جەمال پوورکەریم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە جەماڵ پوورکەریمەوە ڕەوانە کراوە)
جەمال پوورکەریم
لەدایکبوون١٩٧٧
نیشتەجێیفەڕەنسا
نەتەوەکورد
پەروەردەدەرچووی زانستە سیاسییەکان
خوێندنگەزانکۆی پاریسی ھەشت
پیشەڕۆژنامەنووس، سیاسەتوان
تەلەڤیزیۆنڕۆژی کورد
حیزبی سیاسیبزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
جەمال پورکەریم سەرۆکی بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

جەمال پوورکەریم (لەدایکبووی ١٩٧٧ لە مەھاباد، ئێران) ڕۆژنامەنووس،[١][٢] سیاسەتوانێکی کورد و سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستانە.

ژیاننامە[دەستکاری]

ژیانی ئاسایی[دەستکاری]

جەمال پوورکەریم لە ساڵی ١٩٧٧ لە شاری مەھاباد لەدایکبووە. ئەو لە ساڵی ١٩٩٤، دیپلۆمی وێژە و زانستە مرۆڤییەکانی وەرگرتووە و دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ لە زانکۆی ئازادی ئیسلامی لە وێژەی فارسیدا لیسانسی وەرگرتووە. ئەو لە ساڵی ١٩٩٦دا وەک ڕێکخراوەی نھێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوخۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، چالاکیی سیاسی بەڕێوەبردووە و ھەتا ساڵی ٢٠١٩ و بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئەندامی چالاکی ئەو حیزبە بووە.

ساڵی ٢٠٠١، یەکەم ناوەندی فێرکاریی زمانی کوردی بەناوی سۆما لە شاری بانە دامەزراندووە و ھەزاران قوتابی لە شار و گوندەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆ فێربوونی زمان و ڕێنووسی کوردی ڕاھێناوە. ھەمان ساڵ ڕۆژنامەیەکی بەناوی دەنگی کۆمەڵگا چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە دواتر و پاش بڵاوبوونەوەی دوو ژمارە، بەرھەمھێنانی ڕۆژنامەکەی لە شاری بانە لەلایەن دەزگای زانیاریی ئێرانەوە قەدەغە کرا.

ژیانی سیاسی[دەستکاری]

پوورکەریم پاش چەندین جار بانگکردن لەلایەن دەزگای زانیاریی ئێران لە بانە، ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بۆ ماوەی مانگێک لە بەندیخانەدا دەمێنێتەوە و دواتر بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد دەبێ و سەرەنجام بە ناچاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەرەو باشووری کوردستان بەجێدەھێڵێت.

دواتر وەک ئەندامی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باشووری کوردستان چالاکی دەکات و لە ساڵی ٢٠٠٨ ھەتا ساڵی ٢٠١٠ لە کورد کاناڵی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا وەک پێشکەشکار و بەرپرسی بەشی ھەواڵ چالاک دەبێت. ھەر لەو ماوەیەدا و لەناو حیزبی دێموکراتی کوردستان، ناوەندێکی سینەمایی بەناوی کات دادەمەزرێنێت و دوو فیلم بە ناوەکانی گەلاوێژ[٣] و ملوانکە کە باس لە شۆڕش، خەبات و پێشمەرگەیاتی دەکەن بەرھەم دەھێنێت.

ساڵی ٢٠١٠، لە ڕێگەی کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە ھەولێر و لەسەر بانگھێشتی ناوەندی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور بە فەرمی بۆ فەڕەنسا بانگھێشت کراوە و لەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە و مافی ھاووڵاتی پێدەدرێت. ساڵی ٢٠١٠، وەک بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە فەڕەنسا ھەڵدەبژێردرێت و لە دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە و سمیناردا بەشداری دەکا. ساڵی ٢٠١١ لە تیشک تیڤی لە فەڕەنسا وەک بێژەری ھەواڵ و بەرنامە سیاسییەکان دەستبەکار دەبێت و ھەتا ساڵی ٢٠١٦ درێژەی دەبێت. ئەو سەدان وتار و بابەتی لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان بڵاو بووەتەوە، کتێبێکی شیعری بۆ منداڵان نووسیوە و ھەروەھا لە دەیان کۆڕ، کۆبوونەوە و سمیناری جیھانیدا بەشدار بووە.

ئەو بۆ کاروباری سیاسی جیا لە سەردانکردن بۆ وڵاتانی ئەورووپی، سەردانی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی کردووە و لەلایەن سعوود کوڕی عەبدولعەزیز، پاشای عەرەبستان و کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتانەوە پێشوازی لێکراوە.[٤]

ساڵی ٢٠١٧ لە زانکۆی پاریسی ھەشت درێژەی بە خوێندن لە بواری زانستی سیاسی داوە و ماستەری یەکی زانستە سیاسییەکانی بەدەستھێناوە. لە ساڵی ٢٠١٩ و بەھۆی بڕوامەندی بە سەربەخۆیی بۆ کوردستان،[٥] وازی لە ئەندامییەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ھێناوە[٦] بەھۆی ئەوەیکە بڕوای بە مانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا ھەیە.[٧]

ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ کۆمەڵێک لە ھاوبیرانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستانیان دامەزراندوە و بە کۆی دەنگی ئەندامان وەک سەرۆکی بزووتنەوەکە دیاری کراوە و ھەتا ئێستاش لەسەر پۆستەکە بەردەوامە. ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ چوار حیزب و لایەنی دیکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ھاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستانیان پێکھێناوە[٨][٩][١٠][١١] و بە کۆی دەنگەکان، پوورکەریم وەک سەرۆکی ھاوپەیمانییەکە دیاری کراوە و ھەتا ئێستاش ئەو پۆستەی پێیە.[١٢][١٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ڕۆژنامەنووس جەماڵ پوورکەریم لە مەرگ گەڕایەوە. mrkurd.
  2. ^ چاوپێکەوتنی سێ ڕۆژنامەنووسی دیکەی کورد لەگەڵ ئەحمەد شەھید. kurdpa.
  3. ^ کورتە فیلمی گەلاوێژ ھاتە بەرھەم. jamalpoorkarim.blogspot.
  4. ^ کورتەیەک لە لێدوانەکانی جەماڵ پوورکەریم، چالاکی سیاسیی کورد بۆ میدیاکانی عەڕەبستان لە سەفەر بۆ ئەو وڵاتە. rojikurd.
  5. ^ جەمال پوورکەریم بۆ باڵکێش کورد نابێت ئاییندەی خۆی بە ئێرانەوە گرێ بدات. kurdhsk.
  6. ^ جەماڵ پوورکەریم وازی لە ئەندامیەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ھێنا. yarikurd.
  7. ^ ئاگاداری/ دەست کێشانەوە لە ئەندامیەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. kurdistanpost.
  8. ^ ڕووداو: چوار لایەنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھاوپەیمانێتییەک پێکدەھێنن. rudaw.
  9. ^ چوار حزبی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھاوپەیمانییەکیان پێکھێنا. westganews.
  10. ^ esta. چوار لایەنی سەربەخۆخوازی ڕۆژھەڵات ھاوپەیمانێتییەکیان پێکھێنا.
  11. ^ چوار لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھاوپەیمانییەکیان پێکھێنا. balkesh.
  12. ^ ھاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دامەزرا و جەماڵ پوورکەریم وەک سەرۆکی ھاوپەیمانی دیاری کرا. rojikurd.
  13. ^ دیداری سەرۆکی ھاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی بێت نەھرین. kurdhsk.