشان بە ئاراستەکردنی پێناسەی دارما وەک دیاردەیەک کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی ماددی و بەرزترین جۆری خێری تێدایە، کاری خۆی لە چوارچێوەیەکی ئەخلاقیی گەورەتردا ئاراستە دەکات. ئەم سووترا لەگەڵ سووترایەکی دیکە گرێ دەدات و دەڵێت ڤیداکان بۆیە ڕێز و حورمەتیان هەیە چونکە دارما فێر دەکەن و ئەو شتەی کە لە ڤیداکاندایە خودی دارما نییە.



کانادا و زانایانی سەرەتایی مەکتەبی ڤایشێشیکا تەرکیزیان خستبووە سەر ڕەوتی گوورانی جیهان لە ڕێگای یاساوە. ئەڵبەت ئەم ڕاستییە بۆ سەردەمی کانادا شتێکی نائاسایی نەبووە و بەشێکی زۆری وەشانە سەرەتاییەکانی فەلسەفەی هیندوو وەک سامخیا، نیایا، میمامسا و یان لقە ناسەرەکییەکانی وەک یۆگا و ڤێدانتا و هەروەها مەکتەبە ناڤیداییەکانی وەک جەینیزم و بووداییزم بە هەمان شێوە بڕوایان بە خوداپەرستی نەبووە. کانادا دەکەوێتە ڕیزی ئەو زانا هیندووانەی کە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە مرۆڤ توانا و دەفرایەتی تێگەیشتنی گەردوون و گەیشتن بە مۆکشای هەیە بەبێ ئەوەیکە پێویستی بە خودا هەبێت، نیچەیش بە کورتی ئاماژەیەکی بە باوەڕێکی کۆنی هیندووە کۆنەکان کردووە کە دەڵێت: "بە یارمەتی پارێزکاری و ناسینی ڤیدا، هەموو شتێک ڕێپێدراوە."

لەو دەقەدا بەم چەشنە نووسراوە: [١]

ڕاستەقینەکان نۆ بەشیان هەیە: چوار بەشی ئەتۆم (زەوی، ئاو، ڕووناکی و هەوا)، ئاسمان (ئەکاشا)، کات (کالا)، ئاراستە (دیشا)، هەرمانبوونی ڕۆحەکان (ئاتمان)، مێشک و هزر (ماناس)

هەموو شتێک خولقێندراو لە ئەتۆمەکان (پارامانۆ) ساز کراوە کە پێکەوە دەلکێن و مۆلکوولەکان پێک دێنن (ئانو). ئەتۆمەکان هەرمان و نەمرن و تێکەڵبوونی ئەتۆمەکان پێکەوە جیهانی ماددی ساز دەکات.

ڕۆحەکان هەرمان و نەمرن و بۆ ماوەیەکی کاتی دێنە نێو جەستەکانەوە.

شەش دەستەی ئەزموون (پادارتا) بوونیان هەیە: ماددە، کوالێتی و چۆنیەتی، چالاکی، گشتاندن، تایبەتبوون و زات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Approximate Chronology of Indian Philosophers".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)