سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن (ئیستۆپ)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھێمای سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن

سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن (ئینگلیزی Anti-lock Braking System) یاخوود ھەندێک جار پێی دەوترێت سیستمی دژە خلیسکاندنی ڕاگرتن، سیستمێکی دڵنیایی ئۆتۆمبێلە کە ھەووڵدەدات تایەی خولاوە لە قفڵ بوون یاخود لە خلیسکاندن (خشاندن) بپارێزێت.

لە کاتی ئیستۆپ کردن سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات و ماوەی ڕاگرتنەوە کەمدەکات؛ ئەمە لە سەر ڕوویەکی وشک یا خلیسکاویدا؛ بەڵام لەسەر ڕوویەکی بەفراوی یا قیرنەکراودا ماوای ڕاگرتنەوەکە زیاتر دەبێت بەڵام کۆنترۆل کردنێکی زیاتر.

یەکێکی تر لە سوودە نموونەیەکانی سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن ئەوەیە؛ ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر شەقامێک بروا کە لایەکی تەڕبێت و لایەکی وشک، سیستمەکە بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی لەسەر لا تەرەکە کاردەکات بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەکە بە جێگیری و ڕوونەدانی خلیسکاندن.

ئەم سیستمە لە بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێلدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە شیوەیەک کە تەنھا دژی قفلبوون نەبێ بەڵکو وای لێکرا کە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ھێزی ئیستۆپکردن کۆنترۆڵ بکرێت لەنێوان تایەی پێشەوە و دواوە (کە ناوبانگترینیان سیستمی ئەلیکترۆنی جیگیرکردن ە کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت Electronic Stability Control (ESC)).

لەکاتی ھەبوونی ھەر کێشەیەک لەم سیستمە؛ ھێمای سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن ABS بە ڕەنگی پرتەقاڵی لەسەر داشبۆردی ئۆتۆمبیلەکە دەردەچێت.

مێژوو[دەستکاری]

سەرەتای بیرۆکە نوێیەکەی سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٥٠، (ھەرچەندە زانایەکی فەرەنسی لە ساڵانی ١٩٠٨ لە ڕاگرتنەوەی شەمەندەفەر ئەم بیرۆکەیەی بەکار ھێناوە). لە سەرەتای ساڵانی ٦٠ ەکان ئەم سیستمە بە میکانیکی بۆ ئۆتۆمبێل دانرا بەڵام زۆر سەرکەوتوو نە بو بەھۆی ناتەواوی لە سیستمەکە و زۆری تێچووی، لە کۆتایی ٦٠ کان یەکەم سیستمی ئەلیکترۆنی دژە قفڵبوون لە سەر فرۆکەی کۆنکۆرد دانرا. لە ساڵی ١٩٧١ کۆمپانیای کرایسلەر لەگەڵ دەستەی بیندیکس ئەم سیستمەیان لەسەر imperial 1971 ناساند. لە ساڵی ١٩٧١ لەسەر یەکەم ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر دانرا لەلایەن کۆمپانیای فیات. لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن کۆمپانیای بی ئێم دەبلیوو ە لەسەر مۆتۆرسایکلی BMW k100 دانرا.

بیرۆکەی کارکردن[دەستکاری]

وێنەی دووەم

ئەڵقەیەکی خڕی کون کون یا ددان ددان (وێنەی دووەم) لە تایەکان دەبەسترێت و ھەستیارێکی (سێنسۆر) لەسەر دادەنرێت، ھەستیارەکانیش بە کۆمپیتەری سەیارەکەوە بەستراون، لەکاتی ئستۆپ کردن بە تووندی تایەکە قفڵ دەبێت و خولانەوەکە نامێنێت ، ھەستیارەکەش ھەست بەوە دەکات و ئستۆپەکە بەردەدات و دواتر دەیگرێتەوە، ئەم کارەش بە خێرای دوبارە دەبێتەوە ھەتاوەکو ھێزی ئیستۆپ کردن بەردەوامبێت لەلایەن شۆفێرەوە؛ بەمەش خشاندن دروست نابێت و زۆرترین ھێزی وەستاندن درووست دەبێت.

جۆرەکانی ڕاگرتن ABS:[١][دەستکاری]

١- چوار کەناڵ، چوار ھەستیار[دەستکاری]

بۆ ھەر تایەیەک ھەستیارێکی (سێنسۆر) تایبەت دانراوە، وە بۆھەریەکێکیشیان کەناڵی (Valve) تایبەت بە خۆیان ھەیە و ھەریەکێکیان بە کۆنتۆڵ کردنێکی تایبەت بەخۆی کاردەکات، ئەمەش بۆ بەدەست ھێنانی لووتکەی ھێزی ڕاگرتنەوە.

٢-سێ کەناڵ، چوار ھەستیار[دەستکاری]

بۆ ھەر تایەیەک ھەستیارێکی (سێنسۆر) تایبەت دانراوە، وە بۆ ھەریەک لە تایەکانی پێشەوە کەناڵی (Valve) تایبەت بە خۆیان ھەیە، بەڵام تایەکانی دواوە بە ھەردووکیان تەنھا یەک کەناڵیان ھەیە، ئەم جۆرەیان زیاتر لەسەر ئۆتۆمبێلە کۆنەکان ھەیە کە ھەر جوار تایەکانیان سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرت یان لەسەربوو.

٣-سێ کەناڵ، سێ ھەستیار[دەستکاری]

ئەم جۆرەیان زیاتر لەسەر سیستمی پیکەبە بەرھەڵگرەکان بەکاردێت، کە دوو کەناڵ و دوو ھەستیار بۆ ھەریەک لە تایەکانی پێشەوە و یەک کەناڵ و یەک ھەستیار بۆ ھەردوو تایەی دواوە، کە ھەستیارەکەی دواوە لەسەر ئەکسلی دواوە بەستراوە.

٤- دوو کەناڵ، چوار ھەستیار[دەستکاری]

ئەم جۆرەیان لەو ئۆتۆمبێلە نەفەرھەلگرانە بەکاردەھات کە لە سالانی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ بەرھەمدەھێنران، کە ھەر تایەیە و ھەستیارێکی (سێنسۆر) تایبەت بەخۆی ھەبوو، بەلام ھەردوو تایەی پێشەوە و پشتەوە یەکی یەک کەناڵیان ھەبوو، بۆیە کاتێک ھەستیارەکە قفڵبوونێکی دەدۆزییەوە لەسەر یەک تایە یەکسەر سیستمەکە ئاگادارکردنەوەیەک دەنێریت بۆ کەناڵەکە و لەسەر ھەردوو تایەکە چالاک دەبێت.

٥-یەک کەناڵ، یەک ھەستیار[دەستکاری]

ئەمەیان بە گشتی لەسەر ئۆتمبێلە بارھەلگرەکان، بەرزەکان وە ڤانەکان بەکاردێت. کە یەک کەناڵ بۆ تایەکانی دواوە و یەک ھەستیاریش لەسەر یەکسلی دواوە دانراوە،

کاریگەرییەکان[دەستکاری]

لە ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی ئوستوراڵیا لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکان لە زانکۆی مۆناش دەرکەوت کە سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن ھۆکارێکە بۆ:

  • کەمکردنەوەی ڕێژەی پێکدادان بە ڕێژەی ١٨٪.
  • کەمکردنەوەی ڕێژەی پێکدادان لە شەقامە زبرەکان (وەک کۆنکریت) بە ڕێژەی ٣٥٪.

یاساکان[دەستکاری]

لە یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە پێویستە ھەموو ئۆتۆمبێلێکی نوێ سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن ی لەسەربێت، وە لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستە ھەموو ئۆتۆمبێلێکی نوێ سیستمی دژە قفڵبوونی ڕاگرتن و سیستمی ئەلیکترۆنی جیگیرکردن ی لەسەربێت.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "enWiki". {{cite web}}: Missing or empty |url= (help)