بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئاکار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئاکار یان ڕەفتار بریتییە لە بڕێ لە جووڵانەوەکان و کردەوەکانی گیانداران و سیستمە دەستکردەکان کە لە پێوەند لەگەڵ خۆیان یان ژینگەی دەوروبەریاندا سەر ھەڵدەدا و، لە بنەڕەتدا وەڵام یان کاردانەوەیەکە لە بەرامبەر تێخراو و بزوێنەرە جۆراوجۆرەکاندا و، ئەتوانێ دەرەکی بێ یا ناوەکی، ئاشکرا بێ یا شاراوە، وشیارانە بێ یا ناوشیار، خۆویست بێ یا خۆنەویست.[١]

ئاکاری مرۆڤ وا لەژێر کاریگەریی سیستمی دەماری و ئەو ھۆرمۆنانەی دەڕژێنە ناو خوێنییەوە. زیاتر بڕوا وایە کە ھەرچی سیستمی دەماریی ئۆرگانیزمێک ئاڵۆزتر بێ ئاکاریشی ئاڵۆزترە. بەگشتی، ئۆرگانیزمگەلێ وا سیستمی دەماریی ئاڵۆزتریان ھەیە تواناییشیان زۆرترە بۆ فێربوونی وەڵامگەلی نوێ و ڕێکوپێککردن و تازەکردنەوەی ئاکارەکانیان.

ئەو زانستەی ئاکاری گیانلەبەران تاوتوێ دەکاتەوە ئیتۆلۆژیی پێ دەوترێت.

ڕوونکردنەوەی ئاکار

[دەستکاری]

ئاکار بابەتی زانستی دەروونناسییە. یەکێ لە ئامانجەکانی دەروونناسی ڕوونکردنەوەی ئاکارە. کاتێ کەسێ کارێک دەکا، بەتایبەت ئەگەر لەناکاو بێ و بەتەمای نەبووبێتین، ئەغڵەب یەکەم پرسیارێ کە بە زەین دەگا ئەوەیە کە «ئاخۆ بۆچی؟» ئەگەر وەڵامی ئێمە بەم پرسیارە ڕازیمانی کرد، ئەوە دەڵێین ڕوونکردنەوەیەکمان لەبەردەستە بۆ ئەو ئاکارە. زۆر جار زیاتر لە یەک ڕێگا ھەیە بۆ ڕوونکردنەوەی ئاکار. لە دەروونناسیدا چەندین ڕوانگە ھەیە بۆ ڕوونکردنەوەی ئاکار:

  • ڕوانگەی فێربوون: دووەمین ڕوانگە بۆ ڕوونکردنەوەی ئاکار ئەوەیە کە پێی وایە ئاکار فێر دەکرێ و خووی پێ دەگیرێ. ئاکار بەرھەمی ئەزموونە. ئەم ڕوانگەیە بە ڕادەیەکی زۆر قەرزداری کاریگەرییەکانی جۆن لۆک (١٦٣٢ - ١٧٠٤) -ە، کە لەو باوەڕەدا بوو زەین لە وەختی لەدایکبووندا وەکوو پەڕەی سپی وایە. بەرەبەرە مرۆڤ فێری شتەکان دەبێ و بە گوێرەیان دەجووڵێتەوە.
  • ڕوانگەی سایکۆدینامیک: ئەم ڕوانگەیە لە ژێر کاریگەریی فرۆید و دەروونکۆڵییەکەی ئەودایە و دەڵێ کەسایەتیی ئینسان شەڕگەی ھێزە جۆراوجۆرەکانە. ھەوەسە کوتوپڕەکانی لەگەڵ بایەخە ئەخلاقییەکانیدا ناکۆک و ناتەبایە. ئەم ناکۆکی و ململانێیە دەبێتە دڵەڕاوکە و کزی و تووڕەیی. کاتێ بمانەوێ ئاکاری کەسێک کەوا لە ڕووی دەروونییەوە ناڕێک و شێواوە ڕوون بکەینەوە، ئەم ڕوانگەیە زۆر بەکەڵک دەبێ.
  • ڕوانگەی ناسکردی: ئەم ڕوانگەیە دەڵێ ھۆکاری سەرەکیی کردەوە یا کوڵوکۆی ھەر کەس دەگەڕێتەوە بۆ فکرەکان و باوەڕەکانی. بۆ وێنە، ھۆکاری ئەوەی کەسێ ھەست بە کزی و ژاکاوی دەکا ئەوەیە کە فکر و باوەڕی وایە کە «کەس منی خۆش ناوێ» یا «ھیچ شتێکی باش لە ژیانما نییە.»
  • ڕوانگەی ئۆمانیستیک: ئەم ڕوانگەیە دەڵێ ھەندێ لە ئاکارەکانی ئینسان ھەر ھیی ئینسانە و بەس. ئەگەر دەمانەوێ ئەم ئاکارانەمان بۆ ڕوون بێتەوە دەبێ ئەوە بزانین کە ئینسان خاوەنی ئیختیارە و بەرپرسی ژیانی خۆیەتی. ئەم ڕوانگەیە لە ئێگزیستانسیالیزمەوە سەرچاوەی گرتووە. بۆ وێنە دەوترێ ئینسان دەیەوێ خۆی وەدی بێنێ، یا بەردەوام دەیەوێ مانایەک بۆ ژیانی بدۆزێتەوە، کەوایە ھۆکاریی ھەرە دوایینی زۆرێ لە ئاکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ھەوڵی ئینسان بۆ خۆوەدیھێنان یا مانابەخشین بە ژیانی.
  • ڕوانگەی کولتووری-کۆمەڵایەتی: ئەم ڕوانگەیە وای دەبینێ کە ئاکاری مرۆڤ لە لایەن کۆمەڵگا و کولتوورەوە دیاریی دەکرێ. بۆ نموونە، کاتێ لە وڵاتێکا مێژوویەکی دوور و درێژ ھەیە لە کزی و خەمۆکی، ئەمە وا لە خەڵکی ئەو وڵاتە دەکا زۆرتر تووشیاری کێشەکانی مەیخواردنەوەی لەڕادەبەدەر و دڵەڕاوکێ بن.
  • ڕوانگەی تێکەڵبژێر: ژمارەیەکی زۆر کەم لە دەروونناسان ھەن کە شوێن تەنیا یەکێ لەم ڕوانگانە کەوتبێتن و ئەوانی تریان وەلاوە نابێ. تێکەڵبژێر ڕوانگەیەکە پێکھاتوو لە تێکەڵاوێک لەو ڕوانگانەی سەرەوە. زۆربەی ھەرە زۆری دەروونناسان خۆیان بە تێکەڵبژێر دەزانن.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Elizabeth A. Minton, Lynn R. Khale (2014). Belief Systems, Religion, and Behavioral Economics. New York: Business Expert Press LLC. ISBN 978-1-60649-704-3.
  2. Bruno، Frank J (١٤٠١). Psychology: A Self-Teaching Guide (بە فارسی). لەلایەن خالقی، محمد؛ سیداوی، محمد وەرگێڕدراوە. ارجمند. لاپەڕە ٢٤-٢٧.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)