ویکیپیدیا:وتاری ھەڵبژێردراوی ھەفتە/ھەفتانە/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھاڵکی باوەڕپێنەکراو (بە ئینگلیزی: The Incredible Hulk) فیلمێکی سووپەرھیرۆی خەیاڵی زانستیی ئەمریکییە لە ساڵی ٢٠٠٨ کە لەسەر بنەمای کەسایەتیی کۆمیکەکانی ماڕڤڵ «ھاڵک» دروست کراوە. بەرھەمی ستۆدیۆکانی مارڤڵە و دابەشکردنی لەلایەن کۆمپانیای یوونیڤەرساڵ پیکچەرزەوە بووە، دووەم فیلمە لە گەردوونی سینەمایی مارڤڵ (MCU). لە دەرھێنانی لویس لێتەریەرە و لە سیناریۆی زاک پێنە، کە ئێدوارد نۆرتن ڕۆڵی بروس بانەر دەگێڕێت شانبەشانی لیڤ تایلەر، تیم ڕۆت، ویلیام ھارت، تیم بلەیک نێڵسن، تای باڕێڵ و کریستینا کەیبۆت. لە فیلمەکەدا بروس بانەر بەھۆی تیشکی گاماوە دەبێتە ھاڵک وەک پیاوێکی بێ ئاگا ھەڵسوکەوت دەکات، و لەدەستی سەربازەکانی ئەمریکا ھەڵدێت، کە دەیانەوێت بیگرن، و لەکاتێکدا کە بانەر خۆی دەیەوێت لەدەستی ھاڵک ڕزگاری بێت و بگەڕێتەوە دۆخەکەی جارانی خۆی.

دوای پێشوازییەکی تێکەڵاو لە فیلمی ھاڵک لە ساڵی ٢٠٠٣ی یوونیڤەرساڵ، ستۆدیۆکانی مارڤڵ مافی کارەکتەرەکەیان وەرگرتەوە، ھەرچەندە یوونیڤەرساڵ مافی دابەشکردنەکەی پاراست. لێتێریێر کە ئارەزووی دەرھێنانی فیلمی ئایرۆن مانی بۆ مارڤڵ دەربڕیبوو، بەڵام نەکرا، پێن دەستی بە کارکردن کرد لەسەر سیناریۆیەک کە زۆر نزیکتر بێت لە کۆمیکەکان و زنجیرە تەلەڤیزیۆنییەکەی ساڵی ١٩٧٨ بە ھەمان ناو. لە نیسانی ٢٠٠٧، نۆرتن بەکرێ گیرا بۆ ڕۆڵگێڕانی بانەر و دووبارە نووسینەوەی سیناریۆی پێن. وێنەگرتن لە مانگی تەممووز تا تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ ئەنجامدرا، بە پلەی یەکەم لە تۆرۆنتۆی کەنەدا، لەگەڵ وێنەگرتنی زیادە لە شاری نیویۆرک و ڕیۆ دێ ژانێرۆ. زیاتر لە ٧٠٠ وێنەی کاریگەرییە بینراوەکان لە پۆست-پرۆدەکشندا دروستکراون بە بەکارھێنانی تێکەڵەیەک لە گرتنی جووڵە و وێنەی دروستکراوی کۆمپیوتەر بۆ تەواوکردنی فیلمەکە.

فیلمی ھاڵکی باوەڕپێنەکراو بۆ یەکەمجار لە شانۆی گیبسۆن لە یونێڤێرساڵ سیتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٠٨ نمایشکرا و لە ١٣ی حوزەیران لە ئەمریکا نمایشکرا، وەک بەشێک لە قۆناغی یەکەمی MCU. فیلمەکە بەھۆی زنجیرە ئەکشنەکانییەوە ستایشی زۆری لێکرا و بە پێشکەوتنێک دادەنرا بە بەراورد بە فیلمەکەی ساڵی ٢٠٠٣، بەڵام ڕەخنەی زۆر لە کەمی قووڵبوونەوە لەچیرۆکی فیلمەکە گیرا. ئەم فیلمە داھاتی ٢٦٤٫٨ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیھاندا بەدەستھێناوە، بەمەش دەبێتە کەمترین داھاتی فیلمی گەردوونی سینەمایی مارڤڵ MCU. نۆرتن لەگەڵ مارڤڵ ناکۆک بوو لەسەر مۆنتاژکردنی کۆتایی فیلمەکە، بۆیە ڕۆڵی بانەر لەلایەن مارک ڕوفالۆ جێگەی گرترایە و بۆ ناوەڕۆکی داھاتووی MCU کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە فیلمی تۆڵەستێنەکان دەستی پێکرد.
خوێندنەوەی زیاتر...