بەرچاوڕوونی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

بەرچاوڕوونی (شەفافیەت) وەک لە کلتوری ئادەمیزادا بەکاردەھێنرێت مانای کرانەوەیی و پەیوەندیکردن و لێپێچینەوە لەخۆوەدەگرێت. بەرچاوڕوونی بە مانا خوازەییەکەی ماناکەی لە زانستی فیزیادا ئەوەیە: مادەی "دیوەدەر" مادەی روون و شوشەییە کە دیوەکەی تری لێیەوە دیارە.

کاتێک سیستەمە دیموکراسیە لیبرالیەکانی وەک سیستەمی ئەمریکا یاخود فلیپین سیستەمەکانیان ھەنگاوێک بەرەو پێش دەبەن بەرچاوڕوونی وەک ئامرازێکی لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسە حکومیەکان و لەناوبردنی گەندەڵی بەکار دێنن. ھەر کاتێک کۆبوونەوە حکومیەکان بە رووی میدیا و جەماوەر کراوەبوون و، بوار بۆ ھەموو کەس فەراھەم بوو بە بودجەی حکومەت و کارنامە داراییەکانی دابچێتەەوە و، کاتێک یاسا و رێسا و بڕیارەکان جێگای گفتو گۆ لەسەرکردن ھەڵبگرن ، ئەوسا ئەو سیستەمانە بە سیستەمی شەفاف دەژمێردرێن و ھەلی کەمتر لەبەردەم حکومەت بۆ خراپی بەکارھێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی بەرپرسەکانی دەرەخسێ. ناکرێ بەرچاوڕوونی وەک پەیوەندیەکی تاک لایەنە بوونی ھەبێ. ئەگەر میدیا و جەماوەر ھەموو ئەو شتانەیان زانی کە لەسەر ھەموو ئاستەکانی حکومەت روو دەدەن، ئەوسا زۆر پرسیار و نارازیبوون و پێشنیار لە لایەن میدیاکان و جەماوەر دێنە ئاراوە. ئەوسا خەڵکانێک کە بایەخ بە پرسێکی دیاریکراو دەدەن ھەوڵی کارلێکردن لە بڕیارەکانی تایبەت بەو پرسە دەدەن. بەرچاوروونی بەشداریکردنێکی رۆژانە لە پرۆسەی سیاسی بە ھۆی میدیاکان و جەماوەر دەخوڵقێنی. سیستەمە مۆدێرنەکانی دیموکراسی لە سەر بناغەی ئەمجۆرە بەشداربوونەی خەڵک و میدیاکان بونیات دەنرێن. و ھەر کەسێکیش حەز بکات ئەوا چەند رێگەیەک ھەن بۆ کارلێکردن لە بڕیارەکان لەسەر ھەموو ئاستەکانی دەوڵەتدا.

ھەڵبژاردنەکان و ریفراندۆمەکان چیتر بە تاکە رێگە دانانرێن بۆ ئەوەی جەماوەر حوکمی خۆیانی پێبکەن. دیموکراسی بە بێ پچڕان کار دەکات و ھەڵبژاردنەکان لە سیستەمی دیموکراسیدا تەنھا بۆ ھێنانە کایەوەی گۆڕانی مەزن لە رەوتی سیاسەتدا بەکاردێن. لە کاتێکدا دەکرێ سیستەمی دیموکراسی لیبراڵ ببێتە حوکمی چینی دەوڵەمەندان (plutocracy)، کە تیایدا بڕیارەکان لە پشت دەرگا داخراوەکان وەردەگیرێن و بوارێکی زۆر کەم بۆ جەماوەر ھەیە کاریگەریان لەسەر نەخشەکێشانی سیاسەتەکاندا لە ماوەی نێوان ھەڵبژاردنەکاندا ھەبێ، ھەر بۆیە دیموکراسی بەشداربووانە (participatory) زیاتر بە ویستی جەماوەرەوە گرێدراوە. دیموکراسیی بەشداربووانە کە لەسەر بناغەی بەرچاوڕوونی و بەشداربوونی رۆژانە بونیات نراوە ماوەی چەندین دەیەیە بە شێوەیەکی رەسمی لە باکوری ئەوروپا بەکار دەھێنرێت و، بە رەسمی وەک ئامانجێکی نمونەیی بۆ دەوڵەتانی تری یەکێتی ئەورپا بەکار ھێنراوە. ھەرچەندە زۆر لە وڵاتانی جیھان شێوازی کۆنتری دیموکراسی یا حکومڕانیان ھەیە. رێوشوێنی بەرچاوروون و شەفاف کۆبونەوەی بە ئاشکرا و راگەیاندنەکانی لەبارەی رێکارە داراییەکانی حکومەت و یاسای ئازادی زانیاریەکان و پێداچونەوە و و ووردبینی بودجە و ...... ھتد دەگرێتەوە.

لە بوارەکانی سیاسەت و رەوشتناسی و کارزانیدا (بیزنس) و کارگێڕی و یاسا و ئابوری و کۆمەڵناسی و ....ھتد دیوەدەری پێچەوانەی نھێنیە. کار یا چاڵاکی ئەو کاتە شەفاف روون دەبێت ئەگەر ھەموو زانیاریەکان لەبارەیەوە بەردەست و ئاشکرا بن. ھەر بۆیە کە دادگاکان رێگە بە ھاوڵاتیان دەدەن لە دانیشتنەکانیان ئامادە بن و، کاتێ بەرز و نزمی نرخەکانی بۆرسەکان لە رۆژنامەکان بڵاو دەکرێنەوە ئەم پرۆسانە پێیان دەگوترێ بەرچاوروونی.

کاتێک دەسەڵاتی سەربازی پلانەکانی خۆیان بە نھێنی ناو دەبەن ئەوسا بەرچاوڕوونی بوونی نامێنێ. ئەم کارەش بە دوو دیوی پۆزەتیڤ و نیکەتیڤ سەیر دەکرێت. بەدیوی یەکەم چونکە ئاسایشی نەتەوەیی بە ھێز دەکات و، بە دیوی نیگەتیڤیش چونکە دەبێتە ھۆی نھێنیەتی و تەنانەت ھاتنە کایەوەی رژێمێکی سەربازی و دیکتاتۆری.

بۆ نمونە ھەندێ رێکخراو و تۆڕی وەک (Wikipedia و GNU و کۆمەڵەی Linux و Inymedia) پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە نەک تەنھا ئەو زانیاریانەی جێگەی بایەخی کۆمەڵگەن دابین و بەردەست بکرێن، بەڵکو دەبێ ھەموو (نزیکەی ھەموو) ئاستە شاراوەکانی رێکخستن و بڕیار دروستکردن ئاشکرا و راگەیەنراو بن. ئەمەش بە بەرچاوروونی رادیکاڵیانە ناودەبرێت.

  • بۆ پەرەپێدانی دیوەدەری لە سیاسەتدا ھانز پیتەر مارتن و پۆڵ ڤان بویتنن (ئەوروپای بەرچاوروونی و شەفاف) و ئاشلی مۆت بڕیاریان دا ھاوکاری یەکتری بکەن و دەستەی پلاتفۆرمی بەرچاوروونی (Platform for Transparency) یان دامەزراند لە ساڵی ٢٠٠٥دا.
  • رێکخراوێکی تری ھاوشێوە ھەیە کە پەرە بە بەرچاوروونی دەدات بە ناوی بەرچاوڕوونی نێودەوڵەتی (Transparency International).