ناونیشانی ئای پی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ناونیشانی IP نیشانێکی ژمارەیییە دەدرێتە پاڵ ھەر کەرەستەیەک کە بەشداریی تۆڕێکی کۆمپیوتەری بکا و پرۆتۆکۆلی ئینتێرنێت بۆ کاری گەیاندن بەکار بێنێ. داڕێژەرانی پرۆتۆکۆلی ئینتێرنێت ناونیشانی IP-یان بە شێوەی ژمارەیەکی ٣٢-بیتی پێناسە کردووە و ئەم سیستەمە، کە بە IPv4 ناسراوە، ئەمڕۆکەش ھێشتا بەکار دەچێ. گەرچی، بەھۆی گەشەی یەکجار زۆری ئینتەرنێت و پێشبینیی دەستنەکەوتنی ناونیشان لە داھاتوودا، سیستەمێکی نوێی ناونیشاندان (IPv6) لە ١٩٩٥-ەوە پەرەی پێدراوە کە ١٢٨ بیت بەکار دێنێ بۆ ناونیشاندان.

ناونیشانگەلی IP ژمارەی دوویین، بەڵام زۆرتر لەناو فایلگەلی تێکستیدا کۆگا دەکرێن و جۆرێک پیشان دەدرێن کە خوێندەوەیان بۆ مرۆڤ ئاسان بێ؛ وەکوو 172.16.254.1 لە IPv4، یان 2001:db8:0:1234:0:567:8:1 لە IPv6. SAFWAN

وەشانەکانی IP[دەستکاری]

ئێستاکە دوو وەشانی پرۆتۆکۆلی ئینتێرنێت بەکار دەھێندرێن: IP Version 4 و IP Version 6. ھەر وەشان خۆی بە چەشنی جیاواز ناونیشانی IP پێناسە دەکا. بەھۆی ئەوەی کە IPv4 زیاتر باوە و ڕەواجی زۆرترە، زۆربەی جارەکان مەبەست لە ناونیشانی IP ئەو ناونیشانانەیە کە IPv4 پێناسەیان دەکا.

ناونیشانەکانی IP version 4[دەستکاری]

لە IPv4دا ھەر ناونیشان لە ٣٢ بیت پێک دێ. بە ٣٢ بیت دەکرێ ٢٣٢ (زیاتر لە چوار میلیارد) ناونیشانی بێھاوتا پێناسە بکرێ. ھەڵبەت IPv4 ژمارەیەک لەو ٢٣٢ ناونیشانانەی بۆ ھەندێک ئامانجی تایبەت پاشەکەوت کردووە.