ئیسلام کەریمۆڤ
| ئیسلام کەریمۆڤ Ислом Каримов Islom Karimov | |
|---|---|
| کەریمۆڤ لە حوزەیرانی ٢٠١٦ | |
| یەکەمین سەرۆککۆماری ئۆزبەکستان | |
| لە پۆستدا بووە ١ی ئەیلوولی ١٩٩١ – ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦ | |
| سەرۆک وەزیران | عەبدولھاشم مووتالۆڤ (١٩٩٢–١٩٩٥) ئۆتکیر سوڵتانۆڤ (١٩٩٥–٢٠٠٣) شەوکەت میرزیایێڤ (٢٠٠٣–٢٠١٦) |
| جێگری سەرۆک | شوکروڵڵا میرسەعیدۆڤ (١٩٩٠–١٩٩٢) |
| پێشینە | پۆستەکە دامەزرا |
| پاشینە | نیعمەتوڵڵا یوولداشێڤ (کاتی) شەوکەت میرزیایێڤ |
| سەرۆککۆماری کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئۆزبەکستان | |
| لە پۆستدا بووە ٢٤ی ئازاری ١٩٩٠ – ١ی ئەیلوولی ١٩٩١ | |
| پێشینە | پۆستەکە دامەزرا |
| پاشینە | پۆستەکە ھەڵوەشایەوە |
| سکرتێری یەکەمی پارتی کۆمۆنیستی ئۆزبەکستان | |
| لە پۆستدا بووە ٢٣ی حوزەیرانی ١٩٨٩ – ١ی ئەیلوولی ١٩٩١ | |
| پێشینە | ڕەفیق نیشانۆڤ (١٩٨٨–١٩٨٩) |
| پاشینە | پۆستەکە ھەڵوەشایەوە |
| وردەکاریی تاکەکەسی | |
| لەدایکبوون | ئیسلام عەبدولغەنیێڤیچ کەریمۆڤ ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٣٨ سەمەرقەند، کۆماری سۆسیالیستی ئۆزبەکستان، سۆڤیەت |
| مردن | ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦ (٧٨ ساڵ ژیاوە) تاشکەند، ئۆزبەکستان |
| پارتی سیاسی | پارتی کۆمۆنیستی ئۆزبەکستان (پێش ١٩٩١) پارتی دیموکراتی گەل (١٩٩١–٢٠٠٦) پارتی لیبرال دیموکرات (٢٠٠٦–٢٠١٦) |
| ھاوسەر(ەکان) | نانالیا کووچمی (ھ. ١٩٦٤؛ ج. نزیکەی ١٩٦٦) تاتیانا کەریمۆڤا (ھ. ١٩٦٧؛ مردنی کەریمۆڤ لە ٢٠١٦) |
| منداڵ(ەکان) | |

ئیسلام عەبدولغەنیێڤیچ کەریمۆڤ (بە ئۆزبەکی: Islom Abdugʻaniyevich Karimov / Ислом Абдуғаниевич Каримов، بە ڕووسی: Ислам Абдуганиевич Каримов؛ ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٣٨ – ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦) سیاسەتوانێکی ئۆزبەک و یەکەمین سەرۆککۆماری ئۆزبەکستان بوو کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە ھەتا کاتی مردنی لە ٢٠١٦ پۆستی سەرۆکایەتیی پێبوو. لە ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦، کەریمۆڤ بەھۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لەدەستدا و کۆتایی بە ٢٥ ساڵ دەسەڵاتدارییەکەی ھات.[١]
کەریمۆڤ حوکمڕانی ڕژێمێکی تاکڕەوی سەرکوتکەری لە ئۆزبەکستان دەکرد کە تێیدا نەیارانی سیاسی تیرۆر کران، مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکران و ناڕەزایەتییەکان قەدەغە کرابوون. ھەرچەندە سزای لەسێدارەدان لە ساڵی ١٩٩٨دا ھەڵوەشایەوە.[٢][٣][٤]
سەرۆکایەتی
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٩٥دا، کەریمۆڤ لە ڕێگەی ڕاپرسییەکی گشتییەوە بۆ جاری دووەم بە سەرۆک ھەڵبژێردرایەوە، کە ئەمەش ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە. لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠دا بۆ جاری سێیەم ھەڵبژێردرایەوە و ڕێژەی ٩١٫٩٪ی دەنگەکانی بەدەستھێنا. ئەم ھەڵبژاردنە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بە «نە ئازاد و نە دادپەروەرانە» وەسف کرا و ڕایان گەیاند کە «دەرفەتێکی یەکسان بۆ دەنگدەرانی ئۆزبەکستان نەڕەخساوە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی ڕاستەقینە». عەبدولحافز جەلالۆڤ، تاکە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، دان بەوەدا نا کە بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنەکەدا تەنھا بۆ ئەوە بووە کە دیموکراسی دەرکەوێت و بە ئاشکرا ڕای گەیاند کە دەنگی بە کەریمۆڤ داوە.
بەڵام، دوای ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوول، بۆچوونی ڕەخنەگرانەی ئەمریکا بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕا. کەریمۆڤ وەک ھاوپەیمانێکی ستراتیژی لە گرووپی دەوڵەتە ھاوپەیمانەکان بۆ لەناوبردنی تیرۆر سەیر دەکرا و زۆرێک لە تواناکانی وڵاتەکەی بۆ شەڕی ئەفغانستان تەرخان کرد. ویلایەتە یەکگرتووەکان بنکەی سەربازیی کارشی-خانئابادی لەسەر خاکی ئۆزبەکستان دامەزراند، کە لەوێوە سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەکرد.
ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕەخنەی لەم ھاوپەیمانییە گرت و ڕای گەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئۆزبەکستان دەکات لە بەرامبەر خزمەتەکانی ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی تیرۆردا. پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات تێکچوو کاتێک ئەمریکا ڕەخنەی لە حکوومەتی ئۆزبەکستان گرت بەھۆی مامەڵە خوێناوییەکەی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئەندیجان. لە وەڵامدا، حکوومەتی ئۆزبەکستان داوای چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکەی ئەمریکای کرد و لە تەممووزی ٢٠٠٥دا، ھێزەکانی ئەمریکا بنکەی کارشی-خانئابادیان چۆڵ کرد.
لە ئاستی ناوخۆییدا، کەریمۆڤ شەڕی دژی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان ڕاگەیاند، لەوانە بزووتنەوەی ئیسلامیی ئۆزبەکستان و حیزبی تەحریر و ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی تر و بە «تیرۆریست» وەسفی کردن. لە ھەمان کاتدا، سەرکردەکانی ئەم گرووپانە، وەک تۆھیر یۆڵدۆش و جومعە نەمەنگانی، بە غیابی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا. نەمەنگانی لە ساڵی ٢٠٠١ لە ئەفغانستان کوژرا و یۆڵدۆش لە ئابی ٢٠٠٩ لە ھێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا. کەریمۆڤ ئەم سەرکوتکردنەی ئیسلامییەکانی بە «بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر» ناوبرد. لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٤، حکوومەتی ئۆزبەکستان زیاتر لە ٧٠٠٠ ئیسلامی دەستگیرکرد و ئیمامەکانی مزگەوتەکانی وەک محەممەد ڕەجەبی سەرکوت کرد، کە لە سەرەتای نەوەدەکاندا داوای سیستمێکی دیموکراسیی کراوەتری دەکرد.
کەریمۆڤ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧دا ھەوڵی بۆ خولێکی تر دا. لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٧دا، پاڵاوتنی پارتی لیبراڵ دیموکراتی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی قبوڵ کرد. ھەڵبژاردن لە ٢٣ی کانوونی یەکەم بەڕێوەچوو و ئەنجامە سەرەتایییەکان دەریان خست کە کەریمۆڤ بە ڕێژەی ٨٨٫١٪ی دەنگەکان براوە بووە، بە ڕێژەی بەشداریکردنی ٩٠٫٦٪. چەندین ڕێکخراوی لایەنگری ڕژێم، وەک ڕێکخراوی ھاریکاریی شەنگەھای و کۆمۆنوێڵتی دەوڵەتە سەربەخۆکان، چاودێریی ھەڵبژاردنەکەیان کرد و ھەڵسەنگاندنی ئەرێنییان بۆ کرد؛ بەڵام، چاودێرانی ڕێکخراوی ئاسایش و ھاریکاری لە ئەورووپا بە توندی ڕەخنەیان لە ھەڵبژاردنەکە گرت و ڕایان گەیاند کە دەرفەتی ھەڵبژاردنی ڕاستەقینەی بۆ دەنگدەری ئۆزبەکستانی تێدا نەبووە. لەکاتێکدا چاودێرانی تر ھەڵبژاردنەکەیان بە «شانۆگەرییەکی سیاسی» وەسف کرد، چونکە سێ ڕکابەرەکەی لە ھەڵمەتەکانیاندا پشتیوانییان لێکردبوو.
مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەری
[دەستکاری]ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان بەردەوام ڕەخنەیان لە ڕژێمی ئۆزبەکستان گرتووە بەھۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری. کرەیگ مورای، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئۆزبەکستان (٢٠٠٢–٢٠٠٤)، یەکێک بوو لە شایەتحاڵەکان و لە یاداشتەکانیدا بە ناوی «کوشتن لە سەمەرقەند» باسی لە گەندەڵیی دارایی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کردووە، ھەروەھا جۆرێکی دڕندانەی ئەشکەنجەی وەسف کردووە کە بریتی بووە لە «کوڵاندنی خەڵک تا مردن».[٥]
نەتەوە یەکگرتووەکان سیاسەتی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی دژ بە نەیارانی ڕژێمی بە «سیاسەتێکی سیستماتیک و بەردەوام» لە وڵاتەکەدا وەسف کردووە. بۆ چەندین ساڵ، گۆڤاری «پەرەید» کەریمۆڤی وەک یەکێک لە خراپترین دیکتاتۆرەکان ناوبرد، بە ئاماژەدان بە سیاسەتەکانی ئەشکەنجەدان، سانسۆرکردنی میدیا و ساختەکردنی ھەڵبژاردنەکان.[٦]
دوای مردنی، ستیڤ سوێردلۆ، توێژەر لە بەشی ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، وتی: «ئیسلام کەریمۆڤ میراتێکی لە سەرکوتی دڕندانە بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک بەجێھێشت. کەریمۆڤ بە ترس حوکمی دەکرد و سیستمێکی دروست کرد کە لەسەر خراپترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام بوو: ئەشکەنجەدان، ونکردنی زۆرەملێ و سەرکوتی سیستماتیکی ئۆپۆزسیۆن. ئەگەر یەک ڕووداو ھەبێت لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا بۆ یادکردنەوەی کەریمۆڤ، ئەوا کۆمەڵکوژییەکەی ئەندیجان دەبێت.»[٧]
ژیانی تایبەتی
[دەستکاری]کەریمۆڤ ھاوسەرگیری لەگەڵ تاتیانا کەریمۆڤا کردووە، کە شارەزایەکی ئابوورییە و دوو کچ و سێ نەوەیان ھەیە. کچە گەورەکەی، گوڵنارە کەریمۆڤا، وەک ڕاوێژکاری باڵیۆزی ئۆزبەکستان لە ڕووسیا کاری کردووە. لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، کەریمۆڤ ئیمپراتۆرییەتێکی بازرگانیی بەرفراوانی دامەزراند، کە گەورەترین کۆمپانیای مۆبایل لە وڵاتەکە و زنجیرەیەک یانەی شەوانە و کارگەی چیمەنتۆی لەخۆگرتبوو.
کچە بچووکەکەی، لۆلا، بە ڕۆڵی لە برەودان بە وەرزش و پەروەردە و بەرگریکردن لە مافەکانی منداڵان ناسراوە. چەندین ڕێکخراوی خێرخوازیی دامەزراندووە، لەوانە ڕێکخراوی «تۆ بە تەنھا نیت» و کۆمەڵەی کۆماری بۆ یارمەتیدانی ھەتیوان. ھەروەھا ھەوڵێکی زۆر دەدات بۆ پشتیوانیکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.[٨][٩][١٠]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «Islam Karimov: Uzbekistan president's death confirmed». BBC. ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦. لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦ ھێنراوە.
- ↑ Schenkkan، Nate. «Islam Karimov and the Dictator's Playbook». Foreign Policy (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٣ی تەممووزی ٢٠٢١ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی تەممووزی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ↑ «Uzbekistan plunged into uncertainty by death of dictator Islam Karimov». the Guardian (بە ئینگلیزی). ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦. لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی تەممووزی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ↑ «Uzbek Leader Islam Karimov Was A Dictator In The Classic Mould». Sky News (بە ئینگلیزی). لە ٩ی تەممووزی ٢٠٢١ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی تەممووزی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ↑ https://web.archive.org/web/20200105145304/https://books.google.com/books?id=4GJO3XfjPO4C&dq=avazov%20alimov%20boiled&pg=PT281
- ↑ https://web.archive.org/web/20110606182504/http://www.parade.com/articles/editions/2007/edition_02-11-2007/Dictators
- ↑ https://web.archive.org/web/20160904131040/https://www.hrw.org/ar/news/2016/09/02/293692
- ↑ https://web.archive.org/web/20171201045314/https://www.theguardian.com/world/2015/mar/24/gulnara-uzbekistan-daughter-corruption
- ↑ https://web.archive.org/web/20170204213056/https://www.theguardian.com/world/2014/sep/08/uzbekistan-gulnara-karimova-faces-corruption-charges
- ↑ https://web.archive.org/web/20180315181804/http://www.lolakarimova.com/home/