بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ماری ئێکوی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ماری ئێکوی

لەدایکبوون
ماری دیانا ئێکوی

(1872-04-07) 7ی نیسانی 1872
مەرگ١٣ی تەممووزی ١٩٥٢(١٩٥٢-٠٧-١٣) (٨٠ ساڵ ژیاوە)
پیشەپزیشک

ماری ئێکوی (لەدایکبووی ٧ی نیسانی ١٨٧٢ تا ١٣ی تەممووزی ١٩٥٢) پزیشکێکی پێشەنگی ئەمریکی لە ڕۆژاوای ئەمریکا کە خۆی تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی چاودێری بۆ نەخۆشانی چینی کرێکار و ھەژار بەردەوام زانیاری کۆنتڕۆڵی لەدایکبوون و لەباربردنی منداڵی لەکاتێکدا پێشکەش دەکرد کە ھەردووکیان نایاسایی بوون. دواتر دەبێت بە بوو چالاکی سیاسی و بانگەشەی بۆ چاکسازی مەدەنی و ئابووری دەکرد. لەوانە مافی دەنگدانی ژنان و ڕێکخستنی کاتی کارکردن بۆ ڕۆژێکی کارکردن بکرێت بە ھەشت کاتژمێری. ئێکوی دواتر بووە ھاوپەیمان لەگەڵ ئەنارکیستەکان و بزووتنەوەی کرێکارێکاران.

ئێکوی لێزبییەنێک بوو کە پەیوەندییەکی درێژی بۆ ماوەی زیاتر لەیەک دەیە لەگەڵ ھارییەت فرانسس ھەبوو و تێیدا مناڵێکی ساوایان ھەڵگرتەوە و ئەمەش نموونەیەکی سەرەتایییە لە ھاوسەرگیری ھەمان ڕەگەز و پەروەردەکردنی مناڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئێکوی بەھۆی بیروباوەڕە سیاسییەکانی و پەیوەندییەکەی ڕووبەڕووی جاکاری و ھەراسانکردن بوویەوە. لە ساڵی ١٩١٨، ئێکوی بەپێی یاسای ئاژاوە[تێبینی ١] بەھۆی دژایەتی کردنی ڕۆلی ئەمریکا لە جەنگی جیھانی یەکەمدا بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کرا.

ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]

کچی کۆچبەری ئیتاڵی جۆن ئێکوی، و کۆچبەی ئێرلەندی سارا مولینز. پێنجەم مناڵی خێزانەکەیەتی، و خێزانێکی گەورەی چینی کرێکار لە شاری نیو بێدفۆرد لەدایکبووە؛ کە شارەکە بوەتە شارێکی بەھێزی بەرھەمھێنەری قوماش لە سەرەتای ساڵانی ئێکوی. پێش ئەوەی واز لە خوێندن بێنێت ساڵێک لە قوتابخانەی ئامادەیی نیو بێدفۆرد خوێندوویەتی و دواتر لە کارگەیەکی قوماشدا دەستیبەکارکردن کرد.[١]

لێزبیانیزم[دەستکاری]

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمدا، شتێکی کەم دەزانرا لەسەر پەیوەندی نێوان ھەمان ڕەگەزی نێوان ژنان. وەک ئەوەی ھۆشیاریی و زانیارییەکی کەم لەسەر ژنانی لێزبییەن ھەبوو؛ بەڵام لە ھەندێک گرووپی کۆمەڵایەتی لە ئەمریکادا شتێکیان دەزانی کە پێی دەوترێت «ھاوڕێیەتی ڕۆمانسی». ژنانی دەوڵەمەند و پیشەیی ھەندێک جار بەشدار بوون لەو شتانەی کە بە «ھاوسەرگیری بۆستۆن» ناسرابوون.[٢]

ماری ئێکوی، ژنێکە کە خەڵکی چینی کرێکارە، ماری ئیکی جارێک ئاماژەی بەوە کرد وەک ژنێکی گەنج، بەرژەوەندییەکانی پیاوێکی گەنجی ڕەتکردەوە[٣] و زۆر حەزی لە پەیوەندییە تەقلیدییە جیاڕەگەزییەکان یان ھاوسەرگیری لەگەڵ پیاو نەبووە؛ و پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ بێسی ھۆلکۆمب ھەبووە، لە ١٨٩٢ تا ١٩٠١ و پەیوەندییەکەیان جیاوازتر بووە لە ھاوسەرگیری بۆستۆن، و ئێکوی زۆربەی ژیانی خۆی لەگەڵ ژنانی تر بەسەربردووە بەڵام ھەرگیز جیاکەرەوە نەبووە و لەکاتی کاری پزیشکیدا جگە لە نەخۆشی ژن پیاوانیشی چارەسەر کردووە؛ و لە زۆربەی چالاکییە سیاسییەکانی لەگەڵ پیاوان کاری کردووە.

چاودێری پزیشکی و چالاکیی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

یاریدەدەرێک لەگەڵ نەخۆشێک لە ئۆفیسی ئێکوی لە پۆرتلاند لە ئۆریگۆن.

ماری ئێکوی یەکێک بوو لە یەکەم کۆمەڵە ٦٠ ژنەکەیی کە ببن بە پزیشک لە ئۆریگۆن. لە ساڵی ١٩٠٥ کلینیکی پزیشکی یان ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە شاری پۆرتلاند کردەوە و تێیدا گرنگی بە تەندروستی ژنان و منداڵان دەدا. کارەکانی سەرنجی خەڵکیان بەدەستھێنا کاتێک خۆبەخشانە یارمەتی خەڵکی دەدا لەکاتی بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی ١٩٠٦ی سانفرانسیسکۆ. کە کارەساتێکی گەورە بوو و قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە. حکوومەتی فیدراڵی چاوەڕێی قەیرانێکی وەھا گەورەی نەدەکرد، بەڵام ئێکوی بە ئازایانە پەیوەندی بە کۆمەڵێک پزیشک و پەرستارەوە کرد بۆ دابینکردنی چاودێری پزیشکی. ھەوڵە بوێرییەکانی لەلایەن پارێزگاری کالیفۆرنیا و سەرۆکی شارەوانی سانفرانسیسکۆ و سوپای ئەمریکاوە ستایشی لێکرا و مەدالیایان پێبەخشی.[٤]

لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ بۆ ١٩١٥، ئێکوی دەستی کرد بە پێشکەشکردنی لەباربردنی منداڵ، خزمەتگوزارییەکەی پێشکەش بە ژنان دەکرد بەبێ گوێدانە چینە کۆمەڵایەتییەکانیان. زۆرجار پارەی زیاتری لە ژنانی دەوڵەمەند وەرگرتووە بۆ ئەوەی یارمەتی دابینکردنی تێچووی نەخۆشە ھەژارەکان بدات.[٥]

ئکوی ئەندامێکی چالاکی خولی کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوون لە پۆرتلاند و یارمەتی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوون دەدا لەو سەردەمەدا ئەو جۆرە چالاکییە نایاسایی بوو؛ و کاتێک مارگریت سانگەر و لە ساڵی ١٩١٦ سەردانی شاری پۆرتلاندیان کرد، دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە ئەو و ئێکویان دەستگیر کرد.[تێبینی ٢][٦]

سەردەمی پێشکەوتنخوازیدا، بەگشتی لە ساڵانی ١٨٩٥ تا ١٩٢٠، ئۆریگۆن چاکسازییە مەدەنی و سیاسییەکانی پەسەند کرد کە بوونە شتێکی باو بۆ نیشتمان لەوانە دەستپێشخەری و پرۆسەی ڕیفراندۆم، دەنگدان و بەرزکردنەوەی ناڕەزایی بۆ لابردنی بەرپرسانی ھەڵبژێردراو و ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سیناتۆرەکانی ئەمریکا. ئێکوی لە چەندین کەمپیندا کاری کرد بۆ دەستەبەرکردنی مافی دەنگدانی ژنان لە ئۆریگۆن، و لە ساڵی ١٩١٢دا ئاھەنگی سەرکەوتنی گێڕا کاتێک ژنان مافی دەنگدانیان لە ویلایەتەکەدا بەدەستھێنا.[٧][٨]

دژایەتی جەنگی جیھانی یەکەم و سزادان[دەستکاری]

لەو سەردەمەی کە تا دەھات مشتومڕەکان زیاتر دەبوو و بووە ھۆی ئەوەی ئەمریکا بچێتە ناو جەنگی جیھانی یەکەمەوە، ئێکوی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە خۆئامادەکاری بۆ جەنگ لەلایەن وڵاتەکەیەوە. ماری ئێکوی دژی چوونە ناو جەنگی جیھانی یەکەمی ئەمریکا بوو، پێیوابوو کە ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندی سەرمایەدارەکان دەکات و کارێکی ئیمپریالیستییە لەلایەن حکوومەتەوە. ئامادەکاری و گردبوونەوەیەکی بەرفراوان لە ھەموو شارە گەورەکانی ئەمریکا لە ساڵانی ١٩١٥ و ١٩١٦ بەڕێوەچوو. پۆرتلاند چووە قۆناغێکی زۆری ناسیۆنالیزمەوە ماری ئیکوی کەمتر پەیوەست بوو بە بۆچوونە سیاسییە سەرەکییەکانی سەردەمی خۆیەوە. پێش جەنگ کەمپینێکی دژە جەنگی کردو لە داونتاون پۆرلاند درووشمێکی بەرز کردەوە کە تێیدا نووسرابوو «خۆتان ئامادەبکەن بۆ مردن، کرێکاران، کۆمپانیاکان ئامادەکارییان دەوێت بۆ قازانج». لە ڕێپێوانەکەدا لەلایەن کەسانی دیکەوە ھێرشی کرایە سەر و شەڕ ڕوویدا و بووە ھۆی دەستگیرکردنی.

لە ساڵی ١٩١٧ و دوای دەستپێکردنی شەڕ بەردەوام بوو لە ناڕەزایەتی دەربڕین، ھەربۆیە حکوومەتی ئەمریکا پێیوابوو ئێکوی ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و بەپێی یاسایەک کە تازە پێداچوونەوەی بۆ کرابوو تۆمەتباری کرد و سزای دا.[٩]

تەندروستی ئێکوی خراپ دەەبوو لە کاتی زینداندا بەھۆی ھەڵگیرسانی نەخۆشی سیلەوە کە لە منداڵیدا تووشی ھەڵگری بوو. سەرەڕای ئەوەی لە زینداندا ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت و ئاستەنگی تەندروستی بووەوە، بەڵام ھەوڵیدا ڕۆحی بەرز ڕابگرێت. بەھۆی نەخۆشییەکەی داوای ئازادکردنی پێشوەختەی زیندانی کرد لە ڕێگەی لێخۆشبوون یان پارێزبەندی، بەڵام وا دیاربوو داواکاری گشتی ئەمریکا چەندین جار ڕێگری لە ھەر جۆرە شتێک کردووە کە بووبێتە ھۆی بەزەیی بۆی. دواتر و لە ٩ی ئابی ١٩٢١ ئێکوی سان کوینتینی (شوێنی زیندانی) بەجێھێشت و بەھۆی ڕەفتارێکی باشەوە سزاکەی کەمکرایەوە، و نزیکەی دە مانگ لە زیندان بوو.[١٠]

ساڵانی دوایی[دەستکاری]

ە ساڵی ١٩٥٠ ئیکوی لە کاتی کەوتندا بڕبڕەی پشتی شکا و ساڵێک لە نەخۆشخانەی گود سامریتان لە شاری پۆرتلاند و دواتر بۆ خانەی بەساڵاچووان لە دەرەوەی پۆرتلاند لە نزیک شارۆچکەی گرێشام بوو. لە ١٣ی تەممووزی ١٩٥٢ لە نەخۆشخانەی فێرلاون لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.[١١]

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. ^ یاسایەکی کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو، کە تێیدا چەندین بابەتی جیاواز و فراوان دەگرێتەوە و درێژکەرەوە یاسای پێش خۆی ساڵی ١٩١٧یە، یاساکە باس لە سووکایەتی پێکردن یان بە زۆری قسە و دەربڕینی بیروڕایەک کە کاریگەری لە حکوومەت دەکات بە شێوەیەکی نەرێنی.
  2. ^ کاتێک مارگریت سانگەر و کۆمەڵێک کەسی تر لەنێوانیان ئێکوی لە ساڵی ١٩١٦ سەردانی پۆرتلاندیان کرد، دەستگیرکران بەھۆی دابەشکردنی نامیلکەی سنووردارکراوی خێزانی سەنگەر. نامیلکەکە زانیاری لەبارەی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوون لەخۆدەگرت و لەو کاتەدا بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە زانیاریانە نایاسایی بوو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Helquist, Michael (2015). MARIE EQUI, Radical Politics and Outlaw Passions. Corvallis OR: Oregon State University Press. pp. 242–244.
  2. ^ Faderman, Lillian (1981). Surpassing the Love of Men: Romantic Friendship and Love Between Women from the Renaissance to the Present. New York: William Morrow & Company. pp. 190–230.
  3. ^ Marie Equi to Mary Vanni and Theresa Vanni, Correspondence, April 10, 1921, Department of Justice files. Note: Federal government archives include copies of Equi's prison correspondence when she was an inmate at San Quentin State Prison. See also Helquist, MARIE EQUI, 191-206.
  4. ^ Helquist, Michael (Fall 2007). "Portland to the Rescue, The Rose City's Response to the 1906 San Francisco Earthquake and Fire". Oregon Historical Quarterly. 108 (3): 63–74. doi:10.1353/ohq.2007.0035. S2CID 165536237.
  5. ^ Helquist, Michael (2015). ""Criminal Operations": The First Fifty Years of Abortion Trials in Portland, Oregon". Oregon Historical Quarterly. 116 (1): 6–39. doi:10.1353/ohq.2015.0065.
  6. ^ Helquist, MARIE EQUI, pp. 145-151
  7. ^ Helquist, MARIE EQUI, pp. 81-82
  8. ^ Jensen, Kimberly (Fall 2007). "'Neither Head Nor Tail to the Campaign,' Esther Pohl Lovejoy and the Oregon Woman Suffrage Victory of 1912". Oregon Historical Quarterly. 108 (3): 350–383. doi:10.1353/ohq.2007.0021. S2CID 159556314.
  9. ^ Hodges, Adam J. (Fall 2007). "At War Over the Espionage Act in Portland". Oregon Historical Quarterly. 108 (3). Archived from the original on 2008-10-15.
  10. ^ Helquist, MARIE EQUI, pp. 191-206
  11. ^ Helquist, MARIE EQUI, pp. 238-239

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]