موقبیل ھونەرپەژووھ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

موقبیل ھونەرپەژووھ (پووشپەڕی ١٣٦٢ لە بۆکان - ) شاخەوانێکی ناوداری کوردە.

ژیان[دەستکاری]

موقبیل ھونەرپەژووھ، لە ساڵی ١٩٨٣ (پووشپەڕی ١٣٦٢) لە شارستانی بۆکان ھاتە دونیا. لە ساڵی ١٩٩٨ واتە (١٣٧٧) لە سەر شاخەکانی بەردەزەرد و تەرەغە و کێوەکانی دەوروبەری بۆکان دەستی بە چالاکیی خۆی لە بواری وەرزشی شاخەوانی کرد. ھەر لە تەمەنی مێرمنداڵیدا توانی بچێتە سەر لووتکەی زۆربەی شاخە بەرزەکانی وڵاتی ئێران، لەوانە: دەماوەند، سەبەلان، عەلەم کووھ و چەندین شاخی بەرزی دیکە.

موقبیل لەگەڵ موحەمەد ئەوراز[دەستکاری]

ئاشنابوونی موقبیل ھونەرپەژووە لە گەڵ شاخەوانی کورد محەمەد ئەوراز دەستپێکێکی دیکە بوو، بۆی. بەو شێوەیەی کە ھێشتا تەمەنی ١٨ ساڵیی تەواو نەکردبوو، لە ساڵی ٢٠٠١ بووە ئەندامی یانەی نەتەوەیی شاخەوانی وڵاتی ئێران.

موقبیل ھونەرپەژووە ساڵی ٢٠٠٣ لەگەڵ محەمەد ئەوراز کە خاوەنی چەندین مەدالیای گرینگی جیھانی بوو، ھەروەھا گەلێک بڕوانامەی پسپۆرانە و شانازی گەورەی بەدەستھێنابوو، لە میانەی بەرنامەی سەرکەوتن بۆ لووتکەی "گاشێربرۆمی یەک" بە بەرزایی (٨٠٦٨ مەتر) لە ھیمالیای وڵاتی پاکستان کە یازدەیەمین لووتەکەی بەرزی جیھانە، لە بەرزایی ٧٩٠٠ مەتری لە مەودایەک کە تەنیا ١٦٠ مەتریان بۆ لووتکە مابوو، بە ھۆی ھاتنە خوارێی باڕنی بەفر ھەتا بەرزایی ٧٣٠٠ مەتری کەوتنە خوارێی و ھەر دووکیان بە سەختی بریندار بوون.

لەم بەرنامەیەدا محەمەد ئەوراز کاپیتانی یانەی نەتەوەیی شاخەوانی ئێران بوو، موقبیل شاخەوانی ھاوڕێی و ھاوتەنافی ئەو بوو. محەمەد ئەوراز ٢٠ رۆژ دوای ئەم کارەساتە لە نەخۆشخانەی شەفا لە شاری ئیسلام ئاباد لە وڵاتی پاکستان کۆچی دوایی کرد. پاشان تەرمەکەی ھێنرایەوە بۆ ئێران و لە سەر کێوی سوڵتان یەعقووب لە شاری نەغەدە بە خاک سپێردرا.

چالاکییەکان[دەستکاری]

موقبیل لە ساڵی ٢٠٠٢ لەگەڵ یانەی نەتەوەیی شاخەوانی ئێران چووە سەر لووتکەی شاخی لۆتسە بە بەرزایی (٨٥١٦ مەتر) کە چوارەمین لووتکەی بەرزی جیھانە لە ھیمالیای وڵاتی نیپال. موقبیل لە لایەنی رێژەی تەمەنەوە وەکوو گەنجترین شاخەوانێک کە چۆتە سەر ئەم لووتکەیە ریکۆردێکی تازەی لە ئاستی جیھاندا بە ناوی خۆی تۆمار کرد و نازناوی لاوترین شاخەوانی فاتحی لۆتسەی لە جیھاندا پێبەخشرا.[١]

موقبیل ھاوینی ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی پاکستان دوای ھەوڵدان بۆ سەرکەوتن بە سەر لووتکەی بەرزی شاخی "دیران پیک" بە بەرزایی ٧٢٦٠ مەتر، دوای یەک مانگ چالاکی بە سەر لووتکەی شاخی "ئیسپانتیک" بە بەرزایی ٧٠٣٥ مەتر سەرکەوت. ھەروەھا ساڵی ٢٠٠٥ وەکوو راھێنەری یانەی شاخەوانی لاوانی وڵاتی ئێران چیای ئاراراتی لە وڵاتی تورکیا فەتح کرد.

ھاوینی ساڵی ٢٠٠٧ لە پۆستی راوێژکاری سەرپەرشتیاری یانەی نەتەوەیی شاخەوانی ئێران بە مەبەستی سەرکەوتن بە سەر لووتکەی "برۆدپیک" چوونە وڵاتی پاکستان کە دوای دوو مانگ ھەوڵ و چالاکیی تا بەرزایی ٧١٠٠ مەتری ئەم شاخە سەرکەوتن، بەڵام بارودۆخی نالەباری کەش و ھەوا بووە ھۆی ئەوەی کە یانەکە تا لووتکە سەرنەکەوێت.

راھێنەری[دەستکاری]

موقبیل ھونەرپەژووە خاوەنی دوو بڕوانامەی راھێنەری "شاخەوانی" و "سەھۆڵ و بەفر" بوو. بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەندامی فەرمی گروپی شاخەوانی سامرەندی شاری نەغەدە بوو. ھەروەھا لە مانگی رەزبەری ٢٠٠٧ وەکوو سەرپەرشتیاری ئەم گروپە ھەڵبژێردرا. ئەو لە شارەکانی: مەھاباد، بۆکان، دیواندەرە، سەقز، پیرانشار و شنۆ چەندین خولی فێرکاری لە بوارەکانی "شاخەوانی" و "سەھۆڵ و بەفر" بۆ شاخەوانانی ئەم شارانە بەڕێوەبرد. بێجگە لەمانەش لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی‌دا وەکوو کاری شاخەوانی و سەخرەوانی لە گەڵ گروپەکانی شاخەوانی شارەکانی: بۆکان و مەھاباد و نەغەدە کار و چالاکی دەکرد.

کۆچی دوایی[دەستکاری]

موقبیل ھونەرپەژووە کە خاوەنی نازناوی گەنجترین شاخەوانی جیھان و ئەندام و راھێنەر و کاپیتانی یانەی نەتەوەیی شاخەوانی وڵاتی ئێران بوو، لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ بەرامبەر بە ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٦ لە سەر دیوارەی شاخی بەردەزەرد لە ٥ کیلۆمەتری باشووری رۆژئاوای شاری بۆکان لەگەڵ تیمێکی ١٠ کەسی لە شاخەوانانی لاوی ئەم شارە خەریکی کاری راھێنان و پرۆڤەی سەخرەوانی بوو کە لە بەرزایی ٥ مەترییەوە کەوتە خوارێ.

"موقبیل ھونەرپەژووە" دوای ئەوەی کە ٩ رۆژ لە حاڵی بێھۆشی تەواودا بوو، لە کاتژمێر ١ی شەوی پێنجشەممە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ بەرامبەر بە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٨٦ لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی عارفیان لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.[٢]

بە پێی بەرنامەکانی لێژنەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی موقبیل ھونەرپەژووە، لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی رۆژی ھەینی ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ بەرامبەر بە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٦ رێوڕەسمی لە نێو کۆڵانەکان و شەقامەکانی شارستانی بۆکان بەڕێوەچوو کە دەیان ھەزار کەس تیایدا ئامادەبوون و دواتر لەسەر کێوی بەردەزەردی بۆکان بەخاکسپێردرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]