محەمەد تۆفیق
محەمەد تۆفیق :(١٩٢٤-٢٠٠٦) نووسەر ، چالاكی سیاسی ، لەنەتەوەی كورد بووە.
پێشینەی خێزانیان
[دەستکاری]محەمەد کوڕی تۆفیق کوڕی محەمەد کوڕی عەزیز کوڕی شاسوار ئاغای ھەمەوەندییە. دایکی، خاتوو حەلاوەی کچی مەلا غەفووری بانەیییە. بنەماڵەکەی خاوەندی دێی (بەگەجانی)یە، ساڵی ١٨٨٦ ئەوێی بەجێ ھێشتووە و لە سلێمانی نیشتەجێ بووە. شاسوار ئاغا لە ١٨٥٠دا، لە شەڕی بەرگریی میرایەتیی بابان دا دژی سپای عوسمانی، لای (گردی مامەیارە) خۆی و سی سوارەی دیکەی ھەمەوەند شەھید بوون. عەزیز ئاغا ١٨٦٧ لە شەڕێکی بەرامبەر بە ھەمان سپادا لە بازیان شەھید بووە. محەمەد ئاغا ١٨٦٦ کاتی ڕێگریکردن لە دوورخستنەوەی ھەمەوەند بۆ باکووری ئەفەریقا، لە نێوان چەمچەماڵ - کەرکووک دا شەھید بووە.[١][٢]
سەرتای ژیان و خوێندنی
[دەستکاری]محەمەد، ساڵی ١٩٢٤ لە گەڕەکی (سابوونکەران)ی شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. ١٩٣٠ خوێندنی قۆناغی سەرەتاییی لە قوتابخانەی فەیسەڵییە، ١٩٣٦ قۆناغی ناوەندیی لە قوتابخانەی ناوەندیی سلێمانی و خانەی مامۆستایانیشی ١٩٣٩ لە بەغدا تەواوکردووە. ١٩٤٠ بە مامۆستای قوتابخانەی دێی (جافەران)ی ناوچەی قەرەداخ دامەزراوە و ساڵێکی لێ ماوەتەوە. ١٩٤١ گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی فەیسەڵییە.[١][٢]
چالاكی سیاسی
[دەستکاری]١٩٦٠ بووە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی ھەر لە سلێمانی. ١٩٧٠ لەبەر باری تەندروستیی خۆی، خۆی خانەنشین کردووە. محەمەد، نیشتمانپەروەرێکی چالاکی پێشکەوتنخواز بووە، ھەر زوو -لەتەک عەبدولواحید نووری و نەدیم بەدەوی چووەتە ناو یەکەمین شانەکانی حیزبی شیوعیی عیراق لە سلێمانی.[١][٢]
بەرهەمەكانی
[دەستکاری]مامۆستای زمانی عەرەبی بووە و بەشداریی لە دانانی کتێبەکانی زمانی کوردیی پۆلەکانی سەرەتاییی سەردەمەکەیدا ھەبووە. گوایە جگە لە نووسینەکانی "گەلاوێژ"ی، نووسینی دیکەی بڵاوکراوەیشی ھەبووە.[١][٢]
ژیانی هاوسەرگیریی
[دەستکاری]ساڵی ١٩٥٤ لەگەڵ خاتوو "ئەختەری کچی مستەفا موفتی" خێزانی پێک ھێناوە و ٣ کچ (نیگار، بەھار، ھەوار) و ٣ کوڕ (نزار، ڕزگار و ڕێبوار)ی لێ بووە.[١][٢]
كۆچی دوایی
[دەستکاری]ڕۆژی ٤/٩/٢٠٠٦ کۆچی دواییی کردووە و لە (گردی شێخ مارف) بە خاک سپێردراوە.[١][٢]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا ب پ ت ج گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8199-8200
- ^ ئ ا ب پ ت ج وێنە و زانیاریی ئەم ژیاننامەیە ئامادەکراوی بەڕێز دکتۆر نزار ھەمەوەندیی کوڕیەتی.