عیساییەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھێما

عیساییەکان (بە لاتینی: Societas Iesu) یان قەشە عیساییەکان، یەکێکە لە گرنگترین ڕێبازە چالاکەکان لە کڵێسای کاسۆلیکی و گەورەترینەکان. و لەلایەن سانت ئیگناتیۆسی لۆیۆلا لە سەدەی شانزەھەمدا لە سەردەمی پاپا پاوڵی سێیەم لە ئیسپانیا دامەزراوە، وەک بەشێک لە دژە چاکسازی و ئەرکی بانگەوازکردن و بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی لە جیھانی نوێدا گرتە ئەستۆ. ڕێکخراوی عیساییەکان وەک یەکێک لە بەھێزترین و کاریگەرترین ڕێکخراوەکانی کڵێسای کاسۆلیکی ماوەتەوە و لە کۆتایی سەدەی ھەژدەھەمدا لەگەڵ ھەندێک لە دەسەڵاتدارانی ئەورووپیدا بەریەککەوتنیان ھەبوو، ئەمەش بووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی لە ساڵی ١٧٧٣، بڕیارێک کە لە ساڵی ١٨١٤ لەلایەن پاپا پیۆسی حەوتەمەوە ھەڵوەشایەوە. لەکاتی دامەزراندنیدا ڕێبازی عیساییەکان بە «ھاوچەرخترین و گرنگترین دادەنرا، و کارایی و کاریگەرییەی بەرجەستە دەکرد کە دەبێتە نیشانەی شارستانییەتی ھاوچەرخ».[١] دامەزرێنەری ئەم ڕێکخراوە، ئیگناتیۆس، لە ساڵی ١٦٢٢دا بەرزکرایەوە بۆ پلەی پیرۆز.[٢][٣]

ڕێکخراوی عیساییەکان لە ١١٢ ناوچەی جوگرافیدا بوونی ھەیە کە لە شەش کیشوەری جیھاندا دابەشکراون، ناوەندی سەرەکییەکەی دەکەوێتە شاری ڕۆما، شێوازێکی کارگێڕی ناناوەندی پەیڕەو دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندنگە و زانکۆ و نەخۆشخانە و خانەی بەساڵاچووان و پەرتووکخانە بەڕێوەدەبات و خەمی گفتوگۆی ئیکۆمێنیکی و گەشەپێدانی ئایینی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە. ئەوانەی بەشدارن لەم قەشایەتییەدا بە «سەربازانی خودا» ناسراون، بەھۆی پاشخانی سەربازیی دامەزرێنەرەکەی، و ئەو گوێڕایەڵییەی کە لە یاساکانی قەشایەتییەکەدا ھەیە گرنگییەکی زۆری پێدەدەن. لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٣ ئەندامێکی ئەم قەشایەتییە بە ناوی پاپا فرانسیس بە پاپا ھەڵبژێردرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ النزعات الاصولیە في الیھودیە والمسیحیە والاسلام، كارین ارمسترونغ، ترجمە محمد الجورا، دار الكلمە، طبعە اولی، دمشق 2005، ص.21. بە کوردی: مەیلە بناژۆخوازەکان لە ئایینی جوولەکە و مەسیحییەت و ئیسلامدا، کارێن ئارمسترۆنگ، وەرگێڕانی محەممەد ئەلجورا، دار ئەلکەلیمە، چاپی یەکەم، دیمەشق ٢٠٠٥، ل٢١
  2. ^ https://web.archive.org/web/20171204103627/http://www.jespro.org/index.php?option=com_k2&view=item&layout=item&id=18&Itemid=106
  3. ^ https://web.archive.org/web/20160314041356/http://kaldaya.net/2009/articles/august/03_august03_robeershaieb.html