عەگید جمۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عەگید جمۆ
ھەروەھا ناسراوە بەمیری بلوور
لەدایکبووی١٩٣٢
ئەردەشێر، ئەرمەنستان
مردووی٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩
ئێریڤان، ئەرمەنستان
پیشە(کان)مۆسیقاژەن
ئامێرەکانبلوور
کۆمپانیاکانڕادیۆی ئێریڤان

عەگید جمۆ (بە کرمانجی: Egîdê Cimo)، (١٩٣٢، ئەردەشێر، ئەرمەنستان - ٢٠١٩، ئێریڤان) ھونەرمەندێکی بلوورژەنێکی کوردی خەڵکی ئەرمەنستان بوو. عەگید جمۆ بە نازناوی میری بلوور دەناسرێتەوە.

ژیان[دەستکاری]

عەگید جمۆ لە ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی ئەردەشێر لە پارێزگای ئارماڤیری ئەرمەنستان لە دایک بوو. لە تەمەنی ٨ ساڵی دەستیکرد بە ژەنینی ئامێری بلوور.[١] لە ساڵی ١٩٥٥ کە ڕادیۆی دەوڵەتیی ئەرمەنستان دامەزرا، یەکەم مۆسیقاژەن بوو کە لە ئۆرکێسترای ئەو ڕادیۆیە چالاک ببوو.

بەپێی خواستی جاسمێ جەلیل کە بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆی ئێریڤان بوو، گوند بە گوند بەشوێنی مۆسیقاژەن و دەنگبێژ گەڕا. عەگید جمۆ ھەتا ساڵی ١٩٩١ نزیکەی ٣٧ ساڵ لەو ڕادیۆیە چالاکیی کرد و ئۆرکیسترایەکی کوردی پێکھێنا. ئەو لەگەڵ ھونەرمەندانی وەکوو شەرۆ برۆ، کاراپەت خاچۆ، ئەفرۆ ئەسەد، ئاسلیکا قادر، سووسک سمۆ و ئارام تیگران ھاوکاری کرد. لە ساڵی ١٩٦٧دا لە ئێریڤان چوو بۆ کۆلێژی مۆسیقای ڕۆمانۆس مەلیکیان کە باشترین کۆلێژی مۆسیقای ئەرمەنستان بوو و بەشێوەی زانستی فیری مۆسیقا بوو. دەنگی ئامێرەکەی لە ڕادیۆی ئێریڤان زۆر بە دڵی خەڵکی کورد بوو و نازناوی میری بلوور لەلایەن گەل پێدرا. کەرەم سەیاد پێشکەشوانی ئەو ڕادیۆیە بۆ ناساندنی ھونەرمەندانی بەرنامەکە دەگۆت: دسترە سووسکا سمۆ، لێدخە عەگیدێ جمۆ!

عەگید جمۆ لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لە شاری ئێریڤانی پێتەختی ئەرمەنستان کۆچی دواییی کرد.[١]

سەربارەت بە عەگید جمۆ[دەستکاری]

  • بەڵگەفیلمی «وڵاتی مە کوردستانە: میری بلوور» لەلایەن ئیبراھیم یەڵدیریم سەبارەت بە ژیانی عەگید جمۆ ساز کراوە.
  • لە فیلمی کوردستان-کوردستان کە سەبارەت بە ژیانی ھونەرمەندی کورد دەلیل دلانارە، کاتێک دلانار بەدوای بیست ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ گوندی باوانی خۆی، لەگەڵ عەگید جمۆ دیدار دەکات کە یەکەمین وانەکانی مۆسیقای خۆی لەلای ئەو فێر بووە.

ڕێزگرتن[دەستکاری]

بۆ ڕێزگرتن لە عەگید جمۆ فێرگەیەکی مۆسیقا لە ناوەندی چاندیی کۆزیاتاغ لە گەڕەکی کادی کۆی لە ئەستەمبوڵ لە ڕۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی ھونەرمەندانی کورد و سیاسەتوانانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دامەزرا، ناوی «فێرگەی مۆسیقای عەگید جمۆ» لەسەری دانرا.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]