تەمسیلی ئەشکەوتەکە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
تەمسیلی ئەشکەوتەکە

تەمسیلی ئەشکەوتەکە، یان ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون، تەمسیلێکه فەیلەسووفی یۆنانی ئەفلاتوون لە سەرەتای بەشی حەوتەمی کتێبی کۆماردا ھێناویەتی، بۆ ئەوەی «کاریگەریی ھەبوونی پەروەردە و بارھێنان (παιδεία) و نەبوونی، لەسەر سروشتی ئێمە» نیشان بدا. تەمسیلەکە وەکوو دیالۆگێک لە نێوان سوقرات و براکەی ئەفلاتوون گڵاوکۆندا نووسراوە. گێڕانەوەی دیالۆگەکەش لە ئەستۆی سوقراتدایە.

لەو تەمسیلەدا، ئەفلاتوون چیرۆکی چەند کەسێکی زیندانی دەڵێتەوە کە ھەموو ژیانیان ڕوو بە دیواری ئەشکەوتێک بە زنجیر بەستراونەتەوە. لە پشتیشیانەوە ئاگرێک ھەڵکراوە. کە شتەکان بە بەر ئەو ئاگرە دێن و دەڕۆن، سێبەرەکەیان دەکەوێتە سەر دیواری بەرامبەری ئەو چەند کەسە و، ئەوانیش ناویان پێوە دەنێن. گەرچی سێبەرەکان نوێنەری دروست و تەواوی جیھانی واقیع نین، بەڵام بۆ زیندانییەکان حوکمی «واقیع»یان ھەیە. سێبەرەکان نیشاندەری ئەو بەشە لە واقیعن کە ئێمە لە ڕێگای ھەستەوە بەدیی دەکەین. لە کاتێکدا کە، ئەو شتانە کەوا بە بەر ئاگرەکەدا دێن و دەڕۆن نیشاندەری فۆرمی ڕاستەقینەی شتەکانن و، ئێمە تەنیا لە ڕێگای ئەقڵەوە بۆمان دەست دەدا کە بەدییان بکەین.

سوقرات ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن فەیلەسووف لە زیندانییەک دەچێ کە لە ئەشکەوتەکە ھەڵاتووە و پەی بەوە بردووە کە سێبەرەکانی سەر دیوارەکە سەرچاوەی ڕاستەوخۆی ئەوەی دەبینرا نین. فەیلەسووف دەیەوێ لە ئاستێکی بەرزترەوە چاو لە واقیع بکا، بەڵام، زیندانییەکانی تری ناو ئەشکەوتەکە تەنانەت نایانەوێ زیندانەکەیان بەجێ بھێڵن و، بەم بۆنەوە ھیچ ئاگایان لە ژینێکی باشتر نییە.[١]

ئەفلاتوون لە ڕێگای ئەم تەمسیلەوە گەرەکیە ئەوە بگەیێنێ کە شتەکانی ناو دنیای واقیع تارمایییەکن لە شتەکانی جیھانی ئایدیا کە سەرچاوە و ڕەسەنن. شتەکانی دنیای واقیع ھێز و تواناییی خۆیان لە سەرچاوەکەی خۆیان، واتە ئایدیاکەی خۆیان، وەردەگرن.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Ferguson, A. S. (1922-01-01). "Plato's Simile of Light (continued). Part II. The Allegory of the Cave". doi:10.1017/s0009838800001956. {{cite journal}}: Cite journal requires |journal= (help)
  2. ^ سەجادی, بەختیار (2004). فەرھەنگی شیکارانەی زاراوەی ئەدەبی. ھەولێر: ئاراس. p. 130.