پاسپۆرت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە گه‌شتنامه‌ەوە ڕەوانە کراوە)

پاسپۆرت، گەشتنامە یان گوزەرنامە (بە ئینگلیزی: Passport) بریتییە لە پەڕاوێکی فەرمی بۆ گەشتکردنی ھاوڵاتیان، کە بۆ دەرەوەی سنووری وڵاتەکەیان بەکاری دێنن. لەو وڵاتەی گەشتی بۆ دەکەن لە بڕی ناسنامە یاخود ڕەگەزنامەی وڵاتەکەیان بەکاری دێنن. پاسپۆرت پەڕاوێکە ئەوە نیشان دەدات کە لەلایەن وڵاتەکەیەوە کە ناوی لەسەر نوسراوە پشتگیری کراوە. بەھۆیەوە دەتوانێت بچێتە ئەو وڵاتەی کە ڕێگەی پێدراوە بە گوێرەی ئاماژەی پاسپۆرتەکەی. گەشتنامە پێک دێت لە نامیلکەیەکی بچووک کە وێنەی ھەڵگری پاسپۆرتەکەی لەسەرە لەگەڵ واژوو و ڕێکەوتی لەدایکبوون و تایبەتمەندییەکانی کەسی ھەڵگر. لە ھەندێک وڵات پەنجەمۆر و چاومۆری کەسی ھەڵگری لەسەرە ئەمەش بۆ زیاتر دڵنیابوونە لە دروستی پاسپۆرتەکە. ھەندێک لە ھاوڵاتیان لە ھەندێک وڵات لە کاتی گەشت پێویست ناکات پاسپۆرت ھەڵبگرن وەک دانیشتوانی زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا کە تەنیا ناسنامەی وڵاتەکەی خۆیان ھەڵدەگرن لە کاتی گەشتیان لە چوارچێوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا. ھەروەھا ھاوڵاتیانی ئەمریکی دەتوانن گەشت بکەن بۆ مەکسیک و کەنەدا و دوورگەکانی کاریبی بەبێ پاسپۆرت کە تەنیا ناسنامە یان مۆڵەتی شوفێری ھەڵدەگرن. ھەڵگرانی گەشتنامە بۆ ئەوانەی لە خوار ١٨ ساڵی دان پێویستی بە ڕەزامەندیی باوانیان ھەیە بۆ گەشتکردن.

مێژووی پاسپۆرت[دەستکاری]

پاسپۆرتێکی چینی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٨. سەردەمی چوانچسکۆ (光緒帝)

کۆنترین گەشتنامە دەگەڕێتەوە بۆ گەشتی نەحیمیا بۆ کێوی گۆتی ٤٥٠ پ.ز. (پەرتوکی پیرۆز٫گەشتی نەحیمیا٧:٢–٩) کاتێک بۆ گەشتکردنی مۆڵەت لە پاشای فارسەکان؛ ئەردەشێری یەکەم وەردەگرێت تا پەڕاوێکی پشتگیری بۆ بنووسێت بۆ ئەوەی بەناو خاکی گۆتیەکان ڕەت ببێت، ئەردەشێری یەکەم پەڕاوێکی بۆ دەنووسێت (بۆ پاشای دوای ڕووبارەکان) کە تێیدا داوا دەکات ڕێگەی پێبدەن بەناو خاکەکەتان ڕەت ببێت (پەرتوکی پیرۆز٫گەشتی نەحیمیا٧:٢–٩).

پاسپۆرتی مۆنتینیگرۆ. لە شێوەی پەڕاوێک کە تایبەتمەندیی کەسی ھەڵگری تێدایە.

وشەی پاسپۆرت (گەشتنامە) بە ئینگلیزی (passport) لە (pass) پەڕینەوە و (porte) لەنگەری کەشتییەوە ھاتووە. لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا ھاوڵاتیان دەیان توانی لە ڕێگای ناسنامەی ھەرێمەکەیان گەشت بکەن بەڵام بۆ دەرەوەی ئەورووپا کە لە ڕێگای بەندەرەکانەوە بەکەشتی گەشتیان دەکرد (١٨٦٠) پێویستیان بە پەڕاوێکی تایبەت ھەبوو تا لە بەندەرەکان ڕەت ببن بەمە پەڕی (passport) دروست بوو کە دواتر بەم شێوەیەی ئێستا پەرەی سەند. سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم لەگەڵ سەرھەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی ھاوڵاتیان زیاتر پێویستیان بە گەشت ھەبوو بە مەبەستی پەیداکردنی ھەلی کار، بەمە پاسپۆرت داواکاری زیاتری کەوتەسەر. لە کاتی دەرکەوتنی دیاردەی داگیرکاری لەلایەن زۆرێ لە وڵاتانی ئەورووپا بووە شتێکی پێویستی گشتی و لە جیھان بڵاوبووەوە. پێشتریش بەمەبەستی گەشت بۆ ناوچەکانی ژێردەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ڕووسی گەشتنامە بەکارھاتووە.

جۆرەکان[دەستکاری]

  • پاسپۆرتی گەشتیاری: پاسپۆرتێکی گشتگیری بەربڵاوە کە زۆرینەی ھاوڵاتیانی ئاسایی ھەڵی دەگرن بۆ گەشتی ئاسایی خۆیان.
  • پاسپۆرتی دیپلۆماسی: پاسپۆرتێکی تایبەتە بە دیپلۆماتکاران، وە ھەندێ لە فەرمانبەرانی وڵات. ھەڵگرانی گەشتنامەی دیپلۆماسی پارێزبەندی دیپلۆماسی نایان گرێتەوە مەگەر ئەوانەی لە کاروباری دەرەوەی وڵات کاردەکەن. ھەڵگرانی گەشتنامەی دیپلۆماسی لەکاتی گەشت وەک ھاوڵاتیانی ئاسایی پێویستیان بە ئاماژە (ڤیزە) ھەیە تەنیا ئەو ھەڵگرانە نەبێت کە لە کاروباری دەرەوەی وڵات کاردەکەن.
  • [١]
  • پاسپۆرتی فەرمانبەری: پاسپۆرتێکی تایبەت بە فەرمانبەرانی وڵاتە کە بۆ کارێکی وڵات گەشت بۆ دەرەوە ئەنجام دەدەن. وەک پاسەوانانی سەرۆک و نوێنەرەکان.
  • پاسپۆرتی تایبەت: پاسپۆرتێکی تایبەتە بە کەسایەتییە پلە بەرزەکان. کە پێویست بە ئاماژە ناکات لە کاتی گەشتکردنیان.
  • پاسپۆرتی پەنابەران: پاسپۆرتێکی تایبەتە بەو کەسانەی لە دەرەوی وڵاتەکەیان نیشتەجێن. لەلایەن ئەو وڵاتەوە پێیان دەدرێت کە لێی نیشتەجێن.
  • پاسپۆرتی نێوخۆیی: پاسپۆرتێکی تایبەتە بەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانیان ھەیە وەک چین بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە شارەکان بەکاردێت.
  • پاسپۆرتی کاتی: پاسپۆرتێکی تایبەتە بەو کەسانەی کە پاسپۆرتەکانیان ونکردووە لە کاتی گەشت. یان ئەو کەسانەی لە ناوەوەی وڵات ونیان کردووە بەڵام بۆ کارێکی فریاگوزاریی خێرا پێیان دەدەن.
  • پاسپۆرتی کار : پاسپۆرتێکی تایبەتە بە کرێکاران یان ئەوانەی بە مەبەستی کارکردن گەشت دەکەن.
  • پاسپۆرتی خێزانی: پاسپۆرتێکە بۆ ئەم منداڵانەی لە دەرەوەی وڵات لەدایکدەبن لە کاتی گەشتی باوانیان.
  • (laissez-passer بابڕوات): پاسپۆرتێکی تایبەتە بەو کەسانەی کە بە نایاسایی بەبێ پاسپۆرت و ناسنامە و یان ھەر پەڕەیەکی تری فەرمی سنووری وڵاتان دەبەزێنن. وە تەنیا بە وڵاتێک یان چەند وڵاتێکدا ڕەت دەبن. ئەم پاسپۆرتەیان پێ دەدرێت تەنیا بۆ ڕەتبوون. بۆ یەکەم جار فەڕەنسا چاپی کرد بۆیە ھەر بەھەمان ناوی فەڕەنسی بڵاوبوویەوە.

مەرجەکانی دەرکردنی پاسپۆرت بۆ وڵاتە تازە دروستبووەکان[دەستکاری]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]