بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئاراس فەریق زەینەڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئاراس فەریق زەینەڵ (لەدایکبووی ١٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢) لە ئابی ٢٠٢٤ەوە وەکو سەرۆکی زانکۆی گەرمیان کاردەکات، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بووە بۆ کاروباری خوێندکاران (٢٠٠٩-٢٠١٩) و ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە مێژوو.

ژیانی زانستی

[دەستکاری]

ئاراس فەریق لە قەزای کفری لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەو شارە تەواوکردووە. پاشان چوونەتە قەزای کەلار و خوێندنی ئامادەیی لەوێ تەواو دەکات.

بۆ خوێندنی بەرایی زانکۆ چووەتە بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین/ھەولێر، ساڵی ١٩٩٥ خوێندنی بەرایی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠١ بۆ بڕوانامەی ماستەر چووەتە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی ماستەری لە مێژووی ئیسلام بەدەستھێناوە، لەگەڵ وەرگیرانی لەخوێندنی باڵا نازناوی مامۆستای یاریدەدەری پێبەخشراوە و لە ١٨ی شوباتی ٢٠٠٤ بەرزکراوەتەوە بۆ مامۆستا.

بۆ خوێندنی دکتۆرا لە ھەمان کۆلێژی زانکۆی سلێمانی وەرگیراوە و لە ١٨ی ئازاری ٢٠٠٨ بڕوانامەی دکتۆرای لەمێژووی ئیسلام بەدەستھێناوە، ئێستا ھەڵگری نازناوی پڕۆفیسۆرە.

ساڵی ٢٠٠٥ وەکو ئەندامی لیژنەی زانستی پەرتووکی (مێژووی کۆن) دیاریکراوە، کە بەشێک بووە لەخوێندنی قۆناغی ناوەندی. لە نوێکردنەوەی قۆناغی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە، ئەندامی لیژنەی زانستی بەشی مێژووی پەرتووکی (بابەتە کۆمەڵایەتیەکان)ی قۆناغی ھەشتی بنەڕەتی بووە.

ئاراس فەریق بەشداربووە لە کۆنفرانسی زانستیی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٤ و کۆنفرانسی یەکەمی خوێندنی باڵا لە ساڵی ٢٠٠٦.

لە گۆڤارە زانستییەکانی ھەرێم و عێراق خاوەنی چەند توێژینەوەیەکە و چەند بەرھەمێکی چاپکراوی ھەیە.

بەرھەمە چاپکراوەکان

[دەستکاری]
  • مێژووی جەنگە خاچییەکان، ٢٠١١.
  • دیبلۆماسییەتی کورد لە سەردەمی بوەیھیییەکاندا (٣٣٤-٤٤٧ی کۆچی/ ٩٤٥-١٠٥٥ی زاینی)، ٢٠١٢ (دکتۆرانامە).
  • مێژووی ئەمریکا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، چاپی دووەم، ٢٠١١.
  • جەنگی دەروونی، ٢٠٠٨.
  • سەرنجێک لەمێژووی دیبلۆماسیەت، ٢٠١٢.
  • ئۆباما و پرسە ھەستیارەکان، ٢٠١٠
  • جەنگی دەروونی لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبیدا.[١]
  • ڕاگەیاندنی دەروونی.
  • کورتەیەک لە مێژووی کۆنی ئێران.
  • سەڵاحەدینی ئەیوبی و بەرگری لە جیھانی ئیسلامی.
  • سەرۆکەکانی ئەمریکا لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ (بەرھەمی چاپنەکراو).

ژیانی کارگێڕی

[دەستکاری]

پاش تەواوکردنی خوێندنی بەرایی زانکۆ و لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٩٥، ئاراس فەریق وەکو مامۆستا لە ئامادەیی بەمۆ لە پێباز وەکو مامۆستا دامەزراوە، دواتر بووەتە یاریدەدەر و پاشان بەڕێوەبەر.

لەگەڵ وەرگیرانی لەخوێندنی باڵا لە ساڵی ٢٠٠١، ڕاژەکەی گواستووەتەوە بۆ زانکۆی سلێمانی. لە ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە بڕیاردەری بەشی مێژوو، لە ساڵی ٢٠٠٧ بووەتە یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان.

لە ساڵی ٢٠٠٩، ئاراس فەریق وەکو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران لە زانکۆی سلێمانی دەستبەکاربووە و تا ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام بووە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ بەشەکەی وەکو مامۆستا.

لە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پایەی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و ھەڵەبجە کردەوە،[٢] بە فەرمانی وەزاری ژمارە ١٦٨٦ لە ١ی ئابی ٢٠٢٤ وەکو سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بەوەکالەت دانرا، کە پاڵپشت بووە بە فەرمانی سەرۆک وەزیران ژمارە ٢٧٢٩ لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤. لە ٥ی ئابی ٢٠٢٤ وەکو سەرۆکی زانکۆ دەستبەکاربووە.[٣]

لە ھەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەساڵی ٢٠١٤، پاڵێوراو بوو لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی پارێزگای سلێمانی، ٥ ھەزار و ٤٩٩ دەنگی بەدەستھێناوە، بەڵام نەبووەتە ئەندامی ئەنجومەنەکە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ زەینەڵ، ئاراس ف. (٢٠١٢). دیبلۆماسیەتی کورد لە سەردەمی بوەیھییەکاندا. سلێمانی: بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی (وەزارەتی ڕۆشنبیری).{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  2. ^ «وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ جاری یەکەم پۆستی سەرۆکی دوو زانکۆی حکومی ڕادەگەیەنێت». جکومەتی ھەرێمی کوردستان. ١٩ شوبات ٢٠٢٤. لە ڕەسەنەکە لە ٤ ئاب ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٤ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |ڕێکەوت= و |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= (یارمەتی)
  3. ^ «ئاڵۆگۆڕ لە پۆستی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئەنجامدرا». زانکۆی گەرمیان. ٤ی ئابی ٢٠٢٤. لە ڕەسەنەکە لە ٤ی ئابی ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٤ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.

بەستەری دەرەکی

[دەستکاری]