شوانە قادری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شوانە قادری (سەیید کەماڵ ئاسفەرام) ڕێکەوتی ٢٩/٦/١٩٨٠ لە بنەماڵەیەکی کاسبکار لە شاری مەھاباد لەدایک بووە. باوکی سەیید قادر کوڕی سەیید عەلی خەڵکی ئاوایی ماوەڵە سەر بە ئاوایی کامەمە لە نزیک مەھاباد بووە. لە کاتی ڕاپەڕینی دژی ڕژیمی پاشایەتیی ئێران ھاتونەتە شاری مەھاباد. بەھۆیی نالەباری ژیانی بنەماڵە، تەنیا ٦ ساڵی لە تەمەنی لاویدا، توانی بچێتە قوتابخانە. دوایی دەستی کرد بە کاری کرێکاری و پاش چەند سال بوو بە وەستای کاری بەنایی و گەچکاری.

شوانە کە ھەستی دەکرد بە بارودۆخی نالەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان هەر بۆیە بەشداری لە ھەموو ڕاپەڕینەکانی ئەو چەند ساڵانەی ڕابردوودا کرد. لە ساڵی ١٩٩٩ دوای گیرانی عەبدوڵا ئوجەلان لەو ڕاپەڕینەدا، ناوبانگی ئازایەتی دەرکرد و زۆر چالاکانە و بێ وچان لە ھەموو خۆپێشاندانەکانی شاری مەھاباد بەشداری ھەبوو. ئەگەر ئاگادار کراباوە کە کەسێک تاوانی لێ دەکرێت، لایەنگری لێ دەکرد و بەتایبەت ئەگەر ھێزی ئینتیزامی و کاربەدەستانی حوکومەتی، سوکایەتیان بە کچان و ژنان کردبایە، ئاگری قین و توڕەیی بڵێسەیی دەگرت و نەیدەتوانی بە ھیچ شێوەیەک چاوپۆشی بکات. ھەر بۆیە ترسی خسبۆوە ناو ھێزی ئینتیزامی و کاربەدەستانی شاری مەھاباد.

کاتیک کە حوکمی فیدراڵیسم لە کوردستان بە فەڕمی ڕاگەیاندرا و دواتر خەڵکی شاری مەھاباد بە ئاڵای کوردستانەوە چوونە سەر گۆرستانی قازییەکان و کاتێک کە جەلال تاڵەبانی کرا بە سەرۆککۆماری عێراق و مەسعود بارزانی بوو بە سەرۆکی کوردستان، شوانە لە ھەموو ئەو خۆپێشاندانانەدا، لەگەڵ خەڵکی شاری مەھاباد، پێشەنگ و ئازایەتیی بەرچاوی بووە. شوانە لە زۆربەی چالاکییەکانی شاردا بە ھەڵگرتنی ئاڵای کوردستان، ھەستی کوردانە و نەتەوایەتی خەڵکی زۆرتر بەرز راگرتووە. لەکاتی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران شوانە وەک زۆربەی خەڵکی کوردستان نەتەنیا بەشداری نەکردووە، خەڵکیشی ھان داوە کە بەشدار نەبن.

کاتژمێری ٢٠:٣٠ ڕۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٣٨٤ شوانەی ٢٩ ساڵە لە پشت شەقامی حەمەپان لە گەڕەکی شیلانی شاری مەھاباد، دەکەوێتە بۆ بەردەست ڕێژی کۆمەڵێکی زۆر لەھێزی پاسدار و ئینتیزامی و بە توندی بریندار دەبێت و بە زیندویی ھەر لەو شوێنە گوللەباران دەکرێت و دواتر بۆ ترساندنی خەڵکی گەڕەکەکانی شاری مەھاباد تەرمەکەیی بەدوایی ماشێندا ڕای دەکێشن. دواتر فەرمانداری حوکومەت و شوڕای شاری مەھابادیش ئەو تاوانە مەحکووم دەکەن و ە٢ کەس لە ھاوڕێکانی بە توندی بریندار دەبن .

ھێزە ئینتیزامییەکان تەرمەکەی شوانە بۆ شاری ورمێ دەبەن. بنەماڵە و دۆستانی شوانە خۆیان دەگەیەننە ورمێ و دوایی ھەوڵ و چالاکییەکی بێ وچان رۆژی دواتر تەرمەکەی بەرەو شاری مەھاباد دەگەرێتەوە. کاتژمێری ٢٤ رۆژی ١٩ی پووشپەڕ لەکاتێکدا کە ھەزاران کەس لە خەڵکی شاری مەھاباد ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، پێشوازی لە تەرمی شوانە دەکەن و لە کاتژمێری ٣ی بەرەبەیانی لە گۆرستانی شار ئەسپەردەی خاک دەکرێ. پێشەوای ئایینی و ئیمامی هەینی گەڕەکی پشت‌تەپ بەری شیلان ڕایگەیاند: «سەیید کەماڵ کوڕی زارا شەھیدە. ئەوە تاوانێکی گەورە دژی مرۆڤایەتییە و کارێکی نائیسلامییە کە لەبەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان گوللەباران کراوە و چۆتە ڕێزی ھەموو شەھیدانی کوردستان.»

لەمەراسیمی پرسە و سەرەخۆشی دەیان ھەزار کەس لە خەڵکی شاری مەھاباد و ناوچە و شارەکانی تر بەشداریان کرد. لە ھەشتەمین ڕۆژی خۆپێشاندانەکانی مەھاباد سەمەدی فەرمانداری مەھاباد ڕایگەیاند کە خەڵک دەبێت ئارام ببنەوە و دەست ھەڵگرن بۆ ئەوە ڕووداوەکانی ساڵەکانی ١٣٥٩ و ١٣٦١ لە مەھاباد دوپات نەبێتەوە کە لەو ساڵانەدا بە کۆمەڵ خەباتگێران و شۆرشگێرانی شار گوللەباران کران.