ئیدیا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەفلاتوون، لە یەکەمین فەیلەسووفانێ کە بەوردی باسی ئیدیاکانی کردووە. ئەرەستوو ئەڵێ زۆرێ لە ڕوانگەکانی ئەفلاتوون لە بنەڕەتدا فیساگۆرسین.

لە فەلسەفەدا، ئیدیا دوو مانای تا ڕادەیەک لێکجیاوازی ھەیە:[١]

لە سەدەکانی حەڤدەیەم و ھەژدەیەم بەم لاوە، ئیدیا بەو وێنەیە ئەوترێ کە کاتێ مرۆڤ بیر بکاتەوە لە زەینیدا دروست ئەبێ.[٢] بەڵام، لە فەلسەفەی ئەفلاتووندا، «ئیدیاکان» یان «فۆرمەکان» زەینی نین، بەڵکوو عەینی و نەگۆڕ و ناماددین کە زەین بە چەشنێ لیان تێ ئەگا و بۆ پۆلاندنی شتەکانی ناو ئەم دنیایە بە کاریان دێنێ؛ دنیایەک کە ئەفلاتوون پێی وایە گشت دیاردەکانی، لاسایییەکی زڕ و کز لەو ئیدیا و فۆرمانەن.[١]

ئەو باوەڕە میتافیزیکییە کە پێی وایە واقیع دروستکراوی زەینە یا بەتوندی بەستراوە بە ئیدیاکانەوە، ئایدیالیزم یا ئیدیاباوەڕیی پێ دەوترێ.

ئێتیمۆلۆژی[دەستکاری]

وشەی ئیدیا لە ἰδέα -ی یۆنانییەوە دێ کە بە مانای فۆرم و نوێنەکە و، ئەویش خۆی لە ڕیشەی ἰδεῖν (ئیدێین) بە مانای دیتنە.[٣]

لە فەلسەفەدا[دەستکاری]

ئەفلاتوون[دەستکاری]

ئەفلاتوون بەتێروتەسەلی باسی ئیدیاکان و پرۆسەی بیرکردنەوە دەکا. وشەی ئیدیا لە زمانە یۆنانییەکەی سەردەمی ئەفلاتووندا مانایەکی تا ڕادەیەک جیاوازی بووە لە چاو بەکارچوونی ئەمڕۆژەی. لە ھەندێ لە دیالۆگەکانی، وەک میوانی و کۆمار و تیمایۆسدا، ئەفلاتوون بەڵگە بۆ ئەوە دێنێتەوە کە بیسەلمێنێ مەڵبەندێکی جیاواز لە جیھانی ئێمە ھەیە کە مەڵبەندی ئیدیاکان یا فۆرمەکانە. بەپێچەوانەی شتەکانی جیھانی ئێمە کە کورتماوە و کەمخایەن و ئامادەی وەرگرتنی تایبەتمەندیگەلی ھاودژ و ناکۆکن، ئیدیاکان لەو مەڵبەندەدا نەگۆڕ و سەقامگرتوو و ھەروابمێنن. ئەفلاتوون دەڵێ زانایی و ناسیاریی ڕاستەقینە ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ئیدیا نەگۆڕانە. ئەو زانایی و ناسیارییەی کە لە بابەت شتە ماددییەکانی ئەم جیھانەوە ھەمانە، ڕاستەقینە نییە و لە سنووری ڕا و بۆچوون تێناپەڕێ.

ئەفلاتوون لە بەرامبەر وشەی ئیدیاوە، وشەی فینۆمینۆن -ی بە کار دەبرد. بە لای ئەوەوە، فینۆمینۆنەکان ھەر ھەمان ھەبووەکانی جیھانی بەرھەستن کە بوونیان ناڕەسەن و تاپۆئاسا و بگۆڕ و تاکە و، ئەسڵی ئەوان، واتە ئیدیاکەیان، لە جیھانێکی دیکە جیا لە جیھانی بەرھەست و بە شێوەیەکی جێگرتوو و ھەتاھەتایی ھەڵکەوتووە. بۆ نموونە، دار نوێنەری ئیدیای دار لە جیھانی ئیدیاکاندایە، کەوایە، وێنەی دار لە زەینی ئێمە دەبێ بە نوێنەری نوێنەری ئیدیای دار.[٤]

ڕێنێ دێکارت[دەستکاری]

دێکارت مانای ئیدیای کرد بە وێنە یا نوێنەرایەتییەک کە ئەغڵەب بەڵام نە بەپێویست «لە ناو زەیندا» دروست دەبێ، کە [ئەم مانایە] لە زمانی ئاخاوتنی خەڵکیشا ناسراو بووە. بۆیە دێکارت بە داھێنەری مانای نوێی وشەی ئیدیا و دوورخەرەوەی مانا ئەفلاتوونییەکەی دەناسرێ. ئەو لە «تێڕامانەکان لە فەلسەفەی یەکەم»دا دەڵێ: «بەعزێ لە فکرەکانم وەکوو وێنەی شت وان و، ناوی ئیدیاش ھەر لایق بە باڵای ئەمانەیە.» لە ھەندێ شوێنا، دێکارت ئیدیاکان بە زگماک دادەنێ، یانی وای بۆ دەچێ کە لە ئەزموونەوە نەھاتوون و ئینسان لە زگی دایکەوە لەگەڵ خۆیا ھێناونی.[٥]

جۆن لۆک[دەستکاری]

لۆک ئاوا ئیدیا دەناسێنێ: «ئەو زاراوەیە کە بە لای منەوە بەکەڵکترین و باشترینە بۆ نواندنی ھەر بابەتێک کە مرۆڤ کاتێ فکر دەکاتەوە لێی تێ دەگات. من خۆم  کەڵکم لێ وەرگرتووە و بۆ درکاندنی ھەر مانایەک کە لە [وشەکانی] وێنا و تێگەیشتە و جۆر بکرێتە مەبەست و، ھەرچییەک کە زەین لە کاتی فکرکردنەوەدا بتوانێ بە کاری بگرێ، بە کارم ھێناوە. ناشتوانم خۆم دوور بگرم لە بەکارھێنانی پەیتاپەیتای.»[٦]

ئیدیا زگماکەکان و تەتەڵە سپییەکان[دەستکاری]

لۆک لە یەکەمین کەسانێ بوو کە ھێرشی ھێنا بۆ ئامۆژگاریی ناسراو بە ئیدیا زگماکەکان (innate ideas)، کە ڕاسیۆنالیستەکان باوەڕیان پێ بوو. ئاوەزباوەڕانێ وەک ئەفلاتوون و دێکارت لەسەر جۆرێکی تایبەت لە زانایی و ناسیاری جەختیان دەکرد کە لە سەرەتای لەدایکبووندا یا تەنانەت پێشتر لەویش، لە زەینی مرۆڤدا نەخشاوە. ئەوان دەیانوت ھەندێ لە ئیدیاکان ناتوانن لە ئەزموون بگیرێن. بەتایبەت ئەوانەی وا خۆگەوا و بەڵگەنەویستن، وەکوو ماتماتیک. ئیدیایەکیش کە لە «خوا» ھەمانە، ھەر خۆی لە زەینی ئێمەدا دایناوە. شوێکەوتووانی ئەفلاتوونیزمی نوێ لە سەردەمی لۆکدا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە یاسا سەرەتایییەکانی لۆژیک و پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی ئەخلاق و ئاگاداری لە بوونی خوا دەبێ ئیدیاگەلێکی زگماک بن. بەڵام لۆک دەیوت زەینی ساوایان وەکوو تەتەڵەیەکی سپییە و ھیچی تیا نەنووسراوە. مرۆڤ کە لە دایک دەبێ زەینی بە ئیدیای زگماک پڕ نەبووەتەوە. ھەموو زاناییی مرۆڤ وردەوردە لە ڕێی ئەزموونەکانیەوە دروست دەبێ.[٧]

ئیدیای سادە و ئیدیای لێکدراو[دەستکاری]

لە ڕوانگەیەکی «لۆکی»یەوە، دوو جۆر ئیدیا ھەیە: سادە و لێکدراو. ئیدیا سادەکان خشتەکانی بینای ئیدیا لێکدراوەکانن و، «ئەگەرچی زەین لە وەرگرتنی ئیدیا سادەکاندا سڕ و ناچالاکە، بەڵام بۆ بیناکردنی ئیدیا لێکدراوەکان زۆر چالاک و نەسرەوتووە».[٨] بە باوەڕی لۆک، «ئیدیای زگماک» نییە و، زەینی ساوای تازەلەدایکبوو چۆڵ و بەتاڵە. بەڵام، ئەندامە ھەستییەکانی خێرا زەینی بە ئیدیاگەلی سادەی ھەمەجۆرە، وەک زەردی و سپێتی و نەرمی و ڕەقی و گەرمی و ساردی و تاڵی و شیرینی، پڕ دەکەنەوە. ئەم ئیدیایانە سادەن، واتە دابەش ناکرێن بە سەر ئیدیاگەلی تردا؛ کەم تا زۆر لێکجیا و تاک و سەربەخۆن. سەرەتا، مناڵی ساوا، بە شێوەیەکی سڕ و خۆبەدەستەوەداو و خۆنەویست وەریان دەگرێ. بەڵام، دواتر کە لە بیرگەیدا تۆمار کران، زەین چالاک دەبێتەوە و ئیدیای تریان لێ دروست دەکا. لۆک دەڵێ کاری زەین ئاوەھایە: لەبەرگرتنەوە و ھەڵبژاردن و سەرلەنوێ پێکەوەنانی ئیدیا سادەکان و بیناکردنی ئیدیا لێکدراوەکان. بۆ نموونە، زەینی مرۆڤ لە کاتی لەدایکبووندا ئیدیای «فەرق یا جیاوازی»ی تیا نییە. کاتێ بۆ وێنە دایکی ئەوەڵ شیر و دوای ئەوە دەرمانێکی تاڵی پێ دەدا، ئیدیای «جیاوازی» لە ناو زەینیا شێوە دەگرێ.[٧]

دیڤید ھیووم[دەستکاری]

ھیووم دەیوت پێزانین و دەرکپێکردن لە مرۆڤەکاندا دوو جۆرە: بە یەکێکیانی دەوت ئەمپرێسیۆن (impression، شوێندانان، شوێنخستن، ئینتیباع) و، بە ئەوی تریان ئیدیا (وێناکردن، تەسەوور). مەبەستی ھیووم لە ئەمپرێسیۆنەکان دراوەگەلی ڕاستەوخۆی ھەست و ئەزموونە کە یەکەوڕاست شوێنی خۆیان لەسەر زەینی مرۆڤ دادەنێن. ئەمپرێسیۆنەکان زیندوون، وەکوو ئەو کاتەی چاوی خۆمان دەکەینەوە و دیمەنێ لە دیمەنەکانی سروشت دەبینین. لە بەرامبەردا، ئیدیا دووبارەبوونەوەی ھەمان پێزانین و دەرکپێکردنە دوای پچڕانی پەیوەندییە ھەستییە ڕاستەوخۆکە، لە ڕێگای خەیاڵ و بیرەوەرییەوە کە وەکوو جاری پێشوو زیندوو نییە و کەمھێزتر و بێوزەترە.[٩]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Glossary of Philosophical Terms - Oxford University Press
  2. ^ Cambridge Dictionary of Philosophy
  3. ^ "پێناسەی idea". فەرھەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرد. بڵاوگەی زانکۆی ئۆکسفۆرد. 2014. ١٤ی تەممووزی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ جەمادی, سیاوەش (1386). زەمینە و زەمانەی دیاردەناسی (بە فارسی). تاران: قەقنەس. p. 83.
  5. ^ Smith, Kurt (2024), Zalta, Edward N.; Nodelman, Uri (eds.), "Descartes' Theory of Ideas", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Summer 2024 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2024-05-17
  6. ^ Locke, John (1689). Wikisource link to An Essay Concerning Human Understanding. ویکیسەرچاوە. § What Idea stands for.. 
  7. ^ ئ ا Robinson, Dave; Mayblin, Bill. Introducing Empiricism. Translated by سیاح, علی. pp. 24–50.
  8. ^ Sheridan, Patricia (2010). Locke: A Guide for the Perplexed. A&C Black. ISBN 978-0-8264-8983-8.
  9. ^ Hume, David, "Enquiry Concerning Human Undlerstanding", Open Couvrt, 1488, Section II, 63-66. P