تۆماس ھۆبز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
تۆماس هۆبز
Thomas Hobbes
لەدایکبوون٥ی نیسانی ١٥٨٨
ویلت شایەر، ئینگلتەرا
مردن٤ی کانوونی یەکەمی ١٦٧٩ (٩١ ساڵ)
دەربی شایەر، ئینگلتەرا
سەردەمفەلسەفەی سەدەی ١٧ (فەلسەفەی مۆدێرن)
ناوچەفەیلەسووفەکانی ڕۆژئاوا
بایەخی داوە بەفەلسەفەی ڕامیاری، مێژوو، ئاکار، ئەندازە

تۆماس ھۆبز (بە ئینگلیزی: Thomas Hobbes) , فەیلەسووفی بەریتانی کە بە کارەکانی لە بارەی فەلسەفەی ڕامیارییەوە ناسراوە, لە سالی ١٥٨٨ز لە شاری ویڵت شایەر لە ئینگلتەرا لە دایک بووە.[١] لە قوتابخانەکەیدا بە زمانەوان و وەرگێڕ و شاعیرێکی سەرکەوتوو ناوبانگی دەرکرد. خوێندنی زانکۆی, کە لە بارەی کلاسیکەوە بوو, لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە ئینگلتەرا تەواو کردووە. دوای ئۆکسفۆرد وەک سکرتێر ومامۆستا و ڕاوێژکاری گشتی کاری بۆ خێزانەکەی ویلیام کاڤیندیش دەکرد. پەیوەندی ئەو بە بنەماڵەی پاشاوە ئەو دەرفەتەی بۆ ئەو ڕەخساند کە سەفەری زۆر بکات و بە دوای خویندنەکەشیدا بچێت بەڵام لە ھەمان کاتدا بوونە ھۆکاری ئەوەی ببێتە لایەنێک لە شەڕی ناوخۆی بەریتانیادا. لە ساڵی ١٦٤٠ز دا تێکچوونی باری سیاسی ئینگلتەرا ناچاری کرد ئەوێ بە جێ بھێڵێت و ڕوو لە فەڕەنسا بکات, لەوێش بەردەوام پەیوەندی ھەبوو لەگەڵ بیریار و زانایانی ئەوروپادا لەوانە گالیلێو گالیلەی و ڕێنیە دیکارت.


لەو ماوەیەدا سەردانی زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپیەکانی کرد, لەو سەفەرانەیدا چاوی بە زۆرێک لە ڕۆشنبیرە ئەوروپیە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی خۆی کەوت. ھۆبس مەبەستی لە سەردانی وڵاتانی ئەوروپا ئەوە بوو چاوی بە زانایان بکەوێت و لێکۆڵینەوە لە فۆرمە جیاوازەکانی حکومەت بکات و لە بارەیانەوە بخوێنێتەوە. لەو ماوەیەی کە لە دەرەوەی ئینگلتەرابوو, ئەوەی سەرنجی ھۆبس ی راکێشابوو ئەوە بوو کە بۆچی خەلک ڕێگە بە خۆیان ئەدەن بەرێوەببرێن و ئایا باشترین فۆرمی حکومەت بۆ ئینگلتەرا کامەیە؟ ھۆبس وەک فەیلەسوفێکی سیاسی بەردەوام کاریگەری بەسەر بیری سیاسی ئەورەپاوە ھەبووە. لە سالی ١٦٥١ز دا ھۆبس بە ناوبانگترین کتێبی نووسی بە ناونیشانی (Leviathan) کە لێکۆڵینەوەیەکی سیاسیە و تێیدا باس لەوە دەکات کە خەلک لە سروشتیاندا دڕندەن و نابێت لە بەڕێوەبردندا متمانەیان پێبکرێت. لەبەر ئەوە ھۆبس باوەڕی وابوو دەستەڵاتی ڕەھا, حکومەتێک ھەموودەستەڵاتەکەی لە سەرۆک یان پاشاکەیدا کۆبکاتەوە, باشترین جۆری حوکمڕانیە. ھۆبس پێی وابوو کە مرۆڤەکان لە سرووشتیاندا دروستکراوێکی خۆپەرستن و ئامادەن ھەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی حاڵی خۆیان باشتر بکەن. ئەو پێی وابوو ئەگەر وازیان لێبھێنرێت, ئەوا خەڵک لەسەر ئارەزووە شەیتانیەکانیان کارەکانیان ئەنجام ئەدەن. لەبەرئەوە بە بۆچوونی ھۆبس نابێت متمانە بە مرۆڤەکان بکرێت تا بریار لەسەر کارەکانی خۆیان بدەن. زیاد لەوەش ھۆبس ھەستی بەوە کردبوو کە نەتەوەکانیش, وەک مرۆڤەکان, ھەستی خۆپەرستی زاڵە بەسەریاندا. ھەروەھا باوەڕیشی وابوو کە ھەموو وڵاتێک لە ململانێیەکی بەردەوامدایە بۆ بەدەست ھێنانی دەستەڵات و سامانی زیاتر. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەی, ھۆبس نوسیویەتی (ئەگەر مرۆڤ لە سروشتی خۆیدا لە حاڵەتی شەردا نیە, بۆچی بە بەردەوامی چەک ھەڵدەگرن یان بۆچی بەردەوام کلیلەکانیان پێیە بۆ داخستنی دەرگای ماڵەکانیان؟)


بە بۆچونی ھۆبس, حکومەت درووست ئەکرێت بۆ بەرگریکردن لە خەڵک لە خۆپەرستی و لایەنی شەیتانی خۆیان. باشترین جۆری حوکم ئەو جۆرەیە کە دەستەڵاتێکی بەھێزی رەھاو تۆقێنەری ھەبێت. ھۆبس باوەڕی بە دەستەڵاتی پاشا ھەبوو چونکە ھەستی بەوە کردبوو کە وڵات پێویستی بە دەستەڵاتێکی دیاری کراو ھەیە بۆ ئەوەی ئاڕاستەیان بکات و ڕێنیشاندەریان بێت. چونکە خەڵک تەنھا ئارەزووی لە زیادکردن و بە دیھێنانی حەزە تایبەتەکانی خۆی ھەیە. ھۆبس پێی وابوو دیموکراسی, کە ڕێ بە ھاوڵاتیان ئەدات دەنگ بدەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکیان, ھەرگیز سیستەمێکی گونجاو نیە. ھۆبس دەنوسێت ( ھەموو مرۆڤایەتی بە بەردەوامی ئارەزوویەکی درێژخایەنیان ھەیە بۆ دەستەڵات, ئەم ئارەزووەش تەنھا مردن دەتوانێت ڕایبگرێت و بیوەستێنێت.) بەم شێوەیە ئەگەر دەستەڵات بدرێت بە تاکەکان بارودۆخێکی ترسناکی وای لێ دەخولقێنن کە (شەڕی مرۆڤ لە دژی مرۆڤ) دەست پێ دەکات و سەراپای ژیان پڕدەکەن لە ( تەنھایی, ھەژاری, ناڕەحەتی, دڕندەیی, و بێ ئارامی) . سەڕەڕای ئەوەی کە متمانەی بە دیموکراسی نەبوو, بەڵام ھۆبس باوەڕی وابوو بوونی کۆمەڵێک نوێنەری جیاواز کە دەڕبڕی کێشەکانی ھاوڵاتیان بن بە گشتی, بە خۆشحاڵیەوە, ڕێگر دەبێ لە پاشا ببێتە کەسێکی دیکتاتۆر و نا دادپەروەر. لە سەردەمی ژیانی ھۆبس دا بازرگانی دەورێکی کاریگەری ھەبوو لەسەر حکومەت. ئەوانەی کە دەیانتوانی ھاوبەشی بکەن لە پارەدان بە حکومەتدا پایەی گەورەیان پێ دەدرا و بەرژەوەندی بازرگانی ھێزێکی زۆر کاریگەر بوو. بۆ ئەوەی باڵانسی گەشەکردنی دەستەڵاتی بازرگانی ڕابگیرێت, ھۆبس باوەڕی وابوو دەکرێت تاکەکان لە حکومەتدا گوێیان لێبگیرێت لە ڕێگەی ئەو نوێنەرانەی کە لە شوێنی ئەوان قسەئەکەن. ھۆبس باوەڕی بە وتەی ( دەنگی خەڵک) ھەبوو, واتە دەکرێت کەسێک ھەڵبژێردرێت بۆ نوێنەرایەتی کردنی کۆمەڵە خەڵکێک کە ھەمان بیر و بۆچوونیان ھەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا, ئەو (دەنگ)ە بە تەنھا ببیسترێت و پێویست بەوە ناکات بە گوێیان بکرێت, چونکە کۆتا بڕیار لە لای پادشایە. لە ئۆکتۆبەری ١٦٧٩ دا ھۆبس توشی نەخۆشیەکی سەخت دەبێت و لە دیسەمبەری ١٦٧٩ دا کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوە[دەستکاری]

ماڵپەڕی نووسین - تۆماس هۆبز

پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ Thomas Hobbes Biography. Notablebiographies.com. سەردان لە ڕێکەوتی 24 July 2009.