بۆ ناوەڕۆک بازبدە

عەبدوڵڵا ئەبریشەمی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دوکتۆر عەبدوڵڵا ئه‌بریشه‌می

لەدایکبوون١٩٣٢
نەتەوەکورد
پەروەردەدوکتۆرای دەرمانسازی
پیشەنووسەر، کۆڵەر
ئایینئیسلام، سوننی
مناڵ(ەکان)ماندانا، ئارمان، روناکا، ئەوین
خزمەکاندوکتۆر جەعفەر ئەبریشەمی (برا)
وێبگەhttp://www.abrishamiabd.blogfa.com


دوکتۆر عەبدوڵڵا ئه‌بریشه‌می نووسەر و کۆڵەری کورد، ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی (١٩٣٢) له شاری مەهاباد له دایک بوو.

وت‌وێژی کاروان دوورئەندیش له‌گه‌ڵ دوکتۆر عەبدوڵڵا ئه‌بریشه‌می (١١ی پووشپەڕی ١٣٩٢) - وێنەگەر: کاروان دوورئەندیش

له ته‌مه‌نی ١٤ و ١٥ ساڵی که خوێندکاری قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی بوو، چاوی به کۆماری کوردستان که‌وت. هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌م که عەبدوڵڵای خوێندکار له چوارچرا، بۆ گوێ بیستی وتاری پێشه‌وا ڕاده‌گیرا، ئه‌و قسه‌یه‌ی له مێشک دا ڕاگرت: «ئێمه به‌چه‌ک، چمان ده‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته زاڵه‌کان پێ ناکرێ. ده‌بێ فێره زانست بین و له بواری زانسته‌وه بۆ ڕزگاربوون له بنده‌ستی هه‌وڵ بده‌ین.»

له ساڵی ١٩٥٦ له زانکۆی ته‌ورێز له فاکولته‌ی ده‌رمانسازی دوکتوڕای وه‌رگرت، دوایه گه‌ڕاوه مه‌هاباد. له ساڵی ١٩٥٩ ده‌گه‌ڵ یه‌کێک له کچه‌کانی پێشه‌وا (به ناوی گه‌لاوێژ، ته‌مه‌ن ١٨ ساڵه)، ژیانی هاوبه‌شیان پێکه‌وه‌نا. کوڕێک و سێ کچی لێی هه‌یه، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و خۆشه‌ویسته، له ساڵی ١٩٩٩ به نه‌خۆشی شیرپه‌نجه، ماڵ ئاوایی لێکرد.

له مه‌هاباد ساڵی ١٣٢٧ بۆ دامه‌زراندنی کلاسی چوارو پێنجی ناوه‌ندی چالاکی کردووه، له زانکۆی ته‌ورێز، له خۆپێشاندنه‌کانی سیاسی دژ به رژیم ماوه‌یه‌ک گیراوه.

له ئاخرێکانی ده‌یه‌ی ١٣٤٠ وێڕای چه‌ند که‌س هه‌وڵی دامه‌زراندنه‌وه‌ی پارێزگای موکریانی به ناوه‌ندی مه‌هاباد ده‌ستپێکرد.

له ١٣٥٣/١٩٧٤ که سه‌ددام هێرشی برده بۆ سه‌ر کوردستان و کمونیستان دژ به شۆرشی کوردی باشور بوون، ده‌ستی به نووسینی وتاری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کرد که ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه.[بروانه وێبلاگی/ نوشته‌های ١٣٥٣ به‌بعد abrishamiabd.blogfa.com/].

به‌ر له شۆرشی ١٩٧٩/١٣٥٧یش، له زۆر چالاکی مه‌ده‌نی دا بوو، له شه‌ڕه‌کانی سه‌رده‌می شۆرش، وێڕای خه‌ڵکی شار، زۆریان هه‌وڵ دا که به‌ری خه‌سارو کوشتاری پتر بگرن. ناخواسته له مه‌هاباد هه‌ڵقه‌ندرا و له تاران نیشته‌جێ بوو. له تاران وێڕای چه‌ند که‌سایه‌تی کورد، له ١٩٩٩ کۆڕی کوردانی «مه‌رکه‌ز» یان دامه‌زراند (جامعه کردهای مقیم مرکز) که ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه، له تاران، دووجار ڕێز لێ‌گیرا. یه‌کیان له لایه‌ن کۆری کوردانه‌وه (له ٢٠٠٣)، ئه‌ویتر له ٢٠٠٨ له لایه‌ن پێکهاته‌ی «فرهنگ و تمدن ایران» به ڕێبه‌ری میر حوسێنی موسه‌وی له زانکۆی تاران. له ٢٠٠٧ڕا گه‌ڕاوه بۆ مه‌هاباد.

له به‌هاری ١٩٧٩/١٣٥٨ بۆ دامه‌زراندنی زانکۆی کوردستان ده‌گه‌ڵ به‌ره‌ی چه‌پی کوردو ئێرانی وه‌خۆ که‌وت و به‌ڕێوه‌به‌رێکه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرت.

له سه‌ره‌تای ١٣٥٩ بۆ لابردنی گه‌ماڕۆی ئابووری وێرای به‌شێک له خه‌ڵکی مه‌هاباد تێکۆشا، هه‌ر به‌و چه‌شنه بۆ به‌رگری له شه‌ڕی ناوشار، وێڕای تاقمێک له دانیشتوانی شار درێژه‌ی به چالاکی دا، له خه‌رمانانی هه‌مان سال، له شۆرای نوێنه‌رانی هه‌ڵبنژێردراو له مزگه‌وته‌کانی مه‌هاباد، وه‌ک سه‌رکرده ده‌ستبه‌کاربوو.

له سه‌ره‌تای ساڵی ١٣٨٩ وێبڵاگی «نوشته‌های ١٣٥٣ به بعد» ی وه‌ڕێخست.

تیرۆر

[دەستکاری]

له ٢٧ گه‌لاوێژی ١٣٦٠ کاتێک سه‌رۆکی ته‌ندروستی ناوچه‌ی مه‌هاباد بوو، له لایه‌ن به‌کرێگیراوێک - به‌ده‌ست چه‌کداریکی کورد - به قه‌سدی تیرۆر له پشت سه‌ره‌وه ده‌ستڕێژی لی کرا. له ئاکامدا به‌شێک له مه‌ودای دیتن و بیستنی له‌ده‌ستداو له‌سه‌رکار نه‌ما، مه‌هابادی به‌جێ هێشت بۆ ماوه‌ی ٢٥ ساڵ له تاران نیشته‌جێ بوو. دوایه کوتیان ئه‌و تێرۆریسته، که‌وتۆته بنده‌ستی هێزه‌کانی سه‌ر وه ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام تا ئێستا ده‌رنه‌که‌وتووه به فه‌رمانی کێ و کام بنکه تێرورکراوە؟

بەرهەمەکان

[دەستکاری]

پتر له ٣٠٠ وتاریشی به زمانی فارسی هه‌یه و پتریان له گۆڤارو ڕۆژنامه‌کان دا بڵاو بوونه‌وه. له چه‌ند ساڵی دوایی دا وتارگه‌لێکی به زمانی کوردی له سایت، ڕۆژنامه و بڵاڤۆکه کوردێکان دا بڵاو کردۆته‌وه.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  • وت‌وێژی کاروان دوورئەندیش له‌گه‌ڵ دوکتۆر عەبدوڵڵا ئه‌بریشه‌می (١١ی پووشپەڕی ١٣٩٢)
  • وێبلاگی دوکتۆر عەبدوڵڵا ئەبریشەمی
  • لاپەڕەی دوکتۆر عەبدوڵڵا ئەبریشەمی له فەیسبووک
  • وت‌وێژی ئارام عه‌لی سه‌عید لەگەڵ دوکتۆر عەبدوڵڵا ئه‌بریشه‌می (٢٥ جولای ٢٠٠٨) / سلێمانی
  • کتێبی تاریخ مهاباد/سەید محەممەد سەمەدی/١٣٧٣/لاپەڕەی ٢٣٤