فرە ڕەقبوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئێم ئێسەوە ڕەوانە کراوە)
ئێم ئێس
لقیdemyelinating disease، demyelinating disease of central nervous system، autoimmune disease of central nervous system، نەخۆشی
زاناJean-Martin Charcot
Health specialtyneurology
نیشانەکانchronic neuropathic pain
پشکنینى پزیشکىئێم ئاڕ ئای، positron emission tomography، lumbar puncture
بەستەری داتا دەرەکییەکانhttp://www.nanbyou.or.jp/entry/3806
ICD-9-CM340
ICPC 2 IDN86
ناسنامەی زاراوەی NCIC3243
ڕەوتی تێکدانی مایڵین (پۆشەنی چەوریی سەر دەمارەکان) لە نەخۆشیی ئێم ئێسدا. خڕۆکە سپییەکان و پێکھاتنی پەڵەی پلاک دیارە
HLA region of Chromosome 6. Changes in this area increase the probability of getting MS

فرە ڕەقبوون، ئێم ئێس یان چەن سکلرۆزی (بە ئینگلیزی: Multiple sclerosis یان Encephalomyelitis disseminata) کە بە کورتی بە ئێم ئێس یان MS دەناسرێت، جۆرێک نەخۆشی ھەوکردنە کە تێیدا پۆشەنی مایڵینی خانەکانی دەماری لە مێشک و بڕبڕاگەدا زیان دەبینێ و دەبێتە ھۆی تێکچوونی باری ئاسایی گواستنەوەی پەیامەکانی دەماری.

تێکچوونی کاری گواستنەوەی پەیامەکانی دەماری دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی کۆمەڵێک نیشانەی وەک کێشەی فیزیکی لەش، کێشەی ھزری و بڕێجار کێشەی دەروونپزیشکی. ئێم ئێس بە چەند شێوە دەردەکەوێ و نیشانەکانی یا لە چەند قۆناخدا (بە شێوەی گەڕان)یان لە درێژایی ژیاندا (بەشێوەی تاو-تاو) ڕوو دەبێ. لەوانەیە لە نێوان ھوژمەکانی ئێم ئێسدا (ھێرشەکانی ئێم ئێس) نیشانەکان بە تەواوی بزر ببن، سەرەڕای ئەمە کێشەی ھەمیشەیی دەماری بەتایبەت لەگەڵ ھێزگرتنی نەخۆشی، لەگەڵ نەخۆشدا دەمێنێتەوە.

ئەگەرچی بە دروستی ھۆکاری نەخۆشی ئێم ئێس دەرنەکەوتووە، بەڵام میکانیزمی سەرەکی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە تێکدانی مایڵین لەلایەن کۆئەندامی بەرگری لەش یان تێکچوونی خانەکان لە بەرھەمھێنانی مایڵین. بە بۆچوونی زانیارانی ئەم بوارە ھۆکارەکانی ئەم میکانیزمە بریتییە لە ھۆکاری جینیتیکی و ھۆکاری ژینگەیی وەک چڵک.

ئێم ئێس بەشێوەی ئاسایی لەڕێگەی نیشانەکان و ئەزموونەکانی پزیشکییەوە دەناسرێتەوە؛ ھێشتا زانستی پزیشکی نەیتوانیوە چارەسەری تەواوی بۆ بدۆزێتەوە، ئەو چارەسەرانەی لە ئارادایە، تەنیا بۆ گەڕاندنەوەی کارایی ئەندامەکان لەدوای ھەر ھوژمێک و بەرگری لە ھوژمەکانی دوایی ئێم ئێسە. ھەڵبەت ئەو دەرمانانەی بۆ ئەم نەخۆشییە دەنوێنرێن، تا ڕادەیەک کاریگەرە، بەڵام لێکەوتەی خراپیشی ھەیە.

لە ژنان، کەم تەمەنان، ئەوانەی نەخۆشییەکەیان گەڕاوگەڕە و ئەوانەی لە سەرەتاکاندا تووشی کەمترین ھوژمی ئێم ئێس بوون، شانسی کاریگەری دەرمانەکان زۆرترە.

ھیوای ژیان لە نەخۆشانی ئێم ئێسدا ٥ تا ١٠ ساڵ کەمتر لە خەڵکی ئاسایییە. لە ساڵی ٢٠٠٨، نزیکەی ٢٫٥ ملیۆن کەس لە جیھاندا بەم نەخۆشییەوە تلاوە. ئەم نەخۆشییە بەزۆری ڕووبەڕووی تەمەنی ٢٠بۆ٥٠ ساڵ و ژنان (دووئەوندەی پیاوان) دەبێتەوە.

ناوی چەن سکلرۆزی لە برین و قەتماخەکانی نێو سپێنەی مێشک یا بڕبڕاگەەوە گیراوە. ئێم ئێس لە ساڵی ١٨٦٨ لەسەر دەستی جین مارتین چارکت ھاتە ناسین. توێژەران بەردەوام لە لێکۆڵینەوەدان تا ڕێگای ناسینەوە و دەرمانی نوێ ئاراستە بکەن.

نیشانەکان[دەستکاری]

نیشانە سەرەکییەکانی ئێم ئێس

لە ئێم ئێسدا ھەموو نیشانەکانی دەمارناسی دەبینرێت؛ باوترینیان بریتییە لە کێشەکانی کۆئەندامی دەماری خۆمەش و کێشە لە دیتن، جووڵە و ھەستکردنە. نیشانە تایبەتییەکان لە ڕێگای شوێنی قەتماخەکان (سکلرۆز) لە کۆئەندامی دەماریدا دەناسرێنەوە و بریتین لە سڕی، تەزین، گزگزین یا مرۆژانە کردن، لاوازی ماسوولکەکان، فرتەی ناویستەکی ئەندامەکان، ڕەق بوونی ماسوولکەکان و ھێز لێ بڕانیان، شێوانی ھاوسەنگی لە جووڵەدا، تێکچوونی قسەکردن و نان خواردن، تێکچوونی بینایی (ھات و چۆی ناویستەکی گلێنەی چاو، کزی و دووبینی)، ماندوویی، ژان و ئازاری زۆر و شێوانی ڕاگرتنی میز و پیسایی.

تێکچوونی ھزر و سۆز وەک بیرشاشی، خەمۆکی و خولقی تاوتاو لە نەخۆشانی ئێم ئێسدا باوە. دیاردەی یووتافس واتە ھێزگرتنی نیشانەکانی نەخۆشی لە کاتی گەرمادا و نیشانەی لێرمیت واتە تەزووی ناو پشت لە دانەوینەوەی مل، لە نیسانەکانی تایبەتی ئێم ئێس دێتە ھەژمار.

کەوایە نیشانە زۆر باوەکانی ئێم ئێس بریتییە لە:

  • ماندووبوون
  • گێژبوون
  • سستی و بێھێزی دەستەکان
  • لاوازی ماسولکەکان
  • دووبینی و لێڵی لە چاودا
  • گرژی و ڕەقبوونی ماسولکەکان

ھۆکار[دەستکاری]

ھۆکاری دروستبوونی ئێم ئێس ھێشتا بە تەواوەتی نەزانراوە ھەرچەندە کە ھۆکاری زۆر لەژێر لێکۆڵینەوەدان. بەھەرحاڵ ھەموو لێکۆڵەران کۆکن لەسەر ھۆکارەکانی خوارەوە وەک کۆمەڵە ھۆکارێک بۆ سەرھەڵدانی ئەم نەخۆشییە:

  • ھۆکاری بۆماوەیی (جینیتیک): ئەگەری تووشبوونی ئەندامانی خێزانی نەخۆشی ئێم ئێس دوو لە سەدە (٢٪)، لەحاڵێکدا ئەم ڕێژەیە لە خەڵکی ئاساییدا (١٪). ئەگەر تاکێک لە جووتلانەکانی لەیەکچوو بە ئێم ئێس تووشبووبێت ئەگەری تووشبوونی تاکی دووەم سی لە سەدە (٣٠٪).
  • ھەوکردنی ڤایرووسی: لە زۆرینەی تووشبووانی ئێم ئێسدا ئاستی دژەتەنی (Antibody Level) ڤایرووسی سوورێژە و ڤایرووسەکانی تر لەناو لەشدا زۆرە. بەپێی ئەمە لەوانەیە ئێم ئێس پەرچەکرداری لەش بێت بۆ ئەم جۆرە ڤایرووسانە.
  • پەرچەکرداری بەرگری لەش: زانایان دەزانن کە ئێم ئێس تێکچونی کۆئەندامی بەرگری لەشە. لەم نەخۆشییەدا جەستە مایڵین بە شتێکی دەرەکی دەزانێت و ھێرش دەکاتە سەری. بئەگەرچی کە لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە چ خانەیەک ئەم کارە دەکات و چۆنییەتی چالاکبوونی ئەم پرۆسەیەیان زانیوە بەڵام ھێشتا کەس نازانێت چ ھۆکارێک دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کۆئەندامی بەرگری لەش ھێرشەکە دەستپێبکات.
  • شوێنەوار: ئەگەری تووشبوون بە ئێم ئێس لە دانیشتووانی شوێنە گەرمێنەکانی نزیک ھێڵی ئیستیوا بە بەراورد بە دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی کە لەسەرووی ٤٠ پلەکی درێژایی جوگرافین (ئەمریکای باکوور و باکووری ئەورووپا و نیووزیلەند و ئۆستڕاڵیا) کەمترە.
  • ڕژێمی خۆراکی: لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کەسانێک زیاتر لە مەترسی تووشبوون بە ئێم ئێسدان کە بە ڕێژەیەکی زۆر بەروبوومی شیر (شیرەمەنی) و چەوری ئاژەڵی بەکاردەھێنن. بە پێچەوانەوە لە دانیشتووانی وڵاتانێک وەک ژاپۆن کە کەمتر بەرووبومی شیر بەکاردەھێنن و خویان گرتووە بەخواردنی ماسی و سۆیا و دانەوێڵەکان، ئەگەری تووشبوون بە ئێم ئێس کەمترە. ئەم خواردنانە سەرچاوەیەکی باشن بۆ ترشە ئەمینە پێویستەکان. کەوابێ کەم و کوڕی لە ترشە ئەمینە پێویستەکان بەھۆی بەکارھێنانی زیاد لەپێویستی چەورییە تێرەکان، لەوانەیە ھۆکاری دەرکەوتنی ئێم ئێس بێت

بڵاوە[دەستکاری]

ئێم ئێس لە وڵاتانی دوور لە ھێڵی ئیستیوا باوترە. دابەزینی ڕێژەی خۆرلێدان دەبێتە ھۆی دابەزینی ڕێژەی بەرھەم ھاتنی ڤیتامین دی و ئەمەش ھۆکارێکی گونجاوە بۆ ئەم مەبەستە. لە نێوان مانگی لەدایکبوون و ئێم ئێسدا پێوەندییەک لە ئارادایە؛ ئەوانەی لە نیوەگۆی باکووریدا لە مانگی نوڤامبر لە دایک دەبن، لە چاو کەسانێ کە لە مەیدا لە دایک دەبن، کەمتر و درەنگ تر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. لێکۆڵینەوە لە لاگە جۆربەجۆرەکانی ئێم ئێس بەردەوامە.

پاتۆفیزیۆڵۆجی[دەستکاری]

سێ تایبەتمەندی سەرەکی ئێم ئێس بریتییە لە: پێکھاتنی قەتماخە لەسەر کۆئەندامی دەماری ناوەندی (کە بە پلاکیش دەناسرێن)، ھەوکردن و تێکچوون و داڕمانی پۆشەنی مایڵینی خانەکانی دەماری. ئەم تایبەتمەندییانە بە شێوەیەکی سەیر و نەناسراو لەھاوکاریدان تا شانەکانی دەماری تێکدەدەن و نیشانەکانی نەخۆشی دەردەکەون.

بۆچوونێک لەم بوارەدا دەڵێت کە ئێم ئێس تێکچوونی باری ئیمەنی لەشە کاتێ کە لەگەڵ جینیتیکی نەخۆش و ھۆکارەکانی ژینگەدا یەک دەگرن.

زیانەکان[دەستکاری]

ناوی چەن سکلرۆزی ئاماژەیە بە برین و قەتماخەکانی سەر کۆئەندامی دەماری. ئەم زیانانە بەزۆری ڕوو دەکەنە سپێنەی دەمارەکانی بینایی، لاسکی مێشک، گرێ بنکییەکان و بڕبڕاگەی پشت. ئەرکی سەرەکی سپێنەکان گواستنەوەی سیگناڵەکانە لە نێوان بۆرێنە (ماکی بۆر) - ئەو شوێنەی لێکدانەوەی پەیامەکانی تێدا دەکرێ- و دیکەی بەشەکانی لەش. کۆئەندامی دەماری ناوەندی بەدەگمەن پێوە دەبێت.

دیمیلەیشن لە ئێم ئێس

بە واتایەکی دی، ئێم ئێس بریتییە لە لەدەستدانی ئۆڵیگۆدندرسایتەکان، ئەو خانانەی ئەرکی دروستکردن و پاراستنی توێکی چەورییان لە ئەستۆیە- ناسراو بە پۆشەنی مایڵین- کە لە گواستنەوەی سیگناڵە ئێلێکتریکییەکانی خانەدەمارییەکاندا بەشدارن. ئەم ڕەوتە بە ناسک بوونەوەی توێکی چەوری و وێڕای ھێزگرتنی نەخۆشی، بە شی بوونەوە و تیاچوونی ئەکسۆنی خانەکانی دەماری کۆتایی دێت. پاش نەمانی مایڵین، خانەکانی دەماری ناتوانن سیگناڵەکان بە باشی بگۆزنەوە.

ڕەوتی کەڵتە و دروستکردنەوەی مایڵین لە سەرەتاکانی نەخۆشیدا وەگەڕ دەکەوێت، بەڵام ئۆڵیگۆدندرسایتەکان ناتوانن بە تەواوی ئەم کارە ڕاپەڕێنن. گوژمە لەپەستاکانی ئێم ئێس ڕێژەی دروستکردنەوەی مایڵین دادەبەزێنێ و ئەم ڕەوتە درێژەی دەبێ تا ئەو کاتەی قەتماخە برینێک لە دەور ئەکسۆنەکاندا بەدی دێت. ئەم قەتماخانە سەرچاوەی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییە و لە وێنەی ئێم ئاڕ ئایدا (MRI) دەردەکەوێت.

ھەوکردن[دەستکاری]

بێجگە دیمیلەیشن، ھەوکردنیش یەکێکی تر لە نیشانەکانی ئێم ئێسە، بە گوێرەی لێکدانەوەیەکی ئیمۆنۆڵۆجی، خانەکانی تی(T cell) دەورێکی گرنگ لە بەرگری لەشدا دەگێڕن و دەبنە ھۆی ھەڵماسین و ھەوکردن.

گوژمەکانی ئێم ئێس بۆ سەر مایڵین دەبیتە ھۆی دەست پێکردنی ڕەوتی ھەوکردن و بەر بوونی سیتۆکینەکان و دژەتەنەکان. ھەڵوەشانەوەی بەربەندی خوێنی - مێشکی بە نۆرەی خۆی دیاردەی خراپی لێ دەکەوێتەوە، وەک: ماسین، خستنە کاری ماکرۆفاژەکان و چالاکسازی زۆرتری سیتۆکین و پرۆتینەکان ھەوکردن دەتوانێ گۆزاوگۆزی سیگناڵەکان ھێواش بکاتەوە.

ناسینەوە[دەستکاری]

ئەنیمەیشنێک لە وێنەی MRI، کە ڕەوتی تەشەنە کردنی ئێم ئێس لە ساڵێکدا پیشان دەدات

نەخۆشی ئێم ئێس لە ڕووی نیشانەکان، وێنەی پزیشکی MRI و ئەزموونی تایبەتەوە دەناسرێتەوە. ناسینەوەی ئێم ئێس لە قۆناخەکانی سەرەتاییدا زۆر ئەستەمە چونکوو لەگەڵ نیشانەکانی دیکەی نەخۆشییەکاندا تیکەڵ دەکرێت. پێوەری مەکدۆناڵد، کە جەخت دەکاتە سەر نیشانەکانی نەخۆشی و پزیشکی (ئەزموون و وێنەگەری پزیشکی) پێکەوە، باوترین شێوازی ناسین و دەرخستنی نەخۆشی ئێم ئێسە.

چارەسەر[دەستکاری]

جۆری چارەسەرکردنی ئێم ئێس پەیوەستە بە ڕادە و توندی نیشانەکان و بەپێی جۆری نیشانەکان و سەختی ئەوان جۆری چارەسەر و دەرمانی گونجاو دەستنیشان دەکرێت. خوێندنەوەکان پێشان دەدەن کە تا چارەسەرکردن زوتر دەسپێکات ئەنجامێکی باشتری دەبێت. ئەگەرچی ھێشتا چارەسەری تەواو بۆ ئێم ئێس بوونی نییە و چارەسەرە پزیشکییەکان ئێم ئێس چارەسەر ناکەن بەڵام توانایان ھەیە ڕێژە و سەختی نەخۆشییەکە کەم بکەنەوە. لە لایەکی ترە دەبێ لەبیرمان بێت دۆخی سروشتی جەستەی ئێمە، تەندروستییە و ئەم تەندروستییە بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێگە سروشتییەکان باشتر و ئاسانتر بەدەست دێت.

یۆگا و ئێم ئێس[دەستکاری]

پەیکەری شیوا لە کاتی یۆگاکردن

پێشتریش وتمان کە نەخۆشی تووشبوو بە ئێم ئێس کۆنتڕۆڵی بەشێک لە ئەندامەکانی خۆی لەدەست دەدات. لەلایەکی ترەوە کەسێک کە یۆگا دەکات خۆی و ژیانی خۆی دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، لەبەرئەوە یۆگاوە لە ڕێکارە باشەکانە بۆ چارەسەری نەخۆشی ئێم ئێس.

ھەندێک لە تەکنیکە تێکەڵەکانی یۆگا بەتایبەت ئەو تەکنیکانەی کە یۆگاکار ھەڵدەستێت بە تەرکیزکردن لە دۆخێکی دیاریکراو و جێگیردا، دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی کۆئەندامی دەمار و تەنانەت دەتوانێت یارمەتی دروستبوونی مایڵین (Myelin) بدات. ئەنجامدانی ڕێکوپێکی ڕاھێنانەکانی یۆگا کاریگەری دەبێت لەسەر کارلێکە کیمیایییەکانی دەماخ و جەستەی کەسەکە وەکوو پێشتر لەلایەن ئەو ھۆرمۆنانەی کە دەبنە ھۆی گوشاری دەروونی ھێرشی ناخرێتە سەر.

ھەروەھا ڕاھێنانەکانی یۆگا کرداری سیستەمی پاراسیمپاتیک دەکات کە ئەرکی ئەم کۆئەندامە کۆنتڕۆڵکردنی توانای حەوانەوە و خاوبوونەوەیە لە مرۆڤدا. ڕاھێنانەکانی یۆگا دەبنە ھۆی کارو کاردانەوەیەکی قووڵ و ئاڵۆز کە دەبێتەھۆی چوونەدەرەوەی ژەھرەکان لە خانەکانی جەستەی ئێمە. بە نەمانی ژەھر لەناو لەشدا، وەڵامدانەوەی جەستە بە دەرمانەکان خێراتر دەبێت.

ئاساناکان (Asanas) بارۆدۆخی سروشتی جەستەن و لەراستیدا کەسێک کە ڕاھێنانەکانی یۆگا ئەنجام دەدات ھەوڵ دەدات جەستەی خۆی لە دۆخی ئاسایی و سروشتی خۆی نزیک کاتەوە و بەم شێوەیە ھاوسەنگی بۆ لەش و دەروون دەگەڕێتەوە. ھەرچەندە ئاساناکانی یۆگا دەشێت بەجۆرەکانی ڕاھێنانە وەرزشییەکان ئەژمار بکرێت بەڵام ڕاھێنانە فیزیکییەکانی تر پێویستیان بە بەکارھێنانی وزەیەکی زۆرە لەحاڵێکدا یۆگا، سەرەڕای ئەوەکە ئاستی وزەی لەش بەرز دەکاتەوە، بەرەنگاری ماندوویی و شەکەتی جەستەش دەبێتەوە. ئەنجامدانی ئاساناکان دەبێتەھۆی مەودای جووڵەی جومگەکان زیاد ببێت و ڕێگر دەبێت لە ڕەقی جومگەکان و لاوازی ماسولکەکان. بەزۆری نەخۆشەکان لە ئەنجامدانی ڕاھێنانە وەرزشییەکان دەترسن بەڵام ڕاھێنانەکانی یۆگا دەکرێت لەسەر کورسی و جێخەویش ئەنجام بدرێت.

لە بنەڕەتدا نەخۆشی دەبێتە ھۆی پەرێشانی و ماندویی مێشک کە ئەم خاڵە لە تووشبووانی ئێم ئێس، بەھۆی سەرچاوەی نەخۆشییەکەوە، کەمێک توندتر دەبێت. ڕاھێنانەکانی ھەناسە و وردەگەری یۆگا بە تەرکیزکردن لەسەر ھەناسەدان، دەروون ئارام دەکاتەوە و پشوو بە مێشک دەدات. ژیانی مۆدێڕن گوشاری دەروونی زۆر بۆ مرۆڤ دروست دەکات و زۆربەی مرۆڤەکان کە دەیانەوێت بەخێرایی لەم گوشارانە ڕزگاریان بێت ڕوودەکەنە بەکارھێنانی مادە ھۆشبەرەکان و جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان کە خۆی دەبێتە ھۆی زیانێکی زۆرتر. لەبەرئەوە ڕاھێنانەکانی ھەناسەدان و وردگەری و میدیتەیشنی یۆگا دەتوانێ قورسی ئەم گوشارانە تا ڕادەیەکی باش کەم بکاتەوە و پرۆسەی چاکبوونەوە بەلەزتر بکات

بەئارامبوونەوەی مێشکی نەخۆش، چۆنایەتی خەوی ئەو کەسە باش دەبێت. بەم پێیە کە خەو وەکوو خۆراک بۆ ئێمە گرنگی ھەیە ئەم کاریگەرییەی یۆگاش بۆ کەسی نەخۆش شایانی بایەخپێدان دەبێت. دەبێ سەرنج بدەین کە ڕێژەی خەو بە قووڵی خەوەکە ھەڵسەنگێنین نەک ماوەکەی. لەماوەی خەوتندا مێشک ھەر لەچالاکیدایە و لەخەوێکی باش و گونجاودا، شەبەکە دەمار کە لە ماوەی ڕۆژدا چالاک نەبووە، چالاک دەبێت.

ھەندێک لە ڕاھێنانەکانی یۆگا دەبێتەھۆی بەھێزبوونی کۆئەندامی ھەرس کە بە سەرنجدان بە تیورییەکانی سەرجەم قوتابخانەکانی پزیشکی کەلتوری، بە بەھێزبوونی ئەم کۆئەندامە ڕەوتی چاکبوونەوەی نەخۆشی دەست پێ دەکات و خێرا دەبێت. ھەروەھا دەزگای ھەرسی بەھێز یارمەتی دەدات کۆئەندامەکانی دیکەی لەش کردارێکی باشتریان ھەبێت.

ئەنجامدانی ڕێکوپێکی کۆمەڵیک ئاسانا و ڕاھێنانی ھەناسەدان و وردەگەری و مدیتەیشن دەبێتە ھۆی ئەوەی کە زھن و لەش ڕێکوپێکییەکی ئەوتۆ و تایبەتیان دەست بکەوێت. لە جەستەی ئێمەدا زیاتر لە ١٠٠ ڕیتم بوونی ھەیە کە لە ھەر بیست و چوار کاتژمێرێکدا دووبارە دەبنەوە. ئەم ڕیتمانە کردارگەلێک وەکوو لێدانی دڵ و ڕێژەی ھۆرمۆنەکان و پلەی گەرمی لەش کۆنتڕۆڵ و ھاوسەنگ دەکەن. بەرنامەی ڕێکو پێکی ڕۆژانە زھن و جەستە ئاگادار دەکاتەوە و لە ئاکامدا مێشک بەخانەیەکی زیاتر فەرمان دەدات ئەم ڕیتمانە ڕێکوپێک و ھاوسەنگ بکەن.

بەشێوەیەکی گشتی یۆگا یارمەتی سیستەمی خۆچارەسەرکردنی لەش دەدات و پرۆسەی گەشەی نەخۆشییەکە خاو دەکاتەوە، ھەروەھا پەرێشانی ناھێڵێت و ھەستی باشبوون دەبەخشێتە تاکە کەس.

ئەنجامی ڕاھێنانە جۆراوجۆرەکانی یۆگا بەشێوەیەکی تایبەت کاردەکاتە سەر نیشانەکانی خوارەوە و دەتوانێت یارمەتی نەمانیان بدات:

  • شەکەتی
  • لاوازی ماسولکەکان
  • گرژی
  • ئازار

بەپێی ئەم باسە دەکرێت سودە سەرەکییەکانی ئەنجامی ڕاھێنانەکانی یۆگا بۆ کەسێکی تووشبوو بە ئێم ئێس بە شێوەی خوارەوە کۆبکەینەوە:

  • فراوانبوونی ئاگایی لەسەر لەش.
  • ڕەواندنی گرژی ماسولکەکان.
  • بەرزبوونەوەی ھاوسەنگی و ھەماھەنگی لەنێوان جەستە و مێشک.
  • بەرزبوونەوەی ھێز و نەرمی لەش.
  • زاڵبوون بەسەر ماندوویی و شەکەتی.
  • بەرزبوونەوەی ئاستی خۆڕاگری لەبەرامبەر گەرما.
  • باشبوونی ھەناسەدان.
  • باشبتربوونی کرداری ئەندامەکانی جەستە.
  • کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی.

چەند خاڵێکی گرینگ لە ئەنجامدانی ڕاھێنانەکانی یۆگا بۆ تووشبووانی ئێم ئێس:

ئەنجامدانی ڕاھێنانەکانی یۆگا ھەمیشە پێویستی بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێنمایییەکانی مامۆستایەکی بەئاگا بە زەریفی تەکنیکەکانی یۆگا ھەیە، بەڵام بۆ کەسانێک کە بە ئێم ئێس تووشبوون و دەیانەوێت بە نییەتی چاکبوونەوە کەڵک لەم ڕاھێنانانە وەربگرن چەند خاڵێکی تایبەت ھەیە. لە ئەنجامدانی ڕاھێنانە جێگیرەکان دەبێت نەخۆش ھێزی ڕاکێشانی زەوی لەسەر خۆی کەم بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش یەک نەفەر دەبێ یارمەتی نەخۆش بدات یاخود دەبێت کەرەستەیەک بەکار بێنێت کە یارمەتی ئەنجامدانی ڕاھێنانەکان بدات. نەخۆش دەبێ بەتەواوەتی لە کاریگەری ئەو کارەی ئەنجامی دەدات بەئاگا بێت لەبەر ئەوە ڕاھێنەر دەبێ کاریگەری ھەر تەکنیکێک بە وردی بۆ نەخۆشەکە باس بکات. کاتێک نەخۆش بە شێوازێکی دروست ئازموونی کاریگەری ئەو تەکنیکاتەی ئەنجامی دەدات بکات زھنی ئەو ئارامییەکی زیاتری دەست دەکەوێت و ڕێگەی پێدەدات ڕەوتی چارەسەرکردنی خۆی بە ئارامی و خێرایییەکی زیاتر پەیڕەو بکات. ھەروەھا لەبیرتان بێت کە پێش دەسپێکردنی ڕاھێنانەکانی یۆگا دەبێت بەپێی تاقیکردنەوە پزیشکییەکان بارودۆخی نەخۆش وەکوو پەستانی خوێن و شەکرە و … دیاری بکرێت. بوونی وەھا نیشانەیەک کاریگەری ھەیە لەسەر جۆری ڕاھێنانەکانی یۆگا. ئەنجامدانی ڕاھێنانەکانی یۆگا بەمانای وازھێنان لە بەکارھێنان و چارەسەر بەدەرمان نییە. تەنیا پزیشکێکی پسپۆر دەتوانێت بڕیار لەسەر وەستاندنی بەکارھێنانی دەرمان بکات.

یۆگا و دەرمان بەیەکەوە یارمەتی باشبوونی نەخۆش دەدەن بەڵام یۆگا فێرمان دەکات کە لە ڕوانگەی مەعنەوییەوە، نەخۆشی، مامۆستا و دۆستی نەخۆشە. نەخۆشی پێشان دەدات کە لە شێوەی ژیان یاخود بیرکردنەوەی خۆمان تووشی ھەڵە و لەئاکامدا دوچاری ناھاوسەنگی بووین. یۆگا پێمان دەڵێت بۆ بەدەستھێنانی ژیانێکی پڕ لە تەندروستی دەبێ گۆڕانکارییەک لە ژیانماندا دروست بکەین.

ڤیتامین دی[دەستکاری]

نەخۆشی ئیم ئێس نەخۆشییەکی سیستەمی ناوەندیی دەمارە. لێکۆڵینەوەکانی ئەمدوایییە نیشانی داوە کە ڕادەی ڤیتامین دی لە خوێن، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئێم ئێس کەم دەکاتەوە.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە ئەو کەسانەی ئاستی ڤیتامین دیی ناو خوێنیان تەواوە، لەچاو ئەو کەسانەی کە تووشی کەمبوونی ڤیتامین دین، نزیک بە ٢٦٪ کەمتر تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن. لێکۆڵینەوەکان ھەروەھا نیشانی داوە ئەو کەسانەی لەو ناوچانە دەژین کە ھەوا زۆرتر ھەوروھاڵایە، لەبەر نەبوونی تیشکی خۆرەتاو و کەمبوونی ڤیتامین دی، زۆرتر تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.