وتووێژ:ڕژێنە

ناوەڕۆکی پەڕە بە زمانەکانی تر پشتگیریی لێ ناکرێت.
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

من «ڕژێن(ە)» و «ئاڵگ»م بۆ ئەمە بیستووە، کۆئەندامەکەشی کوێرەڕژێنەی پێ ئەوترێ. لە باشووریش لوو بە واتای Tumor دێ. ‎Gêjełûk ‏١٥:٢١، ١١ی ئایاری ٢٠٢٣ (UTC)[وەڵامدانەوە]

@Gejeluk: پێشنیار دەکەم کاتێک دەتەوێت ناوی پەڕەیەک بگوازیتەوە، ئەوا یەک یان دوو کەسێکی دیاریکراو تاگ بکە، یان گەر دروستکەرەکەی چالاک بوو، ئەو بانگ بکە بۆ وتووێژ. چونکە شەرت نییە بیبینین. سەبارەت بە ناوەکەش، ڕاستییەکەی لووم نەبیستووە من، بۆیە بیکەیت بە ڕژێن دەکرێت باشتر بێت. Tessla (وتووێژ) ‏١٥:٤١، ١١ی ئایاری ٢٠٢٣ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@Gejeluk: لەم حاڵەتانە بڕوانە لۆگی گواستنەوەی وتارەکە و بزانە کێ گواستنەوەی کردووە. گەر ھەبوو، قسەیان لەگەڵ بکە. ئێستا کاک چالاک ئەم وتارەی کردووەتە «لوو». من وەک خۆم ھەردووکتان بە کەسانی تێگەشتوو لە زمان دەزانم و متمانەم پێتان زۆرە. ⇐ئارام وتووێژ💭 ‏١٤:٠٨، ٢١ی ئابی ٢٠٢٣ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@Tessla و @Aram: زۆر سپاس بۆ ئاگادارکردنەوەم. ھەروەھا سپاس بۆ ئەو متمانەیەت کاک Aram، بەڵام من قەت خۆم بە زمانناس دانەناوە و زۆرجار ھەڵە ئەکەم. تەنیا حەزێکم بۆ بوارەکە ھەیە. ڕاستیش ئەکەی، ئەبوایە سەرەتا سەیرێ لۆگەکەم کردایە و کاک @Calak-م بانگ کردایە. ‎Gêjełûk ‏١٤:٤٠، ٢١ی ئابی ٢٠٢٣ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@Gejeluk:
سەرەتا سەیری ئەم وشانە لە شێوەزاری سۆرانیی ستاندارد و ئەردەڵانی بکە:
سۆرانیی ستاندارد: ڕۆژوو، ئەردەڵانی: ڕۆژگ
سۆرانیی ستاندارد: تینوو، ئەردەڵانی: تینگ
سۆرانیی ستاندارد: زیندوو، ئەردەڵانی: زینگ
سۆرانیی ستاندارد: مازوو، ئەردەڵانی: مازگ
سۆرانیی ستاندارد: بێزوو، ئەردەڵانی: بێزگ
سۆرانیی ستاندارد: دەزوو، ئەردەڵانی: دەزگ
و ...
ئەمانەم نووسی ھەتا بزانی ھەرچی لە سۆرانیی ستاندارددا بە -وو کۆتایی پێ دێ، بە ئەردەڵانی دەبێتە -گ. بۆیە وشەی ئاڵگ لە ڕاستیدا ئەردەڵانییە و ستانداردەکەی دەبێتە ئاڵوو [١]. لای ئێمەیش کە شێوەزارمان بە ستاندارد نزیکە وشەی ئاڵوو باوە.
بەڵام کێشە ئەمەیە ئاڵوو زیاتر بە مانای Tonsilە ھەتا Gland بۆیە من گواستمەوە بۆ لوو کە ئەویش ھەر ھەمان ئاڵوو-یە کە ئا-یەکەی قرتاوە و بە مانای Glandیش ھاتووە [٢].
لە ناو فەرھەنگی سێ بەرگی پزیشکیی دەوەن-یشدا بۆ Gland لوو و بۆ Tonsilیش ئاڵوو ھاتووە. لە فەرھەنگی عەرەبی-کوردیی نۆبەرە-ی مامۆستا گیو-یشدا بەرامبەر غدة-ی عەرەبی لوو ھاتووە و بۆ لوزة الحلق-یش ئاڵوو. چالاک وتووێژ ‏٠٧:٤٥، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٣ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@Calak: ئەھا! ئێستە زانیم بۆچی لە چاپە تازەکانی کتێبی زانستی باشووردا ئاڵگیان کردووە بە ڕژێن، باشە درکیان پێ کردووە. ئێستە کەس «لوو» بەو مانایە بە کار ناھێنێ، لێرەشدا بە مانای tumor و swollen gland (غوددەی ئاوساو) ھاتووە نەک gland. لە فەرھەنگی خاڵدا بە جوانی وەسفی لوو کراوە، کە ئەمەش ڕێک بەرامبەر بە tumor-ە. «ڕژێن(ە)» وشەیە تازەیە، بەڵام بە ڕای من ئەم کێشەیەمان بۆ حەل ئەکا. ‎Gêjełûk ‏١٤:٥٧، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٣ (UTC)[وەڵامدانەوە]
تواشا کاک @Gejeluk لێرەدا چەند شت ھەیە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم:
١. ئەو شتەی لە فەرھەنگی خاڵدا ھاتووە ڕێک وەسفی Glandە. من چەند سەرچاوەم ھێناوە کە لوو بە عەرەبی غدة و بە ئینگلیزی Gland مانا کراوەتەوە، دەتوانم ھی تریش بھێنمەوە. بۆ نموونە لە فەرھەنگی ئەستێرەگەشەدا بۆ لوو نووسراوە غُـدَّة أو عُقدة ظاهرَة.
٢- ھەر سەرچاوەشی ناوێ. دەزانین tumor شتێکی نوێیە و لە فارسی و عەرەبیشدا بەرامبەری نییە و وشەیان بۆی نییە! ئاسایییە ئێمەیش نیمانە.
٣- من ئەم وشەیەم لای خۆمان بیستووە و قەت مەبەست لە لوو tumor نەبووە و نییە. ھەر بەو شتە وتراوە کە عەرەب پێی دەڵێ غدة.
٤- ئەوەی کە بۆ نموونە من یان جنابت وشەیەکمان نەبیستووە نابێتە پێوەر. بەڕاستی ئێمە کوردییەکەمان باش نییە و زۆرجار دەبینی وشەیەک کە دایک و باوکمان دەیڵێ نەمان بیستووە. لوو وشەیەکی ناباو نییە و لە گەلێک سەرچاوەی پسپۆرانە و ناپسپۆرانەدا ھاتووە. ئێمە نەمان بیستووە کێشەی خۆمانە.
٥- ئەگەر بۆ وشەیەک بەرامبەرمان ھەبێ حەق نییە بەرامبەری بۆ ڕۆبنێین. بۆ نموونە لە بیرمە بۆ وشەی جوان و کوردیی گوندێن دەستەوشەی کرێتی توورەکەی گون-یان دانابوو! ئەوەی کە لە کتێبەکانتاندا بۆ لوو وشەیان ڕۆناوە ھی کوردی نەزانینە و ھیچی تر! ئەگەر کوردییان بزانیبا و لوو-یان دانابا ئێستا بۆ ئێوەیش ئەم وشە ڕەسەنە نامۆ نەدەبوو!
٦- خۆ ئەگەر وازیش لە لوو بھێنین بەدبەختی ئەمەیە وشە داتاشراوەکەش نەگونجاوە. کاری Gland ڕژاندن نییە releaseە کە ئەمە دەبێتە بەردان. بێجگە لە مانا، مۆرفۆلۆژییەکەشی نادروستە. ڕژێن ستێمی ڕانەبووردووی ڕژاندن-ە و وشە نییە. بەڵێ دەتوانین بڵێین ڕژێنە وشەیە بەڵام چ جۆر وشەیەک؟ یان ناوی چاوگە یان ناوی ئامێر کە بۆ بەرامبەری Gland ناشێ.
ببوورە لێدوانەکە دووودرێژ بۆوە خۆشم بەڕاستی حەوسەڵەم نەبوو. بەکورتی پێت بڵیم زۆر متمانەم بە وشە نوێکانی ناو کتێبە دەرسییەکان و میدیاکاندا نییە چون ھیچیان شارەزای زمانی کوردی و ڕێزمانەکەی نین. سپاس. چالاک وتووێژ ‏١٢:٣٤، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣ (UTC)[وەڵامدانەوە]
سپاس بۆ تێبینییەکانت، کاک@Calak. بەڵام من نەم وتووە ناباو و نامۆیە، ئەڵێم ئێستا خەڵک بۆ شتێ تر بە کاری ئەھێنن. منیش حەز ئەکەم وشەی ڕەسەنی کوردی بە کار بێنین، نازانم ئەمە زیانی زیاترە یان قازانج. بەھەرحاڵ، ئەگەر لوو بە گونجاوتر بزانین، ئەبێ فیکرێ لە ناوی کۆئەندامەکەی، جۆرەکانی و ئەندامانی کۆئەندامەکەی بکەینەوە. نابێ ھەر وتاری و شتێ بێ. و شتێ تریش، tumor بکرێتە چی پەنەم؟ ئاوساو؟ یان ھەر وەرەم-ی عەرەبی؟ ‎Gêjełûk ‏٢١:٠٦، ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@ بەڕێز Gejeluk: ڕاستییەکەی من متمانەم بە کتێبە دەرسییەکانی لای ئێوە نییە. وام لە بیرە بۆ نموونە لە کتێبە دەرسییەکانی ئێوەدا وشەی مێشک بەرامبەر بە Cerebrumی ئینگلیزی دانراوە کەچی تۆ سەیری ھەر وشەنامەیەکی کۆن بکەی دەبینی مێشک بەرامبەری Brainی ئینگلیزی و دماغ-ی عەرەبییە. جا ئەوجار ھاتوون بۆ Brain وشەی دەماخ-ی عەرەبییان داناوە! دەی لە سەرەتاوە بۆ Cerebrum بەرامبەرت دانابا ئەوە چ کارێکە.
لەم وتارەشدا ھەر وایان کردووە. لوو لە کوردی و لە گشت سەرچاوەکاندا ھەر بە مانای Glandی ئینگلیزی و غدة-ی عەرەبییە. ھاتوون مانای لوو-یان کردووەتە Tumor و ئەوجار بۆ Gland وشەیەکی نوێیان داناوە. کەچی دەبوا لە سەرەتاوە بۆ Tumor وشەیەکەیان دانابا و تەواو!
ئێستا من ناتوانم بسەلمێنم مێشک Cerebrumە یان لوو Tumorە! چون لە کتێبە دەرسییەکانی ئێوەدا نەبێ لە ھیچ کوێدا وا نییە.
Tumor وتم شتێکی نوێیە و نەک لە کوردی، لە فارسی و تورکی و عەرەبیشدا بەرامبەری نییە. بۆ وتارەکانی تریش لە فەرھەنگەکاندا بەرامبەر دانراوە. چالاک وتووێژ ‏٠٥:١٩، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ (UTC)[وەڵامدانەوە]
سڵاو کاک@Calak، پێزانینم بۆ ئەو ماندووبوونەت هەیە و تێبینیەکانت گرنگن لە بواری زمانەوانیدا. بەڵام وەکو کەسێکی ناو بوارەکە (پزیشکی) ویستم هەندێک شتت بۆ ڕوونبکەمەوە:
وشەی Tumour نوێ نیە و بەڵکو وشە کۆنەکەیە، وشە نوێیەکە کە ئێمە لە پزیشکی بەکاری دێنین Neoplasmـە و لە عەرەبیش وەرەمە.
وە سەبارەت بە فەرهەنگی خاڵیش بینیم نووسراوە پەیادەبێت، کە ئەمە نیۆپلازمە، چونکە گڵاند خۆی هەیە و پەیانابێت، وە سەبارەت بەوەی دەیڕژێنێ یاخود بەریدەدات؟ هەردوو وشەکە بەکاردێت و جیاوازییەکی گەورەیان نیە بەڵام بەردان وردترە.
بۆیە پشتگیری کاک @Gejeluk دەکەم، یان بیکە بە گڵاند و ئەم وتووێژە دابخرێ یان وەک ئەوان ڕژێن قبوڵبکە. چونکە من سبەی نازانم وتاری Neoplasm بەچ ناوێک وەربگێڕم وە دڵنیاش نیم لەوەی لوو گونجاوە یان نا. سوپاس Τωαηα (لێدوان) ‏٢٠:٤١، ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@د. توانا ع. بەرزنجی: کێشەی من لەگەڵ ڕژێن دوو شت بوو. یەکەم ماناکەی دەقیق نییە ئەمە ھیچ. دووەم لە ڕووی ڕێزمانەوە کێشەی ھەیە. ئەگەر بڵێین ڕژێنە بێکێشەیە و ئێوەیش پێتان باش بێ بیگۆڕین.
لوو ھەمان شتە لە شێوەزارەکانی تردا پێی دەڵێن لک. لە ھەنبانەبۆرینەدا نووسراوە «خڕایی ڕەق لە بن پێست». لای ئێمە بیستوومە دەڵێن «وەک لووی خڕ ببۆوە». جا نازانم ئەمە بۆ چی باشە. ئەگەر بۆ Neoplasm باشە کێشەم نییە.
بۆ Tumourیش چ شک نابەم لای ئێمە ھەر دەڵێن توومۆر. چالاک وتووێژ ‏٠٨:٣٩، ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@Calak، خۆی پێمان خۆشبێ یان نا، کورد کاتی خۆی بەهۆی دۆخی سیاسییەوە توانای ئەم زانستانەی نەبووە و ئەو وشانەی بەکارهاتووە مەرج نیە ١٠٠ لە سەد دروستبن یانیش لە زمانی تر وەریگرتووە، بە هەرحاڵ ژمارەیەکی زۆر لە وشەی ئینگلیزی و عەرەبیش هەیە تا ئێستا لەسەر هەڵەی کۆن دەڕۆن وە ئێمە ناچارنین لەسەر هەڵە بڕۆین بەڵام دەسەڵاتی داهێنانی وشەشمان نیە، من پێشنیار دەکەم بۆ ئێستا ببێتە ڕژێن(ە) تا قوتابیەکانمان سەریان لێنەشێوێ. ڕەنگە لە داهاتوو وشەیەکی گونجاوتر دیاریبکرێ. بۆ مەسەلەی نیۆپلازمەکەش جارێ با وەک خۆی بێ من دڵنیا نیم لە لوو. سوپاسΤωαηα (لێدوان) ‏١٠:٣٩، ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ (UTC)[وەڵامدانەوە]