جێژنی ڕەمەزان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  ئەم وتارە سەبارەت بە جێژنی ڕەمەزان نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە ‏جێژن (ڕوونکردنەوە).
جێژنی ڕەمەزان
جێژنی ڕەمەزان
چێشتی جێژنی ڕەمەزان، تاجیکستان
ناوی فەرمیعەرەبی:عيد الفطر (‘Īd al-Fiṭr)
دەگێڕدرێ لەلایەنئیسلام و موسڵمانان
جۆرئیسلامی
بیرۆکەکۆتاییھێنان بە ڕۆژووی ڕەمەزان
ڕێکەوت١ی شەووال
ئاھەنگەکانسەردانکردنی ھاوڕێ و خزمان، بەخشینی دیاری و شیرینی، پۆشینی جلی نوێ، ھتد.
بۆنەزەکاتی فیتر، نوێژی جێژن
پەیوەند بەڕەمەزان، جێژنی قوربان
تابلۆی جلی جێژن لە لایەن وێنەکێشی فەڕەنسی ناسرەدین دینت

جێژنی ڕەمەزان یان جەژنی ڕەمەزان (بە عەرەبی: عيد الفطر‎) یەکەم جێژنی موسڵمانانە و لە یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال دەست پێدەکات، ئەمەش دوای تەواوبوونی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزانە. خوای گەورە لە کۆتایی ئایەتی ١٨٥ی سوورەتی ئەلبەقەرە دەفەرمووێت:شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ (بەقەرە:١٨٥) (کوردی: بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە تەواو بکەن شوکرانەبژێری خوا بن لەسەر ئەوەی ڕێنوێنیی کردوون)

ماوەی جێژنی ڕەمەزان تەنها یەک ڕۆژە و موسڵمانان لەیەکەم ڕۆژی جێژندا و دوای بەرزبوونەوەی خۆر بە ئەندازەی ڕمێک نوێژی جێژن دەکەن. بەڕۆژووبوون لە یەکەم ڕۆژی جێژنەکان حەرامە و وەرگیراو نییە.

یەکێک لە جیاکەرەوەکانی جەژنی ڕەمەزان لە جێژنی قوربان بریتیە لەوەی کە دەبێت پێش نوێژی جێژن، موسڵمانان زەکاتی سەرفترە دەربکەن و بەسەر موسڵمانە ھەژارەکان دابەشی بکەن. دوای نوێژی جێژن، موسڵمانان پیرۆزبایی ھاتنی جێژن لە موسڵمانانی نزیک خۆیان دەکەن و دوای گەییشتن بەماڵی خۆیان پیرۆزبایی لە ئەندامانی خیزانەکەیان دەکەن و دواتریش سەردانی ناسیاو و خزمە نزیکەکانیان دەکەن. ھەروەھا پێشوازی لە دراوسێ و ئەو کەسانە دەکەن کە سەردانی دەکەن بۆ گەردنازایی و پیرۆزبایی.

شێوازی پیرۆزبایی[دەستکاری]

جوبەیر کوری توفەیر وتی: «کە ھاوەڵانی پێغەمبەری خوا لە جێژنەکاندا دەگەیشتن بە یەک دەیانووت: تقبل الله منا و منك. واتە: «خوای گەورە لەئێمە و لەتۆشی وەرگرت بێت».[١]

بەڵام لە زۆربەی وڵاتەکاندا شێوازی پیرۆزبایی کردن بریتیە لە: «جێژنت پیرۆز بێت، ھەموو ساڵیک بە خۆشی».

لە ناو گەلی کورد وا باوە کە خەلک سەردانی خزم و دوست و جیران دەکەن. لە کاتی سەردان نوقڵ و شیرینی و شەربەت پیشکیشی میوانەکان دەکرێت. مناڵان لەو روژە دا جێژنانە لە گەورەکان وەردەگرن.

شێوازی تەکبیرکردن[دەستکاری]

ڕازاندنەوەی مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد لە ئەستەنبۆل لە تورکیا

شێوازی تەکبیرکردنی جێژنی ڕەمەزان و قوربان یەک شێوازە. ھۆکاری تەکبیرکردن دەگێڕێتەوە بۆ ئەو ئایەتەی کە لە سەرەوەدا ھاتووە.

ماوەی تەکبیرکردن لەدوای ڕاگەیاندنی یەکەم ڕۆژی جێژن دەست پێدەکات واتە لە دوای نوێژی خەوتنان، لە دوای نوێژی بەیانی ڕۆژی جێژن بە ھۆی دەنگدەری دەرەکی مزگەوتەکانەوە دەست دەکرێت بە تەکبیرکردن و خوێندنەوەی قورئان، وەکوو دیارە ئاوازی خوێندنەوەی قورئان بە ھۆی جێژن لە زۆربەی شوێنەکاندا جیاوازە و بە تایبەت لە ھەرێمی کوردستاندا خوێندنەوەی سوورەتی ڕەحمان باوترە.

الله أكبر الله أكبر الله أكبر، لا إله إلا الله والله أكبر، الله أكبر ولله الحمد (بەمانای: خوا گەورەیە خوا گەورەیە خوا گەورەیە، خوایەک بێجگە لە ئەڵڵا نییە و خوا گەورەیە، خوا گەورەیە و پەرستن بۆ خوایە) شێوازی تەکبیرکردنی جێژنە.

خۆشۆردن[دەستکاری]

خۆشۆردنی جێژن لەسەر موسڵمانان سووننەتێکی پێویستە و لەڕیوایەتێکی ئیبن عەباسدا ھاتووە: أن رسول الله كان يتغسل يوم الفطر و الأضحى. واتە: «پێغەمبەری خوا خۆی شۆردووە بۆ ڕۆژی جێژنی ڕەمەزان و قوربان».

بەربانگکردنەوە پێش نوێژ[دەستکاری]

سووننەتە کە موسڵمان پێش چوونە بۆ نوێژی جێژن بەربانگ بکاتەوە بەخواردنی چەند خورمایەک کە تاک بن. وەکو ئەنس دەگێرێتەوە و دەڵێت: «پێعەمبەری خوا نەدەچوو بۆ نوێژی جێژنی ڕەمەزان ھەتا چەند خورمایەکی نەخواردایێ کە ژمارەی ئەو خورمایانەش تاک بوون».

نوێژی جەژن و وتارەکەی[دەستکاری]

خواردنی نانی بەیانی لە دوای نوێژی جەژن لە مالیزیا
سەروازە موسڵمانەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نوێژی جەژن دەکەن.

نوێژ[دەستکاری]

نوێژی چەژن (جەژنی ڕەمەزان و قوربان) لەدوو ڕکعات پێکھاتووە و حوکمی نوێژەکەش جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایاندا:

  • ھەندێک لە زانایان لەسەر ئەو ڕایەن كە واجبە ‌و ھەر دەبێ بكرێ كە ئەمە پەیڕەوی حەنەفییەكانە ‌و‌ شیخی ئیسلامیش ھەمان ڕای پەسەندكردووە، ھەروەھا پێغەمبەر فەرمانی داوە بەوەی كە ژنان و تەنانەت ئەوانەش حەیزدارن ھەر بێنە دەرەوە بۆ نوێژی جەژنەکان. ئەمانەش ھەموو بەڵگەی گەورەیی و واجببوونیانن.‌
  • ھەندێكی ترش لە زانایان دەفەرموون كە واجبی كیفایەیە، واتە: ئەگەر كۆمەڵێك لە موسڵمانان بیکەن، ئەوە لەسەر ئەوانی تر لا دەچێت، كە ئەمەش پەیڕەوی حەنبەلییەكانە.
  • كۆمەڵی سێیەمیش لەسەر ئەو ڕایەن كە نوێژی جەژن سوننەتێكی دووپاتكراوەیە (مؤكدە) كە ئەمەش ڕێڕەوی شافعییەكان و مالیكییەكانە.

لەپێش کردنی نوێژەکەدا بانگدان قامەتکردن نییە. کاتی ئەنجامدانی نوێژەکە بریتییە لە بەرزبوونەوەی خۆر بەئەندازەی ڕمێک دوای ئەوەی ھەڵھات.

لەیەکەم ڕکعاتدا و لە دوای دابەستنی نوێژ، حەوت جار تەکبیر دەکرێت و لەدووەم ڕکعاتدا بۆ پێنج جار کەمدەکرێتەوە.

عەبدوڵڵای کوڕی عەبدوڵڵا دەگێڕێتەوە: عومەر کوڕی خەتتاب لە ئەبوواقدی لەیسی پرسیاریکرد: كە پێغەمبەری خوا چی دەخوێندەوە لە قوربان و ڕەمەزاندا؟ وتی: پێغەمبەر ئەم دوو سوورەتەی دەخوێندەوە: ق وَالْقُرْآنِ الْمَجِيدِ و واقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانشَقَّ الْقَمَر. واتە سوورەتی ق و سوورەتی ئەلقەمەر دەخوێندەوە.[٢]

ھەروەھا نوعمان کوڕی بەشیر دەڵێت: «پێغەمبەری خوا لە نوێژی جومعە و نوێژی دوو جەژنەکەدا سوورەتی ئەعلا و غاشیەی دەخوێندەوە.

ھەورەھا سووننەتە کە لە دوای دەرچوون لە مزگەوت بەو ڕێگەیە نەگەڕێیەوە کە لێیەوە بەرەو مزگەوت ھاتووی، چونکە جابر دەڵێت: «بینیم پێغەمبەری خوا لەڕۆژی جەژندا ڕێگاکەی پێچەوانە دەکرد».

وتار[دەستکاری]

وتاری نوێژی جەژن لە دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن پێشکەش بە ئامادەبووان دەکرێت و لە دوو وتاریش پێکدێت و ھاوشێوەی وتاری ھەینییە، تەنھا دەبێت بە نۆ جار تەکبیرکردن دەست بە وتنەوەی وتاری یەکەم بکات و لە وتاری دووەمدا بەحەوت جار.

پشووی وڵاتان[دەستکاری]

جەژنی ڕەمەزان لە سلێمانی، ١٩٥٥.

بەبۆنەی ئەم جێژنەوە لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامی پشووی فەرمییە و ماوەی پشووەکەش بەپێی وڵاتەکان دەگۆڕێت:

وڵات ماوەکەی (یان ڕۆژی دەستپێکردن)
 عەرەبستانی سعوودی لە ٢٠ی ڕەمەزان (١٠ شەوی کۆتایی) ھەتا ٤ی شەوال
 عێراق لە١ی شەوال ھەتا ٣ی شەوال
 لیبیا لە١ی شەوال ھەتا ٣ی شەوال
 میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لە١ی شەوال ھەتا ٣ی شەوال
 کووەیت لە١ی شەوال ھەتا ٣ی شەوال
 عومان لە١ی شەوال ھەتا ٣ی شەوال
 قەتەر لە١ی شەوال ھەتا ٣ی شەوال
 بەحرەین لە١ی شەوال ھەتا ٣ی شەوال
 ئێران لە١ی شەوال ھەتا ٢ی شەوال
 یەمەن ١ی شەوال
 جەزائیر ١ی شەوال

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ کتێبی فەتحولباری - بەرگی دووەم - لاپەڕە ٤٤٦
  2. ^ ئیمامی موسلیم دەیگێڕێتەوە.