ئەرکان شەریف
ئەرکان شەریف | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٦٧ |
مەرگ | ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ (تیرۆر) |
ھۆکاری مەرگ | کوشتن |
نەتەوە | کورد |
پیشە | وێنەگر و کامێرامانی کوردستان تیڤی |
مناڵ(ەکان) | سێ منداڵ |
ئەرکان شەریف فەتحوڵڵا (١٩٦٧ لە داقووق - ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە داقووق) وێنەگر و کامێرامانی کوردی باشووری کوردستان بوو کە بۆ تەلەڤیزیۆنی کوردستان تیڤی کار دەکرد و ھاوکات بە ھەڵمەتی ھێزەکانی عێراق بۆ سەر کەرکووک لە ماڵی خۆیدا لەلایەن کەسانێکی نەناسراو کوژرا.
ژیان
[دەستکاری]ئەرکان شەریف لە ساڵی ١٩٦٧ لە دایک بوو. دەرچووی کۆلێژی پەروەردە بوو. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە وەکوو کامێرامان بۆ کەناڵی کوردستان تیڤی لە کەرکووک کاری دەکرد. ئەو خێزاندار بوو و سێ منداڵی ھەبوو.[١] بە دوای داگیرکردنی کەرکوک و دەوروبەری لەلایەن حەشدی شەعبیەوە وەک زۆربەی خەڵکی کەرکوک ئاوارە بوو. لە سەرەتادا چوو بۆ سلێمانی، بەڵام بە وتای کوردستان تیڤی بەدوای ماوەیەک ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ سەر وەزیفەکەی خۆی کە بەڕیوەبەری قوتابخانەیەک بوو لە گوندی ھەفتەغار.[٢]
لە کاتی ھەڵمەتی سوپای عێراق بۆ سەر کەرکووک بۆ داگیرکردنی پارێزگای کەرکووک لە دەست حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە دەوروبەری کاژێری ١ی شەو لەنێو ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی خۆرسی قەزای داقووقی باشووری کەرکووکدا لەلایەن نزیکەی ٦ کەسێکی دەمامکدار بە جلوبەرگی سەربازییەوە بە چەقۆ تیرۆرکرا و کوژرا.[١] سەرەتا ئەو چەکدارانە کارەبای ماڵەکەیان بڕیوە و دواتر چونەتە ژورەوەو بەلای کەمەوە ١٠ جار بە چەقۆ لێیانداوە و کوشتوویانە. بە وتەی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ چەکدارەکان بە تورکمانی قسەیان لەگەڵ یەکدی کردووە و نزیکەی ٢٥ ھەزار دۆلار و ھەندێک زێڕیشیان لە ماڵەکە بردووە.[٣]
ئەو کوشتنە لە بارودۆخێک ڕوویداوە کە لە رۆژی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ەوە ھیچ ھێزێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە داقوق نەمابوو و حەشدی شەعبی داقوق و دەوروبەری کۆنترۆڵ دەکرد و ھێزێکی پۆلیس و چەند ھێزێکی دیکەی چەکداریش لە ناوچەکەدا بوون.[٣]
دەنگدانەوەکان
[دەستکاری]رێکخراوەکانی «ئای ئێم ئێس»، «سی دی ئۆ» و «سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان» ئێوارەی پێنجشەممە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ ھاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیھانی کۆتایھێنان بە دیاردەی دەرباز بوون لە سزا و ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت، دژی تیرۆرکردنی ئەرکان شەریف لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا[٤] و ھەروەھا بە بڵاوکردنی ڕاگەیەنراوێک ئاماژەیان بە کوژرانی سێ رۆژنامەنووس لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا کردی و وتیان ھەواڵی کوژرانی ئەرکان شەریف و ئەوەی کە ڕووداوەکە لە داقووقی نزیکی شاری کەرکووک ڕوویداوە تووشی شۆکی کردین.[٥]
«سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان» ھەروەھا لە راگەیەندراوێکی دیکەدا، کوژرانی ئەرکان شەریفی سەرکۆنە کرد و داوا لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ کردی، تیمەکانیان بنێرنە ناوچەکانی کەرکووک تا بە چاوی خۆیان قەبارەی ئەو تاوانانە ببینن، کە میلیشیاکان و سوپای عێراق بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدەن.[٦]
رێکخراوی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە کوشتنی ئەرکان شەریف راگەیێندراوێک بڵاوکردەوە و بەڕێوەبەری لقی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوەکەش بە پێویستی زانی کە حکومەتی عێراق بە بەڵگەی ڕاستەقینە ڕوونیبکاتەوە کە کێ لە کوشتنی ئەو رۆژنامەنوسە کوردە بەرپرس بووە.[٣]
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە دەربڕینی ڕاگەیانراوێک ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سپای پاسدارانی ئێرانی بە بەرپرشی کوشتنی ئەرکان شەریف زانی و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و ھاوڕێ و ھاوپێشەکانی لە کوردستان تیڤی کرد.[٧]
مەسعوود بارزانی سەرکی پێشووی ھەرێمی کوردستان بە دەربڕینی پەیامێک وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەرکان شەریف و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ستاڤی کوردستان تی ڤی، لەو کوشتنەو وەکوو نموونەیەکی زۆر ڕوون لە ئەو فەرھەنگە شۆڤینیە ناو برد کە بە ناحەق و بە زۆری چەک خۆی بەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمدا سەپاندووە و ھەروەھا بێ ئەوەی کە ناو لە حەشدی شەعبی، سوپای عێراق و سوپای پاسدارانی ئێران ببات، بەرپرسیارێتیی کوشتنی ئەرکان شەریف و ئازاردانی خەڵکی ئەو ناوچانە لەسەر شانی ئەو ھێزانە زانی کە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە.[٨]
ڕۆژی یەکشەممە رێککەوتی ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بەشی راگەیاندنی کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەددین، بۆ چلەی ماتەمینی ئەرکان شەریف مەراسیمێک بە ئامادەبوونی خانەوادە و کەسوکاری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی و مامۆستا و قوتابیانی زانکۆ سازکرد.[٩]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا کوردیپێدیا: ئەرکان شەریف، نووسراو لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٤.
- ^ سەنتەری میترۆ: لەسەر شهھیدکردنی ئەرکان شەریف کوردستان تیڤی ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە، نووسراو لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٤.
- ^ ئ ا ب سەنتەری میترۆ: ھیومەن ڕایتس وۆچ داوای لێکۆڵینەوە لە کوشتنی رۆژنامەنوس ئەرکان شەریف دەکات، نووسراو لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٤.
- ^ گوڵان: سلێمانی... دژی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس ئەرکان شەریف گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام درا، نووسراو لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٤.
- ^ وشە: داوای لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی ئەرکان شەریف دەکرێت، نووسراو لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٤.
- ^ کوردستان تیڤی: سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا شەھیدکردنی ئەرکان شەریف سەرکۆنە دەکات، نووسراو لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٤.
- ^ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران: شەھیدکرانی ئەرکان شەریف رۆژنامەنووس و وێنەگری کوردستان تیوی مەحکوم دەکەین، نووسراو لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٤.
- ^ کوردستان تیڤی: سەرۆک بارزانی: شەھیدکردنی ئەرکان شەریف نموونەی فەرھەنگی شۆفێنی و خۆسەپێنییە، نووسراو لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٤.
- ^ زانکۆی سەلاحەددین-ھەولێر: چلەی ماتەمینی رۆژنامەنووس شەھید ئەرکان شەریف لە زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو، نووسراو لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٤.