ئەبوو سولەیمان یوونسی کاتب
ئەبوو سولەیمان یوونس | |
---|---|
مەرگ | ١٣٥ ی کۆچی مانگی |
نەتەوە | کورد |
پیشە | نووسەر، شاعیر، موسیقار |
دەبوو سولەیمان یوونسی کاتێب کوڕی سولەیمان کوری کورد کوری شەھریاری کوردی، نووسەر و شاعیر و موسیقارێکی گەورەی دەورانی خۆی بووە. بابی لە ناوچەیەکی کوردەوارییەوە بەرەوە شاری مەدینە باری کردووە و یونس لەوێ لە دایک بووە و خوێندنی تەواو کردووە و لە بواری نووسەری و شیعر و شاعیریدا ھەڵی داوە و ئیشی دەبیری دیوانی میری مەدینەی پێ سپێراوە. ھاوکات ژەندنی ساز و خوێندنی ئاوازی لە لای مامۆستایانی وەک (معبد) و (ابن محرز) خوێندووە و فێریان بووە. سەفەرێکی بۆ شام کردووە و وەلیدی کوڕی یەزید زۆری خۆشویستووە و کە بووەتە فەرمانڕەوا، لە مەدینە ھێناوییەتییە لای خۆی و تا ھەبووە لە پەنای خۆی ڕای گرتووە و کە کوژراوە،[١] یونس گەڕاوەتەوە مەدینە.
ئەبولفەرەجی ئەسفەھانی، خاوەنی کتێبی (الاغانی)، دەنوسێ: ((یونس دەنگی خۆش بوو، لە ھونەر و زانستی موسیقادا نوێکارییەکی تایبەت بەھۆی بە خۆی ھەبوو، شیعری جوانی دەھۆنییەوە و ڕاو بۆچوونی لە بواری مۆسیقادا جێی متمانەی ھەموان بووە، یەکەم کەسە دەزگاکانی مۆسیقای کردووەتە کتێب و ڕست و ڕێسای بۆ داناوە. ئەبولفەرەج کۆچی یەکجاری ئەبوسولەیمانی دەوری ساڵی ١٣٥ی کۆچی مانگی نووسیوە.[٢]
سەرچاوەکان
- مێژووی ناودارانی کورد: بابە شێخ مەردۆخ ڕۆحانی
- الاغانی، ابوالفرج اصفھانی، چاپی٦، بەرگی ٤، لاپەرە١١٣–١١٨،
- الاعلام، زرکلی، بەرگی ٩، لاپەڕەی ٣٤٤،
- تاریخ ادبیات ایران، جلال ھمایی، بەرگی ٢، لاپەڕەی ١١٩.
- تاریخ مشاھیر کرد، جلد اول: عرفا، علما، ادبا، شعرا