بۆ ناوەڕۆک بازبدە

یۆھان گۆتلیب فیشتە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە یۆھان گۆتلیب فیختەەوە ڕەوانە کراوە)
فیشتە

یۆھان گۆتلیب فیشتە (Johann Gottlieb Fichte) (١٨١٤-١٧٦٢) فەیلەسووفێکی ئەڵمانی بوو. ئەو بە یەکێ لە بناخەدانەرانی ئیدیالیزمی ئەڵمانی دەناسرێ، ئەو بزاڤە فەلسەفییە کە لە نووسراوە تیۆریکەکان و بەرھەمە ئەخلاقییەکانی کانتەوە پەرەی گرت. فیشتە، لەم دوایییانە، لەبەر خاتری دەروونبینییە تازەکانی دەرھەق بە سروشتی خۆئاگایی، وردەوردە خەریکە ناوبانگی زیاتر پەیدا دەکا و قەدری زۆرتر دەزانرێ و، فکر و ئەندێشەکانی بە ئۆریجیناڵ دادەنرێ. ھەروەھا، ڕاستەکەی ئەوەیە فیشتە داھێنەری تێز-دژەتێز-سەنتێز بووە، نەک ھێگڵ. فیشتەش وەک دێکارت و کانت، پرسی سووژەییبوون و وشیاری ھاندەری بووە لە فەلسەفە. فیشتە لەبارەی فەلسەفەی سیاسیشەوە نووسراوی ھەیە، وەک یەکێ لە باوکانی ناسیۆنالیزمی ئەڵمانیش ناسراوە.

فەلسەفەکەی

[دەستکاری]

ڕەخنەگرانی فیشتە باسی ئەوەیان دەکرد کە لەبەر لاساییکردنەوەی شێوازە دژوارەکەی کانت، بەرھەمەکانی وایان لێ ھاتووە مرۆڤ بەئاسانی لیان تێ نەگات. خودی فیشتەش دانی بەوە دەنا کارەکانی دژوارە، بەڵام دەیشیوت بۆ ئەوانەی ھەوڵ بدەن بەبێ پێشباوەڕی و پێشداوەری فکر بکەنەوە، ڕوونە و ئاسان لە تێگەیشتن دێ.

فیشتە، پێچەوانەی کانت، باوەڕی نەبوو بە ھەبوونی «شتەکان بۆ خۆیان» و، بەڵگەھێنانەوەکانی کانتی لەم بارەیەوە ڕەت دەکردەوە. یانی پێی وا نەبوو واقیعێک ھەبێ لەوپەڕی ھەستپێکردنەوە. دەیوت لێکجیاکردنەوەی ڕەقوتەق و سیستماتیکی «شتەکان بۆ خۆیان» و «شتەکان ئەو جۆرەی کە دیاری دەدەن» بانگەوازە بۆ سکێپتیزم. ئەمە، ھەرچی مرۆڤ دەیزانێ ھەمیسان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەیکاتە جێگەی شک. لە باتیی بانگھێشتنی سکێپتیزم، پێشنیارە ڕادیکاڵەکەی فیشتە ئەمە بوو کە ئێمە دەبێ ئەندێشەی «جیھان بۆ خۆی» فڕێ دەین و ئەوە قبووڵ کەین کە وشیاریمان بێبنەڕەتە. لە ڕاستیدا، ھەر ئەم قسەیە بوو بە ھۆی ناوبانگ دەرکردنی فیشتە کە: «بنەڕەتی وشیاری لەسەر ھیچ شتێک لە دەرەوەی خۆیدا دانەنراوە.» جیھانی دیاریدەر ھەر لە وشیارییەوە سەری ھەڵداوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]