گەندەڵیی ڕامیاری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە گەندەڵیی سیاسیەوە ڕەوانە کراوە)
گەندەڵیی ڕامیاری

گەندەڵی ڕامیاری یان گەندەڵی سیاسی بە واتایەکی فراوان، گەندەڵی ڕامیاری بریتییە لە خراپ بەکارھێنانی ئۆفیسە گشتییەکان (حکوومییەکان) لەپێناو دەستکەوتە نھێنی و نایاسایی و تایبەتەکاندا. ھەموو فۆرمەکانی حکوومەت ئەگەری کەوتنە ژێر کاریگەری گەندەڵی ڕامیاریان تێدا ھەیە. شێوازەکانی گەندەڵی جیاوازن لەیەکتری، بەڵام باوترینیان بریتین لە دانی مافی پێشینە لە ئەنجامدان و بەدەستھێنانی خزمەتی گشتی و بەرتیل و بەکارھێنانی ھەڕەشە لەبەدەستھێنانی خزمەتە گشتییەکان بەکارھێنانی کاریگەری و دزینی ماڵی حکوومەت لەلایەن فەرمانبەرەوە و بەکارھێنانی واستەکاری. ئامانجی کۆتاییش لە گەندەڵی ڕامیاری بریتیە لە (Kleptocracy) کە واتا وشەییەکەی بریتییە لە لە فەرمانڕەوایەتی دز و جەردەکان، کە تەنانەت تێیدا ڕواڵەتە دەرەکیەکەی ڕاستگۆییش بەدی ناکرێت. گەندەڵکاری لە ھەردوو ئۆفیسە ڕامیاری و بیرۆکراتییەکان سەرھەڵدەدات و دەکرێت بە ڕێژەیەک کەم یان بە ڕێژەیەکی زۆر، بەشێوەیەکی ڕێکخراو یان نا ڕێکخراو بێت. ھەرچەندە گەندەڵی زۆربەی جار ڕێ خۆشکەرە بۆ چالاکییە تاوانکاریەکانی تر وەک مامەڵەکردن بە مادە بێھۆشکەرەکان، شۆردنەوەی دراوی، لەشفرۆشی، بەڵام گەندەڵی بەو چالاکیانەوە بەند نیە. بە مەبەستی تێگەیشتنی کێشەکە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان، شتێکی گرنگە کە تاوان و گەندەڵی لە ڕووی شیکارکردنەوە بە لەیەکترجیاکراوەیی بھێڵیتەوە. بە گوێرەی وڵات و تایبەتمەندیەتی دادگەری، ئەو شتانەی کە بە گەندەڵی دادەنرێن و ئەوانەشی کە بەگەندەڵی دانانرێن گۆڕانیان بەسەردادێت. بۆ نموونە ھەندێک ڕێوشوێنی دارایی ڕامیاری لەوانەیە لە شوێنێکی دیاریکراو یاسایی بێت کەچی لە وڵاتێکی تر نایاسایی بێت.

ئەو بارودۆخانەی دەبنە ھاندەری دروستبوونی گەندەڵی[دەستکاری]

  • چەقگیری دەسەڵات بەدەست ئەو بڕیاردەرانەوە کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرپرسیارنین لە بەرامبەر خەڵک وەک ئەوەی زۆربەی جار لە ڕژێمە نا دیموکراتیەکان دەیانبینین.
  • کەمی شەفافیەتی حکومی لە پرۆسەی بڕیاردروستکردندا.
  • ھەڵمەتە سیاسیە (ھەڵبژاردن) گران خەرجیەکان، کە خەرجیەکانی زۆر لە سەرچاوە ئاساییەکانی تەمویلکردنی سیاسی تێپەڕ بکات.
  • بەگەڕخستنی بڕێکی زۆری سەرمایەی گشتی لە پڕۆژەیەکدا.
  • بوونی گروپێکی بەرژەوەندیخوازی بچووک وداخراو و تۆڕێکی پەیوەندیەکانی نێوان «کۆنە ھاوڕێکان».
  • لاوازی سەروەری یاسا.
  • لاوازی پیشەگەری یاسایی.
  • کەمی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری.
  • کەمی مووچەی فەرمانبەر و کارمەندان.
  • بوونی جەماوەرێکی خاو (تەمبەڵ) و بایەخ نەدەر و خۆشباوەڕ کە نەتوانێت سەرنجی تەواو بداتە پرۆسە سیاسیەکان.
  • نەبوونی کۆنترۆڵکردنێکی تەواو بۆ بەرتیل و ئەوەی کە پێی دەوترێت «بەخشینەکان بۆ ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن».

کاریگەرییە نەرێنییەکان[دەستکاری]

دیموکراسیەت[دەستکاری]

گەندەڵی بەرەنگاریەکی زۆر ترسناک دەخاتە بەردەمی پێشکەوتن. لە بواری سیاسەتدا، دەبێتە ھۆی لاوازکردنی دیموکراسی و ئەنجامدانی حکومڕانیەتیەکی باش لەرێگەی بنکۆڵکردنی (رووخاندنی) پرۆسە ڕەسمیەکان. گەندەڵیکردن لە ھەڵبژاردنەکان و دەستە و دامەزراوەکانی یاسادانان دەبێتەھۆی کەمکردنەوەی لێپێچینەوە و کەمکردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتیکردن لە پرۆسەی بڕیاردروستکردندا؛ گەندەڵی لە دەسەڵاتی دادگەری دەبێتە ھۆی لەکارخستنی سەروەری یاسا؛ گەندەڵی لە بەرێوەبردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکاندا دەبێتە ھۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان بە شێوەیەکی نا یەکسان. بە شێوەیەکی زیاتر گشتیتر، گەندەڵی دەبێتە ھۆی بەرە بەرە تێکشکانی توانا دامەزراوەییەکانی حکومەت لە کاتێکدا کە ڕێوشوێنەکان بە ھەند وەرناگیرێن، سەرچاوەکان ھەڵدەلووشرێن، و کارمەندان و فەرمانبەران دادەمەزرێنرێن و پلەیان بەرزدەکرێتەوە بە بیَ ڕەچاوکردنی ئاستی کارکردنیان. لە ھەمان کاتیشدا، گەندەڵی دەبێتە ھۆی بێھێزکردنی ڕەوایەتی (شرعیە) حکومەت و ھەندێک بەھای دیموکراتیانەی وەک باوەڕی (راستگۆیی) و لێبوردەیی.

ئابوری[دەستکاری]

بە ھەمان شێوە گەندەڵی پێشکەوتنی ئابوری لاواز دەکات لە ڕێگەی ئەو ھەموو شێواندن و ناکاراییەی کە بەرھەمی دەھێنێت. لە کەرتی تایبەتدا، گەندەڵی دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی تێچوونی کارە بازرگانیەکان بەھۆی نرخی ئەو پارانەی کە بەرێگەی یاساغەوە دەدرێن و تێچووی ئەنجامدانی وتووێژی مامەڵەکردن لەگەڵ فەرمانبەران و مەترسی پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکان و ئاشکرابوونیان. ھەرچەندە ھەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گەندەڵی دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی تێچوونەکان لە ڕێگەی پەڕاندنی ڕۆتینەکان، ئامارێکی دەرکەوتوو ئەوە پیشاندەدات کە بوونی بەرتیل ھانی فەرمانبەران دەدات کە ڕێسا و ڕێگری نویَ دابرێژن. کاتێکیش گەندەڵی دەبێتە ھۆی ھەڵئاوساندنی تێچوونەکانی کارو پرۆژەبازرگانیەکان، بەھەمان شێوەش دەبێتە ھۆی شێواندنی بواری یاریەکە، و دوورخستنەوەی کۆمپانیا و دامەزراوەکان لە پێشبڕکێکردن و بەم پێیەش دەبێتە ھۆی مانەوەی کۆمپانیا و دامەزراوەی ناکارا.

ھەروەھا گەندەڵی دەبێتە ھۆی دروستبوونی شێواوی ئابوری لە کەرتی گشتیدا لەرێگەی گۆڕینی وەبەرھێنانی گشتی بۆ پرۆژەی سەرمایەداری کە تیایاندا بەرتیل و پارە وەرگرتنی ناڕەوا زۆر زیاترە. کارمەندان لەوانەیە ئالۆزکاری تەکنیکی زیاتر دروستبکەن لە پرۆژەکانی کەرتی گشتیدا بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کێشانە بشارنەوە، کەواتە شێواندنی زیاتری وەبەرھەمھێنان دێتەئاراوە. گەندەڵی دەبێتە نزمکردنەوەی ئاستی گوێڕایەڵیەکان بۆ ڕێنماییەکانی بنیاتنانەوە، و ژینگەیی، و ڕێنامایی دیکە؛ دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی جۆرایەتی ژێرخان و خزمەتگوزاریە حکومیەکان و دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی فشاری بوجەیی لەسەر حکومەت.

ئابوریزانان دەڵێن یەکێک لە فاکتەرەکان لەدواوەی پێشکەوتنی جیاجیای ئابوری لە ولاتانی ئەفریقیایی و ئاسیایی بریتیە لەوەی لە ڕووی فۆڕمەوە گەندەڵی فۆرمی دەرکێشانی سەرمایەی (استنزاف راس المال) وەرگرتووە لەگەڵ ئەو سەرمایە داریایە بەدەستھاتووەی کە لەدەرەوە بەکاردەھێنرێت نەوەک لە ناوەوەی وڵات وەبەربھێنرێت (لەبەر ئەمەش ئەو وێنەباوەش، کەبەداخەوە زۆربەی جار ورد و دروستە، لەمەڕ بوونی دیکتاتۆرە ئەفریقاییەکان کە حیسابی بانکی سویسڕیان ھەیە). بە بەراورد، دیکتاتۆرە ئاسیاییەکان وەک سۆھارتۆ زۆربەی جار بڕێکیان لە ھەموو شتێک دەگێڕایەوە (داوای بەرتیلیان دەکرد)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی مەرجەکانیان بۆ پێشکەوتن دابیندەکرد، لە ڕێگەی وەبەرھێنان لە کەرتەکانی ژێرخان (البنی التحتیە)، یاسا و ڕێکخستن، ھتد. توێژەرەوانی زانکۆی (massachuesets) ئەوەیان خەمڵاندووە کە لە ساڵی ١٩٧٠ ەوە بۆ ساڵی ١٩٩٦، ڕەوکردنی سەرمایە لە ٣٠ ی وڵاتانی ئەفریقیای خواروو بە تێکڕا بریتیە لە ١٨٧$ بلیۆن، کە لە قەردە دەرەکیەکانی ئەو نەتەوانە زیاتر تێپەڕ دەکات. (١) http://www.newstatesman.com/Economy/20053140015[بەستەری مردوو]) ((دەرئەنجامەکان لە ڕووی گەشەسەندن (یان کەمی گەشەسەند) کراوە بە تیۆر لەلایەن مانکەر ئۆلسۆنی (Mancur Olson) ی کۆمۆنیستەوە) لە حاڵەتی ئەفریقیادا، یەکێک لە فاکتەرەکان بۆ ئەم ھەڵس و کەوتە بریتی بوو لە ناسەقامگیری سیاسی، و بەھۆی ئەو ڕاستیەش کە ھەردەم حکومەتی نویَ دێت ئەو ڕەسیدە بە گەندەڵی بەدەستھاتووانەی حکومەتی پێشوو دەست بەسەر دادەگرێت، بۆیە ئەمەش وا دەکات کە بەرپرسان سامانەکانی خۆیان لەدەرەوەی وڵات حەشاربدەن وبیپارێزن، دوور لە دەستی ھەموو داماڵینێکی خاوەنداریەتی (نزع الملکیە) لەکاتی لەسەر کار لابردنیان.

خۆشگوزەرانی نیشتمانی گشتی[دەستکاری]

گەندەڵی لە زۆر لە وڵاتان بەربڵاوە، و بریتیە لە سەرەکیترین زیانبەخش بۆ سەڵامەتی ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە. گەندەڵکاری سیاسی مانای وایە سیاسەتەکانی حکومەت لەبەرژەوەندی ئەوانەدەبێت کە بەرتیل دەبەخشن نەوەک بۆ جەماوەری گشتی. نمونەیەکی تر ئەوەیە کە چۆن سیاسەتمەداران ئەو یاسایانە دادەڕێژن کە پارێزگاریدەکەن لە کۆمپانیا گەورەکان و زیانیش بە پڕۆژە بازرگانیە بچووکەکان دەگەیەنن. ئەم سیاسیانەش کە (پاڵپشتیکاری بازرگانین) زۆر بە ئاسانی دەگۆڕێن بۆ پاڵپشتیکاری ئەو کۆمپانیا گەورانەی کە بە ڕێژەیەکی زۆر لە ھەڵمەتەکەی ھەڵبژاردنی ئەواندا بە پارە بەشداریانکردووە.

جۆرەکانی پێشێلکاری[دەستکاری]

گەندەڵی سیاسی پێشێلکاریەکانی کارمەندانی حکومەت وەک دزینی پارەی حکومی (اختلاس) و بەکارھێنانی ناسراویەتی و خزمایەتی لە کارە گشتیەکاندا (واستەکاری) دەگرێتە خۆ، ھەروەھا بە ھەمان شێوەش پێشێلکاریە پەیوەندیدارەکانی تر لە کەرتی تایبەت یان کەرتی گشتی وەک بەرتیل و دەستبەسەداگرتنی زۆردارەکی ڕێگری بەکارھێنانی کاریگەری (نفوژ)، ساختەکردن (تزویر) دەگرێتەوە.

جۆرەکانی خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات[دەستکاری]

بەرتیل: بەرتیل وەرگر و بەرتیل بەخشەر[دەستکاری]

گەندەڵی پێویستی بە دوو لایەن ھەیە بۆ ئەوەی دروستببێت" بەرتیل دەر و بەرتیل وەرگر. لە ھەندێک وڵاتاندا کەلتوری بەرتیل وەرگرتن بە ھەموو لایەنەکانی ژیانی گشتیدا بڵاودەبێتەوە، وای لێدەکات کە نزیکەی نەتوانیت لە کاری بازرگانی بەردەوام بیت بەبیَ بەخشینی بەرتیل. وڵاتە زۆرترین بەرتیل بەخشەرەکان بەشێوەیەکی گشتی لە ھەمان شێوەی وڵاتە زۆرترین بەرتیل وەرگرەکان نین. ئمانەش ١٢ وڵاتی کەمترین گەندەڵکارن، بەپێی سەرژمێری نێودەوڵەتی بۆ تێگەیشتنی شەفافیەت بریتین (بەپێی ڕێکخستنی ئەلف و بیَ) لە:

ئوستراڵیا، کەنەدا، دانیمارک، فینلندا، لۆکسەمبۆرگ، ھۆڵەندا، بیوزلەندا، نەرویج، سەنغافور، سوید، سویسڕا.

بە گوێرەی ھەمان سەرژمێری، ١٣ زۆرترین وڵاتی گەندەڵکار بریتیت لە (بەپێی ڕێکخستنی ئەلف و بیَ) لە: ئازربایجان، بەنگلادیش، بۆلیڤیا، کامیرۆن، ئەندەنوسیا، کینیا، نایجیریا، پاکستان، فیلیپین، ڕوسیا، تەنزانیا، ئۆگەندا، ئوکراینا.

ھەرچەندە نرخی ئەم سەرژمێریە کێشەی لەسەرە، لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای تێگەیشتنی تاکەکەسی کەسە سەرژمێریکارەکان دامەزراوە.

بەشداریکردنی بە پارە لە ھەڵمەتەکان و پارەی بە ئاسان وەدەستھاتوو[دەستکاری]

لەبواری سیاسیدا، زۆر قورسە کە گەندەڵی بسەلمێندرێت، بەڵام مەحاڵیشە کە نەبوونی بسەلمێندرێت. لەبەر ئەم ھۆیەش، زۆربەی جار دەنگۆ لەسەر زۆر لە سیاسەتمەداران دروست دەبێت. سیاسەتمەداران بە شێوەیەکی ئاشکرا لەو پێگەیەدان کە سازش و وتووێژدەکەن لەبارەی پێگەکان لەبەر پێویستبوونیان بە شداریە مادیەکان بۆ ھەڵمەتەکانیان. زۆربەی جار وا دەردەکەوێت کە لەبەرژەوەندی ئەو لایەنانە کاردەکەن کە پارەیان پێدەبەخشن، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە قسە لەبارەی گەندەڵی سیاسیەوە بکرێت.

پاڵپشتیکارانی سیاسەتمەداران ئەوە دووپات دەکەنەوە کە شتێکی تەواو ڕێکەوتە کە زۆر لە سیاسەتمەداران وا دەردەکەون کە لەبەرژەوەندی ئەو کەسانە کاردەکەن کە پارەیان پێداون یان پاڵپشتی داراییان کردوون. ئەوکەسانەی کە باوەڕیان وایە مرۆڤ بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی کاردەکات پرسیار لەوە دەکەن کە بۆ چی ئەم ڕێکخراوانە پارە بەو سیاسەتمەدارانە دەدەن ئەگەر ھیچ شتێک لە بەرامبەر ئەو پارەیە وەرنەگرنەوە؟ جێگای سەرەنجە کە کۆمپانیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە تایبەتی کۆمپانیا گەورەکان، پاڵپشتی دارایی دەبەخشنە ھەموو پارتە سەرەکیەکان لەگەڵ ئەوەی زۆرینەیان لایەنگیری پارتێک زیاتر دەکەن وەک لە پارتەکانی تر.

بەھۆی دەرەنجامەکانی پارەبەخشینی دامەزراوەبازرگانیەکان بە سیاسەتمەداران، وەک ئەو مەترسیە ھەستپێکراوەی کە ئەو دامەزراوە بازرگانیانە ھەڵدەستن بە کڕینی ئیرادەی ئەو لێپرسراوە ھەڵبژێرداروانە، ھەندێک وڵاتی دیاریکراو، وەک فەرەنسا، پارە بەخشینی دامەزراوە و کۆمپانیا بازرگانیەکانی بە ھەڵمەتەکانی پارتە سیاسیەکان قەدەغە دەکەن. لەبەر ئەگەری لادان لە ڕێساکانی ئەم قەدەغەکردنە کە لەبارەی پارە بەخشینی دامەزراوە بازرگانیەکان بە پارتە سیاسیەکان، فەرەنسا بەھەمان شێوە ھەڵساوە بە سەپاندن و دانانی ڕێژەی زۆرترین بڕی پارە کە سەرف دەکرێت لە ھەڵمەتکردندا؛ ئەو پاڵێوراوانەی کە لەو بڕە پارە دیاریکراوە تێدەپەڕێنن، یان ئەوانەی ڕاپۆرتی دارایی نا ڕاستەقینە پێشکەشدەکەن لەم بارەیەوە، خۆیان دەخەنە مەترسی ئاشکراکردنیان وەک دۆڕاو لە ھەڵبژاردنەکان، یان تەنانەت ڕێگەیان پێنادرێت تا لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووشدا بەشداری بکەن. سەرباری ئەوەش، حکومەت ھەڵدەستێت بە پارەدان بە پارتە سیاسیەکان بە گوێرەی سەرکەوتنیان لە ھەڵبژاردنەکاندا.

تەنانەت ئەو ڕێوشوێنە یاساییانەش باسی ئەوەیان لەسەردەکرێت کە وەک فۆڕمێکی گەندەڵی وان، لەو ڕوانگەیەی کە لەبەرژەوەندی بارودۆخی ھەنووکەیی سیاسیدا دەبن. حیزبە بچووکەکان و سەربەخۆکان زۆربەی جار دەڵێن ھەوڵەکانی جڵەوگیرکردنی (سنوردارکردنی) کاریگەری بەشداریکردنە داراییەکان زیاتر بۆ پاراستنی پارتە گەورەکانە لە ڕێگەی دابینکردنیان بە پارەی گەرەنتیکراو لەلایەن حکومەت لە کاتێکدا پاڵپشتی دارایی دەرەکی سنورداردەکرێت. لەم حاڵەتانەشدا، بەرپرسان بە شێوەیەکی یاسایی پارە لە خەزێنەی گشنتی وەردەگرن بۆ ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنیان بەم شێوەیەش گەرەنتی ئەوە دەکەن کە بەردەوام دەبن لەسەر پێگە کاریگەر و مووچە باشەکانیان.

تۆمەتی گەندەڵکاری وەک ئامرازێکی سیاسی[دەستکاری]

زۆربەی کات، سیاسەتمەداران ڕەنگە بەدوای ئەوەدا بگەڕێن کە ڕکابەرەکانیان بە تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتباربکەن. لە کۆماری میللی چینی ئەم دیاردەیە لە لایەن (زو ڕۆنگی) و لەم دواییانەشدا لەلایەن (ھو جینتاو) بەکاردەھێنرا بۆ ئەوەی ڕکابەرەکانیان بە ھۆیەوە لاوازبکەن.

پێوانەکردنی گەندەڵی[دەستکاری]

پێوانەکردنی گەندەڵی_ بە مانایەکی ئاماریانە، بۆ بەراوردکردنی وڵاتان – بە شێوەیەکی سروشتی بابەتێکی ئاسان نیە، ھەتاوەکو بەشداربووان بە شێوەیەکی گشتی بیانەوێت لەبارەیەوە بێدەنگبن. ڕێکخراوی بەرچاوڕوونی نێودەوڵەتی (منچمە الشفافیە العالمیە)، کە ڕێکخراوێکی پێشەنگی دژبە گەندەڵیە، سیَ پێوانەی دابینکردووە، نوێکردنەوەی ساڵانە: دانانی لیستێکی لەبارەی ڕێژەی ھەستپێکراوی گەندەڵی (لەسەر بنەمای ڕاوبۆچوونی شارەزایان لە بارەی جیاوازی وڵاتان لە ڕووی گەندەڵکاریانەوە دامەزراوە). بارۆمیتری گەندەڵی جیھانی (لەسەر بنەمای ھەڵویستی گشتی خەڵکی ئاساییە لە ھەمبەر پرسی کێشەی گەندەڵی دامەزراوەیی)؛ و سەرژمێری بەرتیل دەرەکان، کە بریتیە لە سەرەنجدان لە ئارەزووی دامەزراوە بازرگانیە دەرەکیەکان بۆ بەخشینی بەرتیل. ھەروەھا ڕێکخراوی بەرچاوروونی نێودەوڵەتی ھەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی گەندەڵی جیھانی؛ بڵاوکراوەی ساڵی ٢٠٠٤ لەسەر گەندەڵی سیاسی جەختکرابووەوە. بانکی جیھانی کۆمەڵێک زانیاری لەسەر گەندەڵی کۆکردۆتەوەلە ناویشیدا دەستەیە لە ئاماژەی حکومی ھەیە.

ھەروەھا ئەمانەی خوارەوەش سەیربکە[دەستکاری]

فۆرم و ڕووەکانی گەندەڵی[دەستکاری]

  • بەکارھێنانی ھاوڕێیەتی و سەرمایەداری گرووپی ھاوەڵان
  • بەرتیل
  • واستەکاری
  • گەڕان بە دوای کرێدا
  • پێکھێنانی کۆمەڵەی لۆبی بەبیَ چاوەدێری گشتی

حوکمڕانی باش[دەستکاری]

لایەنە تیۆریەکان[دەستکاری]

نمونەکانی گەندەڵی[دەستکاری]

  • گەندەڵی لە یەکێتی ئەورووپا
  • ئابڕووچوونە سیاسیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان
  • ئابرووچوونە گەندەڵکاریەکان لە ھەرێمی پاریس
  • لیژنەی سەربەخۆی دژبە بە گەندەڵی
  • داربڕینی نایاسایی
  • سیستەمی گەندەڵکار (Tangentopoli)
  • بیتینۆ کراکسی (Bettino Craxi)

گەندەڵی لە نووسینی خەیاڵیدا (لە ڕۆمان و چیرۆکدا)[دەستکاری]

  • ڕۆمانەکەی ھێنری ئادەم ١٨٨٠(دیموکراسی)
  • ڕۆمانەکەی کارل ھیاسێن (گوجیلە نەخۆشەکە) ١٩٩٩