ئەنفلۆنزای پەلەوەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئەنفلوەنزای پەلەوەرەوە ڕەوانە کراوە)

لەگەڵ بڵاوبوونەوە و باسکردنی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای باڵندە، زۆر پرسیار بە بیرمان دادێت. ئایا ئەم نەخۆشییە دەگوازرێتەوە لە باڵندەوە بۆ مرۆڤ؟ چۆن و بە چ ڕێگایەک؟ و پرسیاری ھەرە گرنگ مەترسی لە خواردنی گۆشتی مریشک ھەیە؟ ئایا نەخۆشییەکە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ لە کاتی خواردنی گۆشت یان ھێلکەی مریشگی تووشبوو؟ ژمارەی ئادەمیزادەکانی تووشبوو بە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە (H5N1) و وڵاتەکان تا ڕێکەوتی ١١ی ئازاری ٢٠٠٨. ئەم بابەتە وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر دەداتەوە. زانایان پێیان وایە لەناوبردنی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندەی کوشندە چەندەھا ساڵی دەوێت؛ و پێیان وایە زیانی گیانی زۆر زیاتر لە زیانەکانی نەخۆشی (سارس)ی لێ دەکەوێتەوە. ھەردوو ڕێکخراوی تەندروستی ئاژەڵ و ڕێکخراوی خواردەمەنی و کشتوکاڵێ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداریان داوە کە لە داھاتووی نزیک نەخۆشی ئەنفلەوەنزای باڵندە وەک مەترسی بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە ھەر دەمێنێتەوە. لە بەیانێکی بەیەکەوەی ئەو دوو ڕێکخراوە تێییدا ھاتووە کە ئەو ڤایرۆسەی دەبێتە ھۆی ئەو نەخۆشییە بەردەوامە لە بڵاو بوونەوە لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و ھانی حکوومەتەکان دەدات کە زیاتر بەکاری پێویست ھەڵسن بۆ بەرگریکردن؛ و (سامۆیڵ جۆتزی) بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان و دروستی ئاژەڵی ڕێکخراوی خواردەمەنی و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: ((لە بەرژەوەندی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان و دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەکانە کە وەبەرھێنان (استثمار) لە بواری کۆنتڕۆڵکردنی ئەنفلەوەنزای باڵندەدا بکرێت، چونکە مەترسییەکی بەردەوام ھەیە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە و ھیچ دەوڵەتێکیش کە باڵندە و پەلەوەری ھەبێت ناتوانێت چاوپۆشی و پشتگوێ خستن لەم بابەتە بکات.

ئەنفلەونزای باڵندە و ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە[دەستکاری]

ئەنفلەوەنزای باڵندە (Avian flu) پەتایەکی ڤایرۆسی درمی (معدی)یە لە بنەڕەتدا تووشی باڵندە دەبێت. ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە چەندین جۆری ھەیە و پۆلینی جۆرەکانی ئەم ڤایرۆسە دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەی پڕۆتینی (Hem agglutinin/H-Neuraminidase/N) H&N و لە جۆرەکانی ئەم ڤایرۆسە کە دەبێتە ھۆی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای باڵندە و ئادەمیزادیشی گرتووەتەوە و بووەتە ھۆی مردنی ئەمانەن:

  1. H1N1 ................... کە بووەتە ھۆی ئەنفلەوەنزای ئیسپانی.
  2. H2N2 ................... کە بووەتە ھۆی ئەنفلەوەنزای ئاسیایی.
  3. H3N2 ................... کە بووەتە ھۆی ئەنفلەوەنزای ھۆنگ کۆنگ.
  4. H5N1 ................... ئەم جۆرە لە کاتی ئێستادا پەتایە و مەترسی دارە دەبێتە ھۆی نەخۆشی ئەنفلەوەنزا
  5. H7N3-H7N2-H9N2-H7N7.

و باڵندەی کێوی ھەڵگری ئەم ڤایرۆسەیە و ھۆی سەرەکی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەیە بۆ پەلەوەری ماڵی.

مرۆڤ چۆن تووشی پەتای ئەنفلەوەنزای باڵندە دبێت؟[دەستکاری]

- مرۆڤ تووشی ئەم پەتایە دەبێت لە ڕێگای بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەلەوەر. - و بە بەرکەوتن بەو شوێن و مەوادانەی کە پیس بووە بە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا.

و ڤایرۆسەکە لە پەلەورەوە بەھۆی جیقنە و لیک دێتە دەرەوە و بەھۆی ھەواش دەگوازرێتەوە ھەروەھا لە گۆشتی باڵندەی سەربڕاو و سەربڕاو وبەستراو دا ھەی (چونکە پلە نزمەکانی گەرمی ژینگەیەکی لەبارن بۆ مانەوەی ڤایرۆسەکە لە ژیان؛ و ھێلکەش ناوەندێکی دیکەیە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە کە لەناو ھێلکەی پەلەوەری تووشبوودا ھەیە و ھەروەھا لەسەر ڕوکەشی دەرەوەی ھێلکە.

و بەشی زۆری تووشبوان لە ناو ئادەمیزاد بە پەتای ئەنفلەوەنزای باڵندە ئەوانە بوون کە لە لادێ یەکان پەلەوەر لە ماڵەوە یان لە نزیک ماڵەکانیان بەخێو دەکەن واتە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ یان بەرکەوتنی بەو شوێن و مەوادانەی کە پیس بووە بە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە؛ و ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٣ پزیشکێکی ڤێتێرنەری لە ھۆڵەندا بە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە جۆری (H7N7) گیانی لەدەست دا بەھۆی بەرکەوتنی ڕاستەخۆ بە ڤایرۆسەکە.

نیشانەکانی ئەم پەتایە[دەستکاری]

لە مرۆڤدا لە یەک چونێکی زۆر ھەیە لە نێوان نیشانەکانی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزای باڵندە و جۆرەکانی تری ئەنفلەوەنزای، لەوانەش تا (واتە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی) و کۆخە و ھەوکردنی قورگ و ئازار لە ماسولکەکان و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە گرفتی تەنگە نەفەسی و ھەوکردنی سییەکانیشی لێ دەکەوێتەوە؛ و بەھێزی تووشبوون بەم پەتایە دەگەڕێتەوە بۆ چۆنییەتی کۆئەندامی بەرگری لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر و تووشبوونی لەو ەوپێش؛ و نیشانەکانی ئەنفلەوەنزای باڵندە لەسەر پەلەوەر دەگەڕێتەوە بۆ تووشبوون لە ڤایرۆس بە ڕێژەیەکی نزم (Low pathogenic virus/LPV) کە تێیدا پەری پەلەوەر بڵاو دەبێت (فش دەبێت) و و بەرھەمھێنانی لە ھێلکە کەم دەبێتەوە بەڵام تووشبوون بە ڤاپیرۆس بەڕێژەیەکی بەرز (Highly pathogenic virus/HPV) کە زۆر مەترسی دار دەبێتە ھۆی: - ئەستوور بوونی سەر و پۆپیتەو قاچەکانی باڵندەکە - تەمبەڵی وکەم خواردن - دەرکەوتنی پەڵەی ڕەنگ ئەرخەوانی بەلای ڕەنگی شین لەسەر پۆپیتە - ھاتنە خوارەوەی چڵم لە کونە لووتەکانی - کەم بوونەوەی بەرھەمھێنانی ھێلکە و بەرھەمھێنانی ھێلکەی بێ پەڵکی دەرەوە و بە قەبارە و شێوە جیاواز. -پەتایەکە زۆر بە زووی بڵاو دەبێتەوە ودەبێتە ھۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لە پەلەوەر.

مەترسی پسپۆران چی یە لەم نەخۆشی یە؟[دەستکاری]

مەترسی ئەوە دەکرێت کە ئەو پەتایە بڵاو ببێتەوە وەک ئەوەی ڕووی دا لە ساڵی ١٩١٨–١٩١٩ کە پەتای ئەنفلەوەنزای ئیسپانی بووە ھۆی مردنی ٢٠–٤٠ ملیۆن کەس، و لە ساڵی ١٩٥٧ پەتای ئەنفلەوەنزای ئاسییەوی بووە ھۆی مردنی ٤ ملۆن کەس، و پەتای ئەنفلەوەنزای ھۆنگ کۆنگ لە ساڵی ١٩٦٨ بووە ھۆی مردنی یەک ملیۆن کەس.

و مەترسی ھەرە گەورەی پسپۆان ئەوەیە کە ئەم ڤایرۆسە واتە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە یەک بگرێت لەگەڵ یەکێک لە ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزای کە تووشی مرۆڤ دەبێت و پێکەوە جۆرێکی تازە لەو ڤایرۆسە دروست بێت کە لە مرۆڤێکەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێکی دی.

و ھەروەھا ئەگەری یەکگرتن ھەیە لە کاتی تووشبونی مرۆڤێکی نەخۆش بە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا بە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە؛ و گۆڕانی ئەنفلەوەنزا (H5N1) بە ڕێگای (Anti-gen Drift)یان بە ڕێگای (Anti-gen Sift) دەبێت.

و ھەرچەندە تووشبوون بە دوو جۆر ڤایرۆس زیاد بێت ئەگەری تریش یان دروستبوونی وێنەی تازەی ڤایرۆس زیاد دەبێت.

خۆپاراستن باشترین چارەسەرھ[دەستکاری]

بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لە ناو پەلەوە و پڕۆژەکانی پەلەوەر پێویستە:

  1. نەگەیشتنی باڵندە بۆ ناو ھۆڵەکان و شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەر ئەوەش بە کون بڕ کردن و تەلبەند کردنی پەنجەرەکان و نەکردنەوەی دەرگاکان تەنھا لە کاتی پێویست.
  2. بەخێونەکردنی دوو جۆر لە پەلەوەر لە یەک شوێن، بۆ ئەوەی زاوزێ نەبێت و جۆرە ڤایرۆسێکی تازە نەیەتە کایەوە؛ و ھەروەھا مراوی ماڵی زۆر مەترسی دارە چونکە دەتوانێ ڤایرۆسەکە ھەڵ بگرێ و بڵاوی بکاتەوە بێ ئەوەی نیشانەی نەخۆشی لێ دەرکەوێ.
  3. شاردنەوەی پەلەوەری مردوو یان پاشماوەی ھێلکە و فەرشەی پڕۆژەکان بە ژێر گڵ کردنیان لە قووڵایەکی باش لەژێر زەوی.
  4. نەھێنانی جوجکە و ھێلکە و ئالیک لەو وڵاتانەی کە ئەم پەتایەی لێ دەرکەوتووە.
  5. پاککردنەوەی ھۆڵەکان و شوێنەکانی پەلەوەر بە مادە پاککەرەوە بەھێزەکان.
  6. پەیڕەوکردنی یاسا و ڕێساکان و ڕێنمایییە بەیتەری و ھونەرییەکان
  7. ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندی دارەکان لە کاتی ڕودانی مردنی زۆری پەلەوەر و ھەر نائاسایییەک.

خۆپاراستنی ئادەمیزاد لەم پەتایە[دەستکاری]

١- خواردنی گۆشتی مریشک و پەلەوەر:

ھیچ بەڵگەیەک نییە کە کەس تووشی ئەم پەتایە بوبێت لە ڕێگای خواردنی گۆشتی مریشک.

خواردنی گۆشتی مریشک ھیچ مەترسی دارنییە بە مەرجێک گۆشتەکە جوان بکوڵینرێت یان ببرژێت چونکە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە تەنانەت جۆی (H5N1) کە ھۆکاری سەرەکی پەتای ئەنفلەوەنزای باڵندەیە جۆری (أ)ە زۆر ھەستیارە بە گەرما و لە پلەکانی گەرمای ٧٠س و بەسەرەوە ئەم ڤایرۆسە دەمرێت، ھەر گۆشتێک پلەی گەرمی گەیشتبێتە پلەی کوڵان ھیچ مەترسی لێ ناکرێت.

لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەین و ئاگاداری ئەوە بین کە لە کاتی کوڵان یان برژاندنی گۆشتی مریشک ھەموو جێگایەکی گۆشتەکە بگاتە ئەم پلەیە بەتایبەتی لە کاتی برژانی یان سوورکردنەوەی مریشکی ساغ دەبێت ناوەوەی گۆشتەکە باش سووربوبێتەوە.

٢- ھەڵگرتن و ئامادەکردنی گۆشتی مریشک:

لەکاتی ھەڵگرتن و ئامادەکردن و وردکردنی گۆشتی مریشک دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:

· شوشتنەوەی دەست بە جوانی بە مادەی پاک کەرەوە و صابون و ھێشتنەوەی کەفەکە بەلای کەمی بۆ ماوەی ٢٠ چرکە و جوانشوشتنی کەلێنی پەنجەکان و ژێر نینۆک زۆر پێویستە.

· شوشتنەوەی جێگای وردکردن و چوقۆ و ھەموو ئەو جێگا و شتانەی کە گۆشتەکە بەری کەوتووە بە تایت و مەوادی پاک کەرەوە بە شێوەیەکی زۆر باش و بە ئاوی گەرم.

٣-مامەڵە کردن لەگەڵ پەلەوەر و باڵندەی زیندوو:

وا چاکە بە ھیچ جۆرێک لە ماڵ و شوێنە گشتییەکان و سەر شەقام و کۆڵان و تەنانەت لە لادێیەکانیش مریشک و مراوی و قاز و پەلەوەر و باڵندە ماڵییەکان بەخێونەکرێت و مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و سەر نەبڕێت. شوێنی بەخێوکردنی مریشکی پڕۆژەکانی پەلەوەر و شوێنی سەربڕینی مریشک تەنھا سەربڕخانە و بەخێوکرد و سەربڕین دەبێ لەژێر چاوەدێری بەیتەری و لایەنە پەیوەندی دارەکان بێت.

٤-مامەڵەکردن لەگەڵ ھێلکە:

ھێلکە ناوەندێکی تری گواستنەوەی ڤایرۆسی ئەم پەتایە. بۆیە پێویستە.

· ھێلکە کە گەیشتە ماڵەوە زۆر بە باشی بە ئاو و تایت بشۆرێتەوە.

· کوڵانی ھێلکە بە تەواوی و سوورکردنەوەی ھێلکە لە ناو ڕۆن زۆر بە چاکی و نابێ بە ھیچ جۆرێک ھێلکەی دەڵەمە بخۆین.

٥-مامەڵەکردن لەگەڵ پەلەوەر و باڵندەی مردوو:

دەبێت پەلەوەر و باڵندە مردوو لەژێر گڵ و لە قووڵایەکی باش بشاردرێتەوە و ژێر گڵ بخرێت و منداڵان ڕێنمایی بکرێن کە لە کۆڵان و شەقام و سەر ڕێگا و سەر ڕێگای قوتابخانە دەست نەدەنە پەلەوەر و باڵندەی زیندوو یان مردوو. ئاگادارکردنەوەی بەیتەرە و لایەنە پەیوەندی دارەکان لە کاتی ھەر نائاسایییەک وەک مردنی نائاسایی پەلەوەر و باڵندە ماڵییەکان و کێویەکان.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

کشتوکاڵ بۆ کورد