جۆن لۆک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
جان لاک
لەدایکبوون جان لاک
٢٩ی ئابی ١٦٣٢
سامێرسێنت، بڕیتانیا
مەرگ ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٧٠٤
ئێسێکس، بڕیتانیا
پیشە فەیلەسووفی سەدەی ١٧ی زایینی
واژۆ

جۆن لۆک (لەدایکبووی ٢٩ی ئابی ١٦٣٢ - مردن ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٧٠٤) کە بەگشتی بە باوکی لیبرالیزم ناسراوە، فەیلەسووف و فیزیکزانی ناوداری ئینگلیزی و یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکان لەسەر بیرۆکەکانی سەردەمی ڕووناکبیری بوو. وەک یەکێک لە یەکەمین بڕوادارانی ئەزموونباوەڕی لە بەڕیتانیا دەناسرێت بە ڕێڕەوی لە فڕانسیس بەیکن؛ و ھەرووھا کەسایەتییەکی گرینگ بووە بۆ تیۆریای بەڵێنە کۆمەڵایەتییەکان. کاریگەریی ھەبوو لە سەر تیۆری ماریفەتناسی و فەلسەفەی ڕامیاری. نووسراوەکانی کاریگەری ھەبوو لە سەر واڵتەر و ڕۆسۆ و کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرانی سکۆتلەندی و ھەروا شۆڕشگێڕانی ئەمەریکی. کاریگەرییەکەی لەسەر کۆمارخوازی و لیبرالیزم لە بەڵگەنامەی سەربەخۆیی ئەمەریکادا دەبینرێت. یەکێ لە کارە گرنگەکانی جۆن لۆک گرنگی دان بە وێژەی مناڵانە.

دەربارەی هزر[دەستکاری]

لۆک لە کتێبی 'وتارێک دەربارەی تێگەشتنی مرۆڤ'دا، بەشی دوو خاڵی دوودا ئەڵێ: "بیرۆکە لە دوو سەرچاوەوە دێ، هەستکردن و تێڕامان"، هەستکردن واتە sensation و تێڕامانیش مەبەست reflectionی ئینگلیزیە. دواتر لە خاڵی چواری هەمان بەشدا زیاتر لەسەر تێڕامان ئەڕوات، چونکە هەستەکان تا ڕادەیک ڕوونن، وە ئەڵێ "سەرچاوەیەکی تریان کردارەکانی ناو مێشکمانن"، مەبەستی لە کردارەکانی مێشک ئەو تێڕامانەیە کە لە دوای دروستبوونی "بیر"ێکەوە تێگەشتنی زیاتری بۆ ئەکرێ لەلایەن مێشکەوە.[١]

هەروا لە کتێبی دوو، بەشی چواردەهەم خاڵی ٢٨دا ئەڵێ: "پیاوان جیاوازیان کەمە لە بیرۆکەی سادە و ڕووندا". لۆک باوەڕی وایە کە مرۆڤەکان کەم جیاوازی بیر و باوەڕیان هەیە ئەگەر بێت و بیر و ڕاکان بە ڕوونی و سادەیی بۆ یەکتر باس بکەن یان لەوەیە مەبەستی ئەو بیرۆکە سادانەبێ کە پێشتر باسی ئەکات و ئەڵێ سەرچاوەی بیرۆکە ئاڵۆزەکانن. بۆیە لە خاڵێکی دیکەدا ئەڵێ "گەر دووکەس بەڕاستی دوو فیکری جیاوازیان پێ بێ نابێ بتوانن نە قسە بکەن بەیەکەوە نە دەمەقاڵەش" مەبەستی لۆک ئەوەیە کە ئەگەر دوو مرۆڤ بەڕاستی باسی دوو شتی جیاواز بکەن کە شارەزانەبن لە بیرۆکەکانی یەکتر، ئەوا ناکرێ نە پێکەوە لەسەری بدوێن، نە دەمەقاڵەش دروست بێ لە نێوانیاندا. وە هۆکاری دروستبوونی مشتومڕ لەنێوان خەڵکاندا بۆ ئەوە ئەگەڕێنێتەوە کە کەسەکان لە وشەکانی خۆیان حاڵی نەبوون یاخود بیر و ڕای کەسی تریان پێیە و دووبارەی ئەکەنەوە.

نوسراوەکانی[دەستکاری]

  • نامەیەک دەربارەی لێبوردەیی - ١٦٨٩
    • نامەی دوەم دەربارەی لێبوردەیی - ١٦٩٠
    • نامەی سێیەم دەربارەی لێبوردەیی - ١٦٩٢
  • دوو توێژینەوە لەسەر دەوڵەت - ١٦٨٩
  • ‌ وتارێک دەربارەی تێگەشتنی مرۆڤ - ١٦٩٠
  • هەندێ بیرۆکە دەربارەی پەروەردە - ١٦٩٣

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. جۆن لۆک، وتارێک دەربارەی تێگەشتنی مرۆڤ. ئەلیز. هۆڵت چاپی ١٧٠٠. کتێبی دوو (بەشی بیرۆکە)