محەممەد کوڕی عەبدولوەھاب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە موحەممەد بن عەبدولوەھابەوە ڕەوانە کراوە)

محەممەدی کوڕی عەبدولوەھابی کوڕی سلێمان ئەلتەمیمی (١١١٥ - ١٢٠٦ کۆچی) (١٧٠٣ - ١٧٩١ زایینی) زانایەکی ئایینی سوننی لەسەر ڕێبازی حەنبەلی بوو. خەڵکی لە ھەموو شوێنێک دەھاتن وە لە کۆڕ و وتار و وانەکانی ئامادە دەبوون. لەلایەن ھەندێکەوە بە یەکێک لە زانایانی ئایینی ئیسلامی لە نیمچە دوورگەی عەرەبی دادەنرێت، کە تیایدا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی تەوحید بۆ موسڵمانان لە حیجاز.

لەدایکبوون و گەورەبوونی[دەستکاری]

لە ساڵی ١١١٥ کۆچی لە گوندی عەیینەی سەربە (نەجد) لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕیاز لەدایک بووە. باوکی دادوەر بووە لە شارۆچکەی عەیینە. ھەر لە بچووکیەوە قورئانی بە منداڵەکەی لەبەرکردووەو فێری فیقھی کردووە. بەم شێوەیە محەممەدی کوڕی عەبدول وەھاب ھەر لەمنداڵیەوە زۆر فەرموودەی پێغەمبەری لەبەر کردووە. کاتێک گەورەبووە زۆر تامەزرۆی سەردانی کردنی ماڵی خوای کردووە لە مەککە. لەوێدا بووەتە خوێندکاری چەند زانایەک و پاشان چووەتە شاری مەدینەی و لە لای زاناو شێخە مەزنەکانی ئەوێ وانەی خوێندووە.

منداڵەکانی[دەستکاری]

  1. حەسەن کوری محمد کوری عەبدول وەھاب
  2. حسێن کوری محمد کوری عەبدول وەھاب
  3. ئیبراھیم کوری محمد کوری عەبدول وەھاب
  4. عەبدوڵا کوری محمد کوری عەبدول وەھاب
  5. عەلی کوری محمد کوری عەبدول وەھاب
  6. فاتمە کچی محمد کوری عەبدول وەھاب
  7. عەبدول عەزیز کوری محمد کوری عەبدول وەھاب

گەڕان بەدوای زانستدا[دەستکاری]

بۆ مەبەستنی دەستخستنی زانست ھاتووەتە عێراق و سەرەتا لە شاری بەسڕە دەستی کردووە بە بانگەواز و داوای کردووە موسڵمانان ئایینەکەیان تەنیا لە قورئان وسوننەت وەربگرن وداوای کردووە زانایانی موسڵمان ئازا و بوێر بن بۆ لادان و نەھێشتنی ھەرچی ئەفسانە و شتی داھێنراو کە بۆ ئایین زیادکراوە، بەڵام لەوێدا ڕووبەڕووی دژایەتی و پێھەڵشاخانێکی زۆر بووەتەوە لە لایەن زاناکانی ئەوێدا و زۆر ئەزێت دراوە بۆیە بە دڵتەنگی وخەمبارییەوە گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی خۆی.

مامۆستاکانی[دەستکاری]

  • شێخ عەبدوڵا کوڕی سالم بەسری لە مەککە وانەی لا خوێندوە.
  • شێخ عەبدوڵا کوڕی ئیبراھیم کوڕی سەیف لە مەدینە وانەی لا خوێندوە.
  • شێخ محەممەد کوڕی حەیات کوڕی ئیبراھیم ئەلسندی.
  • شێخ ئیسماعیل کوڕی محەممەد عەجلونی شامی.
  • شێخ عەبدوڵا کوڕی فیرۆز ئیحسائی.

خوێندکارەکانی[دەستکاری]

زۆربەی خەڵکی درعییە زانست و زانیارییان لە محەممەدی کوری عەبدول وەھاب وەرگرتوە وە ھەندێک لە خوێندکارەکانی کوڕەکانی خۆی بوون.

  • حسێن کوری محمد کوری عەبدول وەھاب
  • عەبدوڵا کوری محمد کوری عەبدول وەھاب
  • عەلی کوری محمد کوری عەبدول وەھاب
  • ئیبراھیم کوری محمد کوری عەبدول وەھاب
  • شێخ سەعید کوڕی حەجی
  • شێخ عەبدول عەزیز کوڕی حسین
  • شێخ حەمد کوڕی موعەمەر
  • وە جگە لەمانیش

بیروباوەر و بانگەوازی[دەستکاری]

محەممەدی کوری عەبدول وەھاب بانگەوازی بۆ یەکتاپەرستی دەکرد. لە بەر ئەوە شوێنکەوتوانی ئەو بانگەوازە ناودەبرێن بە سەلەفی. ھەوڵی دەدا بۆ لادانی ئەفسانە و زیادکراوەکان بۆ دین و نەھێشتنی ئەو جادووباز و قەشانەی لە ناوچەی (نەجد) خەڵکیان ھەڵدەخەڵەتاند و فێلێیان لەخەڵک دەکرد بەناوی دین ودەیانگوت ئێمە پەنھان (غەیب) دەزانین. بەردەوام نامەی دەنارد بۆ شازادە و دەسەڵاتدارانی ناوچەکان و ئامۆژگاری دەکردن بەوەی حوکم بە قورئان و فەرموودە بکەن، تاوای لێھات خەڵکێکی زۆر کاریگەر بوون بە بانگەوازەکەی. لەپێناوی سەرخستنی ئەم بانگەوازەدا محەممەدی کوری عەبدول وەھاب زۆر ئەزیەت وئازاری کێشاوە و بە چەک وشمشێریش شەڕی کردووە بۆ سەرخستنی خۆی و پووچاندنەوەی ئەوەی پی بەتاڵ بووە، لەمەشدا لایەنگرانی بنەماڵەی ئال سعود یارمەتیان دەدا.

ھاوپەیمانی لەگەل ئیمام محەممەد کوری سعود[دەستکاری]

کاتێک شازادەی ناوچەی ئیحسائ ئاگاداربوویەوە لە ھەواڵی شیخ محەممەدی کوری عەبدول وەھاب ترسا لە دەسەڵاتی و ھەوڵیدا لە ناوی ببات و فەرمانی ڕاگواستنی درەکرد بەرەو ناوچەی دەرعییە بەڵام شازادەی ناوچەکە (محەممەدی کوڕی سعود) سەردانی شیخ محەممەدی کوری عەبدول وەھابی کرد لە ماڵەکەیدا و پێی گوت: ئەی شێخ دڵخۆشبە بە سەرکەوتن وھێمنی، شیخ محەممەدی کوری عەبدول وەھابیش فەرمووی: تۆش دڵخۆشبە بەسەرکەوتن وبەخشندەیی وسوپاسگوزاری، چونکە ئەوە ئایینی خودایە و ھەرکەسێک سەری بخات خوای گەورە سەری دەخات گوتی: ئەی شیخ ئێمە بەیعەتت پێدەدەین لەسەر ئایینی خودا و پێغەمبەر و تێکۆشان لەپێناوی خوادا، بەڵام دەترسین ئەگەر سەرمان خستی و خوای گەورە بەسەر دووژمنانی ئیسلام زاڵی کردی ئەوا جگە خاکی ئێمە ھەڵبژێری و کۆچ بکەی بۆ شوێنێکی تر، ئەویش گوتی: نەخێر منیش بەیعەتت پێدەدەم لەسەر خوێن بەخوێن و ھەرگیز لە شاری تۆ دەرناچم بەم شێوەیە شازادە و شێخ ڕێککەوتن لەسەر سەرخستنی ئایینی خودا.

مردن[دەستکاری]

شیخ محەممەدی کوری عەبدول وەھاب لەساڵی (١٢٠٦ کۆچی - ١٧٩١ زایینی) کۆچی دوایی کردووە. منداڵ، نەوە، خوێندکار و پشتیوانەکانی لە دوای خۆی درێژەدەری بانگەوازی ئەویان گرتە ئەستۆ.

گۆڕ[دەستکاری]

لە دەرعییە بەخاک سپێردراوە، گۆڕەکەی وەک گۆڕەکانی تری ئەوێ گۆڕێکی ئاساییە، لە نزیک دۆڵی حەنیفە لە گۆڕستانی قەریاوی.[١] [٢] [٣]

بەرھەمەکانی[دەستکاری]

بەرھەمە ناودارەکانی محەممەدی کوری عەبدول وەھاب:

  • كتاب التوحيد
  • كتاب كشف الشبهات
  • كتاب ثلاثة الأصول
  • كتاب الأصول الثلاثة
  • كتاب مختصر الإنصاف والشرح الكبير
  • كتاب مختصر زاد المعاد
  • كتاب القواعد الأربع
  • كتاب أصول الإيمان
  • كتاب فضل الإسلام
  • كتاب مسائل الجاهلية
  • كتاب السيرة
  • كتاب الهدي النبوي
  • كتاب شروط الصلاة وأركانها
  • كتاب الكبائر
  • كتاب نصيحة المسلمين
  • كتاب تفسير الفاتحة
  • كتاب تفسير الشهادة
  • كتاب تفسير لبعض سور القرآن
  • كتاب ستة مواضع من السيرة

سەرچاوەکان[دەستکاری]

ویکی عەرەبی