تەنکی عەمبارکردن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
تەنکی عەمبارکردنێک لە پاڵاوتگەی کەلەک کە توانای عەمبارکردنی ٣٠٠٠ م٣ لە شلەی سووتەمەنی ھەیە .

تەنکی عەمبارکردن کۆنتەینەرێکە یاخود دەتوانین بلێین جۆرە تەنکیەکی پیشەسازیە بەکاردێت بۆ ھەڵگرتن و عەمبارکردنی شلە و گاز و ھەوای پەستێنراو لە ژێر پلەی گەرم و ساردا بۆ ماوەیەکی کەم یا درێژ.[١]

تەنکی عەمبارکردن بەشێوەیەکی گشتی درووست دەکرێت بۆ ھەڵگرتنی شلە وەک بەرھەمە نەوتیەکان، کیمیاویەکان، ئاو و شیر. زۆرکاتیش پەستانێکی ئەوتۆیان لەسەر نیە. تەنکی عەمبارکردن بە گشتی شێوەیەکی لوولەکی داخراویان ھەیە کە بە ئەستوونی لەگەڵ زەوی جێگیر دەکرێن بۆ ھەلگرتنی بەرھەمە شلەمەنیەکان.

جۆر و شێوە[دەستکاری]

تەنکی عەمبارکردن چەند جۆر و شێوەیەکیان ھەیە لەوانە:

  • ستونی یان ئاسۆیی.
  • سەر کراوە یان سەر داخراو (جگە لە ھەندێک جۆر لە ناوەوەش سەرێکی جوڵاویان ھەیە Floating Roof).
  • سەر زەوی یان ژێرزەوی (ھەندێک جار راستەوخۆ لەسەر زەوی جێگیر ناکرێن بەڵکو بەھۆی بناغەیەکی ئاسنی یان کۆنکریتی لەسەر زەوی دادەنرێت).
  • لوولەکی یان گۆی.
  • لە بەرگ گیراو یان بێ بەرگ.
  • بن: رێک یا چەماوە یا قووچەکی.
  • گەڕۆک: وەک ئەو تەنکیانەی لەسەر بارگەڵگرەکان جێگیر دەکرێن و پێیان دەوترێ تەنکەر.

ھەریەک لەمجۆرانە بەپێی جۆری ئەو ماددەیەی کە تێیدایە ھەڵدەگیرێت؛ جۆر و شێوەکەی دیاری دەکرێت. بۆ نموونە لە پاڵاوتگەکان تەنکی عەمبارکردنی گازی LPG شیوەی لوولەکی ئاسۆییە کە کۆتایییەکانیان بە شێوەی نیوە بازنەیییە، تەنکی عەمبارکردنی بەنزین شێوە لوولەکی ستوونیە بە سەر داخراوی یا سەر کراوەیی جگە لەوەی سەرێکی تری ھەیە (Floating Roof) کە لەگەل ئاستی شلەکە لەناو تەنکیەکە بەرز و نزم دەبێتەوە.

بەگشتی لە پاڵاوتگەکان تەنکی عەمبارکردنەکان لەسەر زەوین و شێوەی لوولەکی ستوونیان ھەیە، زۆریشیان سەرەکانیان داخراون Fixed Roof. بەڵام ھەندێک جار پێویست دەکات لە ناو تەنکیەکە سەرێکی تر دابنرێت کە توانای جووڵەی ھەبێت (Floating Roof) لەگەڵ ئاستی شلەکەی ناوی، ئەمەش بۆ پاراستن لە دیاردەی بەھەڵم بوون و کەمکردنەوەی ئەگەری گڕگرتن.

زۆر کات لە کاتی ھەبوونی سەری جوڵاوو لەناو تەنکیەکان سەرەکەی سەرەوە لادەبرێت و تەنھا ئەو سەرە دەمێنێتەوە کە توانای جووڵەی ھەیە، بەم جۆرە دەوترێت سەر جوڵاوی دەرەکی External Floating Roof.

پشاندانێکی سادەی تەنکی عەمبارکردن لە جۆری سەر داخراو کە لە ناوەوەش سەرێکی تری جوڵاوی ھەیە

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Government of Canada: Storage Tank Systems for Petroleum Products and Allied Petroleum Products Regulations (SOR/2008-197)".

سەرچاوەکان[دەستکاری]