زەریفەستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

زەریفەستان ئەحمەد بەدیع محەممەد سوورچی، ناسراو بە دایکە زەریفەستان، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی گەویڵان لە دایکبووە. خاوەنی دوو خووشکە بەناوی خەدیجە و ئەسمین. زەریفەستان خوێندنی سەرەتای تەواو کردووە و دواتر وازی لە خویندن داوە، بەڵام یارمەتی ھەزاران قوتای کەم دەرامەت و ھەژاری داوە بۆ تەواوکردنی خوێندن. دایکە زەریفەستان دوای کۆچی باوکی لە ساڵی ١٩٧١ کاروباری ھۆزی سوورچی لە ئەستۆ گرتووە کە یەکێکە لە ھۆزە گەورە و ناودارەکانی کوردستان. ھەروەھا ڕابەری ھەزاران مورید و مەنسوبی ڕێبازی نەقشبەندییە لە سۆران و بادینان لە ھۆزەکانی سورچی، باڵەکی، برادۆستی، نەقەبی و خیلانی و زێباری. لەگەڵ دایکی نازناوی دایک و خوشکتان وەرگرتووە بەڵام ئێستا تەنیا خوشک لە ژیانداماوە. دایکی ناوی بەسێ کەریم خان خەیلانییە و دوای مردنی ھاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردووە. ئەم ژنە سەرکردەیە ھەمیشە خۆی لە دەرکەوتنی تەلەڤیزیۆنی و چاوپێکەوتنی ڕامیاری وەدوورگرتووە، خۆی لەسەر ھیچ لایەنێکی ڕامیاری ساغ نەکردووۆتەوە و سەرجەم لایەنە ڕامیارییەکان بە ڕێزەوە سەیری دەکەن. دایکە زەریفەستان و دایکی لە سەردەمی بەعسدا لە مووسڵ ژیاون و بەھۆی پێگەیانەوە چەندین کەسیان لە ژووری سێدارە و زیندان دەرھێناوە. ئەم کەسایەتییە ھەمیشە بە پۆشاکی کوردییەوە دەردەکەوێت و لەگەڵ ھۆزە کورد و عەرەبەکان پەیوەنییەکی پتەوی ھەیە. دوای کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨، میوانداری و پەناگەی چەندین خەڵکی ئەو شارە بووە. زەریفەستان چوارجار حەجی کردووە و لەنێو بنەماڵەی ئالسعوود و بەرپرسە باڵاکانی عەرەبستانی سعوودی، لەگەڵ بنەماڵەی ھاشمی ئەردەن و بەرپرسە باڵاکانی عەرەب پەیوەندی پتەوی ھەیە و تەنانەت پاپای ڤاتیکانیش ئاشنای لەگەڵ ئەم ژنە سەرۆک ھۆزەدا ھەیە. دوای وەرگرتنی کاروباری ھۆزەکەی، خۆی تەرخانکردووە بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و ئاشتەوای خەڵک، ھەروەھا بەخووپەرستی و سۆفیایەتیوە سەرقاڵە و ھەر لەسەر خەرجی خۆی بیست مزگەوتی دروستکردووە، دووان لە مزگەوتە گەورەکانی دەکەونە شاری مووسڵ و ھەموو شەوانی ھەینی تەھلیلە لەلایەن موریدانی ڕێبازی نەقشبەندی لێ دەکرێت چونکە ئەوان پێیان وایە کە ئەوان بە بنەچە دەگەرێنەوە سەر مەولانا خالیدی نەقشبەندی. زەریفەستان زەوی و سەروەت و سامان و مەڕ و ماڵاتێکی زۆری لە باوانییەوە بۆ بەجێماوە. جگە لە خانەقایی گەویلان و بجیل لە ھەولێر، دھۆک و تورکیا شوێنی مانەوەی ھەیە.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ کوردیپێدیا, Kurdipedia-. "زەریفەستان ئە حمەد بەدیع مەحەمەد سورچی (دایکە زەریفەستان)". Kurdipedia.org. Retrieved 2023-06-03.