جوگرافیای نەرویژ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

نەرویژ یەکێکە لە وڵاتە ئەوروپییە سکاندیناڤییەکان کە دەکەوێتە باکوری کیشوەرەکەوە. زیارتر بە نیمچە دەچێت بەھۆی ئەوەی لە سێ لاوە دەورە دراوە بە ئاو. لەگەڵ سوید ڕووبەرێکی بەرفراوانی ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی وڵات وە سنورێکی مەودا کەمی ھەیە لەگەڵ ھەریەکە لە، فینلاند، و ڕووسیا، ھەروەھا سنووری دەریاییی لەگەڵ ھەریەک لە وڵاتانی دانمارک و بریتانیادا ھەیە. ڕووبەری ئەم وڵاتە ٣٨٥٬١٧٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە ئۆسلۆ پایتەختەکەیتی و لە ھەمان کات گەورەترین شاری وڵاتی نۆرویژە. بەرزترین کێوی یاخود شاخی نەرویژ ناوی گالدھۆپیگگێن (Galdhøpiggen)ـە. ٢٤٦٩ میتر بەرزە. نزیکەی نیوەی ڕووبەری وڵاتی نەرویژ شاخاوی و کێوسانە. گەورەترین دەریاچەی نەرویژ ناوی میۆسا (Mjøsa) یە. درێژترین ڕووباری نەرویژ گلۆمما (Glomma) یە. ٦١١ کیلۆمیتر درێژە. چەندین ئاودۆڵ (fjord) لە کەناری دەریا دا ھەن، کە درێژترینی ئەوان سۆنگەفیۆرد (Sognefjord) ـە. ئەم ئاودۆڵە ٢٠٤ کیلۆمیتر درێژە و لە قووڵترین شوێن دا ١٣٠٨ میتر کوورە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی نەرویژ ٥٫٠٩١٫٩٢٤ کەس بووە کە دەکاتە ٠٫٠٧ لە سەدی ڕێژەی خەڵکی جیھان. تەمەنی مامناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە ٣٩٫١ ساڵە. ھەروەھا ٨٠ لە سەدی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە شارەکان دەژین.[١]

کەش و ھەوا[دەستکاری]

نەرویژ چوار وەرزی ھەیە: بەھار، ھاوین، پاییز و زستان. کەش و ھەوای نەرویژ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە. ھەروەھا لە نێو یەک ناوچەیشدا جیاوازیی زۆر ھەیە، و ڕەنگە ھەموو ساڵێک تا ڕادەیەکی بەرچاو بگۆڕێ. بەگشتی، ناوچەکانی کەنار دەریا زستانی ئارام و بەفری کەمیان ھەیە، بەڵام ناوچەکانی ناوەوەی وڵات زستانی سارد و بەفری زۆریان ھەیە. لە لایەکی ترەوە، ھاوینی ئەم ناوچانە زۆرجار گەم و وشکە. لە ھەرێمی ڕۆژاوای نەرویژ زۆرتر لە ھەرێمی ڕۆژھەڵات باران دەبارێ. لە ناوچەکانی کەناردەریا زۆربەی کات، بە تایبەت لە وەرزی پاییز، با دێ. ھەروەھا ڕێژەی ڕووناکیی ڕۆژ تا ڕادەیەکی زۆر لە نێوان ناوچەکانی باکور و باشووردا جیاوازە. لە وەرزی زستان، ھەرچەندە لە باکور نزیک دەبیتەوە، ڕۆژ کورتترە. لە ھاممێرفێست، کە باکوریترین شاری ئەورووپایە لەسەر خاکی ئەسڵیی نەرویژ، لە وەرزی زستان تاریکترین کاتی ساڵ نزیکەی دوو مانگ درێژەی ھەیە. لەم ماوەیەدا، ھیچ خۆرەتاوێک نییە. بەڵام لە ھاوین دا پێچەوانەی ئەمە ڕوو دەدا، و لە نیوەی شەودا خۆرەتاوە! لە باشووری وڵات، ھەروەھا جیاوازیی زۆر ھەیە لە نێوان ڕۆژەکانی زستان و ھاویندا. بەڵام لە ناوچەکانی باشوور ھەرگیز شەوی سەرجەمی یان خۆرەتاوی نیوەشەو ڕوو نادا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Countries in the world (ranked by 2014 population)(ئینگلیسی). ماڵپەڕی Worldometers. سەردان لە ڕێکەوتی ‏١٥ی ئایاری ٢٠١٥.