ئەزموونی دینی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەزموونی دینی یا ئەزموونی عیرفانی یا ئەزموونی مەعنەوی جۆرێک ئەزموونە کە تێیدا مرۆڤ وا ھەست دەکا لەگەڵ بابەتێکی پیرۆز و موبارەکدا پەیوەندیی گرتووە. لەوانەیە ئەم جۆرە ئەزموونە تا ڕادەیەک ئاسایی و دنیایی بێ؛ وەک ئەو کاتە کە کەسێ ھەست بە سەرسووکی و حەسانەوە دەکا و پێی وایە کە خوا ئەو ھەستەی پێ بەخشیوە، یا وەک ئەو کاتە کە کەسێ چووەتە ناو خەلسەوە و، لەو باوەڕەدایە کە ئەم خەلسەیە ئەو بە خوا نزیکتر دەکاتەوە. پرسیارە فەلسەفییەکان دەرھەق بەم جۆرە ئەزموونانە زۆرن، بۆ نموونە، ئایا دەکرێ ئەم ئەزموونانە وەکوو بەڵگەی بەبڕست بە کار بگیرێن؟ ئایا نیشانەی ھەبوونی خوان؟ چۆن دەبێ ئەم ئەزموونانە ھەڵبسەنگێنرێن؟

سەلماندنی ئەوەی کە ئەزموونە دینییەکان بەڕاستی مرۆڤ بە بابەتی خوایی و پیرۆزەوە پەیوەند دەدەن ئاسان نییە. یەکەم لەبەر ئەوەی کە، لەوانەیە بتوانرێ ئەو ئەزموونانە بە شێوەی زانستی و سروشتی ڕوون بکرێنەوە. بەرەوپێشچوونی زانست خەڵکی لەوە دوودڵ کردووە کە خوا دەست وەربداتە ناو کاروباری جیھانی سروشتی و، زۆرێک ئیتر باوەڕیان بە موعجیزە نەماوە. کەسێ کە لە بارودۆخی سترێس و گوشاری دەروونیی زۆردایە و، لە ناکاو ھەست بە شەپۆلێکی حەسانەوە لە خۆیا دەکا، ڕەنگە لە حاڵی ئەزموونکردنی کاردانەوەیەکی سروشتیی مێشکیدایە و، ئەمە فەقەت میکانیزمێ بێ کە یارمەتیی بدات کێشەکەی چارەسەر بکا. دووەمیش لەبەر ئەوەی کە، ئەوەندە جیاوازی زۆرە لە نێوان ئەم جۆرە ئەزموونانەدا کە بەئاسانی ناتوانرێ ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە بۆچی و چۆن ئەم ئەزموونانە لە لایەن واقیعێکی خوایی و ئیلاھیی تاقانەوە بەدی دێن و، لە ئاکامدا، دەکرێ بوترێ سەرچاوەی وەھا ئەزموونگەلێک تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ زەینی ئەو کەسانەی وەھا ئەزموونگەلێکیان ھەیە.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ون اراگون, ریموند (1399). اصطلاحات کلیدی در فلسفە دین (بە فارسی). Translated by احمدی زادە, حسن. انتشارات علمی و فرھنگی. p. 146.