شتەکان لێک دەترازێن
ئەم وتارە چەند کێشەیەکی ھەیە. تکایە یارمەتی باشترکردنی بدە یان ئەم کێشانە لەسەر پەڕەی لێدوانەکەی باس بکە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت)
|
| شتەکان لێک دەترازێن | |
|---|---|
| سەرناو | Things Fall Apart |
| لە دوای | No Longer at Ease |
| جۆر | ڕۆمان |
| چەشن | ئەدەبی خەیاڵی |
| چاپەکان | Shujaa okonkwo، Things Fall Apart، Q132356207 |
| دانەر | Chinua Achebe |
| ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە | ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٨ |
| وڵاتی بنەڕەت | شانشینی یەکگرتوو |
| زمان | زمانی ئینگلیزی |
| چەشنی بڵاوکردنەوە | printed book |
شتەکان لێک دەترازێن ڕۆمانێکی ساڵی ١٩٥٨ی نووسەر چینوا ئەچێبێیە (١٩٣٠–٢٠١٣) کە خەڵکی نێجیریایە. بەپێی زۆرێک لە ڕیزبەندییەکان لەنێو باشترین سەد ڕۆمانی ھەموو سەردەمەکاندایە، لەوانە: تایم مەگەزین و گاردیان و تەلەگراف. لە ھەندێک لە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن لە ئەفریقا لە وانەکاندا دەخوێنرێت. بۆ زیاتر لە ٥٠ زمان وەرگێڕراوە. لەنێو ڕۆمانە پڕفرۆشەکاندایە و تا ئێستا زیاتر لە یازدە ملیۆن دانەی لێ فرۆشراو. بە باشترین ڕۆمانی ئەفەریقی دادەنرێت. جگە لەوەی خودی نووسەرەکەشی ئەفەریقییە و وێنەیەکی ڕاستەقینەی ژیانی ئەو کۆمەڵگایانەی بۆ کێشاوین. لە ساڵی ١٩٥٨ بڵاو کراوەتەوە کە لەو دەمەدا ئەچێبێ تەمەنی تەنھا ٢٨ ساڵا بووە. لە ساتی دەرچوونییەوە قسە و باسی زۆری بە دوای خۆیدا ھێناوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە ئەنجام دراوە.
چیرۆک
[دەستکاری]ئۆکۆنکوۆ پیاوێکی بەناوبانگە لە گوندی ئومۆفیا. پاڵەوانی زۆرانبازی و سەرکردەی ھۆزەکەیەتی. ھەوڵدەدات پێچەوانەی باوکی بێت، ئۆنۆکا، کە پیاوێکی تەمبەڵی قەرزدار بوو و نەیدەتوانی ژن و منداڵەکانی بەخێو بکات، حەزی لە فلووت ژەنین بوو نەک تێکۆشان بۆ سەرکەوتن. ئۆکۆنکوۆ لە تەمەنێکی گەنجییەوە بە سەختی کاردەکات بۆ ئەوەی بە تەنھا ناوبانگ و سامان بۆ خۆی پێکەوە بنێت. بەھۆی خولیای ھێزی پیاوانە و دیسیپلینەوە، زۆرجار لە ژن و منداڵەکانی دەدات.
ئۆکۆنکوۆ لەلایەن پیرانی گوندەوە ھەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرپەرشتیاری ئیکەمەفونا، کوڕێک کە وەک ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ئومۆفیا و ھۆزێکی تردا ھێنراوە، دوای ئەوەی باوکی ئیکەمەفونا ژنێکی خەڵکی ئومۆفیای کوشتووە. کوڕەکە سەیری ئۆکۆنکوۆ دەکات وەک باوکی دووەمی. پاش ماوەیەک، فاڵگرەوەکەی ئومۆفیا ڕای دەگەیەنێت کە دەبێت کوڕەکە بکوژرێت. ئێزێئودو، پیرێکی دانا و بەتەمەنی گوندەکە، ئاگاداری ئۆکۆنکوۆ دەکاتەوە کە خۆی لە کوشتنەکە بەدوور بگرێت، بەڵام ئەو گوێ بە ئاگادارکردنەوەکە نادات و ئەرکە دڵتەزێنەکە جێبەجێ دەکات. دوای کوشتنی ئیکەمەفونا، ئۆکۆنکوۆ ھەست بە خەمۆکی و مووەتەکە دەکات. لە کاتی سڵاوی تفەنگ لە پرسەی ئێزێئودودا، تفەنگەکەی ئۆکۆنکوۆ بە ھەڵە دەتەقێتەوە و کوڕی ئێزێئودو دەکوژێت. ئەو و خێزانەکەی بۆ ماوەی حەوت ساڵ دووردەخرێنەوە بۆ زێدی دایکی، مبانتا، وەک پێویستییەک بۆ ڕازیکردنی خوداوەندەکان.
لەکاتێکدا ئۆکۆنکوۆ لە مبانتایە، دەزانێت کە پیاوە سپی پێستەکان لە ئومۆفیا نیشتەجێ بوون بە مەبەستی ناساندنی ئایینەکەیان، کریستیانییەت. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئایینەکەیان گۆڕیوە، پێگەی سپی پێستەکان بەھێزتر دەبێت و حکوومەتێکی نوێ دادەمەزرێت. گوندەکە ناچار دەکرێت کە کۆمەڵگای تازە دامەزراوی سپی پێستەکان قبوڵ بکات یان دژایەتی بکات. نوۆی، کوڕی ئۆکۆنکوۆ، حەزی لە ناسینی مژدەدەرەکان (بلآوکەرەوەی ئایین) دەبێت و دوای ئەوەی بۆ دوایین جار لەلایەن باوکییەوە لێی دەدرێت، بڕیار دەدات خێزانەکەی بەجێبھێڵێت و بە سەربەخۆیی بژی. نوۆی لەلایەن مژدەدەرێکەوە بەناوی بەڕێز براون، ئاشنای ئایینە نوێیەکە دەبێت. لە دوا ساڵی دوورخستنەوەیدا، ئۆکۆنکوۆ داوا لە باشترین ھاوڕێی، ئۆبێریکا، دەکات کە ھەموو یامەکانی (جۆرە ڕوەکێکە) بفرۆشێت و دوو پیاو بە کرێ بگرێت بۆ ئەوەی دوو کوخ بۆی دروست بکەن تاوەکو ماڵێکی ھەبێت بۆی بگەڕێتەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا. ھەروەھا ئاھەنگێکی گەورە بۆ خزمانی دایکی ساز دەکات.
دوای گەڕانەوەی لە مبانتا، ئۆکۆنکوۆ دەبینێت کە گوندەکەی بەھۆی بوونی پیاوە سپی پێستەکانەوە گۆڕاوە. دوای ئەوەی کەسێکی ئایین گۆڕاو تاوانی لادانی دەمامکی پیرێک ئەنجام دەدات کاتێک کە پیرەکە ڕۆحی باوباپیرانی ھۆزەکەی بەرجەستە دەکرد، گوندەکە وەک تۆڵەیەک کڵێسایەکی مەسیحی ناوخۆیی وێران دەکات. لە وەڵامدا، کۆمیساری ناوچەکە کە نوێنەرایەتی حکوومەتی داگیرکەری دەکرد، ئۆکۆنکوۆ و چەند سەرکردەیەکی تری ناوخۆیی بەدیل دەگرێت تاوەکو غەرامەیەک بە بڕی دوو سەد کیسە کاوری (جۆرە پارەیەکی کۆن) دەدەن. سەرەڕای ڕێنمایییەکانی کۆمیساری ناوچەکە بۆ مامەڵەکردنی بەڕێزەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئومۆفیا، «پاسەوانەکانی دادگا»ی ناوخۆیی سووکایەتییان پێدەکەن، سەریان دەتاشن و بە قامچی لێیان دەدەن. خەڵکی ئومۆفیا لە تووڕەییدا، لە کۆتاییدا بۆ ڕاپەڕینێک کۆدەبنەوە. ئۆکۆنکوۆ، کە لە سروشتیدا جەنگاوەرە و سوورە لەسەر پەیڕەوکردنی داب و نەریتی ئومۆفیا، ڕقی لە ھەموو جۆرە ترسنۆکییەکە و بانگەشە بۆ جەنگ دەکات.
کاتێک نێردراوەکانی حکوومەتی سپی پێستەکان ھەوڵدەدەن کۆبوونەوەکە بوەستێنن، ئۆکۆنکوۆ سەری یەکێکیان دەپەڕێنێت. لەبەرئەوەی جەماوەرەکە ڕێگە دەدەن نێردراوەکانی تر ھەڵبێن و شانبەشانی ئۆکۆنکوۆ شەڕ ناکەن، ئەو بە نائومێدییەوە تێدەگات کە خەڵکی ئومۆفیا بۆ پاراستنی خۆیان شەڕ ناکەن. ئەنجامی ئەمە ئەوەیە کە کاتێک کۆمیساری ناوچەکە، گرێگۆری ئیروین، دێتە ماڵی ئۆکۆنکوۆ بۆ ئەوەی بیباتە دادگا، دەبینێت کە ئۆکۆنکوۆ خۆی کوشتووە چونکە بینیویەتی کە بە تەنھا لە شەڕەکەدا دەجەنگێت و ھۆزەکەی وازی ھێناوە. لەنێو خەڵکەکەی خۆیدا، کردەوەکانی ئۆکۆنکوۆ ناوبانگ و پێگەی ئەویان لەکەدار کردووە، چونکە بەپێی فێرکارییەکانی ئیگبۆ، خۆکوشتن بە توندی قەدەغەیە. ئۆبێریکا ھەوڵدەدات خۆی نەڕوخێت کاتێک شیوەن بۆ مردنی ئۆکۆنکوۆ دەگێڕێت. کاتێک ئیروین و پیاوەکانی ئامادەکاری دەکەن بۆ ناشتنی ئۆکۆنکوۆ، ئیروین بیردەکاتەوە کە مردنی ئۆکۆنکوۆ دەبێتە بەشێکی سەرنجڕاکێش بۆ کتێبە نووسراوەکەی، «ئارامکردنەوەی ھۆزە سەرەتایییەکانی نایجری خواروو».
پێشینە و مێژووی بڵاوکردنەوە
[دەستکاری]
«شتەکان لێک ھەڵدەوەشێن»یەکەمین ڕۆمانی چینوا ئەچێبی بوو. دوای دەرچوونی لە زانکۆی ئیبادان لە ساڵی ١٩٥٣، بوو بە مامۆستا لە شاری ئۆبا لە ویلایەتی ئەنەمبرا، پێش ئەوەی ساڵی دواتر لە کۆمپانیای ڕاگەیاندنی نەیجیریا (NBC) کار بکات. لە ماوەی کارکردنیدا لە ئێن بی سی، دەستی بە نووسینی دەستنووسەکە کرد. ئەو بە زمانی ئینگلیزی دەینووسی چونکە پێی وابوو ستانداردی زمانی نووسراوی ئێستای ئیگبۆیی، کە لە تێکەڵەی چەندین شێوەزار دروست کراوە، وشک و نادروستە، وەک لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ١٩٩٤دا ئاشکرای کرد. لە ساڵی ١٩٥٧دا بەشی دووەم و سێیەمی دەستنووسەکەی لابرد و تەنھا چیرۆکی ئۆکۆنکۆی ھێشتەوە کە دواجار بووە کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکە. ھەروەھا دای ڕشتەوە و پەرەگراف و بەشی نوێی بۆ زیاد کرد.
دوای ئەوەی ئەچێبی ڕیکلامێکی لە گۆڤاری "The Spectator"دا بینی، کۆپی دەستنووسە دەستنووسەکەی خۆی بە پۆستی ئاسایی بۆ ئاژانسێکی تایپکردن لە لەندەن نارد. دوای ئەوەی کرێی داواکراوی بە بڕی ٢٢ پاوەند لە ڕێگەی پۆستی بەریتانییەوە بۆ ئاژانسەکە نارد، بۆ ماوەی چەندین مانگ ھیچ ھەواڵێکی لە ئاژانسەکەوە نەبیست. لە کۆتایی ئەو ساڵەدا، ھاوکارەکەی، ئەنجێلا بیتی، کە خەریک بوو پۆستەکەی وەک بەرپرسی وتارەکان لە ئێن بی سی بەجێبھێڵێت، بۆ پشووی ساڵانەی خۆی دەچووە لەندەن، ئەچێبی داوای لێکرد کە لە کاتی گەیشتنی بە لەندەن، دۆخی دەستنووسەکەی بپشکنێت. دوای دەستێوەردانی بیتی، ئاژانسەکە دەستنووسەکانی کە تۆزیان لەسەر نیشتبوو لە گۆشەیەکی نووسینگەکەدا دۆزییەوە و تەنھا یەک کۆپی تایپکراویان بۆ ئەچێبی لە لاگۆس نارد.
ئەچێبی پلەی بەرزکرایەوە بۆ بەرپرسی وتارەکان لە ئێن بی سی. لە ساڵی ١٩٥٨دا دەقە تایپکراوەکەی خۆی بۆ بریکاری ئەدەبی جیلبێرت فێڵپس نارد. چەندین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە دەقە تایپکراوەکەیان ڕەتکردەوە، بەو بیانووەی کە ئەدەبیاتی نووسەرانی ئەفریقی ھیچ پۆتانسیلێکی دارایی نییە. دواجار دەقە تایپکراوەکە برایە نووسینگەی ویلیام ھاینمان، لەوێ پێشکەش بە جەیمس میچی کرا و لە ڕێگەی ئەوەوە، سەرنجی ئالان ھیڵ، ڕاوێژکاری چاپ و بڵاوکردنەوەی، ڕاکێشا. "شتەکان لێک ھەڵدەوەشێن" لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٥٨دا بە بەرگی ڕەق و بە تیراژی نزیکەی ٢٠٠٠ دانە بڵاوکرایەوە. ھەرچەندە بڵاوکەرەوەکان دەستنووسەکەیان دووبارە دەستکاری نەکردەوە و پێداچوونەوەیان بۆ نەکرد، بەڵام دەستبەجێ ستایشی لە ڕۆژنامە نیشتمانییەکانی بەریتانیادا بەدەستھێنا. گۆڤاری "The Times Literary Supplement" نووسیبووی کە ڕۆمانەکە "بەڕاستی سەرکەوتوو بووە لە پێشکەشکردنی ژیانی ھۆزایەتی لە ناوەوە، لە کاتێکدا شێوازەکانی ھەست و سۆز و بیرکردنەوە بە وێنەیەکی جیاوازی ئەفریقی داپۆشراون، کە نە بەرز نووسراوە و نە نزم."[١][٢][٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]https://en.wikipedia.org/wiki/Things_Fall_Apart
| ئەم کتێب وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |